ئەمە چ هەرەسێکی ئەخلاقییە، کە بەسەر گەلەکەماندا دێت!؟

Sunday, 15/04/2018, 1:16

28689 بینراوە


ئەوە خۆمانین، کە لە داگیرکەر و دوژمن،  زیاتر بەرپرسی ئەم دۆخەین کە تێیدا دەژین.
ئەوە خۆمانین شانمان داوەتە بەر هەرەسی ئەخلاق، کە لە دەرگای هەموو ماڵەکانمانی داوە. من سەیرم لێدێت، کە لایەنگری ڕاستەقینەی هەقیقەت چۆن کارێک دەکات کە پێچەوانەی پەیامەکەی خۆی بێت!. عوسمان بایدەمیر لەناو پەرلەمانی تورکیا، کە لێیان پرسی کوردستان لە کوێیە؟ لە وەڵامدا زۆر مەردانە ووتی "کوردستان وا لەناو دڵمدایە"، ئەمە پەیامێکی جوان و ئازایانە بوو، کە بەرەو رووی دوژمنەکەی کردەوە، جا کەسێک خاوەنی ئەو پەیامە بێت، ئایا چۆن دەبێت بێ ئاگا بێت لەوەی کە دێتە باشور و دەست بکاتە ملی ئەو کەسانە کە ئەوەی لە ناو دڵی ئەودایە، ئەوانە بۆیان فرۆشتبێت! نابێت هێندە نەزان و بێئاگابێت، کە ئەم سەرسەرییە سیاسییانەی کوردی باشوور فایلدار و گەلکوژن، دڵی هەزاران بایدەمیریان هەراج کردوە.
ڕاستە نیشانەی ناوازەی مرۆڤ بەرگریکردنی ئازارە ، بەڵام ئەم ئازارەی گەلی باشور، ئازارێکە لە دەردی گەڕ و گوللی خراپترە و دەبێت لە ڕەگەوە بنبڕ بکرێت. هاتنی شاندەکەی هەدەپە، هیچ جیاوازییەکی نییە لە خوێ کردن بە قەتماخەی برینی گەلێک کە تاسەرئێسقان ئازاری لێدەچۆڕێت! 
من بەم وێنە قێزەونانە هێندەی تر لە لێوارەکانی نائومێدی نزیک بوومەتەوە.
بایدەمیر و هاوبیرەکانی لەکاتێکدا دەستیان داوەتە دەست مەحاڵ و لە ناو تورکیایەکی جەهەنەمدا خەباتی ڕۆحیی بۆ دەکەن ، کەچی دێنە لای ئێمە، باوەش بە نەزانترین و فاسیدترین و فایلدارترین و درۆزنترین و خۆفرۆشترین میللەتکوژترین کەسدا دەکەن، بەناوی کوردایەتی درۆزنانە دەیان لێسنەوە ڕۆحیان تێکەڵ بە رۆحی ئەم ناپاکانە دەکەن، ئەمە چ سەمەرەیەکە بەرۆکی میللەتێکی داگیرکراوی گرتووە؟
پێشتر چەند جارێک ئاماژەم بەهەڵوێستی سەلاح دەمیرتاش و بایدەمیر داوە، کە هاتوونەتە باشور و ڕەخنەم لێگرتوون لەو نووسینانەی سەرەوەدا ئاماژەم بەهەڵوێسیان داوە.
بایدەمیر بە تورکەکان دەڵێت: کوردستان لەناو دڵمدایە، کەچی کاتێک دێتە باشوور نازانێت، کە ئەوەی لە ناو دڵیدایە ئەمانە فرۆشتوویانە
هەڵبەت دیارە ئێمە بە سۆرانی دەنووسین و ئەوانیش تێیناگەن و نایخوێنەوە، ئەو سۆرانییانەی سەر بە خۆشیان پەروەردەی قوتابخانەی پارتیی و یەکێتیی و دەسەڵاتی باشورن، تا لێیان دەشارنەوە و بۆیان تەرجومە ناکەن! دەنا دەبوو ئەگەر ئەم هەموو رەخنانەی لێیان گیراوە، ئەگەر نەیجوڵاندبێتن، ئەوا دەبوو ختوکەیەکی بدانایە! ئەگەر ئەمانەش نەبێت، ئەوا دیارە ئێمە ئاسنی سارد دەکوتین و دەبێت باشەڕۆژی ئەمانایش وەکو ئەوانەی لای خۆمان ببینینەوە!
وەرە لەباکورەوە بێیت و لەگەڵ ئەم شتە پیس و ناشرینانەدا کۆببیتەوە و وێنە بگریت!
 
من هەرچەندە دوا جار زۆر نیگەران بووم بە پرسەنامە "کەجەکە" کە بۆ دلۆڤانیان نووسیبوو و هەروەها چونی ئەو هەموو خەڵکە و ئەو هەموو درۆ و پیاهەڵدانە بێمانایەی کە بەو مرۆڤەیاندا هەڵگوتبوو، هاوکات هەدەپە و شاندەکەی دەیانەوێت بە زۆری زۆرداری ئەم سیاسیە سوا و فایلدارو تاوانبارانە بکەنە خاوەن ڕێز و مرۆڤی بەهەڵوێست و نیشانی بدەن، کە چەندە جوامێرو کوردپەروەرن؟
دانیشتن لەگەڵ نەوەی دز و بازرگان
دان بەخۆداگرتن واتە بەرگە گرتنی ئازار ، بەڵام تاکەی خۆ بەراورد بە ئەردۆگان ئەم دەسەڵات و سیاسە پوچانەی باشور هەزار قات تاوانی زیاتریان کردوە ، لەخۆفرۆشی و هەراج و خیانەتکردن ، کەچی هەدەپە و پەکەکە هەمیشە ڕێز پیشانی ئەم بەرپرسانی باشوور و فایلدارانە دەدەن ؟ 
 گاندی دەڵێت : "ژیان تەنها لەشوێنێک هەیە کە خۆشەویستی لێبێت" لە باشور نەک خۆشەویستی بەڵکو ئۆکسجینیشی تێدا نییە ، ئەوەتا ڕۆژ نییە 5 تا 6 لاشە لە سلێمانی بە نەخۆشی شیرپەنجە نەمرێت، ئاخر بەرپرسێکی پۆخڵ لە باشوور کە خۆی توشی هەڵامەتێک دەبێت رادەکاتە دەرەوە بەسەدان دەفتەر دۆلار لە سەرو چاوی ڕەشکراویدا سەرف دەکات ، گەلێکیشیان لە لێواری مەرگ داناوە ، کەچی سیاسییەکانی باکور دێن لەباتی ئەوەی ڕوو لە گەل بکەن و بەشەقامێکدا گوزەر بکەن و ئازاری بەشمەینەتان ببینن، دێن لەگەڵ خائینترین خەڵکاندا دادەنیشن و باوەشیان پێدا دەکەن و یەکتر لەئامێز دەگرن.
ئێمە لەچاوەڕوانی ڕاپەڕینێکداین، کە ئەم سەرانە تێدا لەبەر دەم دادگای گەلدا دادگایی بکات! ئەوانەی باکوریش دێن فریادڕەسیان دەکەن و دەیانکەنەوە بە نمایندەی ئێمە و دەیانەوێت پێمان بڵێن خۆشتان بێت و ترشتان بێت، هەر ئەبێت ئەمانە بە رابەر و سەرکردەی خۆتان بزانن، چونکە ئێمە بەیعەتمان بۆ ئێوە پێکردوون! ئای ئێمە لە چ سەردەمێکی تێکشکانی ئەخلاقدا گوزەر دەکەین! 
دواجار هەر وەک کاک پێشڕەو ئیسمایل لە پەیجەکەی خۆی دەڵێت : 
"نە تاقەتی وتار و شیکردنەوە و نە تاقەتی کۆمێنتی درێژدادڕیم هەیە . بە کورتی بە عوسمان بایدەمیر و هاوسەفەرەکانی دەڵێم ـ ئەگەر بۆ ڕیش هاتونەتە هەرێمی گەندەڵستان بە دڵنیاییەوە سمێڵیش دەنێنە بانی...! "
---------------------------*----------------
سەرچاوەی هەواڵ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە