بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی گرنگە؟

Monday, 23/04/2018, 14:36

2932 بینراوە


کام چینی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ژیانێکی شایستە دابین بکات کەگشت لایەک لێی بەهەرمەند بێت؟ ئاخۆ ئەو چینە،چینی کرێکارە یان چینی سەرمایەدارانی چەوسێنەر؟
چینی دەوڵەمەندەکان ژیان ناگۆڕن تالەبەرژەوەندی چینەچەوساوەو بەرهەمهێنەرەکاندا بێت.چونکە کارێکی وا پێچەوانەیە بەخودی کۆی سیستەمە چەوسێنەرەکان،هەر لەسیستەمی کۆیلایەتیەوە تادەگات بەسیستەمی دەرەبەگایەتی و خودی ئەم سیستەمە سەرمایەداریە دڕندەیە کەتەمەنی نەگریسی واخەریکە دەبێتە چوار سەدە. گەر ئەو چینەچەوسێنەرانە ژیانیان بگۆڕیایە کەلەخزمەت و بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی چینە ژێردەستەکاندا بوایە،ئەوکات شتێک نەدەمایەوە کەناوی چەوساندنەوەی چینایەتی، بوایە. مێژووی گشت کۆمەڵگاکان تائێستا،مێژووی ململانێ چینایەتیەکانە.کارڵ مارکس. ئەم ووتە بەپێزە گەر ناواخنەکەی بەوردی نەبینین،ئەوا وادەزانین زادەی خەیاڵەو ئەوەی مێژووی تائێستای جوڵاندوە،ئەوە تەنها خواست و هەیبەتی چینەدەسەڵاتدارەکان بوە. بەڵام لەڕاستیدا پێچەوانەکەی دروستەو ئەوەی کۆی مێژوو دەجوڵێنێت ململانێی نێوان سەردارو کۆیلەو ئاغاو ڕەعیەت و سەرمایەدارو کرێکار (کارو سەرمایە) بوە. هەر بۆیەیش چینەچەوسێنەرەکان بەردەوام لەڕێگەی داهێنانە هەڵخەڵەتێنەرەکانیان بۆسەر چینی کرێکار تاهۆشیار نەبێتەوەو دەست نەبات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی خۆی،لە دامەزراندنی دەیان و سەدان دامودەزگای سەرکوت گەرو فریودەر،بۆگێژ کردنی کۆی چینەبەرهەمهێنەرە کرێ وەرگرەکان،بۆ چرکەیەکیش نەوەستاون و ناوەستن. ئەویش تەنها ترسە لەو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەیە کەقورسای ژیان و بەرهەمهێنانی خراوەتە سەرشان،ئەویش چینی کرێکارو جوتیارو کۆی خەڵکی زەحمەتکێش و بێکارو کرێ وەرگرەکانن.
ئەم چینەکۆمەڵایەتیە گەورەیە،تەنها خۆیەتی دەتوانێت لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە،نەک لەڕێی پەرلەمان و سندوقەکانی دەنگدانەوە، هەم خۆی ڕزگاربکات و هەمیش کۆتای بهێنێت بەکۆی سیستەمی پارێزەرانی خاوەندارێتی تایبەت و دیموکراسیەتە پڕوپوچەکانیان و ئازادیەک کەهەمیشە بوەتە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان.
چینی کرێکارو کۆی بەش خوراوان،دەتوانن کۆمەڵگەی هەرەوەزی سۆسیالیستی زانستیانە دابمەزرێنن و کۆتای بەگشت چەوساندنەوەی چینایەتیش بهێنن. هەربۆیە شۆڕشی کۆمەڵایەتی گرنگترین کارێکە بۆ چینی کرێکارو کۆی مرۆڤایەتی تاچیتر ڕۆژانەو بەردەوام نەچەوسێنرێتەوە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتی چینەچەوسێنەرەکانەوە.
دەوڵەمەندەکان هەمیشە چینێکی کەمایەتین،کەدەستیان گرتوە بەسەر ئامرازەکانی بژێویدا.بۆیە هەژاری کۆتای پێنایەت تادەسەڵات لەو چینەکەمایەتیە وەرنەگیرێتەوە کەئامرازەکانی کارکردن و بەرهەمهێنانیان خستۆتە ژێر هەیمەنەی خۆیانەوە. چوارچێوەی دەوڵەت و یاساو دادگاکان و سەربازو پۆلیس و زیندانەکان بەکۆ داهێنراوی ئەو چینەچەوسێنەرانەن کەهەمیشە ئابوری و ژێرخانی بەرهەمهێنانیان داگیر کردوە.
بۆیەیش تاسیستەمی پارێزەری چینەکەمایەتیەکان مابێت،تائەوکاتەیش کاری کرێ گرتەو هەژاری وبێکاری و برسێتی بۆ چینەکۆمەڵایەتیە بەرهەمهێنەرەکەیش درێژەی پێ دەدرێت.
حزبە بۆرژواکان و وردە بۆرژواکان هەمیشە بەدرۆ گەورەکانیان و بەناو بەڵێنی چاکسازیەکانیان دەیانەوێت چینەچەوساوەکان بخەڵەتێنن و دواجاریش لەڕێی گەمەی دەنگدانەکانیانەوە سندوقەکانیان کردۆتە سەنگی مەحەک،نەک بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی. کەوایە بۆچی نایانەوێت کۆتای بهێنرێت بەچەوساندنەوەیەک کەلەسەر چینەچەوساوەو بەرهەمهێنەرەکانن؟ ئاخۆ تەنها لەبەر ئەو هۆکارە نیە کەخۆیان هەمیشە سەرداربن و سامان و ئابوری وڵات لەژێردەستیاندا بمێنێتەوە؟ ئاخۆ گەر دەنگدانەکان شتێکیان بگۆڕیایە کەلەبەرژەوەندی چینەچەوساوەکاندا بوایەو لەو ڕێگەیەوە ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینەهەژار کراوەکان بچوایەتە سەرەوە بۆ ئەوەی دەست ببەن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی،ئێستا دەمێک نەدەبو کەلەلایەن چینەچەوسێنەرەکانەوە قەدەغە کرابو؟(ناوەڕۆکی ئەو ڕستەیە هی نووسەرێکە کەدەڵێت:گەر هەڵبژاردنەکان شتێکی بگۆڕیایە ئێستا دەمێک بو قەدەغە کرابو. بەڵام دەبوا بیوتایە کەشتێکی لەبەرژەوەندی کۆتای هێنان بەسیستەمی کاری کرێ گرتە بگۆڕیایە،ئێستا دەمێک بو یاساغ کرابو).کەوایە دەکرێت دیمەنەکە لای خودی مرۆڤە زەحمەتکێش و بەرهەمهێنەرەکانی ژیانی ڕۆژانە ڕون بێت،کەنەئەم سیستەمەو نەحزبە جۆراوجۆرەکانیان نایەن یان نایانەوێت چینی کرێ گرتەی بەرهەمهێنەر ڕزگاری ببێت لەدەستی چەوسانەوەیەک ڕۆژانە دەیچێژێت بەدەستی چینێک کەپارێزەری ئەم سیستەمە دڕندەیەن،ئەویش سیستەمی سەرمایەداریە. هەربۆیەیش بەکۆ،لەهەر کوێیەکی ئەم سەر زەمینە بڕوانین، ئەوکات تێدەگەین کەئەم سیستەمە چەوسێنەرە چینایەتیە چ بەڵایەکە بەسەر کۆی مرۆڤایەتی و بەرژەوەندیە بەرزەکانی چینی کرێکاری بەرهەمهێنەرەوە.
لەهەرکوێیەک جۆرێک لەژیانێک هەبێت،ئەوا لەوێوە دەبێت ئاستی هۆشیاری سیاسی چینی کرێکارو دنیای پێشکەوتنی بەرهەمهێنانەکە ببینین،نەک بەپێچەوانەوە،وابرانین کەلەو کۆمەڵگەیەی بڕێک ژیان هەیە،ئەوە دیاری و مەرحەمەتی چینی سەرمایەدارو سیستەمەکەیانە.
ئەم سیستەمە برەو بەهەرچ دەزگایەکی سیاسی و ئاینی بدات،ئەوا باشیش دەزانێت کەئەو دەزگایە لەخزمەتیدا دەبێت نەک لەدژی. کۆی بەهاو ئەخلاق و ئاین و پەروەردەیەک کەهەیە،ڕەنگدانەوەی خودی سیستەمی زاڵ و ئاستی جۆری ئابوریە ژێرخانیەکەیە لەهەر وڵاتێکدا.
نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری ئەو ئازادیە دەناسێت،کەئازادیژبازاڕو ئازادی چەوسانەوەی چینایەتی دەباتە پێشەوەو دەرگا واڵا دەکات لەبەردەم شەریکاتە تاڵان چیەکانیداو جەنگەکانیشیان،تەنها بۆ مانەوەی خودی سیستەمەکەیان و داگیرکردندایەو ئەوەی پاڵ بەبەرپاکردنی جەنگەکانیانەوە دەنێت،لەلایەک خواستی بازاڕو ململانێ نامرۆڤانەیەکانیانە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانیان و لەلایەکیتریشەوە،بەرپاکردنی جەنگەکان،دەرخەری ململانێ چینایەتیەکانە لەناوخۆی هەر وڵاتێکداو دەر ئەنجامی قەیرانەکانیانە. هەربۆیە تائەم سیستەمە جەنگڵستان ئاسایە بمێنێتەوە،تائەوکاتەیش چەوساندنەوەی چینایەتی کۆتای پێ نایەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە