هونەرمەندان،لەبەرەی گەلن،یان بەرەی گیرفان

Monday, 30/04/2018, 1:04

2275 بینراوە


ماهیر حەسەن لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ئەحمەد جۆڵا ئەڵێ؛ جارێكیان ڕێمان کەوتە نەخۆشخانە و دەرزیەکیان لە کاکە ئەحە دا و منیش ووتم توخوا لەو دەرزیە لەمنیش بدەن، ئەگەر چی من نەخۆش نەبوبوم و هیچ عەیبێکم نەبوو. وا ئەبینین ئەم جارە لەوەرزی هەڵبژاردندا ئەم جووتە لێك دابڕاوون و هەریەکە و لە تەلەفیزیۆنی حزب و لایەنێك فووی بە بووقی هەڵبژاردندا کردوە و هانی خەڵکی ئەدەن بۆ ئەوەی دەنگ بدەنەوە بەو عێراقەی کە هەرگیز بۆ کورد نەبوە و لە خێردا کوردیان فەرامۆش کردوە و لە کوشتن و کیمیایی بەسەر خەڵکەکەی و جینوسایدو ئەنفالدا هەرگیز ئێمەیان لەیاد نەکردوە.
بەکرەی جۆڵای ئەم هونەرمەندانەی کورد وا شل و شەواوە و لەڕێچکەی خۆیه لایداوە بە هیچ پیاوێکی ماهیر و لێهاتوو، نایەتەوە جێگای خۆی. ئەمانە، بەتایبەتی لەکاتی خۆپیشاندان،ناڕەزیی و شەقوەشاندی چەتەکانی دەسەڵات تەنها بۆ جارێکیش لەگەڵ ئەو خەڵکەدا نەبوون و پیشتگیریان بکەن. ئەمان خەڵکیان تەنها وەك دەغیلە دێتە بەرچاوو لەگەڵ ئێواران ووردە ووردە تاریك دا دێ، خەڵکیان بیر ئەکەوێتەوە کە چۆن گیرفانیان خاڵی بکەنەوە و ڕاپێچیان کەن بۆ شانۆ پڕ درۆ و بێ ماناکانیان.
ئەوە چ هونەرمەندێکە دوای ١٧ شوبات نەیەتە دەنگ و جەرگی ئاو نەکا بۆ ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیویانە؟! ئەوە چ هونەرمەندێکە شەق لەمامۆستا و خوێندکار ئەوەشێنرێ و لەپاسەکاندا دەست درێژیان ئەکەنە سەرو چاو و گوێ خۆیان کپ و قوڵف لێ ئەدەن؟! ئەوە چ هونەرمەندێکە ڕۆڵە و هەوادار و بینەری سەر شانۆ و شەقامی بەدەست چەند شەلاتیکەوە شەڵالی خۆین بکرێن و تەنها ڕۆژێکیش نەیەتە ڕیزی ئەو خەڵکەوە؟! بەڕاستی ئەمانە گەر هونەرمەند بوونایە ئەوا لانی کەم نەختێ هۆشیان لای گیرفانی ئەو خەڵکە لا ئەبرد و بەشداریان لەگەڵدا بکەن.. ناکرێ خۆیان بە هونەرمەند بزانن و تا دوێنێ پەنجەی گیرفاندۆم و داوایان ئەکرد مەسعود لە پۆستەکەی بمێنێتەوە و ئەمڕۆش جارێکی تر هانی خەڵك بدەن بەرەو بەغدا و هەر ڕۆژەی لەسەر ڕیتمی بۆرسەی پارەیەك ووتە ڕیز بکەن.
گەر ناتوانن لەگەڵ خۆشی و ناخۆشی هەوادار و بینەران و بیسەرانتاندا بن،ئەوا واز لە گیرفانیان بهێنن و چی تر بە گیرفان و هزری بۆش و خاڵی مەیان نیرنەوە بۆ سەر ئەو سندووقانەی لە پێشتر دەسەڵات خۆی پڕی کردوونەتەوە. ئێوە گەر گوڵ نین،دڕکیش مەبن. گەر هونەرەکەتان بۆ دەسەڵاتە، تەنها گیرفانی دەسەڵات بتەکێنن و هاوڵاتی سادە لەوە زیاتر سەرشێتیان مەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە