هەڵوێست راستیی مرۆڤ دەردەخات

Thursday, 10/05/2018, 13:39

4102 بینراوە


وەڵامی "بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن" بۆ لیستی ١٠٢ کەسیی بانگەوازی دەنگدان
ژمارەی سەدو دوو ناو بە دەستپێکی "بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان"، لە ژێر سەردێڕی "دەنگ بە کێ بدەین"دا بانگەوازێکیان بڵاوکردۆتەوە. بە پێی زمانی خۆیان: کەسایەتیی گەورە، کەسایەتیی ناگەورە، رۆشنبیر، نوسەر، مامۆستای زانکۆ، سیاسەتمەدار، مەلا، نامەلاو سەرۆکی دەزگا بە نوسینێکی پڕهەڵەی زمانەوانیی داوا دەکەن هاوڵاتیان بچن بۆ دەنگدان. دەنگدان بە ئەرکێکی نیشتیمانیی لە قەڵەم دەدەن و ئومێدی گۆڕانکاریی گەورە لەم هەڵبژاردنە دەدەن بە گوێی خەڵکدا. بانگەوازەکە بەو پەخشانە دەست پێدەکات کە ئەم بانگەوازخوازانە لەبەر بەرژەوەندیی وڵات، رزگاربوون لەم رەوشەی کوردستانی تێکەوتووەو لەبەر "فەرمان بە چاکەو نەهی لە خراپە" بە پێویستیان زانیووە هانی خەڵک بدەن بچن بۆ دەنگدان.
بانگەوازەکە بە بێ وشە پەنجە رادەکێشێت بۆ لایەنی دیاریکراو دەنگی بۆ بدرێت. چونکە بە قسەی ئەوان ئەو لایەن و لیستانە لە بەرەی گەل بوون، یارمەتیدەری دەستەڵاتی ستەمکار و گەندەڵ نەبوون، نەبوونەتە ھۆکاری خاکفرۆشتن و خێروبێرەکەیان ھەڕاج نەکردووە. لە هەمان کاتدا بانگەوازەکە بە بێ بناغە گفت دەدات بە میللەت کە ئەو لایەنانە دەتوانن کوردستانە وێرانەکەمان ئاوا بکەنەوە، ژیان و موچەی خەڵک چاک بکەنەوە. لەسەر فەلسەفەی "دەمە چیت لێ کەمە" تا ئەو رادەیەی سوپای بێگانەی دەوروبەریش دەربکەن. بانگەوازەکە ئەمە بە ئەرکی ھەمووان دەزانێت کە لە رێگای دەنگدانەوە گوایە ئەم دۆخە نەخوازراوە بگۆرن بۆ دۆخێک کە لەسەر بنەمای "دادپەروەریی" بەرێووە بچێت. ئنجا بانگەوازەکە دەمانترسێنێت کە ئەگینا ئەگەر بە دەنگ ئەم گۆڕانکارییە ریشەییەوە نەچین مەترسیی گەورەتر بە رێوەیەو ئەو کات دەبێت پەنجەی خۆمان بگەزەین و گلەیی لە خۆمان بکەین.
لە راستییدا بانگەوازەکە هیچ ناڵێت جگە لەوەی کە ناوەکان پشتگیریی خۆیان دەردەخەن بۆ دەستەڵاتی پارتەکان کە ئەمە ٢٧ ساڵە باشوری کوردستان وێران دەکەن. هێنانە پێشەوەی لایەن و دەموچاوی تازە تەنها رێگای ترن بۆ سەر هەمان مەنزل. تەنها بۆ ئەوە دەبن کە کەسانێک هەلی تر بدۆزنەوە بۆ سودمەندیی یان بۆ خۆخەڵەتاندن. هاوڵاتیی دەنگ بە هەر لایەک بدات دەستەڵات بێت یان موعارەزە دەنگ هەر دەچێتەوە سەر حەوزی دەستەڵاتداریی هەموو پارتەکان.
هاوڵاتیانی هێژا!
"بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن" بە پێویستی دەزانێت کە هەندێک راستیی رون و رەوان بۆ هەموو لایەک بخاتەوە بەر چاو:
١. ئەو لایەن و لیستانەی کە تازە هاتونەتە گەمەی هەڵبژاردنەوە بەشێک بوون لە کۆنەکە یان لەو پیسخۆرییەدا سەوزبوون کە هەموو لایەک پشکدارن لە دروستکردنیدا.
٢. هەڵبژاردن هیچ پەیوەندییەکی نییە بە دیموکراتییەوە. تەنها بۆ رەواییدانەوەیە بەو دەستەڵاتدارانەی تا ئێستا حوکمیان کردووە. 
٣. ئەوانەی رۆڵی موعارەزەی پارتی و یەکێتی دەبینن بۆ خەڵەتاندنی جەماوەر کاردەکەن کە بهێنرێتەوە ژێر رکێفی دەستەڵات کە لە بەرژەوەندیی هەموویانە.
٤. دەنگدان رازیبوونە بەم بارە ناهەموارەی کە هەیە. پشتگیریی و راگریی ئەو دەستەڵاتدارانەیە کە رۆژانە قسەیان پێ دەڵێن، داوای موچەیان لێ دەکەن و ئەوان بێڕێزییتان پیشان دەدەن.
٤. بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان هەتا هەبوونی سیستێمێکی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو، ئەڵتەرناتیڤی هەڵبژاردنە. بایکۆت سنوردانانە بۆ مێژوویەک لە خراپەکاریی دەستەڵاتی پارتەکان. بایکۆت بۆ ئەوە نییە دەنگ دەچێت یان ناچێت بۆ کێ؟ بایکۆت رەتکردنەوەی هەڵبژاردنێکە کە بۆ گیرفانی ژمارەیەک سودمەند بەرژەوەندیی میللەتی تیادا دەکرێت بە قوربانیی.

بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن
١٠/٠٥/٢٠١٨

لەم لینکەوە لە کوردستانپۆستدا بانگەوازەکە بخوێنەرەوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە