(سەفین دزەیی)ش نیگەرانە

Saturday, 14/04/2018, 21:10

3835 بینراوە


ئەمە جاری دووەمە سەفین دزەیی کە وەك ووتەبێژ لێرە و لەوێ لێدوان ئەدا. ئەم جارە نیگەرانی خۆی و بەناو حکومەتی هەرێمێ لەمەڕ هێرشەکانی دوێنی هەریەك لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا دژ بە سوریای بەشار ئەسەد ڕاگەیاند.
جاری یەکەم ئەو کاتەی کودەتاکەی تورکیا لە ٧/١٥/٢٠١٦ ڕوویدا و ئەو شەوە خودی مەسعود و بنەماڵەی بارزانی لەترسا خەویان زڕابوو، ئەیان زانی ئەگەر ئەردۆگان شتێکی لێبێت، ئەوا ئەم بنەماڵەیەش کۆتاییان دێ و تیادەچن!.
ئەرێ بەڕاست ئێمە شتێکمان هەیە بەناوی حکومەت و پەرلەمان و دام ودەزگا تا  لە ئاست ڕووداوەکانی هەرێم و جیهانیەکان لێدوان بدەین و نیگەرانی خۆمان دەرببڕین؟. ئەوە کێیە حساب بۆ هەرێم و حکومەتەکەی جووت بنەماڵە بکات و گوێ لە لێدوان و نیگەرانیەکانیان بگرێت؟! ئەم سەفینە نقوم بوو لە چ کونێکەوە بڵقەبڵق دەکات و هاواری لێبەرزبۆتەوە؟!  ئەم سەفینە بۆچی نیگەران نییە بەرانبەر ئەو هەموو داگیرکاری و پێشێلکاریانەی تورکیا و ئێران بۆ سەر کورد و کوشتنی هاوڵاتیان و وێران کردنی لادێ و زیان بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەگەیەنن  و گیان و ماڵیان دەخەنە مەترسییەوە؟!
(سەفین دزەیی)ەکان تەنیا دوو کەسایەتی ئەوەندە قێزەوەنیان تیا هەڵکەوتووە، جگە لە پارە خواردن و گەندەڵی و خۆبەکەم زانین نەبێ ،هیچی تر فێر نەبوون. هۆمەر دزەیی ئەوەندە خۆی چەماندەوە بۆ جەلال تاڵەبانی، تەنها لەبەر ئەوەی بیکەن بە سەفیر و پلە و پۆستی بدەنێ. وا ئەم کابرا چرووکەش کە هەر ساڵە و پلە و پۆستێك لە پارتی وەردەگرێ و ئەوەی دژ بە بنەماڵەکەی بارزانی بێت، ئەم دزە دێت و خۆی ئەکات بە خاوەنی و هەرچی خوا پێی ناخۆشە دژ بەخەڵك و هاوڵاتیان ئەیکات. ئەی کاکی دزەیی بۆچی نیگەران نییە لەوەی مامۆستایەکی 70 ساڵە بەدەستی چەورەکانی مەسرور بارزانی شەقوەشێن دەکرێت؟!
----------------------------------
میلـلەت
ئەمڕۆ 14ی نیسانی 2018 وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، نیگەرانین لە هێرشەکەی ئەمریکا، بریتانیا و فەرەنسا بۆ سەر سوریا و ئەم هەنگاوە ره‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ده‌بات.
سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی 30 ساڵەی كاره‌ساتی ئه‌نفال له‌ شاری هه‌ولێر وتی "هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپەیمانەکانی بۆ سه‌ر سوریا، ره‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزییه‌كی خراپ ده‌بات و كاریگه‌ری ئه‌و هێرشانه‌ ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌ تێكده‌دات". 
ئەوەشی وت "پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ی دانوستان و گفتوگۆ كێشه‌كانی سوریا چاره‌سه‌ر بكرێن و رێككه‌وتن له‌ نێوان روسیا و ئه‌مریكا ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ دۆخی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی سوریا و چه‌ند وڵاتێكی تر له‌ ئاستێكی خراپدایه‌".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە