هاوپەیمانی سێ قۆڵی ئێران، تورکیا و ڕوسیا و چەند سەرنجێک

Thursday, 05/04/2018, 21:56

3166 بینراوە


خدر زوحاك
شەری نێوخۆی سوریا، تا دێت مەترسی دارتر دەبێت، چ لە بەرامبەر پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا و چ سەبارەت بە ناوچەکە و جیهانیش.بەتایبەت لەو کاتەی هاوپەیمانییەکان گۆران کاریان بەسەردادێت و ناوچەکەش ئامادە دەکرێت بۆ شەڕێکی مەترسیدار و درێژخایەن، ئەمەش چەندە مەترسی لەسەر گەلان و کۆمەڵگای سوریا دروست دەکات، ئەوەندەش مەترسی لە سەر ناوچەکە و جیهانیش پێك دێنێت.
تێوەگلان لە شەڕێکی درێژخایەن لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا نییە، بەلام خۆ دەربازکردنیش لێ ی لە دەست گەلانی ناوچەکەدا نییە، بەتایبەت لەو کاتەی کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، بەشێکن لە یاری یەکی مەترسیداری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو و ئەوروپا و ڕوسیا و زلهیزەکانی ناوچەکە لە ئێران و تورکیا و عەرەبستانی سعودی، هەموو ئەمانەش بەشێکن لەو یارییە مەترسیدارەی کە خاوەن کارگەکانی چەك، بۆ ساغ کردنەوەی جبەخانەکانیان ئەیکەن، لە بەرامبەر نەتەوە و ئاین و پێك هاتە جیاوازەکانی ناوچەکە بە شێوە گشتییەکە دەتوانین بڵێین کەوا ناوچەکە لە بەردەم ئاڵو گۆڕێکی گەورەی دیموگراڤی و جوگرافی خێرادایە کە بە پێی سەرکوتن و ژێرکەوتن لە شەڕدا دیاری ئەکرێت بۆ سەد ساڵی داهاتوو.
هەر بۆیە لە سەرەتای دەستپێکی ئەم شەڕەدا هاوپەیمانییەکان شێوازێکی ئاڵۆزو سەرسوڕێنەریان هەبووە، بە شێوەیەك، لە ئێستادا هەرسێ ووڵاتی ڕوسیاو ئێران و تورکیا، لە سەر مێزێك کۆدەکاتەوە، ئەگەرچی هەر سی لایەنی هاوپەیمان لە ستراتیژدا دژ بە یەکن و هەر یەکەیان ئامانجێکی جیاوازیان هەیە و ئامانجی هەر یەکەیان دژ بە ئامانجی ئەوی تریانە و لە دواجاریش دا دوژمنی ڕاستەقینەن لە داهاتوودا، بەڵام بۆ ئامانجێکی کورت خایەن کە ئەویش خۆی لە دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل و عەربستانی سعودی دا دەبینێتەوە سەبارەت بەو دەسەڵات و پێگەی هەر یەکێکیان لە ناوچەکەدا.
روسیا لە هەوڵدایە تورکیا لە ناتۆ بەدەربنێت و بیکەتە داردەستی خۆی لە ناوچەکەدا، بەتایبەت کە تورکیا لە ڕووی جیوسیاسییەوە گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ ئەمریکاو ئەوروپا، لە بەرامبەر مەترسییەکانی ڕوسیاو چین و کوریای باکورو ئێران، کە دیارە، بە درێژایی مێژووی نوێ و لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تورکیا ئەو گرنگییەی خۆی لە دەست نەداوە، هەر ئەمەشە وای کردووە کەوا ئەوروپا و ئەمریکا لە بەرامبەر تورکیادا بێدەنگ بن، لەو کاتەی کە تورکیا هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات ودژ بە ئامانجەکانی ئەوروپاو ئەمریکا ئەوەستێتەوە، بێگومان ئەمەش ناکرێت زۆر بخایەنێت، چونکە ستراتیژی ئەوروپا و ئەمریکا *ناتۆ * لەو ناوچەیە بەرەو مەترسی ئەڕوات، چونکە لە ئێستادا، تورکیا گەورەترین مەترسییە لە سەر ئەوروپا لە بەر کۆمەڵێك هۆکار لەوانە، مەترسی ئەو شەپۆ لە ئیسلامییە تووندڕەوییەی کە لە ئیستادا سیستمی سیاسی تورکی لە پشتییەوەیەتی، لە هەمان کاتدا بوونی سوپایەکی فکرئیسلامی لە نێو ناتۆدا مەترسییەکان زیاتر دەکات.چونکە ئەردۆگان ئەو سوپایەی لە نێوبرد کە دووەمین سوپای نێو ناتۆ بوو، لە ڕێگای لە ناوبردنی هەموو ئەوانەی کە نەیار بوون بە فکری زیندو کردنەوەی ئیمپراتۆری ئوسمانی بە سەرکردایەتی ئەردۆگان، کەواتە ئەردۆگان فکری بەر فراوانبوونی سنوری دەسەڵاتەکەی خۆی هەیە و هەوڵ ئەدات ئەو ئامانجە بە دیبێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان لە دژی ئەوروپاو ئەمریکا بەکاردێنێت، لە ئێستادا تورکیا شوێنێکی لە بارە بۆ داڵدەدانی هەموو ئیسلامییە توندڕەوەکان، ئامانج لەم داڵدەدانەش بەدەستهینانی جوگرافیایەکی فراوانترە، سەبارەت بە ئێران، بە هەمان شێوە دەخوازێت لە هیلالی شیعی دا کەوا لە خواری لوبنانەوە دەست پێدەکات و لە یەمەن کۆتایی دێت، ئیمپراتۆرییەکی بەهێزدروست بکات کە جیگەی ئیمپراتۆڕی سەفەوی بگرێتەوە و هەموو شیعە مەزهەبەکانی جیهان لە ژێرکۆنتڕۆلی خۆیدا بهێڵیتەوە، دەست بخاتە نێو ووڵاتانی وەك میسرو عەرەبستانی سعودی و میرنشینەکانی کەنداو، لە هەموو شێوازێکی بەرگری دایان بماڵێت و دەسەڵاتی خۆی لەو ووڵاتانەدا جێگیربکات، لە هەمان کاتدا پاکتاوی نەژادی سنە مەزهەبەکان بکات و ئیسلام لە شیعە بووندا بتوێنێتەوە، هەر بۆیە ئیران لە ڕووی کردارییەوە هەر چوار پایتەختی بەیروت و بەغداد و دیمەشق و سەنعای لە بەردەستدایە، بەبێ ئەوەی ئاڵای ئێرانی تێدا هەڵکردبێت، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئێران و تورکیا لە بنچینەدا دەژمنی یەکترین و هیچ کات ناتوانن هاوپەیمانێکی بە هێزبن.
سەبارەت بە ڕوسیا، جیاوازتر لە ئێران و تورکیا، ئەو هاوپەیمانییە بەکاردێنێت، بەتایبەت لە ئێستادا ڕوسیا هەوڵ ئەدات لە ڕێگای تورکیا و ئێرانەوە شەڕی ئەمریکا و ئەوروپا بکات لە سوریا و ناوچەکەدا، هەر ئەمەشەوای کردووە کە تورکیای ئەندامی ناتۆ بکاتە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی لە سوریادا و گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنیت، لە داگیرکردنی عفرین و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە، بەتایبەت لە گواستنەوەی چەکدارە ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیا بۆ عفرین و دەور و بەری، لە هەمان کاتدا تورکیا شوێنێکی باشە بۆ ساغکردنەوەی چەکە ڕووسییەکان، و دامەزراندنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووسیا تێیدا و کۆنتڕۆڵکردنی بازاری نێوخۆی تورکیا، بۆ تورکیا و ڕوسیاو ئێران، ئاساییە کەوا لە ئێستادا هاوپەیمانی یەکتری بن، بەتایبەت هەر سی ووڵات لە ڕووی دبلۆماسی و پەیوەندییە دبلۆماسییەکانەوە لە شکستی بەردەوام دان، بەڵام لێرەدا ئەبێت بپرسین، لەگەڵ ئەم هەموو ناکۆکیانەدا کە لە نێوان هەرسێ لایەندا بوونی هەیە، ئایە ڕوسیا سەرکەوتوو ئەبێت لە دەرپەڕاندی ئەمریکاو ئەوروپا، لە سوریا ؟ئایا تورکیا ئەتوانێت شەڕی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بکات ؟ ئەمریکا و ئەوروپا تاکەی ئەتوانن چاو لە مەترسییەکانی ئەردوگان بنوێنن و هیچ نەکەن ؟
ئایا داگیرکردنی عفرین هەروا بە ئاسانی تێدەپەڕێت، یان، ئەکرێت سوریاو تورکیا ببن بە دوو هاوپەیمان ؟
ئەو پرسیارانە و سەدان پرسیاری تر، کە من پێم وایە لە داهاتوویەکی نزێك دا تورکیا و ئێران ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس ئەبنەوە کە لە عیراق و سوریا درێژەیان هەیە و ئەو شەڕە ئەو دوو ووڵاتەش ئەگرێتەوە و هەر چوار ووڵات ڕووبەڕووی دابەش بوونی سیاسیانە ئەبنەوە، بەتایبەت لە ئێستادا هەردوو ووڵات مەترسی گەورەن لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا وئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی، لە کۆتاییدا دەکرێت بپرسین، ئایە کورد چۆن ئەتوانێت مامەلە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییە سەربازی و سیاسیانەدا بکات لەو کاتەی نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە؟
خدر زوحاك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە