خەونێکم هەیە*

Thursday, 26/04/2018, 0:18

4302 بینراوە


مارتن لوسەر کینگ** 
شادمانم کە ئەمڕۆ لەگەڵتانم لەم بۆنە مێژوییە لە گەورەترین خۆپیشاندان لەپێناوی ئازادی لە مێژووی نەتەوەییماندا.
سەدساڵێک لەمەوبەر گەورە پیاوێکی ئەمەریکا کە ئێمە ئەمڕۆ لە سایەی ڕەمزێکی ئەودا ڕاوەستاوین، جاڕنامەی ڕزگارکردنی کۆیلەکانی واژۆ کرد. ئەم فەرمانە گرنگە مەشخەڵێکی مەزنی ئومێد بوو بۆ ملیۆنان کۆیلەی ڕەشپێست کە لە نێو بڵیسەی نادادپەروەریدا هەڵقرچابوون. بەرەبەیانێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەوی دوور و درێژی کۆیلایەتی.
بەڵام پاش سەدەیەک، ڕەشپێستەکان هێشتا ئازاد نەبوون. پاش سەدەیەک، بەداخەوە هێشتا ژیانی ڕەشپێستەکان بەهۆی کۆت و پێوەندی ڕەگەزپەرستی و زنجیری جیاکارییەوە ئیفلیج بووە. پاش سەدەیەک ڕەشپێستەکان لەنێو دوورگەیەکی دابڕاوی هەژاریدا ژیان دەبەنەسەر لە چەقی ئۆقیانووسێکی مەزنی سەرفرازی مادیدا. پاش سەدەیەک ڕەشپێستەکان هێشتا سەرکوت دەکرێن لە هەموو سوچێکی کۆمەڵگای ئەمەریکادا، خۆیان وەک ڕەهەندەیەک دەبیننەوە لەنێو نیشتیمانی خۆیاندا. هەر بۆیە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ خستنەڕووی ئەو بارودۆخە شەرمئاوەرە.
پێکەوە بەیەک هەست هاتووین بۆ پایتەختی نیشتیمانمان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەو قەواڵەیە. کاتێک داڕێژەرانی کۆمارەکەمان وشە قەشەنگەکانی دەستورەکەمانیان نووسیيەوە و جاڕنامەی سەربەخۆبوونیان بۆ گەڵاڵە کردین، ئەوان بەڵگەنامەیەکیان واژۆ کرد کە بەوپێیە هەموو ئەمەریکیيەکان چاوەڕوانی بەرکەوتی میرات بوون. ئەم بەڵگەنامەیە پەیماننامەیەک بوو بۆ هەموو مرۆڤەکان، بەڵێ بە ڕەشپێست و سپیپێستەوە بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی مافی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەران. شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمڕۆ ئەمەریکا دواکەوتووە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێننامەیە لەو ڕادەیەی پەیوەندیدارە بە هاوڵاتیانی ڕەنگە جیاوازەکانەوە. لەبری شانازیکردن بەو بەڵێننامە پیرۆزەوە، ئەمەریکا قەواڵەیەکی خراپی بەخشییە ڕەشپێستەکان، قەواڵەیەک کە ئاماژەی "نەمانی پشتیوانی مادی" پێگەیاندین.
بەڵام ئێمە ڕەتیدەکەینەوە کە باوەڕ بەوە بهێنین بانکی دادپەروەری نابوت بووبێت. ڕەتیدەکەینەوە کەوا هیچ ئاماژەیەک هەبێت بۆ "نەمانی پشتیوانی مادی" پێویست لەناو ئەو گەنجینە گەورانەی ڕەخساندنی بوار لە بەردەمی ئەم نەتەوەیەدا. بۆیە ئێمە هاتووین تا ئەو قەواڵەیە ئاڵوگۆڕ بکەین، قەواڵەیەک کە خواستی دەوڵەمەندبوون لە ئازادی و ئاسایشی دادپەروەریمان پێ دەدات.
هەروەها ئێمە هاتووین بۆ ئەم شوێنە پیرۆزە تا بیری ئەمەریکا بهێنینەوە لە ڕادەی خێرایی تێپەڕبوونی کاتی ئێستا. ئێستا کاتی سەرقاڵبوون نییە بە ڕابواردن یاخود بەکارهێنانی دەرمانی هێورکەرەوەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە وابکەین بەڵێنەکانی دیموکراسی بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە لە دۆڵە تاریک و چۆڵەکانی جیاکارییەوە هەستینەوە بەرەو ڕاڕەوی شەبەقی دادپەروەری ڕەگەزی. ئێستا کاتی دەرهێنانی نەتەوەکەمانە لەنێو لیتەی ستەمکاریی ڕەگەزی و خستنی بۆ سەر تاوێری بتەوی برایەتی. ئێستا کاتی ئەوەیە وابکەین تا دادپەروەری ببێتە واقیعی هەموو منداڵانی خودا.   
مایەی کارەساتە بۆ میللەتێک چاوپۆشی بکات لە خێرایی ڕەتبوونی ئەم ساتە. ئەم هاوینە گەرمەی ناڕازییە ڕەواکەی ڕەشپێستەکان نابێت کۆتایی بێت، هەتاوەکو پایزی پڕ جۆش و خرۆشی ئازادی و یەکسانی بەدوای خۆیدا نەهێنێت. هەزار و نۆسەد و شەست و سێ کۆتایی نییە، بەڵکو تەنیا سەرەتایەکە. ئەوانەی کە خوازیارن ڕەشپێستەکان کەفوکوڵی دڵی خۆیان هەڵڕێژن و قایل ببن بەو بارودۆخەی کە ئێستا تیایدان، دەبێت بزانن کە ڕاچەڵەکاندنێکی توند لە ئارادایە ئەگەر خەڵکی هەروا بە ئاسانی بگەڕێنەوە سەر کاروبارەکانی پێشوویان. نە پشوو نە حەوانەوە نابێت لە ئەمەریکادا هەبێت هەتاوەکو ڕەشپێستەکان مافی هاوڵاتیبوونیان پێ دەدرێت. باهۆزی شۆڕش بەردەوام دەبێت بۆ هەژاندنی سەراپای دامەزراوەکانی وڵاتەکەمان هەتا ئەو کاتەی ڕۆژی گەشی دادپەروەری سەرهەڵدەدات.  
بەڵام چەند شتێک هەیە پێویستە من بە خەڵکەکەی خۆمانی ڕابگەیەنم ئەوانەی کە ئێستا لە لێواری ئەو گەرماییەدا ڕاوەستاون کە دەمانبات بەرەو تەلاری دادپەروەری: لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی پێگەی یاسایی خۆماندا نابێت بهێڵین بە کردەوەی چەوت تاوانبار بکرێین. لێگەڕێن با لەپێناوی پاراوکردنی تینوێتیمان بۆ ئازادی نەگەڕێین بەدوای نۆشکردنی پەیمانەی پڕ لە تاڵاویی ڕق و کینەدا. پێویستە بۆ هەتا هەتایە خەباتی خۆمان بگەیەنینە سەروو ئاستە بڵندەکانی شکۆمەندی و دیسپلینەوە. نابێت بهێڵین ناڕەزایبوونە خولقێنەرەکەی ئێمە نزم بێتەوە بۆ ئاستی توندوتیژی جەستەیی. دووبارە و دووبارە پێویستە بەرز ببینەوە بۆ پلە باڵاکانی شکۆمەندیی بۆ گەیاندنی هێزە جەستەییەکان بە هێزە ڕۆحییەکان.  
ئەو توندوتیژییە نوێیەی کە گەمارۆی کۆمەڵگای ڕەشپێستەکانی داوە، نابێت وامان لێ بکات متمانەی هەموو سپیپێستەکان لە دەست بدەین، بۆ زۆرێک لە برا سپیپێستەکانمان کە ئەمڕۆ بە بەڵگەوە بوونی خۆیان لێرە ئیسپات کردووە، بەتەواوەتی ئەوەیان بۆ ڕوون بووەتەوە کە چارەنووسی ئەوان بەستراوەتەوە بە چارەنووسی ئێمەوە. گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئازادی ئەوان لە ئازادی ئێمە جیا نابێتەوە.
ئێمە ناتوانین بەتەنیا هەنگاو هەڵبێنین.
ئەو کاتەيشی کە هەنگاو هەڵدەنێین، دەبێت بەڵێن بدەین کە هەمیشە بەرەو سەرەوە دەڕۆین.
چیدی ناتوانین بگەڕێینەوە.
کەسانێک هەن پرسیار لە هەوادارانی مافە مەدەنییەکان دەکەن "کەی ئێوە وازدەهێنن؟" ئێمە هەرگیز وازناهێنین لە کاتێکدا ڕەشپێستەکان قوربانی مامەڵەی دڕندانەی پۆلیسن. ئێمە هەرگیز وازناهێنین لە کاتێکدا لاشەکانمان کە بەهۆی شەکەتی گەشتەوە قورس بوون، نەتوانن لە مۆتێلی سەر ڕێگە سەرەکییەکان و ئوتێلی شارەکاندا بحەوێنەوە. ئێمە وازناهێنین لە کاتێکدا تەنیا جموجوڵی سەرەکی ڕەشپێستەکان گواستنەوەیان بێت لە گیتۆیەکی بچوکەوە بۆ یەکێکی گەورەتر. ئێمە هەرگیز وازناهێنین لە کاتێکدا منداڵەکانمان هێڵ بەژێریاندا بهێنرێت بەهۆی جۆری بونیادیانەوە هەروەها لە شکۆیان کەم بکرێتەوە بەو بڕگەیەی کە دەڵێت "تەنیا بۆ سپیپێستەکانە". ئێمە هەرگیز بەوە ڕازی نابین کە ڕەشپێستێک لە میسیسیپی نەتوانێت دەنگ بدات و ڕەشپێستێکی دیکەيش لە نیويۆرک بڕوای وابێت کە هیچ شتێک نییە لەپێناویدا دەنگی بۆ بدات. نەخێر نەخێر ئێمە هەرگیز ڕازی نابین نايشتوانن ڕازیمان بکەن تا ئەو دەمەی دادپەروەری وەک ئاو دادەبارێت و ڕاستیيش وەک تەوژمێکی بەهێز.
بێئاگا نیم لەوەی کە هەندێک لە ئێوە لە ئەنجامی دەردەسەری و ئەزموونێکی مەزنەوە هاتوون بۆ ئێرە. هەندێک لە ئێوە تازە لە ژورە تەسکەکانی زیندانەوە هاتوون. هەروەها هەندێکتان لەو ناوچانەوە هاتوون کە داخوازیتان بۆ بەدیهێنانی ئازادی کردوونی بە دڕندە. ئێوە ئەزموونتان هەیە لە چەشتنی ئازارەکاندا. بەردەوام بن لەسەر کارکردن بەپێی ئەو باوەڕەی کە ئازارچەشتنی ناشایستە پاکبوونەوەیە لە گوناه. بگەڕێنەوە بۆ میسیسیپی، بگەڕێنەوە بۆ ئەلاباما، بگەڕێنەوە بۆ کارۆلاینای باشوور، بگەڕێنەوە بۆ جۆرجیا، بگەڕێنەوە بۆ لویزیانا، بگەڕێنەوە بۆ گەڕەکە هەژارنشینەکان و گیتۆکانی شارەکانی باکوور، بزانن ئەم بارودۆخە هەر دەبێت بگۆڕرێت.
هاوڕێیان ئەمڕۆ پێتان دەڵێم با نەتلێینەوە لەناو دۆڵی نائومێدیدا.
ئەگەرچی ئەمڕۆ یان سبەی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە، بەڵام من هێشتايش خەونێکم هەیە. خەونێک کە لە خەونی ئەمەریکیيەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.
خەونێکم هەیە کە ڕۆژێک ئەم نەتەوەیە ڕادەپەڕێت و لەگەڵ مانای ڕاستەقینەی ئەو باوەڕەدا دەژی "ئێمە دەمانەوێت ئەو ڕاستییە ببێت بە شتێکی بەڵگەنەویست کە وا هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی ئافرێنراون."
خەونێکم هەیە کە ڕۆژێک لەسەر تەپۆڵکە سوورەکانی جۆرجیا نەوەی کۆیلەکانی پێشووتر و نەوەی خاوەنکۆیلەکانی پێشووتر بتوانن پێکەوە لەسەر مێزی برایەتی دابنیشن.
خەونێکم هەیە کە ڕۆژێک بێت تەنانەت ویلایەتی میسیسیپیيش، ئەو ویلایەتەی کە بە گەرمای نادادپەروەری هەڵقرچاوە؛ هەڵقرچاوە بە سەرکوتکردن، سەرەنجام ببێت بە پەناگەیەک بۆ ئازادی و دادپەروەری.
خەونێکم هەیە کە ڕۆژێک بێت هەر چوار منداڵە خنجیلەکەم لە وڵاتێکدا بژین بەهۆی ڕەنگی پێستیانەوە حوکمیان بەسەردا نەدرێت، بەڵکو بەهۆی لێهاتووییانەوە.
ئەمڕۆکە من خەونێکم هەیە.
خەونێکم هەیە کە ڕۆژێک بێت لە ئەلاباما بەو ڕەگەزپەرستە توندانەیەوە، بە حاکمی ویلایەتیشەوە کە هەموو سەر و بنی زمانی هەر "دەستێوەردان" و "ڕەتکردنەوەیە"، ڕۆژێک بێت هەر ڕێک لەوێ لە ئەلاباما کوڕ و کچی ڕەشپێست لەگەڵ کوڕ و کچی سپیپێست دەست لەناو دەست وەک خوشک و برا پێکەوە هەڵ بکەن.
من ئەمڕۆ خەونێکم هەیە!
خەونێکم هەیە کە ڕۆژێک بێت هەموو دۆڵەکان بەرز ببنەوە و تەپۆڵکە و شاخەکانیش نزم ببنەوە شوێنە ڕەقەڵانەکان دەشتاییان لێ دروست بکرێت و شوێنە خواروخێچەکانیش ڕێک بکرێنەوە "ئیدی شکۆمەندی خواوەند دەربکەوێت و هەموو بوونەوەر پێکەوە بە بینینی شاد ببن."
ئەمە ئومێدی ئێمەیە، هەر ئەمەيش ئەو بیر و باوەڕەیە کە من لەپێناویدا دەگەڕێمەوە بۆ باشوور.  
بەم بیروباوەڕەوە ئێمە دەتوانین تاشەبەردی هیوا لە شاخی نائومێدی دابتاشین. بەم بیروباوەڕەوە دەتوانین دەنگی ژاوەژاوی نەشازی وڵاتەکەمان بگۆڕین بە سیمفۆنیای دڵگیری برایەتی. بەم بیروباوەڕەوە ئێمە دەتوانین پێکەوە کار بکەین، پێکەوە نوێژ بکەین، پێکەوە ڕکابەری یەکتری بکەین، پێکەوە بچینە زیندان، پێکەوە هەستینە سەرپێ لەپێناو ئازادیدا، دەزانین کە ئەو ڕۆژە هەردێت ئازاد ببین.
ئەمەيش ئەو ڕۆژەیە... ئەو ڕۆژەی کە منداڵانی خودا دەتوانن بە مانای نوێوە پێکەوە گۆرانی بچڕن:
وڵاتەکەم ئەمە بۆ تۆیە، خاکی شیرینی ئازادی بۆ تۆیە من گۆرانی دەچڕم.
ئەی مەزارگەی باو و باپیرمان، سەرزەمینی جێی شانازيی گەڕیدەکان.
لە گشت لاپاڵی شاخەکانەوە با ئازادی بزرنگێتەوە!
ئەگەر ئەمەریکا ببێتە وڵاتێکی مەزن ئەو کات ئەوە دەبێتە ڕاستی.
با ئازادی بزرنگێتەوە لە لوتکەی گردەکانی نیو هامپشایەرەوە.
با ئازادی بزرنگێتەوە لە چیا سەرکەشەکانی نیويۆرکەوە. 
با ئازادی بزرنگێتەوە لەسەر لوتکەی زنجیرە چیاکانی پەنسلڤانیاوە.
با ئازادی بزرنگێتەوە لەسەر لوتکەی بەفرگرتووی چیاکانی ڕۆکییەوە لە کۆلۆرادۆ.
با ئازادی بزرنگێتەوە لە لێژاییەکانی کالیفۆڕنیاوە.
بەڵام تەنیا هەر هێندەیش نا:  
با ئازادی بزرنگێتەوە لە تاشەبەردی چیاکانی جۆرجیاوە.
با ئازادی بزرنگێتەوە لە قوللەکانی چیای تینسیيەوە.
با ئازادی بزرنگێتەوە لە هەموو گرد و گردۆڵکەکانی میسیسیپییەوە.
لە هەموو لاپاڵی چیاکانەوە، با ئازادی بزرنگێتەوە.
کاتێکیش کە ئەوە ڕوویدا، کاتێک لێگەڕاین ئازادی بزرنگێتەوە، کاتێک هێشتمان لە هەموو گوند و کوێرەدێیەک، لە هەموو شار و ویلایەتێک ئازادی بزرنگێتەوە، ئەو کات دەتوانین گوڕوتین بدەینە ئەو ڕۆژەی کە تيايدا هەموو منداڵانی خودا؛ ڕەشپێست و سپیپێست، جولەکە و ناجولەکە، پڕۆتستانت و کاسۆلیک، پێکەوە دەتوانن دەست بخەنە ناو دەستی یەک گۆرانی بڵین بەهەمان ئەو وشە ڕۆحانییە کۆنانەی ڕەشپێستەکان:
سەرەنجام گەیشتین بە ئازادی! سەرەنجام گەیشتین بە ئازادی! 
سوپاس بۆ خوای میهرەبان دواجار ئێمە ئازادین!***
-------------------------------------
*یەکێک لە بەناوبانگترین ئەو وتارانەی مێژووی مرۆڤایەتیيە کە گۆڕانی مێژوویی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە لە وێنەی کۆتاییهێنان بە جیاکاريی ڕەگەزی بەرامبەر ڕەشپێستەکان لە ئەمەریکا و دواتریش ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر وڵاتانی دیکە. مارتن لوسەر کینگ ئەم وتارەی لەمیانەی خۆپیشاندانێکدا پێشکەش کرد لەنزیک کۆتەڵی ئەبراهام لینکۆڵن بە ئامادەبوونی نزیکەی دوو سەد و پەنجا هەزار کەس لە چین و توێژە جیاوازەکانی ئەمەریکا کە زۆرینەیان ڕەشپێست بوون لە ڕێکەوتی 28/8/1963.
  **مارتن لوسەر کینگ جونیەر (1929-1968) قەشە، چالاکوان و ڕێبەری دیاری بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکایە. ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا بە ڕێگەی ناتوندوتیژی لەسەر هەمان پەیڕەوی مەهاتما گاندی. لە ساڵی 1964 خەڵاتی نۆبێڵی لەبواری ئاشتیدا پێ درا بەهۆی ئەو کارانەی لەبواری بەگژداچوونەوەی جیاکاريی ڕەگەزی ئەنجامی دابوو. کینگ بووەتە ڕەمزێکی نیشتیمانی لە مێژوی ئازادیخوازی ئەمریکادا. مانگی نیسانی ئەم ساڵ پەنجا ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئەم کەسایەتییەدا تێپەڕ دەبێت.
***ئەم وتارە لەگەڵ چەندین بابەتی دیکە لە کتێبی "ماندێلا و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی ئاپارتاید" بڵاو کراوەتەوە.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد (جوانپەرست)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە