بە هەمووتان، قوڕتان بۆ باشوور گرتۆتەوە!

Thursday, 10/05/2018, 14:19

4559 بینراوە


سەرانی پارتەکانی باشوور، نووسەران و ڕۆشنبیران، ئەو تاکانەی کە ناوی خۆیان وەک کەساییەتی تایبەت لە لیستەکاندا تۆمار کردوە و بەشدارن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی ساڵی ٢٠١٨، بە یەک دەهۆڵ و زووڕنا لە ژێر ئاڵای جیاوازدا، لە هەڵپەرکێیەکی گەرم و گوڕ دان، بە ریز و لە ژێر یەک ئەجێندا و ئاواز شان هەڵدەتەکێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک. 
 فڕۆشتنی کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، کاردانەوەی هەیە لەسەر پێگەی یەکێتی لە کەرکوک ئەگەر تەزویر نەکرێت یەکێتی لە ناوچەی کەرکوک دۆڕاوە، هەروها ئەو  لیستە تازانەی کە دروست بوون و بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو جارەی پەرلەمانی عیراق دەکەن، وەک لیستی شاسوار و بەرهەم ساڵح، لە نێو دڵی ناوچەکانی گۆڕان و یەکێتییدا دروست بوون، کە لەسەر دەنگی جەماوەریی ئەوان شەڕیانە و هەوڵدەدەن سەرکەوتنی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەم دوو لیستە، ئەوەندە کارێگەرییان، لە سەر دەنگی ناوچەکانی پارتی نییە، بە مانایەکی دیکە، ئەوجارەش رەنگە پارتی دەنگی زیاتر بهێنێت، بە بەراورد کردن بە دەنگی یەکە بە یەکەی لیستەکانی دیکە، ئەم ڕاستییە هەموو لایەک دەیزانن.
گەورەی هەموو قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی ئەو جارەی پەرلەمانی عیراق لە باشووری وڵات، لە ژێر ئەجێندەیەکیی دەرەکیی، دەزگای هەواڵگریی ناوچەکە و دنیایە، کە سەرچاوەی دەرامەتیانە و داوای لێکردون بە کردار لە میدیاکاندا دڵسۆزی خۆیان دەربخەن بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە و مەشروعیەت دان بە ئەنجامە دارێژراوەکەی، کە دواتر ئەو هێزە دەرەکییە دەبێت بە مسۆگەری پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکان و پشکی دوای هەڵبژاردن بۆ هەر یەکێک لە سەرانی پارتەکانی هەرێم بەگوێرەی پێگەی جەماوەری، نەک مسۆگەر کردنی دەستکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان بۆ میللەتی کورد یان چارەسەر کردنی گرفتە ئابووریی و سیاسیەکانی هەرێم، کە ئەم ڕاستییەش هەموو لایەک دەیزانن و دەرکیی پێدەکەن.
 لە کەناڵی تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی دیکەی میدیای پارتەکان و سێبەرەکانیان، سەرانی پارتەکان دەردەکەون، بە یەک نەفەس باس لەو هەڵبژاردنە دەکەن، خەڵک دڵنییا دەکەنەوە لەوەی، کە هەڵبژاردنی ئەو جارە، مەترسی لەسەر کەس دروست ناکات، بەهۆی ئەوەی ئامرازێکی تایبەت بۆ ئەم هەڵبژاردنە داهێنراوە، کە کەس ناتوانێت بزانێت و ببینێت کە دەنگدەر کێیە و دەنگ بە کێ دەدات، هەروها میللەت لەوەش دڵنییا دەکەنەوە کە ئەوجارە هەڵبژاردنەکان ناتوانرێت ساختە"تەزویر"ی تێددا بکرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەبێت!
لەدەرئەنجامدا، هەنوکە ١٠/٥/٢٠١٨یە و چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ تەواو بوونی دەنگدان و ئەنجامەکانی و مەترسی ئەو جۆرە بانگەشە و دڕۆ و دەلەسەیە، بۆ بانگەشەی ئەو هەڵبژاردنە لەوەدایە، کە ئەو جارە هەر لایەنێک لە هەرێم، دەنگی یەکەم بهێنێت کە پێشبینی دەکرێت "پارتی" بێت، هیچ لایەنێک و کەسێک ناتوانێت ددانی پێدا نەنێت، یان توانج لە ئەنجامەکەی بگرێت و بڵێت "تەزویر" کراوە! بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرانی پارت و قەوارە سیاسیەکان  بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە ژێر ئەجێندای دەرکیی کار دەکەن ، گوێیان لەوە نییە، کە چی جۆرە قوڕێک و چاڵێک بۆ میللەتی کورد هەڵدەکەنن لە باشووری وڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە