ئەوەی لەپێناو کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو شۆڕش دەکات، وەکو ئەوە وایە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردات

Sunday, 13/05/2018, 1:14

3890 بینراوە


ئەو کاتەی گیڤارا دەستگیرکرا و شوانێک ناونیشانەکەی ئاشکراکردبوو، لێیان پرسی... بۆچی رادەستتکرد و شوێنەکەیت ئاشکراکرد؟ ئەو هەموو ژیانی بۆ بەرگریکردن لە ئێوە و مافەکانتان تەرخانکردبوو؟
شوانەکە وتی ''شەڕوبێنەوبەردەی ئەو، مەڕەکانمی دەترساند''.

* دوای ئەوەی محەممەد کەریم پاڵەوانی میسر رووبەڕووی داگیرکاری فەرەنسییەکان بووەوە و دواجار لەلایەن فەرەنسییەکان دەستگیرکرا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.. ناپلیۆن بە شوێندا ناردی و پێی وت 
''گران لەسەرم دەکەوێت پیاوێک لەسێدارە بدەم کە زۆر مەردانە بەرگریی لە وڵاتەکەی خۆی کردووە، هاوکات نامەوێت لە مێژوودا بنووسن، ناپلیۆن کەسانێکی لەسێدارەدا کە بە هەموو توانایانەوە بەرگرییان لە خاکەکەی خۆیان دەکرد''.
لە درێژەی قسەکانیدا ناپلیۆن دەڵێت بەرێز محەممەد کەریم من لە بەرامبەر 10 هەزار لیرە زێر لێبوردنت بۆ دەردەکەم، ئەوەش باجێکە لەبەرامبەر کوشتنی سەربازەکانمان.
محەممەد کەریم وتی ''بەرێز ناپلیۆن من ئەو پارەیەم نییە، هاوکات زیاتر لە 100 لیرە زێر قەرزداری بازرگانە نێوخۆییەکانم''.
ناپلیۆن پێی دەڵێت ''من مۆڵەتت دەدەمی بچیتە نێو خەڵکی خۆت و لەبازاڕەکاندا داوای پارەیان لێ بکەیت''.
دوای ئەوە بە دەست بەستراوی بردیانە نێو بازاڕ دەورەدراوبوو بە کۆمەڵێک سەربازی فەرەنسی، بەڵام هێشتا ئومێدێکی هەبوو، چونکە ئەو سەرکردەی ئەو خەڵکەبوو و لە پێناو ئەواندا خۆی کردبوو ئەو دۆخەوە.. بەڵام تووشی شۆک بوو، تەنانەت یەک بازرگانیش لیرە زێڕێکی پێ نەبەخشی بۆ ئەوەی لە پەتی سێدارە رزگاری بکات، سەرباری ئەوەش بازرگانەکان بە هۆکاری وێرانبوونی ئەسکەندەریەیان لە قەڵەمدا و پێیان گوت تۆ هۆکاری تێکچوونی دۆخی ئابووریت.
محەممەد کەریم دەستبەتاڵ گەڕایەوە بۆ لای ناپلیۆن. ناپلیۆن پێی گوت ''هیچ رێگەیەکی دیکەم لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی لە سێدارەت بدەم، نەک لەبەر ئەوەی سەربازەکانمت کوشت و رووبەڕوومان بوویتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆت کردە قوربانی کەسانێک کە بازرگانیان زۆر لە ئازادی وڵاتەکەیان لا شیرنترە''.
لەسەر ئەم چیرۆکە محەممەد رەشید رەزا دەڵێت ''ئەوەی لەپێناو کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو شۆڕش دەکات، وەکو ئەوە وایە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردات تاوەکو رێگە بۆ کوێرێک رووناک بکاتەوە..''.
وەرگێڕان : شكار لە پەیجی ( پەرتووكی سپی)ەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە