مارک تواین: زەحمەتترین کار لە دونیادا گفتووگۆکردنە لەگەڵ کەسێک کە بەڵێنی بە خۆی دابێت تێنەگا!


گەندەڵیەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە (بەشی یەکەم)

Wednesday, 05.09.2018, 0:50

3645 بینراوە


حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە ١٤  نوێنەرایەتى لە شێوەى کۆمپانیاى هەیە کە لە نێوان پارتى و یەکێتى دابەشکراون لەسەر بنەماى فیفتى بە فیفتى و تەنانەت ئەو کەسانەى کە بە بەڕێوەبەرى کۆمپانیا یاخود نوێنەر دەست نیشان کراون لەسەر هیچ بنەمایەکى دیبلۆماسى و بڕوانامە و شارەزایى و توانا نیە.
---------------------------
بۆ ئەو بەڕێزانەى کە زانیاریان نیە حکومەتى هەرێم لە ١٤ ووڵات کۆمپانیاى هەیە کە ئەوانەن (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیران، ئوسترالیا، سوید، ئیسپانیا، نەمسا، سویسرا، یەکێتى ئەوروپا، ڕووسیا، ئیسپانیا، پۆلۆنیا). پێویستە هەموو گەلى کوردستان بزانێت کە بەڕاستى ئەو نوێنەرایەتیانە وەک کۆمپانیا لەو ووڵاتانە تۆمارکراون بە هیچ شێوەیەک ناویان نوێنەرایەتى نیە. گەندەڵیەکانى نوێنەرایەتیەکان حکومەتى هەرێم بەشێوەیەکە تاوەکو ئێستا نە دەستەى نەزاهە و نە چاودێرى دارایى  خۆى لەم مەلەفە نەداوە لەبەر ئەوەى ئەم کۆمپانیایانە تەواوى کارەکانیان لە دەرەوەى هەموو ڕێسا و ڕێنماییە داراییەکانە و بەشێوەیەکى خێلەکیانە بودجەکانیان تەخشان و پەخشان دەکەن و کارى بازرگانى پێ دەکەن.
 بۆ ئەوەى خوێنەرانى ئازیز زانیارى و ڕاپۆتەکانیان بە دروست بە دەست بگات لەسەر ئەم مەلەفە، بە دوو ڕاپۆڕتى جیاواز گەندەڵیەکانى هەموو نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێمتان بۆ دەخەینە ڕوو کە لە سەرچاوەى باوەڕپێکراو، لە نێو فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە دەستمان گەیشتووە.
بەشى یەکەمى ڕاپۆرتەکە تایبەت دەبێت بە نوێنەرایەتى لە بەریتانیا، فەڕەنسا، پۆلۆنیا، سویسرا، سوید، ئیران، ڕووسیا، ئەوانەى کە دەمێنێتەوە لە ڕاپۆرتێکى تر باسیان دەکرێت.

1. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ کاروان جمال تاهیر
ژمارەى تەلەفۆن: 442071524091+ / 442071524092+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: www.uk.gov.krd
ناونیشان: 50 Broad Way – London – SW1H 0RH – United Kingdom
کارون جمال تاهیر بەڕێوەبەرى کۆمپانیا لە بەریتانیا لەسەر پشکى یەکێتیە کە پێش ئەوەى بچێتە بەریتانیا جێگرى فەلاح مستەفا بوو، یەکێتى بەهۆى ناکۆکى باڵەکانیەوە دواى ئەوەى کە پشکى کۆمپانیاکەى لە ئەمریکا دۆڕاند بۆ ماوەیەکى زۆر نەیتوانى کەسێک بۆ بەریتانیا دابنێت ئەمەش بەهۆى بوونى شانازى ئبیراهیم احمد لەو ووڵاتە. کاروان جمال بەهۆى ئەوەى کە نوێنەرى هێرۆ بوو لە وەزارەتى سامانە سروشیتەکان و بەشداربوو لە دروست کردنى کۆمپانیا نەوتیەکانى هێرۆ و بەرپرسەکانى تر و وەرگرتنى پارەى نەوت و بەڕێکردنى کاروبارى تەنکەرەکان بۆ دەرەوە لەلایەن هەموو باڵەکانەوە پشتگیرى کرا بۆ ئەوە ببێتە نوێنەر لە بەریتانیا. کاروان خۆى هەڵگرى ڕەگەزنامەى بەریتانیە و پێشووتر بە قاچاغ چۆتە بەریتانیا و لە شارى مانچستەر دانیشتووە و تەنانەت شوققەیەکى لە مانچستەر بە پارەى نەوت کڕیووە. ناوبراو ئێستا وەک بەڕێوەبەرى کۆمپانیا مانگانە زیاتر لە سەد و هەشتا گەڵا واتە (١٨,٠٠٠) دۆلار وەردەگرێت کە ئەمەش بەرزترین مووچەیە لە هەموو کوردستان، هەروەها ناوبراو دوو مووچەى هەیە یەکێکیان لە کوردستان وەک بریکارى وەزیر و ئەوەى تریان وەک نوێنەر ئەمە جگە لە کرێى شوققەکەى لە مانچستەر و بیمەى تەندروستى و بلیتى فڕۆکە، کرێى خانوو لە لەندەن، خەرجیەکانى خێزانەکەى و خوێندنى منداڵەکانى کە ئەمانە هەمووى لەسەر بودجەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیایە. هەروەها بۆ ڕازیکردنى دڵى شانازى ئبراهیم ئەحمەد ماوەى مانگێکە کاروان جەمال لە نوێنەرایەتى دەوام ناکات بەڵکو خەریکى کۆکردنەوەى دەنگە بۆ لیستى یەکێتى و تەنانەت لەسەر بودجەى نوێنەرایەتى خەڵک داوەت دەکات بۆ ئەوەى دەنگ بە یەکێتى بدەن ئەمەش بۆتە دروست کردنى منافسەیەک لەگەڵ جێگرەکەى کە خسرۆ ئاژگەیى بەرپرسى ناوچەى پارتى لە لەندەن کە ئەویش دەنگ بۆ پارتى کۆدەکاتەوە. ئێستا نوێنەرایەتى حکومەت لە بەریتانیا دەوامى تێدا ناکرێت بەڵکو بۆتە کۆمیتەى یەکێتى و ناوچەى پارتى. تەنانەت کارمەندەکانی نوێنەرایەتیش لەنێوان پارتى و یەکێتى دابەشکراون بەهۆى ئەوەى پێشووتر زۆربەیان پارتى بوون ئێستا کاروان جمال خەریکە هاوسەنگەکە بەلاى یەکێتى دا ببات و کارمەندێکى زۆرى یەکێتى دامەزراندووە و لەسەر بودجەى نوێنەرایەتى ڕانجرۆڤەرى بۆ خۆى کڕیووە و لەسەر ناوى خۆى تۆمارى کردووە بۆ ئەوەى لە داهاتوودا بتوانێت بیفرۆشێتەوە.
2. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە پۆلۆنیا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/  زیاد رەئوف
ژمارەى تەلەفۆن: 48226222237+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: poland.gov.krd
ناونیشان: 53 Aleje Jerozolimskie street / 00-697 Warszawa, Poland
زیاد ڕەئوف نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە پۆلەندا لەسەر کوتلەى پارتى کە هەڵگرى ڕەگەزنامەى پۆلەندى و بازرگانێکى گەورەى ئەو ووڵاتەیە. ناوبراو خاوەنى چەندین هۆتێل و ڕێستورانت و دورگەى سیاحیە لە پۆلەندا بە تایبەتى لە هەرێمى ماولۆپۆلسکا. ناوبراو بەهۆى کارى بازرگانیەوە ئاگادارى کارى نوێنەرایەتى نیە و تەنانەت نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لەو ووڵاتە هیچ کارمەندى نیە و ئەو کارمەندانەى کە لەسەر ناوى نوێنەرایەتیشن بەشێوەى ڕەش ئیش دەکەن. مووچەى ناوبراو مانگانە دە هەزار دۆلارى ئەمریکیە و نوێنەرایەتى حکومەت لەو ووڵاتە وەک کۆمپانیاى بازرگانى خواردنى کوردى تۆمارکراوە کە پێویستە ساڵانە مۆڵەتەکە نوێ بکاتەوە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیووە نوێنەرایەتى حکومەت کە لە نێو هۆتێلەکەى خۆى لە ماولۆپۆلسکایە بگوازێتەوە بۆ وارشۆى پایتەخت. تەنانەت بودجەى نوێنەرایەتى لە کۆمپانیاکەى خۆى کارى وەبەرهێنانى پێ دەکات و تاوەکو ئێستا هیچ تەسفییەکى حیسابى لە فەرمانگە نیە.
دارا بەکر ساڵح + خەمان زرار ئەسعەد
3. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە فەڕەنسا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ دارا بەکر، ئیستا د.علی دۆڵەمەریە، بەڵام ئێمە جارێ قسە لەسەر ئەو دوانەی پێشوو دەکەین
ژمارەى تەلەفۆن: 33145442021+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: https://www.france.gov.krd/
ناونیشان: 17 Rue saint-Saëns 75015 Paris
ئەو نوێنەرایەتیەیە کە باشترین کۆمپانیایى حکومەتى هەرێمە چونکە خەمان زرار کە کاتى خۆى لەسەر پشکى یەکێتى بووە نوێنەر لە فەڕەنسا ئەو کۆمپانیایەکەى بە ناوى خۆى تۆمارکرد و تەنانەت ئەوە بووە گرفت کاتێک ئەو نوێنەرایەتیە درا بە گۆڕان چونکە ئامادە نەبوو ئەو کۆمپانیایە بە ناوى دارا بکر بکات کە لەسەر پشکى گۆڕان وەک نوێنەر و بودجەى نوێنەرایەتى سفڕ کرد بۆ خۆى دەزگیرانەکەى. خەمان زرار بە هەمان شێوەى کاروان جمال دوو مووچەى وەردەگرت کە یەکێکیان خانەنشینى ئەندام پەرلەمانى و ئەویتریان مووچەى نوێنەر ئەمە جگە لە بیلتى فڕۆکەى بزنس کلاس و بیمەى تەندروستى و کەیف و سەیفەکانى. ئەم ڕەفتارانەى خەمان زرار کاریگەرى هەبوو لەسەر نوێنەرەکەى گۆڕان کە کاتێک لەلایەن پارتیەوە دەرکرا ئامادە نەبوو ئەو کۆمپانیایەى لەلایەن خەمان زرار بۆى بەجێهێلرابوو بداتە پارتى تەنها بەو مەرجەى کە مووچەى دوو ساڵى پێش وەختەى بۆ سەرف بکرێت و باجى حکومەتى فەڕەنساى بۆ بدرێت و ئەم گۆڕانخوازەش بوو بە گەندەڵ بودجەى کۆمپانیاکەى هاوشێوەى یەکێتى و پارتى بۆ خۆى برد. گەندەڵیەکانى ئێستاى نوێنەرایەتى بۆ بەشى دووەم دەبێت.
تێبینی: نوێنەری ئیستای حکومەتی هەرێم، ئیستا د. عەلی دۆڵەمەڕییە.
4. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە سویسرا:
نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە سویسرا
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ د. فوزى قەدووری
ژمارەى تەلەفۆن: 41313520060+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت:
ناونیشان: Thun strasse 74/ 3006 – Bern – Switzerland
دکتۆر فەوزى قەددور نوێنەرى کۆمپانیاى حکومەتى هەرێمە لە سویسرا کە لەو کاتەى بۆتە نوێنەرى حکومەت لە ١٨ ساڵى ڕابردوودا تاوەکو ئێستا تەنها بۆ یەک ڕۆژیش نۆرینگە پزیشکیەکەى دانەخستووە. کۆمپانیاى حکومەتى هەرێم لە سویسرا لە ٣ کەس پێک دێت نوێنەر و سکرتێرى نوێنەر کە ئەویش خێزانى دکتۆر فەوزیە لەگەڵ شوفێرێک بەشێوەى گرێبەست تەنها بۆ کاتى پێویست. هەموو بودجەى نوێنەرایەتى بۆ دکتۆر فەوزیە چونکە وەک مووچەى خۆى و خێزانى و کرێ و مەسروفاتى نوێنەرایەتى حیسابى دەکات و سەرەڕاى ئەوەى کە دکتۆر فەوزى خانووى نوێنەرایەتى بە پارەى حکومەت کڕیووە بەڵام لەسەر ناوى خۆى تاپۆ کردووە و مانگانە کرێى خانووەکەش بۆ خۆى دەگێڕێتەوە. ناوبراو بە هەمان شێوەى کاروان جمال و خەمان زرار دوو مووچە وەردەگرێت مووچەیەک وەک پزیشکى ددان و ئەوەى تر لە نوێنەرایەتى. نوکتەکەى لەوە دایە کە مووچەى سکرتێرى نوێنەر لە مووچەى نوێنەر زیاترە چونکە خێزانیەتى و ئافرەتێکى سویسریە و دکتۆر فەوزى خۆى لە ئەسلدا هاوڵاتى عێراق و هەرێمى کوردستان نیە کە ئەمەش پێچەوانەى یاسایە بۆ ئەوەى ببێتە نوێنەر.
5. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئیران:
نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئێران
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ نازم عمر
ژمارەى تەلەفۆن: 982188580831+ 982188580830+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: http://krg-iran.com/index.php
ناونیشان: شهرک غرب – فلامک شمالى / کوچە چهارم / پلاک ١٦
مامۆستا نازم دەباغ نوێنەرى کۆمپانیاى حکومەتى هەرێم لە ئیران کە زۆرجار دەکرێت وا سەیر بکرێت کە نوێنەرى کۆمارى ئیسلامى ئیرانە لە هەرێمى کوردستان چونکە زیاتر لە هەردوو کونسوڵگەرى ئیران لە هەولێر و سلێمانى بەرگرى لە کۆمارى نائیسلامى ئیران دەکات. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئیران بودجەى مانگانەى دەگاتە ١٥٠ سەد و پەنجا هەزار دۆلار ەکە لە بودجەى ژمارەیەکى زۆر لە باڵیۆزخانەى ووڵاتان کە لە تەهرانن زیاترە. ئەگەر نوێنەرەکانى تر دوو مووچە وەربگرن ئەوا مامۆستا نازم چوار مووچەى هەیە، یەکەمیان لەسەر ئیدارەى سلێمانى بە وەزیر خانەنشین کراوە و تائێستا مووچەى خانەنشینیەکەى وەردەگرێت. دووەمیان نوێنەرى یەکێتى و مام جلالە ئیران کە مووچەى پێ وەردەگرێت لە یەکێتى، سێیەمیان نوێنەرى کۆمپانیاى حکومەتى هەرێم لە تاران کە جگە لە مووچەى ١٠ هەزار دۆلارى کرێى خانوو و بیمە و بلیتى فڕۆکە. چوارەمیان وەک نوێنەرى ئیران و بەرگرى کردن لە بەرژەوەندیەکانى ئیران مووچە لە ئاغاى حاجى قاسم سلێمانى وەردەگرێت. هەموو کارمەندەکانى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە هەولێر و تاران مووچە وەردەگرن و دوو مووچەیان هەیە. تەنانەت گومان هەیە ئەو خانووەى کە بەکرێ گیراوە بۆ نوێنەرایەتى هى مامۆستا نازم خۆیەتى و بەکرێ داویەتى بە نوێنەرایەتى و پارەکە بۆ خۆى دەبات.
6.  نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ڕووسیا:
ئیمێل: [email protected]
دکتۆر ئاسۆ شێخ جەنگى کە برازاى جەلال تالەبانی و براى  ئاراس شێخ جەنگى و لاهور تاڵەبانیە نوێنەرى کۆمپانیاى حکومەتى هەرێمە لە ڕووسیا و پێشووتر زانکۆى لە ڕووسیا تەواوکردووە و هەڵگرى ڕەگەزنامەى سویدیە. ناوبراو ئەوەندەى لە سلێمانى و سوید دەوام دەکات ئەوەندە لە مۆسکۆ نیە و تەنانەت بودجەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم کە وەرى دەگرێت ناچێتە مۆسکۆ بەڵکو تەحویل دەکرێت بۆ سەر حیسابى شەخصى ناوبراو لە سوید کە ئەمەش بۆتە جێگەى نیگەرانى حکومەتى سوید و بە ڕەسمى داواى لە حکومەتى هەرێم کردووە کە ئایا حکومەتى هەرێم یەک کۆمپانیایى هەیە لە سوید یان دوو کۆمپانیا. نوێنەرایەتى ڕووسیا هاوشێوەی پۆلۆنیا هیچ کارمەندێکى نیە و هیچ ڕاپۆرتێکى دارایى لە فەرمانگە نیە و تەنانەت ئەگەر دەستەى نەزاهە و چاودێرى دارایى داواى بکەین هیچ تەسفیە حیسابێک نیە، کە ئەمە بۆ هەموو نوێنەرایەتیەکان وەک یەکە چونکە ئەو بودجەیەى کە وەرى دەگرن مینحەیە واتە پارەى زەکات و سەرفیترەى حکومەتە بۆ ئەوەى بۆ خۆیان خەرجى بکەن.
٧. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ دابان شەدەلە
ژمارەى تەلەفۆن: 34914362620+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: www.spain.krg.org
ناونیشان: Calle General Diaz Porlier 1-1D / 28001 MADRID
دابان شەدەڵە نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا کە پێشووتر نوێنەرى یەکێتى بوو لە نەمسا، ناوبراو بەهۆى ئەوەى کە پەیوەندى بە گۆڕان کرد لە کاتى ڕاگەیاندنى گۆڕان کە یەکێتى ناچاربوو لە ڕێگاى قوباد تاڵەبانیەوە پەیوەندى پێوە بکات و بەڵێنى پێدانى نوێنەرایەتى ئیسپانیاى پێ بدات بۆ ئەوەى پەیوەندى بە گۆڕان نەکات. حاڵى نوێنەرایەتى ئیسپانیا لە نوێنەرایەتیەکانى تر باشتر نیە چونکە نوێنەرەکەى زۆربەى کاتى لە نەمسا و کوردستان بەڕێ دەکات و هەموو مەسروفاتێکى خۆى و خانەوادەکەى لەسەر بودجەى نوێنەرایەتیە و لەوانەیە دوو ساڵیش دەبێت کە هیچ چالاکیەکیان نیە و نوێنەریش ئێستا لە کوردستان خەریکى کۆکردنەوەى دەنگى ئەندامانى عەشیرەتەکەیەتى بۆ یەکێتى.
ئەمانەى سەرەوەى نموونەى خەروارێکن لەو گەندەڵیانەى کە لەلایەن نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم دەکرێت کە لە دەرەوەى هەموو یاسا و ڕێنماییەکى حکومەتى هەرێمە و دەستەى نەزاهە و چاودێرى دارایى تاوەکو ئێستا بەلاى ئەم مەلەفەدا نەچووە و هیچ لێپێچینەوەى لە کارەکانى ئێستا و ڕابردووى نوێنەرایەتیەکان نەکردووە.
چاوەڕوان بن لە بەشى دووەم زانیارى و ووردەکارى زیاتر دەربارەى ئەو کۆمپانیا و نوێنەرایەتیانەى کە ماون بۆتان دەخەینەڕوو.


بابەتی پەیوەندییدار:


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر