دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە 2020دا


ئێوە دڵۆپێکتان ئاو بەرناکەوێت و قەتیش تەڕ نابن

Saturday, 05.05.2018, 0:20

1793 بینراوە


کەس نیە نەزانێت کاک ڕامین حسەین پناهی و زەینەب جەلالیان و دەیان و بگرە سەدان تێکۆشەری دیکەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ تاوانێکیان نەکردووە بێجگە لە خۆشەویستی وڵات و داکۆکی لە مافی ڕەوای نەتەوەکەیان.
دەیان بێ تاوانی وەک شەهیدان شەهرام ئەحمەدی و کاک بەهرام ئەحمەدی برایی و چەند چالاکی دیکەی کوردی سوننە مەزهەب، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج هەر هەموویان بە بێ بچووکترین تاوان لە سێدارە دران.
مێژوو بۆمان دەسەلمێنێت، دوو لە بنەماڵە هەرە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند ئەندامی خانەوادەکەیان لە لایەن حکومەتی داپڵۆسێنەر و قیناوی شیعەی سەفەوی ئێران ئێعدام کراون و خاوەنی کارنامەیەکی پاک و بێگەردن و تا هەنووکەش زام و برینی ڕابردوویان ساڕێژ نەبووەتەوە، ئەوە بێ هیچ گومانێک دوو خەنەوادەی مینبەریی و حسەین پەناهی ـن.
لە ئێستادا کەم نین حیزب و کەسایەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە گەندەڵی سیاسی ـ ئابووری باشووری کوردستان و قۆرخکاری دەسەڵاتی خێڵەکی و  مافیایی حیزبەکانی بارزانی و تاڵەبانیەوە تێوەگلاون و بە شەو و ڕۆژ خەون بە کۆپی پەیست کردنی دەسەڵاتی ئەمانەوە دەبین بۆ دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سکرتێرە مایەپووچ و گوڵەبەڕۆژە سیفەتەکانی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، فێنکی بەر سپلێتی ئۆردووگاکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و پارەی ناڕاستەوخۆی کۆماری نائیسلامی وای زەلیل کردوون و زەندقی لێ بڕیوون کە تەنیا دەتوانن لە ئاست تیرۆری ئەندامانیان لە باشووری کوردستان و زیندانیانی سیاسی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ، بەیاننامە دەربکەن و یانیش بە پێنج حیزب و له ژێر ناوی ناوەندی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سیفەتی دەستەمۆیی و لە ژێر سایە و کاریگەریی نگریسی پێنج حیزبی باشووردا، لە بەردەم کامێرای نەوت تی ڤی"ڕووداو" و "ئێن ئاڕ تی" و لە سەر مایکرۆفۆنەکان بە جلی کوردییەوە خۆیان فش بکەنەوە و قسەی ناڕاست و دوور لە واقیعی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. یان سمێڵی بۆ فش بکەنەوە و سیناریۆی تیرۆرکردنی خۆیان لە ناوەڕاستی هەولێر درووست بکەن.!!
مخابن، نەزانی و داماوی تاکی کورد ئەوندە زۆرە کە لە هەموو سەردەمێکی مێژوودا، پیاوانی باڵتەچی و خیانەتکار خۆیان بە شۆڕشگێڕ ناساندووە و کوڕە خاسانیان بە کوشت داوە و ڕاسانیان بەو مەبەستە بۆ درووست کردووین.
تا هەنووکەش قسەکانی عەبدوڵلای حەسەن زادە دەگەڵ ڕادیو نەوا کە لە وتووێژێکی چەند ساڵ پێش ئێستا دا باسی کرد، لەبیر ماوە کە دەیگووت " ئەگەر ڕۆژهەڵات ئاو بیبات یان ئاگر بگرێت نە دڵۆپێک ئاومان بەردەکەوێت و نە بەتانیکمان "پەتوویەکمان" دەسووتێت "!!.
کەوابوو هەڵە و پەڵەکانتان مەشارنەوە، کوڕی خەڵکی هەژار و لێقەوماو مەکەنە قوربانی پاوانی دەسەڵاتی حیزبیی و ئۆردووگانشینی و خۆشنشینی خۆتان. ئێوە لاقێکتان لە لەندەن و ستۆکهۆڵمە و هاوینانیش ڕێک وەک میری دێموکری لە ناو ڕەز و باخەکانی چۆمی مەجیدخان و لە ئۆردووگای حیزبیی خۆتان لە باشووری بێ سەروبەر نەفەسی تەمەنتان بۆ گەندەڵی دواڕۆژ تازە دەکەنەوە.
بەداخەوە کەستان تێدا نیــە، ئەوندەی شەهامەت هەبێت دان بە خەتا و خوار ڕۆیشتنی خۆیدا بنێت، ئێوە فارس گوتەنی هێندە لەم ساڵانەی دوور کەوتنەوەتان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "عوقدە"تان بۆ درووست بووە کە پێتان باشترە بەردەوام بن لە دووکانداری سیاسی و لە پەناشیدا پاسپۆرتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە گیرفانی یەکە یەکەتاندایە و لە کاتی لێ تووند بوون دا، باش دەزانن چۆن بۆی دەرچن.
ڕێک لەم کات و ساتانەدا کە گیانی کاک ڕامین حسەین پەناهی لە مەترسیدایە، ڕێبەر سێبەرەکەی کۆمەڵەی بۆکانیەکان و قەوم و خوێشانی ناو ئاشنا، لە لەندەن لە تەک جەنابی موحسین سازگارا و ژومارەیەک کۆنە پاسداری دیکە ماوەیەک خەریکی کۆبوونەوەی نێوخۆیان بوون لەمەڕ داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی و داهات.!!
سکرتێری کۆمەڵەیەک کە بە دەیان جار وەک قوماش و دەسماڵی چۆپی لە یەکدی دادڕاوە و مانیفێستەکەی هەنجن هەنجن بووە، لە پەیامەکەی دا زۆر ڕوون و ئاشکرا لە کاربەدەستانی دز و جەردەی دەسەڵاتی خۆجێیی باشووری کوردستان دەپاڕێتەوە کە دەستمان دامێنتان هەر چۆن بوودجەی تایبەت و بەرانبەر بە بێ دەنگی ئێمەتان لە کۆماری ویلایەتی فەقێ بۆ وەرگرتین، ئەوە ئێستاش مەهێڵن حوکمی نادادپەروەرانەی لەسێدارەدان بۆ کاک ڕامین حسەین پناهی جێبەجێ بکرێت، چونکە هەر خۆمان ناردبوومانەوە و ئەمجارە نەمانتوانی بڵێین ئێمە لێی بێ بەرین وەک جارانی پێشووتر، یان بەوپەڕی شورەییەوە دەڵێت لانیکەم با لە ئێستادا ئەو حوکمە ڕاگیرێت و جێبەجێ نەکرێت!

دوو ئەڵتەرناتیڤ بۆ رزگارکردن و لەسێدارەنەدانی کەسێک دانانرێت.
داواکارییەکەی عەبدوڵڵای موهتەدی تراژیدیا و کۆمیدییشە ، لەم وێنەیە دەچێت.
کە لە یەک کاتدا ئاوی دەدەنێ، دوایی لە سیدارەشی دەدەن


ئەوەی تۆسقاڵێک شعووری سیاسی و یان لانیکەم بیرکردنەوەی لە ئاست ئەم قسە پڕ و پووچانە هەبێت، دەزانێت ڕێبەرانی سەوداگەر و مامەڵەچی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات گیانی هیچ چەکدارێکی خۆیان بەلاوە گرنگ نیە و ئەوەی ئەوان ناویان ناوە پێشمەرگە تەنیا وەک پێشدەرکە چاویان لێدەکرێت و بۆ سات و سەودای خۆیان دەیانکەنە قۆچی قوربانی.
کەس نیە لە عەبدوڵڵای موهتەدی بپرسێت کوان ئەو دوو چەکدارەی ڕێکخراوەکەت کە حەشدی شەعبی دەستگیری کردن لە ڕێگەی کەرکووک، کوان ئەو دوو چەکدارەی دیکەتان کە لە دوای ڕووداوەکەی ناوچەی باڵەکایەتی دەستبەسەر کران؟!
ئێمەی کورد بە قەولی کۆمۆنیستەکان هەر خۆیان هێندەمان "لۆمپەن پڕۆلتاریا" زۆرە کە تا هەستانەوەی قیامەت ئاشی حیزبی کوردیی و دیوەخانی خێڵەکی و عەشاییری کوردستان هەڵدەسووڕێنن. ئەگینا ئەگەر لە ناو ڕیزی هەر حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا تەنیا و تەنیا دە کەسی شەریف و شەرافەتمەند بمایەن، ئەوە قەت خوێنی هاوڕێیانیان ئاوا بە ساکاری بە فیڕۆ نەدەڕۆیشت و یەخە و بەربینگی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبەکانیان دەگرت و نەیاندەهێشت سەڕگەورەکان وەک مەڕ مامەڵەیان پێوە بکەن.

ئیتر هەرچیەک بە ڕاستگۆیانی ئەم نەتەوەیە بڵێن، ئەوندەی دەنکی هەرزنێک گرینگ نیە و سڵتان لێ ناکەینەوە، چونکە دەزانین ئێوە بە درێژایی تەمەنتان پیاو خاسانتان فیدای ئاوسان لە ناو کورسی سکرتێریی و ناوەندیی حیزبەکانتان کردووە و مەبەست تەنیا و تەنیا گیرفانتان بووە و لە سەر سنوورە دەستکردکانی نێوان باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵات خەڵکتان وەک مەڕ ڕەنگ کردووە و ڕووبەڕووی سوپای گورگتان کردوونەوە.
 خودا هەر خۆی دەزانێت بنەماڵەی کاک ڕامین حسەین پەناهی لەم ڕۆژانەدا چەندە ژیانیان تاڵ و شێواوە، دایک و باوکێکی بەتەمەن کە نازانن بۆ  عاقیبەتی کوڕە چکۆلەکەیان ڕامین نیگەران بن یان بۆ مەرگی نەوەکەیان نیشتمان کە کۆچە ناوختەکەی دەرخەری زامی نیشتمانێک بوو بگرین، ئێوەش خۆتان باش دەزانن بەشی ئێوە لە ناو نەتەوەی کورد هەر دەمێنێت و نابڕێت، وەک داستانی گورگ و مەڕ ئێوە شوانە درۆزنەی کایەی سیاسی کوردستانن و بەس.





(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 3.5/5)