ستایشکردنی بزاوتی خزمەت و فەتحوڵڵا گولەن

Thursday, 03/05/2018, 10:44

5984 بینراوە


(سەرۆ قادر)، (ڕێبوار کەریم وەلی) و (جەعفەر گوانی) وەک نمونەی ستایشکەرانی فەتحوڵڵا گوڵەن

ماڵی كوردان لەبەرئەوەی لەوەتەی هەیە، ماڵێكی بی پەرژین و بێ‌ دیوار و بێ تەیمان و بێ‌ سنوور بووە، هەرچی ئایین و ئایینزایەك، یان ڕێچكا و ڕێبازێكی ئایدیۆلۆژی، لەدوور و نزیكەوە هاتبێ‌، بێ‌ ئیجازە خواستن و بێ‌ لەدەرگادان و بێ‌ هیچ ڕوگیریەك، خۆی بەژوردا كردووەو قۆڵی لێهەڵماڵیووەو، دەستی بەكاری خۆی كردووە.
لەپەنجاكانی سەدەی ڕابردودا، محەمەد مەحمود سەواف وەك نوێنەری ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین لە عێراق، ئیسلامی سیاسیمان بۆدێنێ‌ و چل ساڵێك دوای ئەوەو سەروەختێك (ی.ن.ك) و (پ.د.ك)، دەبنە دەرگاوانی كوردستانی باشورو لەگەرمەی شەڕی خوێناوی نێوانیاندا لەسەر (برایم خەلیل و كەپكی حەمەد ئاغا و كڵاو قاسم و جادەی هامڵتۆن)، بەئاشكرا بزاوتی خزمەت و ئیسلامی كۆمەڵایەتی لە ئەنادۆڵەوە، لەڕێی خۆبەخشانی فەتحوڵڵا گولەنەوە، داخڵ بەم هەرێمە دەبن و بنەو بارگە دەخەن.
لە (1994) وە كە بۆ چارەكە سەدەیەك دەچێت، ئەم ڕێكخراوە بەخشپەیی و بە ئەسپایی، كاری خۆی دەكات و گەرا دادەنێت و دەسكاریی خەریتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی ئێمە دەكات. كوردستان لە ئیسلامی سیاسی عەرەبی كەم بوو، وا ئیسلامی كۆمەڵایەتی تورکیشی هاتە سەر.
ئیسلامی كۆمەڵایەتی (كە گولەن و بزاڤەكەی بەتایپێكی توركی- عوسمانیانە) نوێنەرایەتی دەكەن، لەم هەرێمە دادڕاو بێ‌ ساحێبەدا نەك هەر جێگەی بۆدەكرێتەوە، بەڵكو پێشوازی لێدەكرێت و بەشان و باڵیدا هەڵدەدرێ‌ و كوردستانیانی ئێرە، تاوانباردەكرێن بەوەی وەك پێویست، قەدرو سەنگی گولەن و بزاڤی خزمەت نازانن.
ئەوەتا جەعفەر گوانی بەپیتی درشت دەنوسێت: (بەداخەوە تاوەكو ئێستا ئێمەی كورد وەك پێویست، ئاوڕمان لەو گەنجینە نەداوەتەوەو بەبایەخەوە بۆمان نەڕوانیووە). بڕوانە: (فەتحوڵڵا گولەن، دید و پرسی كورد- چاپی یەكەم، 2014- ل 93). سەرۆ قادریش وەك عارف و خاوەن تێڕوانینی سیاسی و كۆمەلایەتی كاریگەری توركیا، هۆجا ئەفەندیمان پێ‌ دەناسێنێ‌ و وەك خۆی دەڵێت: (بەخۆشحاڵیەوە دەڕوانێتە دۆستانی بزاڤی خزمەت و بیروڕاكانی بەڕێز فەتحوڵلا گولەن). بڕوانە (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 79 بۆ 82).
لەو بەشەش كە بەناونیشانی (بۆچی فەتحوڵڵا گولەن؟)ەوەیە، ئامادەكاری كتێبی (فەتحوڵڵا گولەن دید و پرسی كورد) ڕێبوار كەریم وەلی، ئاوا وەڵام دەداتەوەو دەڵێت: (لەبەرئەوەی زۆر جەخت لەسەر ژیانی ڕۆحی ئیسلام دەكاتەوەو لەبەرئەوەی نوێنەرێكی هاوچەرخی میراتی زانستی كلاسیكی ئیسلامیەو هاوكات لەپاڵ بزاوت و چالاكی و پرۆژە مەدەنیەكاندا، بیرمەندرێكی كاریگەری جیهانیشە). بڕوانە (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 14بۆ 18).
بەڵام لەپاڵ ئەو هەموو مەدح و سەنایەدا ئامادەكاری كتێبەکە، ئەوحەقیقەتە باس ناكات و نایەت وەك (هێلین ڕۆز ئێباو)دا بڵێت: (سەرچاوەیەكی گولەن كلتوری ئیسلامی- عوسمانییە). عوسمانی بەپیتی درشت.. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە وتاری (خزمەت لە هزرو بزاوتدا، ل 42 بۆ 49).
سەرلەبەری ئەم كتێبە تەرخانە بۆیەك شت، پیاهەڵدان و ستایشكردنی بێ‌ قەید و مەرجی بزاڤ و كارەكتەرێكی ئیسلامی – عوسمانلی كە فەتحوڵڵا گولەنی ناوە. ناونیشانی كتێبەكەش هیچ پەیوەندی بەناوەڕۆكەكەیەوە نیەو تایتڵێكی فریودەرو لەخشتەبەرە. ئەو تۆنە شەرمن و شاعیری و پڕ لەوەعزەی، هۆجا ئەفەندی باسی مێژووی تولانی و خوێناوی كێشەی كوردی پێدەكات، زیاتر لە نوكتە دەچێت.
پرسی كورد لەدنیاو لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا پرسێكی سەرومڕ سیاسییە، بەڵام گولەن و بزاڤەكەی تەنها وەك كێشەی سیاسی پرسی كورد ناخوێننەوە. بۆ ئەمە با گوێ‌ لە جەعفەر گوانی بگرین: (گولەن زیاتر لە ڕوانگەی مرۆیی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، دەڕوانێتە كێشەكان، بەدۆزی كوردیشەوە). بەم پێیەبێت ڕابەری بزاڤی خزمەت، خۆی لە ئەسڵی كێشەكە نادات و لێی هەڵدێت.
چارەسەری گولەن یان دیدی ئەو بۆ پرسی كورد، لەم كڵێشە زۆر كۆمیدیە تێناپەڕێت كە خۆی تەئكیدی لێدەكاتەوەو دەڵێت: (پێویستە مرۆڤە مەردەكانی ئەنادۆڵ، ئەوە بسەلمێنن بۆ براكانیان لەناوچە كوردنشینەكان لەنێو بارگوزەرانی سەخت و بێ‌ بەشیدا ژیان دەگوزەرێنن، كەچەند ئەوانیان خۆشدەوێت و بە تەنگیانەوەن. پێویستە ئەوان پرۆژەی برایەتی خێزانەكانیان بەگەڕ بخەن.. وەك خەڵاتكردنی قوتابیە سەركەوتووەكانی ناوچە كوردیەكان و پاشان میوانداریكردنی چەند ڕۆژەیان لەنێو خانەوادە توركەكان و هەروەها قوربانی بەخشینەوە بەسەریاندا، بەتایبەت لە جەژنی قورباندا، لەلایەن بازرگانەكانی خۆرئاوای وڵاتەوە). بڕوانە (فەتحوڵڵا گولەن، دید و پرسی كورد). 
ئەمە ڕێک وەك ئەوەیە بڵێی- كێشەی كورد بە بەخشینەوەی قوربانی و خەڵاتکردنی قوتابییە سەرکەوتووەکان و میوانداری کردنی چەند ڕۆژەیان لە نێو خانەوادە تورکەکاندا، چارەسەردەبێت. 
بێ ماناترین شتێك كە كوردانی باشور بۆ پیاهەڵگوتنی هۆجا ئەفەندی و بزاڤەكەی بیكەن، گەڕاندنەوەی ئەسڵ و نەسەبی ئەوانە، بۆ كابرایەكی وەك سەعید نوورسی و وێڵكردنی چاوگە تورانی و عوسمانلیەكەیانە. بەهەر حاڵ گەر سەرچاوەیەكی گولەن و خزمەت، بەدیعولزەمان و پەیامەكانی (نور)یش بێت، هێشتا هەر مایەی دڵخۆشی و شایەنی ئەو هەموو ستایش و پێشوازییە نییە. 
ئاخر سەعید نوورسی كە بەدرێژایی ژیانی لە هەوڵی دامەزراندنی زانكۆیەكدا بووە، بەناوی (مدرسة الزهراء) لەشاری وان، لەو زانكۆیەدا وەك ئەوەی فەتحوڵڵا گولەن خۆی لە دیدارە ڕۆژنامەوانیەكەی ڕۆژنامەی (ڕوداو)دا تەئكیدی لێدەكاتەوە، ئەوەبووە: (تایبەتمەندیەك لەو زانكۆیەدا جێی تێڕامان بێت ئەوەیە كە مامۆستا نوورسی، خوێندن و فێركردنی بە زمانی عەرەبی كردۆتە واجب و زمانی توركی بەپێویست و زمانی كوردیش بە جائیز.. ئەویش لەبەرئەوەی زمانی عەرەبی زمانی قورئان و فەرموودەیە، بەدیعولزەمان بەپلەی یەكەم ئەوەی وەك زمانی سەرەكی خوێندن پێشنیار كردووە. ئینجا لەبەرئەوەی زمانی توركیش زمانی هاوبەش و بەربڵاوی هەموو توركیابووە، فێربونی زمانی توركیشی بەپێویست زانیووە. دواجار مامۆستا ئەوەشی لەبیرنەچووەو لە نەخشەی زانكۆكەیدا- مدرسة الزهراء-، باس لەوە دەكات كە لەپاڵ زمانی عەرەبی و توركیدا ئەو قوتابیانەی خوازیارن، دەتوانن فێری کوردی ببن و وەك زمانیش بەكاری بهێنن).
ئەم دیدگای بەكەم سەیركردنەی كورد و زمانی كوردی لای گولەن و ئەو هەستی دۆنیەت و خۆ بەكەم زانینەی سەعیدی نوورسی خۆی وەك كورد و بۆ زمانی كوردی، جێی ڕەخنەو سەرزەنشتە، نەك ستایشكردن و پیاهەڵدان. زمان وەك شوناسی نەتەوە و مامەڵەكردن لەگەڵیدا بەو شێوەیە، ئەوپەڕی بەكەم گرتنی ئەو گەل و میللەتەیە كەبەكاری دەبەن و قسەی پێدەكەن.
كردنی زمانی عەرەبی بە (واجب) و زمانی توركی بە (پێویست) و كوردی بێ‌ ساحێب و بێ‌ دەوڵەت و بێ‌ خانەولانەش بە (جائیز)، ئەوپەڕی سوكایەتی و بەكەم گرتن و بچوككردنەوەیە كەزانایەكی كورد لەگەڵ نەتەوەكەیدا پەیڕەوی دەكات و دواتر، موجەدیدێكی عوسمانلیش دێت كار لەسەر ئەوەدەكات و تۆخترو تۆختری دەكاتەوە.
ئەم موجەدیدە هەر بەوەشەوە ناوەستێت و لەپاڵ ئەوەدا، لەڕێی ڕۆژنامەیەكی كوردی و لەسەدەی بیست و یەكدا بەدەنگی بەرز دەڵێت: (جێی خۆیەتی ئەوە بڵێم كە پێویستە دایكان و باوكانیش گرنگی بەوە بدەن، ڕۆڵەكانیان فێری زمانی توركی ببن). بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: (فەتحوڵڵا گولەن: دید و پرسی كورد- ئامادەكردنی ڕێبوار كەریم وەلی- دەزگای چاپ و پەخشی كانی عیرفان، هەولێر- چاپی یەكەم، 2014-ل101).
بۆ داپۆشینی ئەو ئەنگێزە ئەتنیکی و ئایدیۆلۆژیەش، هۆجا ئەفەندی لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا بە تۆنێكی عاریفانەو دیبلۆماتیانە دەڵێت: (لە فەرهەنگی ئێمەدا شتێك نییە ناوی پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی بێت، لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە برایەتی ئیسلامیە).
بەدرێژایی سەدەی بیستەم، سەدەیەك كە لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا ستراتیژیەتی كورد قڕان تا ئەوپەڕی پەیڕەوكرا، هێز و حیزب و ڕێكخراو و دەسەڵاتدارە ئیسلامیستەكانی ناوچەكە، كوردیان بەدروشمی (برایەتی ئیسلامی و هەموومان موسڵمان و بەندەی خواین و كورد برایەكی موسڵمانە)، بەنج كردبوو.
ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدان، فەتحوڵڵا گولەن و بزاڤی خزمەت، دوای (دەرسیم و ئامەدی سوور و ڕۆبۆسكێ‌ و عەفرین و كۆبانی و... هتد)، دەیانەوێت بەهەمان سیاسەت و ستراتیژ، كورد لە خشتەبەرن و كێشە سەرەكیەكەی وەك نەتەوەیەكی زیندوی خاوەن ماف بیر بەرنەوە.
ئەو قسە و باسانەی بیست ساڵ بەر لەئێستا لە گۆڤاری (ڕەهەند)ی ژمارە (2) ی ساڵی (1997) و لە مێزگردی (وێنە و تراژیدیا)دا هاتووە، بۆ ئەمرۆش دەست دەدەن و وڵامێكن بۆ سیاسەتەكانی Akp و ئەردۆگان، هەروەها بۆ دید و بۆچونەكانی فەتحوڵڵا گولەن و بزاڤی خزمەت لەسەر پرسی كورد.
لەوێدا مەریوان وریا قانع دەنوسێت: (ئیسلام وەك ئاینێكی ئەنتەر ناسیۆنال كە بۆ هەموو مرۆڤایەتی هاتووە، لە سنوریدا نەبووە پرۆژەیەكی تایبەتی پێشكەش بە كورد بكات.. ئیسلامی هاوچەرخ لە ئەزمونی ئێرانیەوە، تا ئەزمونی ئەربەكان و بەتێپەڕین بە ئەزمونی هەموو حیزبە ئیسلامیە عێراقیەكاندا، هەر هەموویان لەسەر ئەو خاڵە تەبان كە كورد برایەكی موسڵمانە و ئیتر لە پشت ئەو ڕستەیەوە، هەموو مافەكانی كورد ونە). 
هەر لەهەمان مێزگرددا بەختیار عەلی دەڵێت: (چارەسەری حیزبە ئیسلامیەكان بۆ كێشەی كورد، لە چارەسەری بەعس ڕادیكالتر نییە.. ئەوەی بیەوێت ئیسلام لەدەرەوەی بزاوتی ناسیۆنالیزم بخوێنێتەوە، بەهەڵەیەكی گەورەدا دەچێت. كاتێك ئیسلام لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناسیۆنالدا كاردەكات، بەناچاری دەبێتە خیتابێكی ناسیۆنالی). بڕوانە (ڕەهەند- ژمارە 2، 1997).
لێرەوە تێدەگەین بزاوتە ئیسلامیەكان لەسەدەی ڕابردوو لە ئێستادا، بەباڵی سیاسی و بەباڵی كۆمەڵایەتیەوە (كە ئیخوان و خزمەت) نوێنەرایەتیان دەكەن، سەرەكیترین ستراتیژێكیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ میللەتی كوردا ئەوەبووە، وێنەی كورد بگۆڕن بۆ وێنەی برایەكی موسڵمان. هەوڵی بێوچانی ئەوان بۆ ئەوەبووە و بۆ ئەوەیە، كورد وێنەی خۆی وەك موسڵمانێك لاشیرینتربێت وەك لە كوردێك و وەک لە کوردستانییەک.
ستراتیژیەتی (كورد برایەكی موسڵمانە و هیچی تر)، لەلایەن ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی كۆمەڵایەتیەوە، هەڕەشەیەكی جدییە لەسەر شوناسی كوردبون و پرۆسەیەكی ترسناكە بۆ لە كوردخستن.
مەرامی ڕاستەقینەی ئەم كتێبە، شتێكی دیكەیە كە دوورە لەپرسی كورد. گولەن و خزمەتیش نەهیچیان پێیە بۆ كوردو نەهچیشیان پێدەكرێت. ئامادەكاری كتێبەكەش هەر لە سەرەتاوە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستیە، دەنوسێت: (ڕاستە بزاڤەكەی فەتحوڵڵا گولەن- خزمەت- ڕەوتێكی سیاسی تەنزیمی نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە هیچیان بۆ دۆزی كورد نەكردبێت). بێ‌ ئەوەی پێمان بڵێت ئەو شتانە چین كە بۆ دۆزی كوردیان كردووە. 
مەبەستی ئەم كتێبە بەر لەپرسی كورد شتگەلێكی دیكەیە، كە ئامادەكارەكەی بەم شێوەیە باسی دەكات: (من دەمویست ببم بەیەكەم ڕۆژنامەنوسی كوردو هەفتەنامەی ڕووداو-یش ببێت بەیەكەم بڵاوكراوەی كوردی كە گفتوگۆ لەگەڵ یەكێك لە كاریگەرترین كەسایەتیەكانی ئەم سەردەمە دەكات.. ئەم كتێبەی بەردەستتان جیا لەو گفتوگۆیەی باسی لێكرا، چەند بابەتێكی دیكەی بۆ زیادكراوە، تا پەنجەرەیەك بێت بۆ خوێنەری كورد، بەسەر ناسینی بزاڤی خزمەت و تێگەیشتن لە بۆچونەكانی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن).
مەبەستێكی دیكەی كتێبەكە جگە لەوانە تۆخكردنەوە و دەمەزەردكردنەوەی پەیوەندی كورد و توركی برایە. ئەوەتا ئامادەكاری كتێبەكە دەپرسێت: (پەیوەندی دۆستانەی نێوان گەلی كوردو تورك، پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە).
فەتحوڵڵا گولەنیش بۆ قوڵكردنەوەی ئەو پەیوەندیانە وەسیەتەكەی مەلامستەفا بەبیر دێنێتەوەو دەڵێت: (ئەو وەسیەتە كە بەڕێز مەسعود بارزانی لەچەندین كاتی جیاوازدا ئاماژەی بۆ كردووە، جەخت لەوە دەكاتەوە كەبا پەیوەندیتان لەگەڵ توركدا باش بێت و كێشە بۆ توركیا دروست مەكەن، بەڵكو هەردەم هاوپەیمان بن لەگەڵیان). وەك گولەنیش دەڵێت: (لەڕاستیدا ئەوە تێڕوانینێكە، گوزارشت لەهەستی هەردوولادەكات و شایەنی سەرنجە).
هەر دەرهەق بەو پرسە فەتحوڵڵا گولەن بۆ چارەسەری کێشەی کورد، چەند قسەیەكی عەنتیكە دەكات و دەڵێت: (ئەوەی لێرەدا دەكەوێتە ئەستۆی توركیا ئەوەیە، بەو ئەندازەیەی ماف و ئازادیە پێویستەكانی هاونیشتمانیە كوردەكانی خۆی دەستەبەردەكات، درێژكردنی دەستی یارمەتیە بۆ ئەو كوردانەی بەناوچەكانی دیكەی دنیادا، لە چەرمەسەریدان و داكۆكی كردنە لەمافی ئەو كوردانەی، بەهۆكاری سیاسی و دینی و نەژادی دووچاری مەینەتی بونەتەوە، لەڕێی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەكۆو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و نوێنەرایەتی كردنیانە، لە پێناو حەقیانەت و حەقویستیدا). بڕوانە: (فەتحوڵڵا گولەن- دیدو پرسی كورد، ل111). هەر چەند دێڕێك دوای ئەوەش (نازانم بەڕاسیەتی یان نا)، هۆجا ئەفەندی دەڵێت: (بەر لە كوردان خۆیان، پێویستە توركان خۆیان بەخاوەنی دۆزی كورد بزانن).
ئەڵبەت ئەم قسەو پەرەگرافانە هیچ كۆمێنتێك هەڵناگرن. سەیركردنی دۆخی ڕۆبۆسكێ‌ و ئامەدی سور و قەندیل و عەفرین، بەدەست لەشکر و هێزە ئیسلامیە مۆدێرن و هیومانیستەکانی تورکیاوە، بارتەقای نوسینی دەیان كتێب و وتارە. كەسێك لای وابێت توركیا ماف و ئازادی پێویستی بۆ هاونیشتمانیە كوردەكانی خۆی بە زیادەوە دەستەبەر كردبێت و لێشی ڕاببینێت، دەستی یارمەتی بۆ كوردانی ستەمدیدە لەسەرتاسەری جیهاندا درێژ بكات، مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە. 
لە كاتێكدا ئێستا كورد لە (باكور و باشور و ڕۆژئاوا)، لەبەردەم ستراتیژیەتی قڕكردندایە لەلایەن ئەردۆگان و پارتی داد و گەشە پێدانی ئیسلامیەوە. ئەو ئەردۆگان و AKP دروست بوون و گەورەبوون و گەشەسەندن و پڕكێشی كردنەكانی، لەسەر شانی دوو هێزبوو (یەکێتی جیهانی زانایانی جیهانی موسڵمان بەڕابەرایەتی یوسف قەرزاوی و عەلی قەرەداغی، لەگەڵ بزاڤی خزمەت بەڕابەرایەتی فەتحوڵڵا گولەن).
ئەم دوو گروپە سەرخان و ژێرخانی حكومەتەكەی ئەردۆگان و ئاكەپە پێكدێنن، حكومەتێك كەسیاسەتێكی فاشیستانەی ڕوو قایمانە لەبەرامبەر هەمووشتێكی كوردیدا پەیڕەو دەكات. ئەگەر دەستدان لەپشتی ئەردۆگان و پارتەکەی جارێك خیانەت بێت، ئەوا ستایشكردن و پیاهەڵدان و بەرگریكردن لە یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان و لە بزاڤی خزمەت و فەتحوڵڵا گولەن، دەجار شەرم و شورەییە.
ئاخر كوردایەتی بەوەناكرێت، نەفرەت لە كەمالیزم بكەیت و لەبەرامبەردا باوەش بۆ شۆڤێنیزمێكی ئیسلامی- تۆرانی بكەیتەوە. باوکی تورکانت قبوڵ نەبێت ، ولێ دەستەو نەزەر لەحزوری هۆجا ئەفەندیدا بوەستیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە