برسێتی چییە؟

Saturday, 21/04/2018, 1:11

3466 بینراوە


برسێتی ڕێژەییە، ئەگەر کوردی  باشور ئێستا بەراوردبکرێت بە خەڵکی ئەو وڵاتانەی ئەفریقا کە لە ژێر وشکەساڵی و شەڕە جۆربەجۆرەکاندا دەناڵێنن و وڵاتەکانیان زەویی بەپیت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویان کەمە یان لە لایەن توێژێکی بچوکی دەسەڵاتدارەوە  دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوا بێگومان جەستەی ئێمە وەک هی ئەوان  لە برسێتیدا وا لاوازنەبوە ببێتە  پیست بەسەر ئێسقانەوە وەک لە وێنەی برسیەکانی ئەو وڵاتانە دەیبینین. دەبێت ئێمە سوپاسی خاک و ئاووهەوای وڵاتەکەمان بکەین  بۆ خۆراکی هەرزانی بەرهەمەکانی وەک پاقلە و نۆک و پەتاتە و نان و سەوزە و شیرەمەنیەکان و گۆشت و هێلکەی  مریشکی کێڵگە پەلەوەریەکان ، هەروەها دەبێت سوپاسی خۆراکی هەرزانی ئێران و ناوەڕاست و باشوری عێراق بکەین . جگە لە وانە گیانی  یارمەتی و هاوسۆزی و بەزەیی ناو کۆمەڵی کوردی لە شێوەی ڕێکخراو و ناڕێکخراو لەم دوساڵەی دواییدا گەشەسەندنێکی دیاری بە خۆوە دیوە، پشتگیریی  کوردانی ئەوروپا و ... بۆ کەسوکاریان  سەریهەڵداوەتەوە ئاواهی هەزاران کەس بە پێی توانایان کۆمەکی سەدانهەزار کەسی نەدار و برسیی خەڵکی ئەم هەرێمە دەکەن ، هەمو ئەمانەیە کە نەیانهێشتوە وەک برسیەکانی ئەفریقامان لێبێت نەک دادپەروەری و سۆز و بەزەیی دەسەڵاتە گەندەڵ و ببێویژدان و نەزانەکەی پارتی و یەکێتی. تاکێک لە ڕۆژێکدا دەتوانێ بە نزیکەی سێ هەزار دینار سکی خۆی تێربکات، بەڵام ئایا  ژیان هەر خواردنە؟ خەرجیەکانی تری ژیان وەک کرێی خانو، ئاو و کارەبا، پارە بۆ پێویستیە جۆراوجۆرەکانی منداڵ، پارەی دوکتۆر و دەرمان و چارەسەری نەخۆشیە کوتوپڕەکان لە ئێستادا کە کەرتی تایبەتی خەریکە بەتەواوی کەرتی حکومەتی قوتدەدات ، پارەی پۆشاک و پێڵاو ، باجی جۆراوجۆر و خەرجیی دائیرەکانی حکومەت کە ئەوەندە زۆرکراوە بوە بە سەرانەیەکی ستەمگەرانە  هەمو ئەمانە تێچوی ژیانی خەڵکیان بۆ سەدئەوەندەی تێچوی خۆراک زیادترکردوە. پێویستیە ئینسانیەکانی تر وەک مۆبایل و کۆمپیوتەر و تەلەفیزۆن ، پێویستی و حەزی گەشت و گوزار لە ناوەوەی یا دەرەوەی وڵات، حەزی بەخشینی دیاری بە کەسە نزیکەکانت، ئەمانە و دەیان حەز و خولیا و پێویستیی تر وەک چون بۆئاهەنگ و شانۆ، کڕینی کتێب، بەدیهێنانی حەزە هونەری و ڕۆشنبیری و وەرزشیەکان، ئەمانە هەموی لەم دوساڵەی بێموچەییدا زۆرینەی مرۆڤی کورد لێی مەحرومکراوە. خەڵکانێکی زۆر قەرزارن یا پاشەکەوتی دەیان ساڵی ڕابوردویان خەرجکردوە یا ناچارکراون  دوسێ ئیش بکەن، یا ئەوەی هەیان بوە فرۆشتویانەوە و ملی ڕێگای هەندەرانیان گرتوە. هەمو ئەمانە کە لە سەدا هەشتای خەڵکی هەرێم پێکدێنن با سکیشیان تێربێ و کەمخۆراک و بەدخۆراک نەبن و کەمیی ڤیتامینیان نەبێت و ڕەنگی ڕویان وەک هەنار ئاڵ و سور بێت بەڵام برسین، بەڵێ برسین و لە خۆشییەکانی ژیانێکی ئاسایی و شکۆمەند بێبەری کراون و بەردەوام لە نیگەرانی وترسدا دەژین. ئەوەی ئێش و ئازاری ئەم برسێتیە زیادتردەکات دو شتە: یەکەم لە بەرامبەر زۆرینە برسیەکەدا کەمینەیەک هەیە کە لە تێریدا لە سەر مێزی قومار و سیسەمی داوێنپیسی دەڕشێتەوە ، دوهەم وڵاتی ئێمە لە وڵاتانی خلیجی عەرەبی گەلێک دەوڵەمەندترن چونکە ئێمە جگە لە نەوت و گاز ئاوی سازگاری خواردنەوە و زەویی بەپیتیشمان زۆرە ، ئەوان هەر نەوت و گازیان هەیە بەڵام تێکڕای خەڵکەکەیان لە خۆشگوزەرانیدا دەژین . ئەگەر ئەم سیاسەتی برسیکردنەی پارتی و یەکێتی کۆتایی پێنەهێنرێ خەڵکی برسی خۆی داوای گەڕانەوەی حکومەتی مەرکەزی دەکات و کۆتایی بە هەرێمی کوردستان دەهێنرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە