پوری نێچیر بارزانی، خێرخواز بە سامان و پارەی دزیی

Thursday, 19/04/2018, 21:17

6448 بینراوە


نیعمەتی حەمە ئاغا پوری نێچیر بارزانییە، وەکو نێچیری خوشکەزای ناوی بەربڵاو نییە، ئەمیش پارە و ساامانێکی زۆری دزیوە و بۆتە گەورەترین دزی مەملەکەتەکەمان. لەم نووسینەدا پێویست بە ناساندنی نێچیر بارزانی ناکات.
نیعمەت خان ژنی سالاری مچەی مەلا حەکیمە. سلێمانییە رەسەنەکان چاک دەیانناسن، کە ئێستا خۆی ناوناوە (سالار بەگ)، سالار دەبێتە مێردی پوری نێچیر وشەریكە دزی نێچیر و براکانێتی، زۆر لە پیاوانی دەوروبەری نێچیرەوە نزیکە و پارەی دزی و گەندەڵیان بۆ سپی دەکاتەوە .
ئەم سالار بەگی مێردی پوری نێچیر، خاوەندی بانکی نێودەوڵەتی کوردستانە، لە پێش ڕاپەڕیندا پیاوی بەڕێوەبەری بەلدەی ئەمنی سلیمانی تاریق سامەرائی بوو، واتە بەعسی بوو. یانی ئێوە خۆش سالار بەگ لە رابردووشدا شەرەفی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەبووە.
نیعمەت خانیش هەروەها پوری حەمەی شاسوار ئاغایە، ئەم حەمەیەش ئیستا لە سلێمانی بەڕێوەبەری بانکی نێودەوڵەتی کوردستانە. حه‌يده‌ر عه‌بادى چەند مانگێك لەمەو بەر له‌سه‌ر داواى ده‌زگاى نه‌زاهه‌ى عيراقى بريارى ده‌ستگيركردنى بۆ ده‌ركرد‌، چونکە ئەم حەمەی شاسوار ئاغایە دەرکەوت یاری و فێڵی به‌ پرۆگرام و سيستەمی (IT) بانكەوە كردووه‌ و 100 مليۆن دۆلارى به‌ قاچاخ ناردۆته‌ بانكيكى ئيماراتى، بۆیە لە ترسی گرتن، ئیستا ئەم ناموبارەکە چه‌ند مانگێكه‌ رایکردووە و لە دوبەی گیرساوەتەوە، تا نووسینی ئەم بابەتە نەگەڕاوەتەوە.
ئەمانە هەموو کەس و خزمی نێچیرڤان نیین لە دایکەوە، کەوا بۆگەندترین و ساختەچیترین و خائینترین کەسن، کە من لێرەدا ناوی ئەوانی دیکە نانووسم، دەنا ئەگەر بکەوینە ناوهێنانی ئەوانی تر، کە لە پلەکانی تری خوارەوەدان، ئەوا دەیان ناوی تر هەن لە خزم و بنەماڵەکەی کە کەم تا زۆر دزن لە دەسەڵاتەوە نزیکن و بەشدار و سودمەندن لە پشکی دزیی و گەندەڵیی و فەسادی و ناڕەوایی پارتی و بنەماڵەی بارزانی.
ئینجا با بێینەوە سەر نیعمەتی حەمەی ئاغای پوری نێچیر بارزانی، کە بۆ پاکردنەوەی ئابڕوی خۆیان و ناوی خۆ بەرز و نەمر هێشتنەوە هەڵدەستن بە کاری بەناو خێرخوازی. کەسێكی وەکو نێعمەت کە لە ژینگەیەکی بنەماڵەیی ئاوا گەندەڵدایە ناکرێت و ناتوانێت لە تێڕوانینی ئاییینی و مرۆییەوە خێرخواز و خزمەتگوزار بێت بۆ خەڵکی
نیعمەتی حەمە ئاغا یەکێکە لەو ژنانەی کە بە خێرخواز ناودەهێنرێت، گوایە بە کاری گەورەی خێرخوازی هەڵدەستێت . دوا هەواڵ لە ماڵپەری ئاراستەدا لە نووسینی جه‌عفه‌ر حسێن سەبارەت هەواڵی ئەوەمان پێ دەدات کەوا ئەم خانمە هەڵساوە بە دروستکردنی پرسه‌خانه‌یه‌كی نوێ، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو دۆلاری تێچووە. هەواڵەکە بەم شێوەیە دەسپێدەکات:
(پرسەخانەیەکی مۆدێرن لەسەر ئەركی خێرخواز (نیعمەت خانی کچی حەمە ئاغای عەبدولرەحمان ئاغا لە شاری سلێمانی کرایەوە، کە تەواوی پێداویستییەکانی پرسە لەخۆ دەگرێت‌ و ھەموو ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەتوانن بێ بەرامبەر سودی لێوەربگرن) .
من لێرەدا تەنها لە گۆشەنیگای ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە لە کارەکەی نێعمەت دەدوێم و لەبەر ئەوەی ئەوانە هیچ پاڵنەرێکی مرۆڤایەتیان نییە تا بە هیچ کارێکی خێرخوازی و تەنها ئایین و ناوی خۆ بەرزکردنەوە هەڵبستن، تا ببێتە هاندەری ئەو کارانە، دەمەوێت ئەوراستیە بخەمە ڕوو کە لەڕوی ئایینیشەوە بە هەڵەدا چون، ئەگەر کەمترین ئەقڵانیەتیان تیادابوایە بەو ئاراستەیەدا هەنگاویان نەدەنا
لە چەندین ئایەت و حەدیس دا کاری خێرخوازی پەیوەست کراوەتەوە بە تێرکردنی برسی و هاوکاری هەژار و پەککەوتە و لێقەوماوان. لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ئایەت و حەدیس لە لایەن زۆربەی پیاوانی ئایینەوە تەبایی و ئیجماع لەسەر خێر و خێرخوازی ئەوەیە، کە لە خزمەتی هەژاران و بێدەرەتاناندا بێت و ئامانجەکانی بریتی بێت لە ژیانێکی باشتر و شەرافەتمەندانە بۆ کەسانی هەژار و کەمدەرامەت، بڵاوکردنەوەی نەریتی هاوکاری و پشتیوانی یەکتر لە ناو خەڵك، بێگومان لە ئایینی ئیسلامدا بنەمای ئەم کارانەش بۆ رازیکردنی خوا و پاداشت و بەرزڕاگرتنی ئایینی ئیسلامە.
لە هیچ کەسێك شاراوە نیە کە ئەمڕۆ گەورەترین کێشە و قەیران لە هەرێمی کوردستاندا بێموچەیی و هەژاریی و دەسکورتییە، بەڵام ئایا بۆچی زۆربەی بە ناو خێرخوازان بە گشتی ڕوودەکەنە بنیاتنانی شوێنێک یان کارێکی دیاریکراو، کە بۆ ساڵانی دوور ودرێژ بمێنێتەوە و لەبەرچاو بێت؟
ئایا کەسێکی وەکو نێعمەت ئەو هەژاری و بێدەرەتانیانە نابینێت، ئایا لەهەمانکاتدا بە ئاگا نییە لەوەی کە لەسەر هەر شەقامێکی شارەکانی کوردستان چەندین مزگەوتێك هەیە و بە گشتی زیاتر لە ٥٥٠٠ مزگەوت لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لەسەرجەم ئەو مزگەوتانەدا پرسە دەگێڕدرێ، بۆیە با نێعمەت خان لە خۆی بپرسێت چ پێویستێك دەکات بە هۆڵی پرسە کە ملیۆن و نیو دۆلاری تێبچێت؟ کەواتە ئەو کارەی نێعمەت پێێ هەستاوە لە تێڕوانی ئایینیەوە شتێك نیە، جگە لە ئیسراف و کاری بێسود بۆ کۆمەڵگا بەتایبەتی هەژاران و کەمدەرامەتان، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە خۆی خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلاری دزییە و ئەم بەشە کەمەی بۆ خۆبادان و ناوبانگدەرکردن داناوە، لە دڵیشدا دەڵێ، ئەگەر ئەو دنیاش هەبوو ئەوا ئەمەش دەبێت واستەیەک لای خودا، بەڵکو لەپاڵ بنەمالەی بارزانی و نێچیری خوشکەزامدا خوا بمانخاتە بەهەشت!
نێعمەتی حەمەئاغا و هاوشێوەکانی دەیانەوێت بەو کارانە خۆیان نەمر بکەن، وەك ئەوەی بە نووسینێکی پیت گەورە ناوی لە بەرزترین شوێنی پرسەخانەکە تۆمار کراوە، بەڵام لەم هەلومەرجەی هەرێم و لەو ژینگە پڕ لە گەندەڵییەی نیعمەتی تێدایە و بەشێکە لێی و سودمەندە لێی، لەو باوەرەدا نیم بەو کارەی هیچ شانازیی و نەمرییەکی بۆ بمێنێتەوە، بەڵکو ئەوە دەبێتە بەڵگە کە ئەمیش کەسێکی پیسخۆر و دزە وەکو هەموو خزمەکانی دیکەی کە ئیستا خۆیان لە بنەماڵەی بارزانییە هەڵدەسوون!، ئایا ئەوەیان نەبیستووە، کە کاری باشە هەلقوڵاوی نیەتی باشە. نیەت و وویستی ئەو جۆرە کارانە لە دڵ و لە ناخەوە دەبێت بە مەبەستی باشیی بۆ کۆمەڵگا نەبێت هەرگیز کەسی پێ ڕازی ناکرێت و بە پێچەوانەوە بەسەریاندا دەشکێتەوە و لە ناو کۆمەڵگاشدا تەنها ڕیسواییان بۆ دەمێنێتەوە.
هەروەکو لە هەواڵە وتارەکەدا هاتووە و دەڵێت:
(ئەم پرسەخانەیە دروستكراوە لەسەر ئەرک و ماندوبون و بەرپرسیارێتی نیعمەت خان، بەبێ ھاوکاری ھیچ کەس و لایەنێک ئەرکی تەواوی ئەم پرۆژەیەی گرتۆتە ئەستۆ، کە لەلایەن باوکیەوە بۆی ماوەتەوە بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان لەشارەکەماندا بەدابینكردنی هەموو پێداویستییەكانیەوە).

نیعمەت خان و بنەمالەکەی ئەم پارانایان لە کوێ بوو؟!
 خۆیان وا پرۆپاگەندە دەکەن، کە گوایە خاوەن پارە و موڵک بوون و هیچ پەیوەندییەکی بە نێچیرەوە نییە! بە بێ هیچ گومانێك ئەمە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە و درۆیەکی گەورەیە لەبەر ئەوەی تەواوی موڵکەکانی حەمە ئاغا و منداڵەکانی لەسەردەمی شەڕی دوو مافیاکەی پارتی و یەکێتیدا لە لایەن یەکێتیەوە داگیرکراوە و تا ئێستا هەروا ماوەتەوە. گەورەترین موڵکی حەمە ئاغاش کە خانووەکەی بووە لە مەڵکەندی نزیکی ٧ دۆنمە و سەرباری نرخی بەرزی ئەو زەویە و خانووە داڕماوەکە هیچ سودێکی لێنەبینراوە و کراوەتە وێستگەی ئوتۆمۆبیل.
لە پێش ڕاپەڕین کاتێك بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە نێعمەت و خوشك و براکانی ئەو خانووەیان بۆ سالار ئاغا بەجێهێشت خاوەندی هیچ موڵکێك نەبون و چەندین ساڵ بونە کرێچی عوسمانی مەلا عەباس لە گەرەکی چوارباخ. ئایا ئەو سەردەمی کرێچێتی و دەستکورتیەتان زۆر زۆر لە ئێستا زیاتر جێگای شانازی و کامەرانیتان نەبو ، دور لە بنەماڵە وەحشیەکەی بارزانی و وابەستەیی و سەر/شۆڕی کردن بۆیان لە پێناوی پلە و پارەدا؟ ئەگەر ئێوە پێش ڕاپەرین کرێچی بوبن ئیتر کەی و چۆن ئەو موڵکانە بۆ نێعمەت ماونەتەوە ، نەخێر ئەو ملیۆن و نیوە پەیوەستە بە پارەکانی حەمەی شاسوار ئاغا و سالاری هاوسەری و نێچیر و براکانی تری نێچیرەوە نەك پارەی خوالێخۆشبو حەمە ئاغا.
بە پێچەوانەی ئەو پەندە کوردییەوە کە دەڵێت گیا لەسەر بنجی خۆی دەروێتەوە هیچ کام لە کوڕان و کچانی حەمە ئاغا لەسەر بنجی خۆیان نەڕواونەتەوە. لە تەواویی هەواڵەکەدا کە ماڵپەڕی ئاراستە بڵاوی کردۆتەوە، تەنها ئەوەندەی ڕاست وتووە کە دەڵێت:(حەمە ئاغا لەسەردەمی مەلیک مەحمود وەزیری دارایی بووە، سەرەڕای دڵسۆزی بۆ کارەکەی ھەمیشە خۆی بە بەخزمەتکارو ھاوکاری خەڵکی شارە خۆشەویستەکە زانیوە و بەو پەڕی دڵسۆزیی و لەخۆبردنەوە ھەمیشە دەرگای ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی کراوە بووە، بۆ ھەر کەسایەتیەک کە ڕویان کردۆتە بەڕێزیان، بێ گوێدانە پلەو پایە یان ئینتمای سیاسی).
من لێرەدا ئەوەش زیاد دەکەم کە حەمە ئاغاکەسێکی زۆر سادە و خاکی و میللی بووە و هەرگیز ڕۆحی خۆبەزلزانی تیادا نەبووە. بە پێچەوانەی منداڵەکانی هێندە لوتبەرز و لەخۆڕازیین، بەڵام حەمە ئاغای باوکیان هەرگیزلە پێناوی ئیمتیاز و پلە و دەسکەوتا نەبو بە سەرشۆڕ و وابەستە و کەسپەرست. بە پێچەوانەوە منداڵەکانی وابەستەی بێقەید و شەرتی بنەماڵەیەکی خیڵەكی و دڕندەی وەك بنەماڵەی بارزانین و لەسەری ڕەش لەدەوریان کۆبونەتەوە. بەتایبەتی نێعمەتی حەمە ئاغا و سالاری مچەی مەلاحەکیمی مێردی لە سەرشۆڕیدا لەپلەی یەکەمدان.
لە دوای ڕاپەڕین لە سلێمانی هێندە خۆبەرەپێشەوە بون کە پەیکەری مستەفا و ئیدریس و مەسعود بارزانیان لە ماڵەکەیاندا بە دروستکردن دابوو. ئەمە لە کاتێکدا ئیدریس هیچ نرخێکی بۆ نازدارخان و بنەماڵەی حەمە ئاغا دانەنا و کەرە عەشایەریانە ژنی بەسەردا هێنا. خوالێخۆش بو نازدارخان خوشکی نێعمەت و دایکی نێچیر بەڕادەیەك لە بنەماڵەی بارزانی و ئیدریس بێزار بوو کە زۆر جار لەلای کەسانی باوەرپێکراوی داخی دڵی خۆی دەردەبڕی و بە دڵی پڕ لە خەمەوە لە بنەماڵەی بارزانی دەدوا و دەیوت ڕۆژانە لە خوای خۆم دەپرسم خوایە گیان چ گوناحێکم کردبوو، کە ئاوا توشی ئەم بنەماڵە وەحشایەت کردم). نازدارخان بەهۆی ناوداریی مستەفا بارزانیەوە لە ناوەندی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردو هەروەها بە هۆی سادەیی هەرزەکاری خۆی و نەبونی کەسێکی دڵسۆز و دوور لە بەرژەوندیخواز، لەگەڵ ئیدریس بارزانی هاوسەرگیری کرد و بووە قوربانی هەرزەکاریی خۆی و نەبونی ئەقڵ و ئامۆژگاریکەرێکی دڵسۆز.
مەخابن خوشك و براکانی نازدار لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان ئازار و سوکایەتیەکانی خوالێخۆشبوی خوشکیان لەیاد کردۆتەوە و تەنها سودمەندی خۆیان لەبەرچاو دەگرن.
لە کۆتاییدا دەپرسم ئایا دەکرێت لە کەسانێکی ئاوا و لە ژینگەیەکی ئاوادا خێرخوازی ڕاستەقینە و مرۆڤ دۆست ئافەریدە ببێت؟
هەواڵە وتارەکەی ماڵپەری ئاراستە 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە