ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوتی ئیخوان و ویلایەتی فەقێ ڕووبەڕووی یەک دەکاتەوە

Wednesday, 11.09.2011, 13:38

635 بینراوە


لە کەس شاراوە نیە کە بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیە دەسەڵاتی کۆماری ویلایەتی فەقێ لە ئێراندا، نەتەوەی کورد و سەرجەم نەتەوە و کەمینە ئایینیەکانی ناوچە جیاوازەکانی دیکەی وڵاتی ئێران، تووشی دەیان کارەسات و کردەوەی دژە مرۆڤانەی حوکمرانیەتی ویلایەتی فەقێ بوونەتەوە. 
لە سەرەتای مێژوو و هەروەها فەلسەفەی بیرۆکەی ویلایەتی فەقێدا لە نووسینەکانی کولەینیەوە تاوەکوو بیرۆکەی خومەینی، بە گشتی نانەوەی ئاژاوەو لەناوبردنی تاک و کۆی ئەوانەی خاوەنداریەتی لە بیروباوەڕی جیاوازتر دەکەن، بە هەر نرخێک بووبێت بەشێکی بێ پسانەوە بووە لە چەمکی دەسەڵاتی ئاسمانی ویلایەتی فەقێ و هاوکاتیش لە ڕێگەی دەیان و بگرە سەدان ئامرازی دیکەو دەستەواژەی مەزهەبیەوە لەوانە تەقیە(دووڕوویی)، جەهادی ئەکبەر و عەدلی عەلەوی و تاد…، توانیویانە نەیارانی ئەم جۆرەی دەسەڵات لەناو بەرن و حوکمی خۆیان پتەوتر بکەن.
بە زۆر بە شێعەکردنی خەڵکی ئێران لە سەردەمی شائیسماعیلی سەفەوییە و هەروەها بە فەرمی کردنی مەزهەبی شیعە لە سەردەمی دەسەڵاتداری سەفەوییەکان و دواتر تا ئێستاشی لەگەڵ بێت کۆماری ویلایەتی فەقێ، وایکردووە وڵاتی ئێران وەک ناوەندی بەهێزی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان چاوی لێ بکرێت و ڕێبەرانی ڕێژیمی ویلایەتیش وەک تەنیا پلاندانەر و بەڕێوەبەری ژووری فکری ویلایەتی فەقێ و سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی شیعە بناسرێن و حیسابی تایبەتیان بۆ بکرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتداری عوسمانیەکان و سەرهەڵدانی مەکتەبی ئیخوان ئەلموسلمین لە باوکووری ئەفریقا و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و بە تایبەت دوای مەرگی “حەسەن ئەلبەننا” وەک یەکێک لە ڕێبەرە کاریزماکانی ئەم ڕەوتە، دوو جەمسەری باوەڕی لە نێوان ئیماندارانی ئایینی ئیسلام درووست بووەو و تا یەک دوو دەیەی ڕابردوو کە بزووتنەوەی سەلەفی جیهادی لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا خۆی بەرز کردەوە، دەتواندرا بگوترێت تەنیا دوو بەرەی باوەڕی جیاواز لە نێو جیهانی ئیسلامیدا حوکمی شەریعت و تا ڕەدایەکیش دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیان دەکرد.
ڕووداوەکانی دوای ١١ی سپتامبری ساڵی٢٠٠١ و دواتر شەڕی ئەفغانساتان و داگیرکردنی هەر دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان، ئەم گومانەی خستبوە ناو بیرمەندانی سیاسی ڕۆژئاوادا کە لە دونیای ئیسلامدا تەنیا ڕەوتی توندڕەوی سەلەفیزم و ئیسلامی شیعی دەور دەگێڕن.
 داوبەدوای هەڵکردنی نەسیمی بەهاری عەڕەبی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ لە باکووری ئەفریقا و دواتر سەهەڵدانەوەی نوێی ڕەوتی ئیخوان ئەلموسلمین و بە دەستەوەگرتنی هێزی دەسەڵات لە وڵاتی میسر، و هەروەها شەڕی دەستەویەخەی وڵاتی سووریە، ڕووی حەقیقەتێکی مێژوویی هەڵدرایەوە کە دیسانەوە ڕەوتی ئیخوان کە بە بیر و کردەوە نەرمتر لە بزووتنەوە ئیسلامیەکانی دیکە بۆ داهاتوو دەڕوانن و پلان و پیلانی تایبەتی خۆیان پێیە، سەرلەنوێ توانیان سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ژووری بیرکردنەوەکانی ڕۆژئاوا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
ئەگەرچی زۆر کەس ڕایانوایە لەمڕۆدا ڕەوتی ئیخوان کارتێکەری ڕۆژئاوای بەسەروە دیارە و زیاتر وەک مۆرەیەکی تایبەت لە دەست زلهێزەکاندایە و لە کاتی جیاوازدا کایەی پێ دەکرێت، بەڵام لە هێندێک لایەنەوە ترسی ڕۆژئاواش هەر لەم ڕەوتە وایکردووە کە ئەمریکاو ئورووپا کەمتر لە وڵاتانی دیکە کە سەرهەڵدانیان تێدا دەکرا لە بە هاری عەرەبیدا، بە هانای خەڵکی سوورەیەوە بچن و هۆکارەکەشی هەر ئەوەیە کە ڕۆژئاوا لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن ڕەوتی ئیخوان لە سووریە بە بێ پێدانی گاڕانتی سیاسی بە ئیسڕائیل بە هەڵەیەکی تاکتیکی دەزانن و هەر بۆیەش تا ئێستاش ڕۆژئاوا لە خۆساغکردنەوەدایە بۆ ئەم مەبەستە.
دەورگێڕانی سیاسی و نیزامی ڕەوتی ئیخوان لە سووریە و مەترسی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن ئەمانەوە و هاوکات کشانەوەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لە بازنەی دەستەمۆبوونی کۆماری ویلایەت، وایکردووە ئێران کە تا ئێستا وەک هاوپەیمانی ستراتێژیکی ڕێژیمی عەلەوی بەشار ئەسەد لە ناوچەکە دەناسرێت، خۆی لە پشت کێشەی نەتەوەی کورد لە سووریە حەشار بدات و بە فۆرموولە کردنی زنجرەیەک داخوازی شاراوە و لەم نێوەندەدا حەولدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دژی ئیخوان لە سووریە، بەرنامەی تایبەت داڕێژێت.
هاوکات لەگەڵ ئەمانە و لە لایەکی دیکەشەوە لە بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لایەنگرانی ڕەوتی ئیخوان ئەلموسلمین لە ناو ڕێکخراوی “مەکتەب ئەلقورئان”دا خۆیان دەبینەوە و سەرکەوتنەکانی ئەم ڕەوتە لە میسر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە شەپۆلی بەهاری عەرەبی گرتوویەتەوە، خۆشحاڵی و جموجۆڵی مەکتەبیەکانی بەشوێنەوە بووە و هەر بۆیەش ئەم مەترسییەی لە لای دەسەڵاتداری ئاخوندەکانی ویلایەت درووست کردووە کە ئەگەر بیرێک لە داهاتووی لایەنە ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکاتەوە و پێکهاتەی بیروباوەڕی سیاسی مەزهەبی ئێستای ناو ئەهلی سوونەت نەشێوێنێت، ئەوە دوور نیە کارتێکەری ئیخوان بتوانێت باوەڕمەندانی سەر بەم ڕەوتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهێز بکات و بە ئاقارێکیدا بەرێت کە دوور نیە لە کۆنتڕۆڵی کۆماری ویلایەت دەرچێت.
بۆیە بە هەستکردن بەم ڕاستییە سەرانی کۆماری ویلایەت بە لە سەر کارلابردنی فەرمانبەرانی کوردی سەر بە”مەکتەب ئەلقورئان” و بانگهێشت و دەستگیرکردن و زیندانی کردنی ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە، هوشداریی دەدەن بەم ڕەوتەو هاوکاتیش دەستی ژومارەیەک لە سەلەفییەکان بۆ کار و چالاکی زیاتر لە جاران ئاواڵە دەکات کە لە مەیداندا دەور بگێڕن.
هەڵبەت ئەمە بەم مانایەش نیە کە کۆماری ویلایەت لە بە هێزبوونی سەلەفییەکانیش ترسی نەبێت، بەڵام وێڕای ئەوەی چالاکی سەلەفییەکان دەگرێتە ژێر چاوەدێری خۆی، دەخوازێت شەڕی ڕەوتی ئیخوانیش بکات و هەر بۆیەش بە هەر نرخێک بووبێت دەیهەوێت لەوپەڕی جیاوازی مەزهەبیدا لە گەڵ بەشێک لە لایەنی مەزهەبی کوردی ڕۆژهەڵات، جۆرە هاوسەنگیەکیش بۆ لای خۆی درووست بکات.