گەشتێک بۆ مردن

Monday, 16/04/2018, 21:09

8653 بینراوە


ئایاهوسکا (Ayahusca)چیە؟
ئایاهواسکا ڕوەکێکە لە خواروی ئەمەریکا و بەتایبەت لە ئەمەزۆنا دەڕوێت، زۆر لە کۆنەوە خەڵکی ناوچەی ئەمازۆن ، هیندیە سورەکان و مایاکان ئەم ڕوەکەیان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی پەیوەنەدی بکەن بە ڕۆحی باب و باپیرانیانەوە.
کار کردنی ئەم ڕوەکە چۆنە و چۆن ئامادە دەکرێت..
ئەم ڕوەکە پێک هاتوە لە دوو دوو مادە ، مادەی MDA  وە مادەی MAO  Remmer  ئەم دوو مادەیە تێکەڵ دەکرێت وەک ژەهرێکی لێ دێت ئەوەی بیخواتەوە نزیکی مەرگی دەکاتەوە و بەو هۆیەوە ڕۆح لە جەستە دەردەچێت بۆ ماوەیەکی کاتی..
هەفتەی ڕابردوو خۆم وەک هەڵۆ ئارام چوم بۆ ئەمەزۆنا بۆ مەراسیمی تاقی کردنەوەی ئەم ڕوەکە و ئیستا کورتەیەک دەنوسم لەسەر ئەوەی کە بینیم.
مەراسیمەکە چۆن دەستی پێکرد و لە کوێ بوو؟
خاڵی یەکەم ئەوە بوو کە سەرپەرشتیارەکە وتی : هەموو کەسێک لە دونیایەدا ماسکێکی بە دەم و چاوەوەیە و لە پشت ماسکەکە خودی کەسەکە خۆی حەشار داوە، پێی وتین لە ئێستاوە ماسکەکەت داکەنە ببە بە خۆت هەرچی هەییت شانازی بە خۆتەو بکە.
مەراسیمەکە وەک وتم لە ناوچەی ئەمازۆن لەناو جەنگەلەکاندا لە لایەن کەسانی شارەزاوە بەڕێوە دەبرێت و دەبێت ماوەیەکی زۆر نۆبە بگریت تا بتوانیت بەشداری ئەو مەراسیمە بکەیت.
سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەکە بۆت نیە هیچ بخۆیت جگە لە ئاو سوپی سەوزە نەبێت..تەواوی میوەکان و خواردنەکانی ڕۆژانە پێی راهاتوین نابێت بیخۆیت..نان، کۆلا، مەشروب..گۆشت ،پاقلە، فاسۆلیا..هتد.. بە کورتیەکی سێ ڕۆژ بەڕۆژو بەڵام ڕۆژوەکەت بێ پارشێو بێ نانی ئێوەرەیە.
ڕۆژی یەکەم:
خۆ ناساندن بە گروپەکە بوو کە وەک من هاتبوون بۆ بەشداری، گروپێکی ٨ کەسی بوین.
دوای خۆ ناساندن پەیوەندی کردن بە یەکەوە لە رێگای چاو, دەست دان لە دەستی یەکتری، پاشان سەما کردن پێکەوە هەریەکە و ٣٠ چرکە لەگەڵ کەسێکدا و دەستی کەسەکە دەگریت، پاشان بە ئارەزوی خۆت هەڵپەڕە و ئەو جوڵەی لە دونیا پێت شەرم بوە بیکەیت بێ ئەوەی شەرم لەکەس بکەیت جوڵەی خۆت بکە.
پاش ئەمە چەند راهێنانێک لەسەر چاکراکان لە چاکرای یەکەوە بۆ چاکرای شەش.
دوای ئەمە لەسەر ڕیتمی مۆسیقایەک بۆ ماوەی ٤٥ خولەک هەناسەدان بە خێرای بێ وەستان ، ئەمەش وا دەکات  ئۆکسجین زیاد بکات لە خوێندا و هەست بەوە بکەیت خەریکە لە هۆش خۆ دەچیت ، پاش ئەوەی کە ئەو مەرحەلەیەت تێپەڕاند کە پەنجەکانت سست دەبن و گۆ ناکەن...ئینجا دەچیتە مەرحەلەیەک کە نزیکی مردن دەبیتەوە..پاش ئەمە مەراسیمی ڕۆژی یەکەم کۆتایی هات..
ڕۆژی دووەم:
کاتژمێر ٧:٣٠ ی سەرلە بەیانی بەخەبەر هاتین بێ ئەوەی هیچ بخۆین، بۆمان هەبوو تەنها یەک پەرداخ ئاو بخۆینەوە.. کاتژمێر ٨ بەیانی مەراسیمی ڕۆژی دوو دەستی پێ کردو دوو سوراحی مادەی ئایاهواسکا کە پێشتر ئامادە کرابوو هێنایان..
(ئایاهواسکا خەست کراوەی ڕوەکێکە کە دەبێت لەناو مەنجەڵێکی ٨٠ لیتر ئاوی کوڵێنراوە تا خەست دەبێتەوە بۆ ٣ لیتر، پاشان دەبێت بەو  مادەییەی کە پێی دەڵێن ئایاهواسکا).
سێ کەسی ڕینمایکار هەبوون کە مەراسیمەکەیان بەڕێوە دەبرد ، کەسی سەرپەرشت بانگی چوارکەسمانی کرد و پەرداخێکی پڕ کرد لە ئایاهواسکا و وتی ئامادەی ئایاهوسکا بخۆیتەوە؟ وتم بەڵێ ، پەرداخەکەی دایە دەستم هەر کەس گەڕایەوە شوێنی خۆی ، پاشان وتی پەرداخەکە بخە سەر دڵت تا پەیوەندی لەگەڵی دروست بکات، دوای ئەوە بیخە سەر زەوی با دوبارە وەک ڕوەک پەیوەندی بکاتەوە بە زەوی دایکەوە. پاشان وتی ئێستا دەتوانن بیخۆنەوە.
پەرداخەکەم بە یەک جار خواردەوە هەرچەندە تامی زۆر ناخۆش بوو بە مانای وشە تامی زەهری دەدا..
تا ماوەی ١٥ خولەکێک هەستم بە هیچ نەکرد پاشان هەموو ڕەنگەکان لەبەرچاوم گۆڕان، هەڵبەتە ڕەنگەکان زۆر جوانتر بوون لە ڕەنگی ئاسایی خۆیان، ڕەنگی دەستم بوو بە ڕەنگی پرتەقاڵیەکی زۆر جوان و هەستم دەکرد شتەکانم بە پلەی ٣٦٠ دەرەجە دەبینی، بە مەرجێک چاوم داخرابوو ، واتە چاوی سێم کرابوەوە زۆر بە ڕونی شتەکانم دەبینی،  کەسێک بەرامبەرم بوو بەڵام پشتی کەسەکەشم دەدی...ژنێکیان کە سەرپەرشتیار بوو   سەرنجم دا لەپڕ دەموچاوی گۆڕا وەک ئەوەی ڕۆحە ئەسڵەکەیم دی بێت، شێوەی سەری لە شێوەی دراگۆنێکدا بوو دانشتبوو چاودێری دەکرد.
پاشان هەستم کرد کە مادەکە زۆر کاریگەری لەسەرم دروست نەکردوە شەش کەس لەوانی تر لە گروپەکەدابوو، تەواو وەک مەیتیان لێ هات دوانمان هێشتا زۆر بە هۆش بوین.. سەرپەرشتیارەکە هات گوتی دەبینم ئایاهواسکا کاریگەری کەمی لەسەرت دروست کردوە، دەتەوێت پەرداخێکی تر بخۆیتەوە، گوتم نیو پەرداخی ترم بۆ بهێنە..پاش خواردنەوەی نیو پەرداخی تر  تەواو ئەم دونیایەم بە جێ هێشت و جەستەم وەک قاوخێکی بەتاڵ لەسەر زەوی مابووە..
پرسیاری تۆ ئێستا ئەوەیە ئەی ڕۆحەکەت چی لێ هات؟
لە کاتی مەراسیمەکە موسیقایەکی نەرمیان لێ دەدا کە لەگەڵ ئەو مەراسیمە دەگونجا...پاش دەرچونی ڕۆحەکەم لەجەستەم دەنگی نۆتی مۆسیقاکە ڕایدەکێشام بێ ئەوەی خۆم بتوانم کۆنترۆڵی بکەم..ڕۆحەکەو نۆتی مۆسیقاکە تێکەڵ بەیەکتر دەبوون وەک شەپۆلێکی پرتەقاڵی ڕەنگێکی جوان دەڕۆیشتن بەرەو ئامێری مۆسیقاکە کە لە دار دروستکرابوو لەوێشەوە دەچویتە ناو خودی ئەو درەختەی کە ئامێری مۆسیقاکەی لێ دروست کرابوو"لە هەمووی سەیر تر هیچ شتێک بۆم نامۆ نەبوو لە هەموو ڕوداوەکان تێدەگەیشتم وەک ئەوەی ڕۆحەکە شارەزایی تەواوی هەبێت"..پاشان تێکەڵ بە وزەی دارەکە بوم بە ڕەگەکانیدا چومە ناو زەویەوە لەوێ تێکەڵ بە وزەی زەوی بوم... پاش تێکەڵ بوون بە وزەی زەوی وەک ئەوە وابوو لە هابێکم ببەستن..پەیوەندیم بۆ دەکرایەوە لەگەڵ هەموو هەسارەکانی گەردون هەموویان وەک ئەوەی لە هەمان سێرڤەر بەسترابن و منیش بەشیک بم لەو سێرڤەرە..
دوای ماوەیەک نازانم چەند بە کاتی سەر زەوی چونکە لەوێ کات و مەسافە بونی نەبوو..گەڕامەوە ناو جەستەی خۆم..
لە کاتی ڕاهێنانی چاکراکان فێربووم کە چاکرای خۆشەویستی لەسەر دڵە لەبەر ئەوە دەستم لەسەر دڵم بوو بە خۆمم دەگوت هەرچی ڕوو بدات دەبێت بگەڕێمەوە سەر زەوی بۆلای منداڵ و خێزانەکەم...هەرکاتێک کە لە دڵی خۆمدا ئەوەم دەوت بە یەک چرکە ڕۆحەکە دەهاتەوە بۆ ناو جەستەم و ئەوانم دەبینیەوە.. بۆ جاری دووەم هەناسەم وەستابوو ڕۆحم گەڕابۆوە ناو جەستەم، بەڵام هەناسەم نەبوو چاوم کرابوەوەو هەموو شتەکانی دەوری خۆمم دەدی..سەرپەرشتیارەکە هات باوەشی پیا کردم..منیش دەمویست بە دەنگ بڵێم هەرچی بێت دەگەڕێمەوە سەرزەوی بۆ لای خێزان و منداڵەکانم.. هەناسەم وەستابوو..ژنەکە هاتە پشتمەوە و دەستی خستە سەر دڵم، خۆی هەناسەی دەدا بە قوڵی گوێم لە دەنگی هەناسەکەی بوو گوێم لە ڕیتمی دڵی بوو.. یەکسەر تێگەیشتم کە پێم دەڵێت هەناسە بدە.. دەستم کرد بە هەناسەدان وگەڕامەوە سەرزەوی...جارێکی تر ڕۆحم جەستەی بە جێ هێشتم بەکاتددا گەڕامەوە کاتی منداڵی خۆم، بینیم برا گەورەکەم منی لەسەر قەراغی پەنجەرەکە دانابوو منداڵ بووم بە زنجیرێکی سپی ئەوەی جاران دەکرا بە کلیلە بەوە لێی دەدام.. منیش سەیری خۆم و ئەوانم دەکرد..پاشان بە برا گەورەکەم وت کارێکی باش دەکەیت لەو منداڵە دەدەیت..بەڵام ئەو گوێی لە من نەبوو دوبارە ڕۆحەکەم گەڕایەوە جەستەم بەڵام زۆر دڵ تەنگ بووم..
پاشان جارێکی تر لەگەڵ دەنگی موسیقاکە ڕاکێشرام و رۆیشتمەوە، دوبارە بومەوە بە وزەو تێکەڵ بە وزەکانی زەوی و دارو درەختەکان و هەموو هەسارەکان بومەوە..وەک ئەوەی من بەشێکی دانەبڕاوبم لەوان دەمزانی شوێنی من کوێیە بێ ئەوەی بترسم یان نەزام چی دەکەم..پاشان گەڕامەوە جەستەی خۆم بەئاگا هاتمەوە.. سەرپەرشتیارەکە هات و وتی کات زۆر ماوە ئەم مەراسیمە ٦ بۆ ٨ کاتژمێری دەوێت، تۆ ئێستا زۆر بە ئاگایت دەتەوێت پەرداخێکی تر ئایاهواسکات بۆ بهێنم؟ بەس لەوە زیاتر بخۆیتەوە دەمریت و ناگەڕێیتەوە..گوتم بیهێنە..
پەرداخی سێیەمم خواردەوە و بە تەواوی ئاگام لەسەر زەوی نەما.. هەموو جارێک ڕیتمی مۆسیقاکە لەگەڵ خۆی دەیبردم و لە پڕ دەهاتمەوە.. بەڵام بە میشکم بە ئاگا بووم لە ڕاستیدا من بۆ ئەوە چوبۆم تاقی کردنەوە بکەم، دەمویست تێ بگەم چۆن ڕۆحەکە لە جەستە جیا دەبێتەوە.. پاش ماوەیەکی زۆر بۆم دەرکەوت ڕیتمی مۆسیقاکە بڕیار دەدات بۆ کوێ بچیت و هەموو گەردون بە ڕیتمی مۆسیقا و ڤایبرەیشن(لەرزین) دەجوڵێتەوە..
دوای ماوەی ٧،١٥ کاتژمێر مەراسیمەکە بەرەو کۆتایی هات و هەستم دەکرد گەڕامەوە سەرزەوی وەک ئەوەی سەفەرێکی ٢٠ کاتژمێرم بە فڕۆکە کردبێت.. کەواتە مردن و زیندوبونەوەم بە چاوی خۆم دی تا خۆم ئاگاردار بووم چوار جار ڕۆحم جەستەی جێهێشتم وەک وتم دوای ئەوە وا ئاسایی بوبو نازانم چەند جار ڕۆیشتم و گەڕاەوە.

ڤیدیۆیەک لە خوارەوە دادەنێم لەسەر ئەم باسە، کە خۆم تاقیم کردۆتەوە ئەفسانە و چیرۆک نییە..
ڤێدیۆی ئایاهوسکا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە