گردى گۆڕان..پێش هاککردن و دوای هاککردن

Monday, 14/05/2018, 22:05

9030 بینراوە


ڕۆژانەى بانگەشە:
 ڕۆژانەى بانگەشەى گۆڕان لێوانلێو بوو لە لوتبەرزیى و بێرێزیى و حسابنەکردن بۆ ڕاى جیاواز. پڕبوو لە سوکایەتى و دوور لە هەموو هۆشیارى مۆراڵ و مەعریفەی (تا ئەو پلەیەیەى لەگەڵمدایت یان بە پێچەوانەوە)، سوپایەکى دەمپیس و جنێوفرۆشی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکنیشیان لێکردبووین بەدەنگى دلێر و ئازا و حەقبێژ.
من ڕابون مەعروفم تەنها لە تەلەفیزیۆنەوە بینیوە، هیچ جۆرە زانیارییەکم لەسەرى نییە بەدەر لەوەى لە میدیاکانەوە بینیومە، یان خوینومەتەوە، کە ئەم کەسە سەر بەچ ڕەوتێکى سیاسى بووە یان نا، ئێستا لە کوێ گیرساوەتەوە! ئەمانە دوورە لە ئامانجى ئەم نووسینەم، چونکە ئەمیش وەکو کەسێکی لایەنگری حیزبی، و خاوەن پۆستێک سەیر دەکەم.
ئەم پیاوە وەکو ئەندام پەڕلەمانێکى گۆڕان و ڕەخنەگرێکى بەرچاوى دەسەڵات و دانیشتوى شارى هەولێر چالاک بووە و لە کۆتایى مانگى دەى سال پاردا لەناو حەرەمى پەڕلەمانى کوردستان، کەوتە بەر لێشاوى هێرشى مەغۆل ئاساى پاراستن و جاش و چەقۆکێش و قارداشەکانى پارتى،  ئەمجارەیان پارتى لەسایەى خۆبەدەستەوەدانى جەلال تالەبانی و حیزبەکەى بە بنەماڵەى بارزانی، هەتا پەڕلەمان داگیر بکات پێویستى بەسوپاى عێراق نەبوو وەکو ٣١ى ئاب، ڕاستە ئەم ئەندام پەڕلەمانە ئازاردرا و کەوتە بەر شالاوى لێدان و بێحورمەتى پێکردن، بەڵام ئەوە گەورەترین سوکایەتی و بێنرخ کردنى پەڕلەمان بوو، واز لە حیزبە دەستەمۆ و دەست بەڕیشەوە گرتوو بهێنین، پەڕلەمانێک نەتوانێت پێگە و حورمەتى خۆى بپارێزیت ئەبێت چى پێوە مابێت.
 بزوتنەوەى گۆڕان بێجگە لە بۆڵە بۆڵ و ئیدانەکردن و لەو جۆرە بابەتانە هیچ کاردانەوەیەکى لە ئاستى جەماوەرى و جۆشدانى ناڕەزایەتى نەبووە نییە بۆ ئەندامی ئەو پەڕلەمانەى کە بە هۆیەوە ئەو هەموو هەوادارانەى توشى سەدەها ماڵوێرانى و نانبڕین کرد، ئەو کاتە ڕابوون مەعرووف لەلای گۆڕان پاڵەوان بوو و ئەیانووت ئەوە خوێندکارى کاک نەوشیروانە و لێدانەکەى بوو بەخێرو بەرەکەتى ڕیکلامى گۆڕان لە قەڵەمڕەوى ئەودیوو دێگەڵە چییان لێدەکرێت. خێرێکی ترى شاردنەوەى بەسەر شۆڕى گەڕانەوە ئەندام پەڕلەمانەکانى گۆڕان بۆ ئەو پەڕلەمانەى کە سەرى لەم دیوو دێگەڵە بوو.
هەفتەى پێشتر هەڵسوڕاوى نەوەى نوێ، کامەران بەروارى لە شارى زاخۆ، دیسان ڕابوون مەعروف کە وازی لە گۆڕان هێنابوو، لە شارى هەولێر ئەکەونە بەر هێرشى چەقۆکێشانى بنەماڵەى بارزانی و خەڵتانى خوێن کران، بزوتنەوەى گوڕان وەکو بزوتنەوەیەکى (مەدەنى) دەبوایە هەڵوێستى جدى هەبوایە بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانە و ئەندام و لایەنگیرانى سیاسیانە ئاراستە بکردایە، کە ئەوە دەستدرێژییە بۆ مافێکى سەرەتایی مرۆڤە، کە ئازادى بیرو ڕایە و نابێت هەولێر ببێت بە گۆڕەپانى پاوانخوازى و زەوتکردنى مافەکان، بەڵام ئاش لە خەیاڵێک و کاک عومەرى سەید عەلیش لە خەیاڵێک و لە خۆئامادەکردنی خۆیدا بوو بۆ (بەڵێ)یەکی تر.
بزوتنەوەى گۆڕان لە دواى کۆچی نەوشیروان مستەفا وەکو مریشکێکى سەر بڕاوى لێهاتووە بەهەرچواردەورى خۆیدا هەڵبەز و دابەزێتى، هەڵچونى بازرگانێکى بێئەزمونى وەکو شاسوار عەبدولواحیدی لێبوە بە دوژمن و سەنگەری لێگرتووە، ئەمە ئەو حیزبە خاوەن بەرنامە و میتۆد و پاکێجە بوو، کە باکى بە کەس نەبوو و لە خەمى جییبەجیکردنی بەرنامەکانی خۆیدا بوو بەڕێگاى سەخت و هەورازدا، ئەم حیزبە ڕابوون مەعروفی لە ڕیزەکانى خۆی دەرکرد لەبەر ئەوەى بە ڕیفراندۆمەکەى میتى تورکى نەگوت (بەڵێ)، دیارە ئەم پیاوە لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا دەرگاى بەختى لێکلۆمدرا، خۆ عومەرى سەید عەلى دەرگاى دەنگدانى بە (ئۆکەى) کردبووەوە، هەموویانی سەرپشک کردبوو وەکو سەرقافڵەى گۆڕانخوازان هەر بەیانى زوو پەنجەى مۆرکراوى بۆ مەسعود هەڵبڕى. لەبەر ئەوەى رابون مەعروف ئێستا لە حیزبەکەى گۆڕاندا نەماوە و ڕوى لەلایەکی ترە تەنانەت لێدانەکەشى بۆتە مایەى دڵخۆشى بۆ گۆڕان و گۆڕانخوزان و سینارێۆى بۆ دائەتاشن، لێرەوە بێماهیەتى و بیمۆڕاڵى گۆران هەموو نەریتێکى سیاسی ئەبەزێنیت.
خالید ڕەزا ئەمین ئامۆزاى کاک نەوشیروان مستەفا بە ئاشکرا بێمۆراڵى لێ دەتکێتە خوارێ، واتە لێدانى ئەم پیاوە وەکو کەسێکى ئاسایى، یان سیاسى مایەى ئیدانەکردن بوو، بکەران و هاندەران و ئەوانەى بەهەر شێوەیەک دەستیان لەو کارەدا هەبێت وەکو هاوبەشى تاوانێک ئەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەسزاى تاوانیان بگەیەنرێن، بەڵام خالید رەزا لاى وایە پارتى ئەوەندە گێلە کە ئەم پیاوە ناناسێت لەبەر ئەوە لێیداوە هەتا دەنگى گۆڕانى پێکەم بکاتەوە، پاکانە بۆ دەستدرێژیەکەى پارتى ئەکات.
هەر لە بەشێکی ترى ئەو نووسینەى خالید دا کە ئاماژەمان پێکردووە ئەڵێت:
پارتى بۆ پەرتکردنى دەنگەکانى دەرەوەى خۆى ئامادەیە پێ لە سومعەى سیاسی و کۆمەڵایەتى خۆی بنێ و باکى بەناو زڕاندنى خۆی و ناوبانگى هەولێر کە پایتەختى هەرێمى کوردستانە، نییە.
 ئەم گۆڕانە لەهەموو شوێنێکەوە کونى تێبووە، ئامۆزاکەى کاک نەوشیروان تازە باسى سومعەى پارتى ئەکات، لەوانەیە بۆ ئەو پیاوە (ڕابوون) ئەوەش بە شانازى بگەڕێتەوە کە خالید ڕەزایەکى گەندەڵ بەهۆى پێگەى خزمایەتیەوە کاتى خۆیکرا بە قایمقامى سلێمانى نمونەى دەست پیسى و گەندەڵى بوو، لەسەرى بنوسێ.
حیزبێک سایتە فەرمیەکەى بەو جۆرە نووسینانە و بەو کەسە ئاستنزمەپاکانە بۆ دەستدرێژى بنەماڵەى بارزانی بهێنێتەوە و لاى وایە پارتى سومعەى هەیە بەڵام دەربەستى نییە، ئیتر چۆن نابیت بەگاڵتەجاڕى دەنگدەران بەتایبەت خەڵکى ووشیارى سلێمانى.
 ئەم تاى دژایەتیکردنی حیزبىایەتی تر و بە شێوەیەکى ناسیاسى شۆڕبۆتەوە بۆ ناخى گۆڕان، هەتا دوێنێ بوو گۆڕان تانەى لە حیزبەکانی تر ئەدا کە سایتى سێبەریان هەیە و ئێستا خۆشیان لاسایى هەمان حیزبە دەسەڵاتدارەکان ئەکەنەوە و زۆر بێمۆراڵانە ئەوەش نمونەیەک.کەواتە ئەم بزوتنەوەیە توشى داڕمانێک بووە وەک لادیوارى گردى زەرگەتە کە بۆ دووساڵ ئەچێت داڕماوە بێچاککردنەوە.
 ئەوەش نمونەکەیەتى :
  
 بڕوانن چۆن سوکایەتى بە کەسێک ئەکەن، کە پارتى دەستدرێژیی کردۆتە سەرى، لە کاتێکدا گۆڕان وەزارەتى پێشمەرگەى بەدەستەوە بوو، یەک دوو زێرەڤانى بنەماڵەى خاک تاڵانکەر، وەزیرى پێشمەرگە و وەزیرکانی ترى کابینەى بنکە فراوانى چوار ساڵى ئارامى بێسرپە و بێچرپە کرد بەئەمدیوى سنورى دێگەڵەدا.
 گۆڕان بەهەمان تیۆرى بەعس و بنەماڵەى بارزانی، ئەگەر لەگەڵ ئەواندا نەبویت، ئەوا دوژمنیت و سەر بە دەسەڵاتیت و ئەگەر لەگەڵ ئەواندا بوویت وازت هێنا ئەوا سەنگەرت لە ئەوان گرتووە، ئینجا وەرە ئەمە حاڵى ئۆپۆزیسیێۆن بێت، ئەی ئەگەر دەسەڵاتى لەبەردەستدابوو؟!، ئیتر قوڕ بەسەر ڕابوون مەعروفى داماو، کە کار گەیشتۆتە ئاستێک لاى گۆڕان هەوادار و گۆڕانخوازان ئەڵێن کە خوێنى بزنى لەخۆى داوە. (من لەبەر ڕێزى خوێنەرانى کوردستانپۆست وێنەکەى داناگرم).
 ئەم هەڵبژاردنە بە زۆر شت شاد ئەکاتەوە لەوانە بەڕێز وەزیرى پێشمەرگە (مستەفای سەید قادر) لە ئەنفالى یەزیدیەکاندا زمانى نەجوڵا، لەو هەموو شەڕوشۆڕەى سەردەمى داعش ئەم وەزیرەی گۆڕان ووتەیەکى نەدا، کە ئەچوو بۆ هەندەران ژەنەراڵەکەى کۆڕەک تیلیکۆم سیروان بارزانی هاوشانى بوو، دوور نییە دەمى کڵۆم دابێت، ئێستا ئەم هەڵبژاردنە ئەم بەڕێزەى بۆ دۆزینەوە ئەوەتا ئەمیش ئەڵێت:
وەزیرە ئازا و قارەمانەکەی گۆڕان، وەزیری پێشمەرگە لە سەردەمی ئەنفالی یەزیدییەکاندا
  
 گۆڕان گەورەترین هێزى هەیە کە پشتیوانى خەڵک و بەرنامە و پرۆژە و کردەوەکانیەتى، ئەگەر تۆزیک واز لە پرۆژە و پاکێج بهێنین گۆڕان ئەم گەورترین هێزەى بۆ چ تەنگانەیەک هەڵگرتووە کە ئاوخواردنەوەیان لەهەولێردا پێرەوا نەبینین و لەم دیوو دێگەڵە تینویەتیان شکاند.زۆر ئەترسم بەڕێز وەزیرى پێشمەرگەى لەکار خراو بە ئەنجامى ئەم هەڵبژاردنە زمانى شکابێت و هەتا هەڵبژاردنێکی تر نەیدۆزینەوە.
کوێستان محەمەدى ئەندام پەڕلەمانى خولى پێشووش، ئەڵیت :
بایکۆتى هەڵبژاردن یان دەنگ نەدان بەبزوتنەوەى گۆران، لەبەرژەوەندى ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەیە کە بیست و حەوت ساڵە خەڵکى هەرێمى کوردستان دەچەوسێننەوە.
 بێئاستى ئەم گۆڕانخوازەش لەوەدایە، کە (بایکۆتى هەڵبژاردن) یان (دەنگ نەدان بەبزوتنەوەى گۆران) بەیەک چاو دەبینێت، واتا ئەگەر من بایکۆتى ئەم گاڵتە جاڕییەى هەڵبژاردن بکەم، کەواتە کەوتومەتە خزمەتى دەسەڵاتەوە، یان هەر ئەبێت دەنگ بەبزوتنەوەى گۆڕان بدەیت. لێرەدا ڕوخسارى دوو بنەماڵەی نەوتفرۆش وخاکفرۆشى سپیکردۆتەوە. چەند ساڵە گۆڕان، چونکە ئەم خاتوو ئەندام پەڕلەمانە فێرنەکراوە، کە دەنگدان مافی هەمو کەسێکە ئەگەر مەرجەکانى بەشداریکردنى تێدا بێت، ئیتر ئەو دەنگدەرە ئازادە ئەم مافە بەکاربهێنێت یان پەپێچەوانەوە، واتا (دەنگ بدات، یان نەیدات).
 ئەوەتا لەم هەڵبژاردنەدا لەنیوەى زیاترى خەڵکى کوردستان و لەو ڕێژەیە زیاتریش لە خەڵکى سلێمانى بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردووە، چونکە هەڵبژاردن (سیناریۆیەکى ساختەکارى دەسەڵاتە)، بە پێی قسەکانی ئەم ئەندام پەرلەمەنتارەی گۆڕان کەواتە بەشێکى گەورەى میللەت سەر بەدەسەڵاتە ئاخر ئەمە لە فەرهەنگى گۆڕاندا نەبێت لە چ فەرهەنگێکى تردا جێگەى ئەبیتەوە!؟
لە پەرلەمانی عێراقدا چییان کردووە؟!
بزانین ئەندام پەڕلەمانەکانى خولى کۆتایى عێراقى ئەم خوشکە بەڕێزە لە دوو پرسى گرنگدا کە دوو یاساى بۆ دەرکراوە و تێپەڕێنراوە چیان کردووە، هەتا خەڵک دەنگ بەبزوتنەوەى گۆڕان بدات، تەنانەت چ کاتێک جورئەتیان هەبووە لێدوانى لەسەر بدەن، کەوابوو سەرنجی ئەمانەی خوارەوە بدەن:
--------------------------------------------
یەکەم: یاساى حەشدى شەعبى ژمارە (٤٠) ساڵى ٢٠١٦ کە وڵات بەرەو لێکترازان و حوکمى میلیشیایى ئەبات.
دووەم: یاسایى یەکێتى پەڕلەمانتارانى عێراق ژمارە (٨٦) ساڵى ٢٠١٧ ، کە ئەم یاسایە بەهاوکارى براعەرەبەکانیان و کەمایەتیەکان بە بێدەنگی تێپەڕێنرا، بروانن :
لە مادەى یەکەم و بڕگەى چوارەمیدا هاتووە: کە ئەم یەکێتیە بەرگرى لەمافە مادى و مەعنەویەکانى ئەندامانى ئەکات واتە پاراستنى ماف و ئیمتازەکانیانە بەبێ ئەوەى کە سروشتى ئەم مافانە دیاریبکرێت و هۆى بەیاساکردنى ، بەتایبەت کە ئەم یاسایە خولەکانى پێشوترى پەڕلەمان ئەگرێتەوە.
لە مادەى پانزەیەم و بڕگەى (ج)دا هاتووە کە لە بودجەى پەڕلەمان لە بڕیاردانى بوجەى گشتى پەڕلەمان پاڵپشتى دارایى گونجاو بۆ خزمەتە ڕاوێژکاریەکانى یەکێتى پەڕلەمانتاران تەرخان بکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە پەڕلەمان چەندەها لیژنەى تایبەتى ڕاوێژکارى هەیە، هیچ پاساوێک نییە شایستەى دارایى ئەم ڕێکخراوە سەر بەپەڕلەمان بێت.
ئەندام پەڕلەمانەکانى گۆڕانیش وەکو ئەندام پەرلەمانەکانى دەسەلات و سێبەرى دەسەلات ئەم یاسایەیان تێپەڕاند و بێدەنگەیان کردوو نەیانهێشت خەڵکى کوردستان بەمە بزانێت چونکە دەستکەوتى دارایی خۆیانى تیدایە.
--------------------------------------------
 بزوتنەوەى گۆڕان و دەستەواژەی باوکی هەژاران:

نمونەی باوکی هەژارانێک، کە خواردن بە هەژاران دەدات (نمونەیەکی بچوک لە ئەفەریقا)
بزوتنەوەى گۆڕان لەبرى دروشمى واقعیانە هەڵبگرێت و کەوتە ختوکەدانى هەست و سۆزى خەڵک، دەستەواژەیەى باوکى هەژارانى هێنایە ئاراوە کە ئەمەش چەند دەستەپاچەیی ئەو حیزبە پیشان دەدات، کە ناتوانێت هەڵسوکەوت و مسایەرەى واقیعەکە بکات، ئەوەندەش ناهەقییە دەرحەق بە خودى کاک نەوشیروان.
من پێموایە خودى ڕەوانشاد خۆى بە باوکى هەژاران نەناسیووە، بەڵکو شەقڵى خۆى هەروابووە کە زۆر بایەخى بەپۆشین و ئەتەکێت نەداوە، من نەمبیستووە بەڕێزیان یارمەتى هەژارانى دابێت یان کارێکى خێرخوازى کردبێت ئەوەش بە کەمورتیەک حساب ناکرێت، چونکە زۆر ئەرک هەیە وەکو باربووە دەستەبەرى کۆمەلایەتى ئەرکى حکومەتە.
 غاندى کە سوارى شەمەندەفەر ئەبێت تاکێکى نەعلەکەى لە قەرەباڵغیدا ئەکەوێتە خوارەوە دەستبەجێ تاکەکەى ترى هەڵئەداتە خوارەوە هەتا ئەوەى ئەیدۆزێتەوە بە کەڵکى بـێت، هەموو جلەکەى چەند مەترێک کوتاڵ بوو لەخۆیەوە ئاڵاندبوو، سەرچاوەى خۆراکى بزنێک بوو ئەوە ژیانى ئاسایى و سیاسی تێکەڵ کردبوو، ژیانى ئاسایى غاندى خۆى لە خۆیدا سیاسەت و جۆشدانى خەڵک بوو بۆ بەرەنگارى و ڕزگاربوون.
 ئەم دەستەواژەیەى باوکى هەژاران بۆ نەوشیروان مستەفا لە چییەوە هاتووە، کە بەبێ شەنوکەو تەتەڵەکردن بوو  بەویردی سەر پلاکارتەکانى هەڵبژاردن، کاتێک جەنازەى ڕەوانشاد بۆ دەرەوەى گردى زەرگەتە ئەجوڵا، لەو کاتەدا کەسێکى ئاساییى خەڵکى گەڕەکى زەرگەتە بەناوى (أ) حەماسەت ئەیگرێت و بەدەنگى بەرز هاوار ئەکات: ماڵئاوا باوکى هەژاران... ماڵئاوا باوکى هەژاران...، ئیتر ئەم دەستەواژەیە کەوتە سەرزاران.
بەداخەوە ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕانی ئیستا (عومەری سەید عەلی) بەزمانێکى زۆر ڕۆمانسیانە باس لە هەڵبژاردن ئەکات و ئەڵێت : هاوڵاتیان پێویستە بەدەنگەکانیان (سزاى) یەکێتى و پارتى بدەن.
  
بەڵام پێچەوانەی قسەی عومەری سەید عەلی، کە قسەکەی عەقڵانی نییە، بەڵکو زۆر ناسیاسیی و نەفامانەیە، چونکە پێچەوانەکەی ئەوەبوو، کە سزادانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیی بە نەمان و سەرنگوم کردن دەبێت، بایکۆتیش هەنگاوێکى ئاسان بوو هەتا گەمەى پاوانخوازانى دەسەڵات تێک بشکێنرێت، کە ڕۆژێک بەناوى کوردایەتى و ڕۆژێک بەناوى ساوایەتى و ڕۆژێک بەناوى ڕیفراندۆم خەڵک هەڵبخڕێنن، بەڵام گۆڕان ئەم چەکەشى لەدەست خەڵک دەرهێناو بەقەد ئەو سزایەى کە کاک عومەر خەوی پێوە ئەبینى نەهاتە دى.
گردى گۆڕان..دوایى هاککردن 
گردەکە دوایى دەرکەوتنى هەندێ ئەنجامى بەرایى و نافەڕمى توشى شۆک بوو، شیرازەى پچراو جڵەوى سیاسى لە دەستداوە، بوو بە مەیدانى نمایشى هەندێک هەرزەى سیاسی، وا بچوک کرایەوە بوو بە تەپۆڵکەیەکى بێپەرژین و بێخاوەن، بوو بە مەیدانى تەراتێن و جریتبازى، بەتایبەتی بۆ ئەوانەى کە لایان وابوو کوردستان و بەتایبەت سلێمانى لەوان زیاتر کەس نابینێت، لایان وەهابوو، کە یەکەمى بێڕکابەران، تەنانەت کۆمیسیێۆنى هەڵبژاردنەکانیش بەقەدەر (بزوتنەوەى گۆڕان) و (عەلى حەمە ساڵح)ەکان ڕیکلامى بۆ ئامێرەکانى هەڵبژاردن و تۆمار و جیاکردنەوەى دەنگەکان نەکرد، کە ئەڵێت :
هەڵبژاردنى ئەمجارە لە سەرەتاوە تاکو جیاکردنەوەى دەنگدان.
بەشداربە لە هەڵبژاردن دەنگت ساختە ناکرێت و گۆڕانکارى دروست بکە 
بەڵام دوایی هەر خودی بزووتنەوەکە و عەلی حەمە ساڵحی هەرزە سیاسیی، زۆر بێئابڕووانە ئاوازیان گۆڕی و لەم بارەیەوە چوونە قۆناغى متبونەوە.
ئەم حیزبە لەبرى ئەوەى لێکۆڵینەوەى ورد و واقعیانە بکات بۆ نائومێدى خەڵکى کوردستان بەرامبەر پرۆسەى هەڵبژاردن، بە پێچەوانەوە پەنای بۆ سەدەها فێڵ و درۆ و ساختە کارى برد، ئەویش لە پێناو بۆ هەڵفریواندنى خەڵک بۆ دەنگدان و بەشدارى پرۆسەى هەڵبژاردن، هێشتا لە خەوى ڕەونەقى جارانى خەبەرى نەبۆتەوە و لاى وایە خەڵک هیوایان بە گۆڕانە، زۆر لە مێژە سەرقاڵى ئەم هەوڵانەن.
هەڤاڵ ئەبوبەکرى پاریزگارەکەیان ئەمیش درۆ بەناوى کۆمیسۆنەوە ئەکات، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە نووسراویان بکات، دوا ئەکات کە فۆرمى خۆراکى ساڵى ٢٠١٨ بە هاوڵاتیان نەدرێت هەتا بەڵگەنامەى بایۆمەترى هەڵبژاردن پێشکەش نەکەن، ئەمەی خوارەوە نووسراوەکەى پارێزگایە بە ژمارە ١٤٩١ لە ٨-٢- ٢٠١٨، بەمەدا دەردەکەوێت خۆ ئەگەر شەکر و چا بەدەست ئەمان بوایە، ئەوا خەڵکی هەتا دەنگیان بە کاندید و لیستى گۆڕان نەدایە ئەوەشیان بە خەڵکی ڕەوا نەدەبینی.ئەمەش نمونەى نوسراوەکەى :

بەڵام دوایی تەقەکردن لە گردى زەرگەتە، جارێکی دیکە بوو بەخێر و بەرەکەت و فیشەکەکان بوون بە بارانى ڕەحمەت هەموو ئەو درۆ و فرو فیشاڵانەى بەناوى هەڵبژاردنەوەوە ئەیانکرد و لامەرکەزییان ڕائەگەیاند و نەوت و گازیان بۆ میلەت فەراهەم ئەکرد، زیاتر پێیان لێدائەگرت و جوتە بنەماڵەى حوکمدارى کوردستانیان ڕیشە کێش ئەکرد هەموو ئەمانەیان لە بیر خۆیان بردەوە.
گردى زەرگەتە لە گردێکى سیاسیەوە بوو بە گردێک بۆ لاواندنەوە و گریان بەسەر گڵکۆى بەڕێز نەوشیروان مستەفا و هاوارکردن بۆ جەماوەر بۆ پاراستنى گۆڕەکەى و دەستدوبرد پاراستنى پارتى لە سلێمانى ئەم هەلەى قۆستەوە و خێرا کەناڵ ٢٤ى نارد و بۆ ناو ئەوانەى کە تا دوێنێ سیستەمیان ئەگۆڕى، بەڵام ئیمڕۆ بۆ پاراستنى گۆڕ لە بەردەم گردى زەرگەتە خڕبونەتەوە، هەمویان بە ڕیتمى پارتییەکى عەیارە ٢٤ لێدوانیان ئەدا و بێجگە لە جنێو و خیانەتى ١٦ى ئۆکتۆبەر و لاهورى جەنگى شتێکی تریان شک نەدەبرد هەتا بیڵێن.
 
 لە هەمووى گاڵتەجاڕیتر یەکێکیان لە هۆڵەندا، کە سیاسەتى بۆ گۆڕان دائەڕشت و ڕاگەیاندنى گردەکە بە دەنگى دلێریان ناوى ئەبرد، ئەیوت: کاک لاهور گیان بەقوربانى ئەو دڵەت بم، ئەم هەراى ساختەکاریى و تەق و تۆقە رابگرە.
کەی ئێن ئێنەکەیان کە وای ئەزانى میللەت لە داخى منداڵە وردیلەکانی تالەبانی ئەوەندە دەنگ بەگۆڕان ئەدەن، ئیتر کۆمیسیۆن بە سندوقى تازە فریاى بنکەکانی دەنگدان دەکەوێت. ئەمانە هەمووى ڤێرژنى تازەى دواى کۆچى دوایى کاک نەوشیروان دەرکەوتون و سیماى شارستانى ئەم بزوتنەوەیەیان برد بەناخى زەویدا.
 ئەم شکستەى گۆڕان، ئەو خێرەى تیابوو کە سوپایەک لەمشەخۆر و ماستاوچى و دووڕوو جاهیلى تێکشکاند کەهەریەکەى خۆى بە تەکەتولێکدا هەڵواسیبوو، وەکو شێرپەنجە لەگردەکەدا بڵاوبونەتەوە و بە نیازى پچڕینى پلە و پۆستێک کەسیان خۆیان بە حەملان ناگۆڕنەوە و خۆیان بەشایستە تر ئەزانن، شکستى گەورەى گۆڕان لە پشوو کورتى بە شدارى لە حکومەتدایە و خۆشیان هەتا ئێستا خێرى ئەم بەشداریی کردنە نازانن، مەگەر جارجار پارێزگارەکەیان بەشى ١٠ بۆ ٢٠ داڕشتن دەم بەیەکا ئەدات.
بۆ کۆتایی:
گۆڕان..قاچێکى لە ناو حکومەتدا چەقیوە و قاچێکیترى لەمدیوە.
نرخى ئەو قاچەى ناوحکومەتى سەدەها کەسی بە شاربەدەرکردن و ئەشکەنجە و ئازار و گرتن بە نانبڕین دا، بێحورمەتیان پێکرا، سەدەها و بگرە زۆرتر،
دەستەکەوتەکایان شەرمنانە پۆستى پارێزگاریەکى ئاوەڕوتکراوى بەرکەوت، پۆستى بەڕێوەبەرى حەج و عومرەى لە سلێمانى وەرگرت لەسەر هەناسەى سارد و سفرەى بێڕەونەقى دەنگدەران، ئاخر کوڕینە بە پۆستى حەج و عەمرە گۆڕانکارى ئەکرێت؟! مەگەر مەلا کامەرانى بەڕێوەبەرەکەى مەرجى دوعاکردن بسەپێنێ بەسەر حاجى و عومرەکارندا، کە هەموو دوعاى خێر بۆ گؤڕان بکەن، هەتا گۆڕان زۆر بە نەخۆشى شکستى هەڵبژاردنەوە نەتلێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە