ئەگەر نیازە دەنگ بدەیت، دەنگەکەت بخەرە پاڵ دەنگی من

Sunday, 22/04/2018, 11:52

3587 بینراوە


ئەگەر هەر بڕیارە دەنگ بدەی، ئەوا دەنگی خۆت مەسووتینە و ویژانت بەشێوەیەك ئاسوودە بکە کە دواجار لچی خۆت نەگەزی و پەشیمان نەبیتەوە، خەتاکەی نەخەیتە سەر ئەم و ئەو.
ئەگەر هەر ئەتەوێ دەنگ بدەی،ئەوا باشترە ئەم جارە دەنگ بدەی کە بڵێی ئۆخەی ئەم جارە وەك جارانی پێشوو نیە و ڕەنج بە خەسار نایەم و ئاوێکی سارد بەدڵمدا ئەکەم. جا بۆ ئەوەی دەنگەکەت نەك هەر بەفێڕۆ نەڕوا،بەڵکو ببێتە مایەی سەرفرازی و هێنانی کامەرانی بۆ خۆت، ئەوا فەرموو بەم شێوەیە لەتەکمدا با دەەنگەکانمان جووت بکەین و هەڵبژاردنەکەمان بەسەرکەوتوانە جێبەجێ بکەین.
بۆ ئەوەی کەرکوك و گەرمیان و مەخمور ناوچە جێناکۆکەکان لەدەست نەدەین، با دەنگ بدەین بە هەریەك لە یەکێتی و پارتی کە خاوەنی چەندین کەسایەتی وەك: (کەمال کەرکوکی، وەستا ڕەسوڵ، شێخ جەعفەر، مەحمود سەنگاوی و سەرۆکی هێزەکانی پێشمەگە بە سەرۆکایەتی کاك مەسعود بارزانی و چەندین پیاوی سەربازی وەك سیروان بارزانی و وەزیری پێشمەرگە) و چەندینی تر.
بۆ ئەوەی جارێکی تر کوردانی یەزیدی داعش و هاو شێوەکانی جینوساید و ئەنفال نەکرێن با دەنگ بدەین بەو هەموو قارەمانانەی هێزەکانی ٨٠ پارتی و جەنەڕاڵە چاونەترسەکان  کە نەیانهێشآت یەك بست خاکی ئەم هەرێمە داگیر بکرێ.
بۆ ئەوەی هەولێر و سلێمانی تەعریب نەکرێ، دەنگ بدەن بە بزووتنەوەی گۆڕان کە لەسەر داوای ڕەوانشاد کاك نەوشیروان و زۆر بەڕێز جەلال تاڵەبانی لەژێر ناوی برایەتی و هێنانی کەسایەتیە ناودارەکانی عەرەب و پیشەگەرایی %40 کوردستانیان پڕ کرد لە عەرەبە چاوڕەشەکان و کردنەوەی تەلەفیزۆنی فەیحا و خوێندگای عەرەبی و حوسەینیە . 
هەروەها بیرتان نەچێ دەنگ بدەن بە پارتی کە کەسی وەك نەوزاد هادی پارێزگاری هەیە لەکاتی هەڵە و شەڕکردن دژ بەبرا عەرەبەکان خێرا داوای لێبوردن ئەکات و نیشانەی دڵە فراوانی و بەخشندەیی کورد بۆ عەرەب دەر ئەبڕی و دڵسۆزیان نیشان ئەدا.
بۆ ئەوەی %51 کوردستان لەماوەی دوو دەمژێردا لەکیس نەچێ و خەڵکەکەی بە تەواویی قەلاچۆ نەکرێ، تکایە دەنگ بدەن بە یەکێتی چونکە خەڵکی وا موهیم و کارای تیایە کە ناکرێ لەیادیان بکەین، کاکە پاڤێل گیان و کاکە قوبادی خۆشەویست و شێرە گەورەکە (شێخ لاهور)ی  ئامۆزای لەگەڵ شێخ ئاراس بەجەرگ و راستگۆ و هەموو ئەوانی تر.
بۆ ئەوەی کوردایەتمان فوول بێ و ئەوەندەی تر کوردستانمان خۆش بوێ، تکایە دەنگ بدە بە کۆنە خانمی یەکەمی عێراق (ئامۆژنە هێرو) و عەقید خاتو شانازی خوشکی کە خۆیان بە خاوەنی حیزبی شەهیدان ئەزانن و شەو و ڕۆژ لەبەر شەهید و خانەوادەکانیان خەو ناچێتە چاویان.
بۆ ئەوەی ئەو سێ بڕگە یاساییەی زەمانی مەلا مستەفای ڕەحمەتی سەبارەت بە شاری موسڵ و ماددەکانی 58 کەدواتر گۆڕدرا بە ماددەی 140  بەتەواوی لەدەستوری عێراقیدا جیبەجێ بکرێ، تکایە دەنگ بدەن بە هەریەك لە کاك دکتۆر بەرهەم، کاکە شاسواری نەوەی نوێ و دادە بڵێسە جەبار فرمان و دکتۆر نەجمەدین کەریم. زۆر ئاگاتان لێیان بیت و دەنگیان پێبدەن.
بۆ ئەوەی چیتر تورکیا نەوێرێ بنەکە و بارگە لە هەرێم دروست بکات و ببێتە هەڕەشەی جدی، ئەوا تو ئەو خوایە ئەگەر دەنگ نەدەن بە نێچێر بارزانی و کاندیدەکانی. بەتایبەتی ئێستا نێچیر برایەکی بە نەخۆشی دڵ جێی هێشتین و ئێمەش وەمان ئەزانی بە شتی تر مردوە. ناشکرێ زۆر بەڕێز سەعدی پیرە و کاك مەلا بەختیار و عەدنانی حەمەی مینە و کاکە هۆشیاری گۆڕان و عەدنان عوسمانی گۆڕانخوازی هاوڕێی رێبوار وەلی و چەندین کەسایەتی زۆر بەڕێزی تر کە لێرەدا ناوەکانیانمان لەیاد کردوە.
لە کۆتاییدا هەر ئەوە ماوە کە سوێندتان بدەم و بەڵێنم پێ بدەن، کەوا بەم شێوەیە دەنگی خۆتان بدەن تا پرۆسەی دیموکراتی لە هەرێم لەکەدار و عەیبار نەبێ و کەسمان پێ خۆش نەبێ، بەتایبەتی لەبەر خاتری کاک کۆسرەت رەسوڵ، چونکە تەندروستی تەواو نییە، دڵی کوڕەکانی مەشکێنن و ئەوانیش لە یاد مەکەن، چونکە خەباتگێرن و هەموو کورد قەرزارباری کاکە کۆسرەتە، ئەرکە لەسەرمان  ئەو قەرزەیان دەبێت بدەینەوە.
دوژمن لە لێواری هەرێـم نزیك بۆتەوە و لە بۆسەدایە بۆمان. جا گرنگە بەم شێوەیە دەنگ بدەن و داواتان لێ دەکەم لەبەر خاتری گۆڕەکەی مامە و کاکە و دادە حەمایل و بارزانی نەمر و کاکە دلۆڤان دڵمان مەشکێنن و ڕوو زەردی ئەم دونیا و ئەو دونیایەمان نەکەن.

راپرسی

  • بۆ هەلبژاردنەکان دەنگ دەدەیت، یان بایکۆت دەکەیت؟
  •  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە