ئافرەت و کار

Saturday, 04.14.2018, 0:44

2781 بینراوە


گومانی تێدا نیه‌ که‌ ئافره‌ت داینه‌مۆی کۆمه‌ڵه‌ و ده‌وری گرنگ ده‌بینێت له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کانی ژیاندا، له ‌سه‌ره‌تاکانی مێژوه‌وه‌ ئافره‌ت له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا رۆڵی گرنگی بینیوه ، له‌ کۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا به‌شداریکردنی ئافره‌ت له‌ بواره‌کانی کاردا به‌ گوێره‌ی پێویستی سه‌رده‌م وبارودۆخی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بوه‌ ‌، وه‌ك به‌شداریکردنی ئافره‌ت له‌ جه‌نگدا به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك یان تیمارکردنی برینداره‌کانی جه‌نگ و هاندانی جه‌نگاوه‌ران له‌ کاتی کوشتاردا.
ئافره‌ت سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌کردن و نه‌شونماکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ له‌ جێی خۆیدایه‌ که وه‌ك ئه‌ندامێكی سوودبه‌خش و تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌‌ داوای مافی خۆی بکات .‌ 
کاتێك‌ که‌ ئافره‌ت دێته‌‌ مه‌یدانی‌ کاره‌وه‌ ، و ده‌یه‌وێت به‌وپه‌ڕی متمانه‌ و دڵسۆزیه‌وه‌ خزمه‌تگوزاری پێشکه‌ش به‌ کۆمه‌ڵگه‌ وهاووڵاتیانی خۆی بکات و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت . 
به‌ڵام پێکهاته وسروشتی له‌شولاری ئافره‌ت وه‌کو[مێ] به‌رپرسایه‌تیه‌کی ئه‌وتۆی خستۆته‌ ئه‌ستۆی خودی ئافره‌ت ، که‌ له‌ ئه‌ستۆی پیاودا نیه‌ .
هه‌موو ئه‌مانه‌ وای له‌ ئافره‌ت کردوه‌ که‌ له‌ به‌رده‌م ماندوبوونی فیکری و جه‌سته‌ییدا بێت و زۆرجاریش ماڵ ومنداڵه‌کانی بکه‌ونه‌‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داڕوخان و په‌رته‌ بوون .
ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك ئافره‌تان له ‌خۆیان بپرسن و بڵێن:- ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ بچینه‌ نێو بازاڕی کاره‌وه‌ وجۆرێك به‌رپرسێتی ئه‌رکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرین ، به‌ڵام که‌ نەرێت له ‌ئاستما‌ندا رێگربێت ئیدی بۆچی کاربکه‌ین ..؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئاسانه‌..! به‌رپرسییه‌ك که‌ قورس بێته‌سه‌رشان و مرۆڤ بخاته‌‌ ترس ودڵه‌ڕاوکێوه‌ و بۆچوونی وابێت ، که‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانێت ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام بدات ، بێگومان ئه‌و هه‌سته‌ دژواره‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌دا کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆ ده‌کاته‌ سه‌ر ژن که‌ به‌رده‌وامبێت له‌ به‌رانگاربوونه‌وه‌ وهه‌وڵ‌ وکۆششدا. 
بۆگه‌یشتن بە ‌چاره‌سه‌ر و گونجاندن له‌ نێوان کاری نێوماڵ و کاری ده‌ره‌وه‌دا ، ڕه‌نگه‌ تاڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك له‌ ئافره‌تان نه‌توانن زاڵبن به‌سه‌ر گرفته‌کاندا ، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌نیه‌‌ که‌ ئافره‌تان هیوابڕاوبن له‌ گونجاندنی نێوان به‌رپرسێتی کاری نێوماڵ و به‌رپرسێتی ئه‌واندا وه‌ك کارمه‌ند . 
زاڵبوونی ئافره‌تی ‌کارا به‌سه‌ر گرفته‌کاندا ، قوربانی زۆری ده‌وێت له کات و دابڕان له‌ هه‌ندێك پەیوه‌ندی نێو کۆمه‌ڵگه‌ و ماندوبوون وشه‌که‌تی جه‌سته‌ ‌و که‌م وچانی له‌و پێناوه‌دا . 
چه‌ندە‌ پله‌ی په‌رپرسێتی ئافره‌ت له ‌نێو دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌رزبێته‌وه‌ یان پله‌ی زانستی بگاته‌ هه‌رڕاده‌یه‌ك..! ناتوانێت له‌ سروشتی خۆی و ده‌وری خۆی وه‌ك[ مێیینه‌ ] لابدات ، چونکه‌ غه‌ریزه‌ی ئافره‌ت وه‌کو ره‌گه‌ز به‌و ڕێچکه‌یه‌دا ده‌یبات که‌ بۆی خولقاوه .‌ 
ئه‌و به ‌دوای دڵنیایی وهاوسه‌ر وباوکی جگه‌رگۆشه‌دا ده‌گه‌ڕێت و ئاسووده‌نابێ تاوه‌کو رۆڵی سروشتی خۆی وه‌کو{مێ}‌نه‌بینێت ، ئه‌وده‌مه‌‌ له ‌پاڵ ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌یدا تـێده‌کۆشێت ، بۆ ده‌رچوون له ‌سنووری ماڵه‌وه‌ و په‌یوه‌ستبوونی به‌کاری ده‌ره‌کیه‌وه‌.
له پێناو گونجاندنی ئه‌و دوو ‌کاره‌یشدا ئافره‌تان تووشی ماندوبوونی ده‌روونی و جه‌سته‌یی زۆرده‌بن. 
ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ ئافره‌تان بلوێ که‌ دایکیان یان ئافره‌تێکی خزمی نزیکی له‌ نێوخێزانه‌که‌یاندا بژین وهاوکاری رێکخستنی کاری نێوماڵ وکاری ده‌ره‌وه‌یان بۆ بکه‌ن و چاودێری منداڵه‌کانیان بکه‌ن ، به‌ڵام زۆربه‌ی ئافره‌تان ئه‌و بواره‌یان بۆ ناره‌خسێت و ناچار ده‌بن دایان بۆ کۆرپه‌کانیان به‌کرێ بگرن ، یانیش به‌ خزم ودراوسێیان بسپێرن . 
زۆریشن ئه‌و ئافره‌تانه‌ی‌ کارمه‌ندن و منداڵه‌کانیان بێ سه‌رپه‌رشت له‌ نێوماڵدا به‌جێ دێڵن . به‌و ڕه‌فتاره‌یش منداڵان تووشی مه‌ترسی زۆر ده‌بنه‌وه‌.
ئه‌وه‌‌ی باسمانکرد ، شێوازی ژیانی‌ ئافره‌تانی کارمه‌ند بوو له‌ کوردستاندا. 
هۆی به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌و گرفتانه‌ی دێنه‌ رێگه‌ی ئافره‌تانی کارمه‌ند له‌ کوردستاندا زۆرن و زۆربه‌یشیان نادیارن . 
به‌ڵام باری ژیانی ئافره‌تی کارمه‌ندی کورد له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و وڵاتانی دیکه‌ی جیهاندا زۆر جیاوازتره‌ ، بۆ نموونه‌ له‌ وڵاتی ده‌نیمارك دا...لە هه‌موو شار و شارۆچکه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ زۆربه‌ی گونده‌ گه‌وره‌کانیشدا ، دایه‌‌نگه‌ بۆ منداڵان هه‌موارکراوه‌ ، دایکان وباوکان منداڵه‌کانیان ده‌سپێرنه‌‌ ئه‌و شوێنانه به‌رامبه‌ر به‌ گوژمه‌یه‌ك پاره‌ی دیاریکراو . 
بۆیه‌ ده‌بینین زۆربه‌ی ئافره‌تانی کورد له‌ هه‌نده‌راندا بازوی کاریان لێهه‌ڵماڵیوه‌ و شانبه‌شانی پیاوان له‌ فه‌رمانگەودامه‌زراوه‌ و کارخانه‌کاندا ، له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌م وڵاته‌دا بێ وچان کارده‌که‌ن . 
بێگومان رۆڵی ئافره‌تی کورد له‌ مه‌یدانی کاردا هێمایه‌ بۆ زاڵبوونی ژنی کورد به‌سه‌ر ئه‌و گرفتانه‌دا که‌ پێشتر به‌ربه‌ستبوون له‌ رێگه‌یدا . 
ده‌بێ نکۆڵی له‌وه‌ نه‌کرێت که‌ زۆربه‌ی ئاسانکارییه‌کان له‌ ڕووی ئافره‌تاندا بۆ چوونه‌نێو بازاڕی کاره‌وه‌..! یاسا هه‌مواری کردووه. 
به‌ ئومێدی پراکتیزه‌کردنی بازاڕی کار له‌ کوردستاندا له‌ شێوه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و ده‌رکه‌وتنی رۆڵی ئافره‌تانی کورد له‌ بواری کاردا. 
دروودی هەمیشەییمان ده‌گه‌ێێنینه‌ ئافره‌تی کارمه‌ندی کورد له‌ هه‌موو لایه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 3.5/5)