بەشداری كورد لە هەڵبژاردنەكانی عێراق شكستێكی مێژوویی ترە

Tuesday, 01/05/2018, 19:28

3867 بینراوە


دامەزراندنی دەوڵەتی مەركەزی عێراق بەپێی ئارەززوی پێكهاتەكانی نەبووە، بەڵكو بەگوێرەی خواست وبەرژەوەندی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بوە. كورد بەزۆر لكێنراوە پێیەوە بێ‌ ویست وئیرادەی خۆی بەپێی بریارێكی نێودەوڵەتی لە 1925. بۆیە بەدرێژایی نزیكەی هەشتا ساڵی تەمەنی ئەو وڵاتە بەشی شەروشۆرو نائارامی بووە بەهۆی چارەسەرنەكردنی دیموكراتیانەی دۆزی كورد و كێشەی ترەوە .
كەواتە دوای روخانی رژێمی بەعس لە 2003 و بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ناوچەكانی  كوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە دوازدە ساڵ وەك هەرێمێكی دیفاكتۆ لەلایەن كورد خۆیەوە ئیدارە دەدرا، ئەوسا بۆ فەرمانرەواكانی عێراقی دوای سەدام كارێكی ئاسان نەبو ئەو واقیعە لە بەرچاونەگرن. بۆیە لە یەكەم دەستوری ئەو هەڵ ومەرجە نوێەدا كە بە قانونی ئیدارەی دەوڵەتی عێراقی ساڵی 2004 ناسراوە بە رەسمی دانرا بەشكلی فدرالیەت بۆ دەولەتی عێراق لە مادەی (4) وبەو دیفاكتۆیەی هەرێم  لە مادەی (53) و چارەسەری دەستوریش دانرا بۆ گەراندنەوەی ناوچە دابراوەكانی كوردستان بۆ سەر هەرێم لە مادەی (58)یدا. ئەو دەستورە كاتیە كەبۆ ماوەی ساڵێك كاریپێكرا، چەندین بنەمای تەوافوقی بریار لێدابو وەك مادەكانی(36/أ - ج، 37، 38، 39، 44/ه، 52،59/أ، 61/ج). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەستورە لە دیاریكردن وبریاردان لە بنەماكانی فدرالی بۆ عێراق سەركەوتو نەبو، بۆ نمونە:
1- عێراق وەك دەولەتێكی فدراڵی تەنها لە یەك هەرێم پێكهاتبوو.
2- سنووری ئەو هەرێمە كە كوردستانە بە شێوەی سەرەتایی دیاریكرابو لە سەر بنەمای خەتی سەوز.
3- دیاریكردنی كۆتایی سنوری ئەو هەرێمە چارەسەرێكی واقیعی نەبو بۆیەش جێبەجێ نەكرا.
4- پرنسیپی بەشداربونی هەرێم لە حكومەتی فدراڵ بەشێوازێكی كاریگەر بریاری لێ‌ نەدرابو، بۆ نمونە ئەنجومەنی هەرێمەكان لە دەسەڵاتی یاسادانان بونی نەبو كە هۆكارێكی گرنگە بۆ بەرجەستەكردنی بەشداری هەرێمەكان لە حكومەتی فدراڵدا.
بە هاتنی دەستوری 2005 پرنسیپی تەوافوق كۆتایی پێهات جگە لە ماوەی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران  نەبێ‌ دوای جێبەجێكردنی دەستورەكە بە هۆی بونی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی لە بری پۆستی سەركۆمار، لە ئەنجامدا پێگەی كورد بە هۆی ئەو رێكخستنە دەستوریەوە زۆر لاوازو بی كاریگەر بوە لە سەر دەسەڵاتەكانی فدراڵی، بەهۆی :
1- بونی تەنیا یەك هەرێم لەناو دەوڵەتە فدراڵەكەدا.
2- لەكارخستنی ئەنجومەنی ئیتحاد وەك نوێنەری هەرێمەكان لە نێو دەسەڵاتی یاساداناندا.
3- هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی.
4- ئیهمالكردنی عەمدی جێبەجێكردنی مادەی 140.
5- پەیرەوكردنی سستەمی فرە بازنەیی هەڵبژاردن لە بری یەك بازنەیی.
بۆیە كورد بەو پێودانگە تەنها بە پێی ژمارەی دەنگدەرانی خۆی سەنگ ونوێنەری دەبێت لە حكومەتی فدراڵدا، ئەمەش لە قازانجی كورد نیە لە غیابی ئەنجومەنی هەرێمەكان لە ناو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتەكانی تریشدا، چونكە هەمیشە كەمینەیەك پێك دێنێ‌ لە ئەنجومەنی نوێنەران كە لە باشترین حالەتدا ژمارەی كورسیەكانی ناگاتە (1/5)ی كۆی گشتی كورسیەكان. وەك لە خوارەوەدا بۆمان دەردەكەوێ‌:
• هەڵبژاردنی كانونی دووەمی2005، 275 كورسی ، 75 كورسی كورد.  عێراق یەك بازنە بو.
• هەڵبژاردنی كانونی یەكەمی 2005 - 275 كورسی بو، 58 كورسی كورد. فرە بازنەیی بو.
• هەڵبژاردنی  ئازاری 2010   -  325 كورسی بو، 57 كورسی بۆ كورد بو. فرە بازنەیی.
• هەڵبژاردنی  2014   -  328 كورسی بو، 65  كورسی بۆ كورد بو. فرە بازنەیی.
 بۆیە هەرگیز بە رێژەی ئەو كورسیانەی كورد هەیەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ناتوانرێ‌ رێگری بكرێ‌ لە دەركردنی یاساو بریارێك كە لە گەڵ بەرژەوەندی كورد یەك نەگرێتەوە. كەواتە ئەوانەی ئەمرۆ هاواردەكەن بەسەرماناو مێشكیان بردوین بە هەراو زەنای بانگەشەی هەڵبژارنەوە ناتوانن یەك هەنگاویش بارودۆخەكە لەبەرژەوەندی كورد بەرنە پێشەوە. هەر بچوكترین شت كە پەرلەمانتاران نەیانتوانیوە لە ماوەی سێ‌ خولی رابردوودا بیكەن بەو ئیمكانیاتە زۆرەی بەردەستیان، بڵاوكردنەوەی بریارو یاساكانی پەرلەمان وحكومەتە لە رۆژنامەی وقایعی عێراقی وپێگەی ئەلكترونی پەرلەمانی عێراقی بەزمانی كوردی بەگوێرەی مادەی (4) ی دەستور، كە من دڵنیام ئەو كارە ئیمكانیاتێكی مادی زۆری ناوێت ئەگەر خەمخۆری خۆی هەبوایە ئەتوانرا جێبەجێ‌ كرابا. وە هەتا خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە پێگەی ئەلیكترۆنی خۆیدا لاپەرەیەكی تەرخانكراو بەزمانی كوردی نەبو ، ئێمە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی 2014 و دواتردا چەند جارێك ئەو بابەتەمان وروژاند لە سەر ئاستی جیاواز، ئەوجا ئێستا لاپەرەیەكی ئەلكترونی كرچ وكاڵیان كردۆتەوە كە تەنها دەنگوباسەكانی رۆژانەی پەرلەمان لە خۆ دەگرێ‌ نەك ئەرشیف ویاساو بریارەكانی. بەرای ئێمە دەبوایە رەسمی بونی زمانی كوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی لەماوەی سێ‌ خولی ئەنجومەنی نوێنەراندا لانی كەم لە ناو هۆڵی ئەو ئەنجومەنە بەرجەستە كرابا بەوەی نوێنەری كورد بەزمانی زگماكی خۆی بدوێ‌ تیایدا وەك چۆن نوێنەری عەرەب زمانی خۆی بەكاردێنێ‌  .
بۆیە لە رابردوودا كورد نەیتوانیوە بەشداری كارای دەستەبەربكا لە حكومەتی فدرالێ‌ بەپشت بەستن بە پرنسیپی بەشداریكردن لە دەولەتی فدرالی، بە هەمان شێوەش پرنسیپی خودسەربەخۆیی هەرێمەكەی بەرجەستە نەبوە بە هۆی یەكلانەكردنەوەی سنورەكەی بەو رێوشوێنەی لە مادەی (140) دیاریكراوە وهەروەها دیارینەكردنی دەسەڵاتە دەستوریەكانی بەشێوەیەكی روون لە حوكمرانیەتی ئەو هەرێمە فدراڵەدا،  ئیتر ئەو بەیت وبالۆرەیە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بنیشتە خۆشەی بن ددانی حزب و كاندیدەكان بوە هەروەك چون ئێستا ئەو قەوانانەمان بۆ لێدەدەنەوە، بەڵام نازانن قەوانێكی سوواوە تەنانەت بەلای خۆشیانەوە نەك بەلای خەڵكەوە.
كەچی لەگەڵ ئەو بارودۆخەش كورد وەك نەبای دیبێ‌ و نەباران هەموو جار لە پاشا پاشاترە بۆ راكردنەوە بەرەو ئەو عێراقەی رۆژ لەدوای رۆژ شكلە فدرالیەتەكەی كاڵ دەبێتەوە، هەرچەندە ئەو شكلە لە بارودۆخێكی ناچاری بریاری لێدراوە بە دەستور بۆیەش بنەما سەرەكیەكانی جێگیر نەكراوە تیایدا، واتە هەر لە سەرەتاوە ئەوانەی باوەریان بە دەستەبەركردنی مافی كورد نەبوە جا بە شێوازی فدرالی یاهەر شێوازێكی تر،جدی نەبوین لە سەقامگیركردن و جێبەجێكردنی ئەو بابەتە، بۆیەش كۆمەڵی بنەماو پێداویستی گرنگ لەدەستور بە هەڵواسراوی هێلراوەتەوە، وەك دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان وئیختساسە دەستوریەكانی و بەكارخستنی ئەنجومەنی ئیتحاد و كۆمەڵێك شتی تریش كە لە مادەی (121) بریاری لەسەردراوە و تا ئێستا جێبەجێنەكراون. 
بەڵام ئێستا دۆخەكە جیاوازترە لە كاتی هەڵبژاردنی 2014، چونكە كاردانەوەكانی حكومەتی عێراق دەربارەی ریفراندۆم پێچەوانەبون بە بنەماو پرنسیپە دەستوریەكان ، ئەوە بو ئابلوقەی ئاسمانی خستە سەر هەرێم و بەزەبری هێز ناوچە دابراوەكانی كوردستانی خستەوە ژێر كۆنترۆلی خۆی بێ‌ حسابكردن بۆ مادەی (140) ی دەستور. كەواتە ئێستا دۆخی هەرێم ئاسایی نەبۆتەوە لە گەڵ حكومەتی فدراڵ لەسەر ئەوەی ئەو فدرالیەتە بەرەو پێش دەروا یاخود بەرەوە دواوە دەگەرێتەوە؟ بە بۆچونی ئێمە ئەو فدرالیەتە خۆری بەرەو ئاوابونە چونكە پێكهاتەكانی تری عێراق باوەریان پێ‌ نەبوە هەرگیزو ئێستاش كە هەڵومەرجەكە دۆخێكی جیاوازترە لە چاو ساڵی 2004 بۆ كورد و بو پێكهاتە عێراقیەكان ، بۆیە ئەوان بەجۆرێكی تر مامەلە لە گەڵ مەسەلەی فدرالیەت بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان دەكەن، هەروەك لە یاسای بودجە هەڵوێستی راستەقینەیان رەنگی دایەوە، ئەو هەڵوێست و كاردانەوانەیان لەلای هەر سێ‌ دەسەڵاتی تەشریعی وتەنفیزی و قەزایی فدرالی  بەرانبەر هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی دەستور بوو، بەداخەوە كوردیش نەیتوانی هیچ وەسیلەیەكی دەستوری بەكاربێنێ‌ بۆ رووبەرووبونەوەیان.
لەگەل هەموو ئەمانەشدا ئێستا كورد خۆی ئامادەكردوە بۆ ئەو بەغدایەی بریاری لەگۆرنانی فدراڵی داوە، كەچی حزبە كوردیەكان وكاندیدەكانیان زۆر بێ‌ شەرمانە باس لە بەرجەستەكردن و گێرانەوەی مافە دەستوریەكان بۆ كورد دەكەن !! كاكی كاندید دیارە لە گوێی گادا نوستوە ئاخر تۆ لە باشترین حالەتدا ژمارەی كورسیەكانت ناگا بە (60) كورسی ئەوە ئەگەر لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش خوا بكا یەك دەنگ و یەكریز بن، ئەوا ئێوە لە (1/5) ی كورسیەكان كەمترن وناتوانن هیچ یاساو بریارێك تێپەرێنن یا رێگری لێبكەن ئەگەر بە سواڵ و سەدەقەی لایەنە عێراقیەكان نەبێ‌.
بۆیە لە راست دەستدرێژیە نادەستوریەكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناوچە ناكۆكەكان، دەبوایە كورد بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراقی كردبا وەك كارتێكی فشار لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ سنوردانان بۆ حكومەتی بەغدا تا ئەو كاتەی بەزوویی مەسەلەی ئەو ناوچانە یەكلادەكرانەوە بە پێی دەستور. ئەمە لەلایەك لەلایەكی تریش وەك وتمان تازە كورد كەمینەیەكی نا مەحبوبە لە عێراق دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم وە لە غیابی پرنسیپی تەوافوق و ئەنجومەنی ئیتیحاد ئەو پرۆسە دیموكراتیە درۆینە ناتوانێ‌ خزمەت بە بەرژەوەندی ومافەكانی بكا لە عێراق، بۆیە باشترین بژاردە ئەمرۆ بۆ كورد بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراقە بەو هەڵبژاردنەوە. چونكە بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنە جگە لە ناردنی كۆمەڵێك موتیعی حزبەكان بۆ بەغدا بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنیان بەوەرگرتنی پۆست وپارە هیچ بەرهەمێكی تری لێناكەوێتەوە بۆ بەرژەوەندی كورد، بە گەیشتنی ئەو كاندیدانەی ئێستا بەرێوەن رووەو بەغدا دڵنیابن حاڵی ئێمە بۆچوار ساڵی تر ئەگەر لە ئێستا زۆر خراپتر نەبێت هەرگیز باشتر نابێ‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە