هەڵبژاردن و نەمانی سیاسەتی تەوافق لە عیراق!

Friday, 04.27.2018, 3:49

2542 بینراوە


هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بۆ تۆکمە کردنی عیراقێکی یەکگرتوو و چوون بەرەو دەسەڵاتی تاکە حزبی و تاکە کتلەی زۆرینەی براوەیە لە هەڵبژاردنەکاندا.

لایەنە سیاسیی عەرەبیی بە شیعیە و سونە و عیلمانییەکانیان، بۆ سەرکەوتنی ئەو جۆرە بیرۆکە و ستراتیژیەتە کار دەکەن، کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا نەیانتوانیوە مسۆگەری بکەن. بۆ ئەو مەبەستە لایەن و کەسایەتییە سیاسییە عەرەبە عیراقییەکان، بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، پەیڕەوی تاکتیک و پلانی جیاوازتر دەکەن لە پێشوو بۆ ئەوەی کارێگەریی زیاتریان هەبێت بۆ پێکانی ئەو مەبەستە.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا، شیعە بە سێ گروپ بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد،  دەوڵەتی یاسای نوری مالکیی لە ژێر ئاڵای  حزبی دەعوە، رێکخراوی بەدر و موقتەدا سەدر.
ئەمڕۆ، شیعە بە پێنج گروپ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکەن، نەسری حەیدەر عەبادی، دەوڵەتی یاسای نوری مالکی، کە هەر دووکیان حزبی دەعوەن،  هاوپەیمانییەتی و ڕێکخراوی بەدری هادی عامری، هاوپەیمانییەتی حیکمەی عامر حەکیم و هەوادارانی موقتەدا سەدر.

 جیابوونەوە و بە گروپ بوونی کتلەی شیعە، تەنیا لە ئەنجامی ناتەبایی نێوان پارت و سەرکردە شیعەکاندا نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بتوانن هەموو دەنگەکان بۆ سەرخستنی کتلەی شیعەی زۆرینە لە عیراق کۆ بکەنەوە کە لە ٦٠% ی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنن. پارت و سەرانی شیعە چەندێک ناتەبا بن، بەڵام لە ژێر فشاری مەرجەعیەت و  ئێراندا، لە ژێر یەک چەتردا، کۆ دەکرێنەوە بۆ پێکانی خاڵە چارەنووسسازەکان، سەرکەوتنی ستراتیژیەت و پلانی داڕێژراوی ئیران، بۆ ئاراستە کردنی ڕووداوەکان بە گوێرەی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان.

لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا، چەند گروپێکی شیعی عیراقی، لە هەرێم نووسینگەی تایبەتیان دامەزراندوە و لێپرسراوی نووسینگەکانیان کوردن، خاوەن ژمارەییەکی زۆری کاندیدی کوردن. وێرای ئەوەش عەبادی بۆ بانگەشە کردنی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردن هات بۆ شارەکانی هەرێم بە مەبەستی کۆ کردنەوەی دەنگ بۆ سەرکەوتنی دەسەڵاتی شیعە و زۆرینە لە پەرلەمانی عیراق و خۆ ڕزگار کردن لە پەیڕەو کردنی سیاسەتی "تەوافق". دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک هەر نەیانتوانی ڕێگری لە عەبادی بکەن بەڵکو بە خۆشحاڵییەوە چوون بۆ فڕۆکەخانە بۆ پیشوازی  لێکردنی و ئامادە کردنی شوێنیش بۆ بانگەشەکەی، لە کاتێکدا هیچ یەک لە سەرکردەی لیستە کوردییەکان جگە  لە پارتی و هاوپەیمانانیی لە ڕابردوودا  و  تا ئێستا نەیانوێراوە لە شاری هەولێر بانگەشە بۆ لیستەکانیان بکەن!

کورد وەک نەتەوە کە لە ٢٠%ی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنێت پێگەیەکی گرنگی هەیە لە عیراق. وێرای ئەوەش ئەزموونی ١٥ ساڵی ڕابردوو، لە بەشداریی کەس و لایەنی سیاسیی کوردی، لە پەرلەمانی عیراق و وەرگرتنی پۆستی باڵای حکومی لە بەغداد، پێمان دەڵێت کە بوونی نوێنەر، کەسایەتیی کورد و پارتی کوردی هەڵگری هەر بیروباوەڕێک بووبێت ئیسلامیی، عیلمانیی و نەتەوەیی لە بەغدادا پێگەیەکی ئێجگار لاوازییان هەبووە و هەیە.  لە نێو ئەو پازدە ساڵەدا نەتەوەی کورد هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانیی نەتەوەیی بەدەست نەهێناوە و ئەوەی هەشیبووە لە دەستی داوە، تەنیا ئەوە نەبێت لە پەیکەرێکی سیاسیی دیکوری چەند گەندەڵکارێکی کورد سوودمەند بوون، کە ئێستا هەمان لایەنی سیاسیی کوردی، هەمان ئەو کەسانەی کە سوودمەند بوون و گیرفانیان پڕ کردوە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە نالەبارەی باشوور بۆ هەمان مەبەست هەوڵدەدەن.

ئەزموونی ١٥ ساڵی ڕابردوو ئەوەشمان پێدەڵێت، کە بڕیاری دەستنیشانکردنی سەڕۆک کۆمار و سەڕۆک وەزیرانی عیراق و بەدەستهێنانی مافە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، هەڵبژاردن یەکلایی ناکاتەوە،  ئەوەندەی فشارە دەرەکییەکان نەبێت کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ئاراستە کردنی ڕووداوەکان و دەستنیشان کردنی کەسەکان بۆ ئەو جۆرە پۆستانە، بە تایبەتی ئیران و ئەمریکا.





(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 5/5)