دابڕان و مرۆڤی ژیری ژیر

Wednesday, 05.16.2018, 15:15

3212 بینراوە


ژۆزێف بۆیس، هونەرمەندی ئەڵمانی 1921.1986 کاتێک لە شەڕی جیهانی دوەمدا بە فڕۆکەکەیەوە ئەکەوێتە خوارەوە، لەلایەن خێلێکی تەتەرەوە برینەکانی ساڕێژدەکرێت، بە دەستوری دابڕاندنی ئەو برینە لە جیهانی دەرەوەی میکرۆبو ڤایرۆس، بە بەکارهێنانی لباو و چەوری و هەنگوین..تاد، لەدوای ئەم روداوە، ئەم ماتریااڵانە ؛ لباو، رۆن، مس، کەرە، خوێن، سولفات، دار،خۆڵ، نینۆک، مو، دەبنە کەرەسەو هەوێنی هونەرەکەی . یەکێک لەو کارە هونەریانەی ؛ hapning کە لە پیشانگایەکدا لە ئەمەریکا دەیکات، ژۆزێف بۆیس خۆی دەپێچێتەوە لە لباوێکەوە لە ئەڵمانیا، پاشان ئەمبولانسێک دێت بە شوێنیداو هەڵی دەگرێتو دەیباتە فڕۆکە خانەو بەگەیشتنی بۆ ئەمەریکا، ئەمبولانسێکی تر لە فڕۆکەخانەکەوە دەیباتە شوێنی پێشانگاکە، ژۆزێف بۆیس هەر لە لباوەکە پێچراوەتەوە و لەجیهانی دەرەوە دابڕاوە بە خۆی و گۆچانەکەیەوە، پاشان دەیبەنە ژورێکی پێشانگاکەو سێ ڕۆژ لەو ژورەدا لەگەڵ ئاژەڵیک coyote دا بەسەردەبات کە چەند ڕۆژێک لەوەو بەر راوکراوە لە ئەمەریکا . بەم جۆرە ژۆزێف بۆیس خۆی دابراندوە لەدەوروبەرەکەی هەتاوەکو بەخۆی فکرو خەمەکانیە بگاتە شوێنی مەبەست.
دەگەڕێینەوە بۆلای ژۆزێف بۆیس لە کۆتایی نوسینەکەدا.
سەرەتای پیکهاتنی خانەی ئۆرگانیک، پێش 3.5 ملیار ساڵ لەمەو بەر، کە بو بە یەکەم خشت بۆ بنیاتنانی هەمو بونەوەرێکی زیندو، لەدەرئەنجامی بەیەک بونی کۆمەڵە مۆلوکولێکی ئۆرگانیک لە کەش و هەوایەکی گونجاودا، هەر یەکەیان بە خاسیەتێکی جیاواز، یەک ئامانج کۆی کردونەتەوە ئەویش پێکهێنانی تەنێک هاتاوەکو باشتر بتوانێت خۆی بگونجێنن لگەڵ دەوروبەرەکەیدا لە پێناوی بەردەوام بونیان لەژیان .
سەرەتای بەیەک گەشتنی ژۆزێف بۆیس لەگەل ئاژەلەکەدا
ئەمڕۆ کە مرۆڤئ ژیری ژیر بەرهەمی ئەو خانە سەرتایەیە، مێژوی دروستبونی ئەم خانەیە لە جینەکانیایدان، کارەکتەرو هیواو ئاواتیان دیاری دەکات، هەموشمان بە هەمو جیاوازیەکمانەوە ئەو ئامانجە کۆمان دەکاتەوە ؛ بەردەوامی لەژیان، بەلام ئەم بەردەوامیە لای مرۆڤی ژیری ژیر هەر ئەوە نیە کە بخواتو بخۆاتەوە و سەیری ئاسمانی شین بکات، بەگوێرەی هەندێک لێکۆڵینەوە ئەم گەردونەی ئێمە، بەرهەمی پێکهاتەیەکی ژیرە، کە لەدەرئەنجامی لەناوچونیەوە جارێکی تر خۆی دروست کردۆتەوە، نۆرەی ئێمەیەو کاری ئێمەی مرۆڤە کە بە هومو گەردونا بڵاوبینەوە و جارێکی تر بەردەوامی پێ بدەینەوە و لە لەناو چون ڕزگاری بکەین بۆ هەتا هەتایە بە بلاوبەنوەمان بە هەمو گەردونا. 
 ئەگریش هەندێک کەس هۆشمەند نەبن بەم غەریزەیە، ئەوا ویستێکی شاراوە دەیان بات بەرەو ئەو نیشانەیە، لەم ڕێگایەدا ناکۆکی و جیاوازیەکانمان دەردەکەون، بەم هۆیەوە دابڕان بەکۆمەڵو بەتاک لەنێوانمندا روئەدەن کە دەبێتە هۆی ململانییەکی توندو دژوار . 
 هەر لەدروستبونی کۆمەڵگەو شارو شارستانیەت، مرۆڤ بە هۆشو ناهۆشمەندیەوە بەرەو ئەو ئامانجە دەڕوات، ئەم ئامانجە ئەگەریش غەریزەیەکی سروشتیە، بەڵام مرۆڤ خۆی هەمو جارێک توشی شۆک دەبێت بە ئاشنابونی بە دەرئەنجامی بەرهەمەکەی، کە چ کۆمەڵگەیەکو چ جۆرە ژیانێک بەرهەم دەهێنێت. وەک ئەوەی جاوەروانی ئەوەی نەدەکرد کەلە لە کۆتاییدا دژی خۆی بوەستێتەوە، وەک ئەو بونەوەرەی فرەنک ئەنیشتایین دروستی کردو لەکۆتاییدا ئەی ویست دروستکراوەکەی بکوژێت. وەک ئەوەی کە ئێڤۆلیشنی سروشتی مرۆڤ، خۆی لە خۆیدا کاولکەر بێت، دژی بەختەوەری خۆی بێت.
 سیستەمی ئێکۆنۆمی و سیاسیو پەروەردەش هەر لەسەر پێکانی ئەم ئامانجە بەندە، تەنها دینەکان نەبن کە ڕێگەیان لەم ئامنجە سروشتیەی مرۆڤ گرتوە، لەسەردەمانێکدا کە دینی مەسیحی باڵادەستبو لەئەوروپا کەسانێکی دەردەکرد لە کۆمەڵگەکەی لەبەر ئەوەی دوای هەمان ئامانجی ئەوان نەدەکەوتن لەوانە کەسانی زانا وەک گالیلێ، یان هونەرمەندان یان هەر تاکێکی تر کە ڕیگایەکی تری دەگرتەبەر. 
لەهەمو کۆمەڵگەیەکدا دابڕان بە تاکو کۆمەڵ، وەک ڕێکخراو یان خۆڕسکانە دروست دەبن، ئەمڕۆ لەسیستەمی کۆمەڵگەی ئەوروپیدا لەبەر ئەوەی ڕۆڵی خێزان کەمتر بۆتەوە، بۆ ئەوەی تاک دانەبڕێت لێی، بەهەمو شیوەیەک هەوڵ ئەدەن تاکەکان ببەستنەوە بەخۆیانەوە هەتاوەکو وەک مەڕی بێ شوان دانەبڕێن، ئەویش بە سیستەمی سۆشیالو تاکسو دەنگدان. سیستەمی ئەوروپا بە پێچەوانەی داروینەوە هەڵسوکەوت دەکات، بە هەمو جۆرێک هەوڵ ئەدات کە ئەو کەسانەی بەهۆی کەم ئەندامیەوە یان کەم ژیریەوە ناتوانن دوای داواکانی ئەم کۆمەڵگەیە بکەون، یارمەتیان ئەدات هەتا لە کاروانەکە دوانەکەون، هەتا جارێکی تر نەبنەوە بە پێکهاتەیەکی دابڕاو و ئۆرگانیزمی دژی خۆی بوەستنەوە. بە پێجەوانەی ئێمەوە لە ئەوروپا تەلەبە تەمبەلەکان دەخەنە پێشەوەی پۆلەکە هەتاوەکو نزیکتر بن لە مامۆستا. هەتا ئەمڕۆ ئەم جۆرە سیستەمە بەردەوامە، ئایا لە داهاتودا لەگەل دابەزینی باری ئێکۆنۆمی ئەوروپا ئەمە دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر سیستەمی دیکتاتۆرو کۆمۆنیستی، بەهەمو جۆرێک دژی دابڕان وەستاونەتەوە و سەرکوتیان کردون، ئەوا سیستەمی دیموکراسی هاتەوە سەر لۆژیکی خانە؛ باهەمومان بە جیاوازیەکانمانەوە پێکەوە بڕیار بدەین، کەس دانەبڕێت لە کۆمەڵگەکەماندا ئەگەریش فکرو تواناو ژیریمان جیواز بێت، بەلام ئەم سیستەمەش هەرخۆی جارێکی تر تەڵە بۆ جیاوازیەکان دادەنێت، بە دابڕانی ئەو کەسانەی کە خزمەت بەو ناکەن ؛ لە پەرەگرافی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتوە ؛ جیاوازی کردن لە نێوان مرۆڤێکو مرۆڤێکی تردا لەسەر ئەوە بەندە کە کامیان زیاتر خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات واتە بە قازانجی گشتی دەکات، لەکاتێکدا ئەو کەسەی کەدەچێت بۆ جەنگ بۆ بەرگری کردن لە نیشتمانەکەی، بەرزتر دەبینرێت لەو کەسەی کە دژی ئەو جەنگەیە، ئەم جەنگەش هەرخۆی ئەگەر لە سەردەمێکدا وەک خزمەت بناسریت، لە سەردەمێکی تردا وەک تاوانو جینۆساید دەبینرێت، کەواتە دەبوایە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا بوترایە ؛ ئەو کەسەی کەمرۆڤ دۆستترە، نەک خزمەت زیاتر دەکات، چونکە خزمەت بە سیستەمێک دەکات کەخۆی هۆشمەند نیە کەئایا ڕێگایەکی دروستی گرتۆتە بەر یان نە.
 لەم لاو لەولاش، لە ئەوروپا لەدەرئەنجامی ئەو ژیانە جەنجالەی شارستانیەتی تەکنەلۆژی خولقندویەتی، لە بێ هیوایان بە شۆڕشێک بۆ گٶڕینی سیستەمەکە بە تاکو بە کۆمەل جیادەبنەوە و خۆیان دائەبڕن بە خولقاندنی جۆرێکی تری ژیانی ئێۆکۆلۆژی ، گوایە نە خەوشوخاڵڵیان دەبێتو نە بەرهەمی زۆر، واتە؛ ئۆتۆ ئێکۆنۆمی، بەم جۆرە بەڵکو ژیانێکی بەختیاری بژین، بەلام ئەم جۆرە سیستەمە دەگونجێت بۆ کۆمەلە کەسێکی بچوک، هەر کە ژمارەمان زۆر بو دەکەوینەوە بەردەم هەمان موشکیلە، نەک تەنها زۆربونی ژمارە موشکیلەی بەرهەمو دۆزینەوەی وزەو ئۆرگانیزاسیۆنی کۆمەڵگەیە هەروەها دەبێتە هۆی زیاتر دەرکەوتنی دیاردەی غەریزە سەرەکیەکەی مرۆڤ ؛ ئێمە کێینو لە کوێوە هاتوینو بۆ کوێ دەچین، کە دەبێتە هۆی ترسو لەرزینی ڕۆحی مرۆڤ، بۆ لەبیربردنەوەی ئەم ترسە دەبێت سەفەرێکی دورو درێژ ئەنجام بدات هەتاوەکو ململانێکانی ناوەوەی خۆی لەبیر باتەوە، وەک گەلگامش هەتاوەکو وەلامی پرسیارەکانی بداتەوە، لە جاوەڕوانیشدا تەوژمێکو هیوایەکی پێ ئەدات لەژیاندا. 
حسەین عارف لە چیرۆکی گەلەگورگدا کە بەشێکە لە بیۆگرافی خۆی دەیەوێت دابرێت لەو کۆمەڵگەیەی کە خاڵی هاوبەشی لەگەڵدا نەماوە، لەگەل خێزانەکەیدا دەجێتە کوێرە لادییەک نیشتەجی دەبێت، دور لە شارستانی، کاتێک دەبینێت شەوێک گەلە گورگێک ئەدەن بەسەر خانوەکەیدا، دەیانەوێت لە لولەی زۆپاکەوە بێنە ژورەوە، پاش ئەوەی لولەی زۆپاکە دەگرێت، دەبینێت کە گورگەکان دەیانەوێت بەچڕنوکەکانیان ژێر دەرگاکە هەڵکەنو لەوێوە بێنە ژورەوە، پاشان لە پەنجەرەکانەوە، سەری سوڕ دەمێنێت لە زیرەکی ئەو گورگانە کە چۆن هەرجارەو شوێنێکی نوێ ئەدۆزنەوە بۆ هاتنە ژورەوە، لەکۆتاییدا کابرا دەلیت ؛ ئەمانە گورگ نین، وادیارە مرۆڤن . سارتەر دەڵیت ؛ جەهەنم ئەوانی ترن. ئەوانی تر نەک تۆیان قبوڵ نیە بەڵکو بیرو راو مۆدێلی خۆشیان بەسەرتا دەسەپێنن.
 دابڕان لەخۆ ؛
دیاردەی خۆنواندن، غەریزەیەکە تایبەتە بە هەمو زیندەوەرێک، ئەم دیاردەیە، خۆی لەخۆید دژی دابڕانە، بۆ بەیەک بونی لەگەڵ ئەوی تردا یان پەیوەندیکردن بەوی ترەوە، سیستەمی پەروەردەی خێزانو دەوڵەتیش بەگوێرەی کەڵچەری جیاواز بە هەندێک کۆد ئەو هەستی خۆنواندنە دەگونجێنن لەگەڵ خۆیاندا بەمەبەستی بەستنەوەی تاک بە خۆیانەوە. ئەم خۆناواندنە کە هەندێک جار ڕوالەتێکی ئاڵۆز دەپۆشێت، ئاڵۆز و شاز لەلایەن تاکەوە کەدەبێتە کەسێکی کۆمێدی و تراژیدی وەک فەرهاد پیرباڵ کە شیکارەکەی هێندە ئاسان نیە.
 کاتێک مرۆڤێک، شکست دەهێنێت لەدەرئەنجامی خۆ گونجاندنی لەگەل ئەم سیستەمەدا بە هیوای ئەوەی شتێک بگۆڕێت یان بە پێشنیارەکانی دەوروبەرەکەی بە ئەراستەیەکی تردا ببات هەتاوەکو لەگەڵیا بگونجێت، بە داهێنان بێت یان بەچونە ژورەوەی لەدرزێکەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، یان هەر بۆ جێگەیەکی بچوک لە کونجوڕێکیدا، لەکاتێکدا نەیتوانیوە هەمو پێکهاتەکانی ناوەوەی خۆی بکاتە یەکو بیاکاتە هیزێکی سیحراوی هەتا بگاتە خاڵی مەبەست ، یان ملانێکانی ناوەوەی خۆی نەبون بەیەک پێکهاتە، نەی کردوە بە ڕمێک کە بتوانێت نیشانەکە بپێکێت، لەم کاتەدا کەمرۆڤ توشی شکستێکی دەرونی دەبێت، دەبێتە هۆی دابڕانی یەکجارەکی ئەو کەسە لەخۆیی، توشی جۆرێک لەخەمۆکێ دەکات بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسە هۆشمەند نەبوە بە هەمو هۆکارەکانی ئەو شکستە، واتە هۆشیاریەکی بالای نەبوە هەتاوەکو ڕێگە لە کاردانەوەکانی بگرێت، ئەم هەستە دەبێتە ڕق و تۆڵە سەندنەوەی مێشک بە سەر کەۆمەڵگەوە دەشکێتەوە.
مرۆڤی مۆدێرن؛
مرۆڤی مۆدێرن لە ململانێیەکی قوڵتردا دەژی، بۆیە دابڕان لای ئەو لەزیادبوندایە، چەندە کۆمەڵگەش بەرەو پێشەوە بڕوات هێندەی تر مرۆڤ بەتاکو بە کۆمەڵ دائەبڕێن لە خۆیانو لە کۆمەڵگەکەیان، لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمەی کە دەی خولقێنێت مرۆڤ نامۆدەکات پێی، چەندەش مەرۆڤایەتی پەرە بسێنێت هێندەی تر دابران لەخۆ زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی کە ملاملانێکانی ناوەوەی مرۆڤ زیاتر دەبن بەهۆی زیادبونی ئاستی هٶشمەدیانەوە بە روداوەکان کە زیاتر پاش ڕونن. 
لەرابوردودا هەمومان دەترنجاینە یەک، دەست لە ناو دەست، لەسەردەمی ئەشکەوتەکاندا بەسەر یەکەوە دەخەوتین بە تەنیشت بۆنو مرخەمرخی ئەوی ترەوە بەبێ ئەوەی وەرسمان بکات یان لەخەومان بزڕێنێت، بەڵام مرۆڤی مۆدێرن پێویستی بە ئێسپاس زیاترە، لەبەر ئەوەی ململانێکانی گەورەترو ئاڵۆزترن لەگەڵ خۆیدا. بەسەردانی خەستەخانەکانی سەدەی نۆزدەی فەرەنسا کە ئەمڕۆ وەک مۆزەخانەیەک دەبیرێن، سەرت سوڕ دەمێنێ لە بچوکی جێگەکان، چۆن کەسێکی نەخۆش توانیویەتی لەسەر ئەم جێگە بچوکە بخەوێت ؟ راستە مرۆڤی ئەو سەردەمە بچوکتر بون، بەڵام ئەم جێگەیە پێش شۆڕشی فەرەنسا دوکەسی لەسەر دەخەوت، بۆ مرۆڤێکی مۆدێرن مەحالە، یان هەر ئەو کاتانە لەلادێکاندا خەڵکی ژوری نوستنەکەیان بەتەنیشت گەوڕی ئاژەلەکانیانەوە بو، یان بەرازێکیان دەخستە ژورەکەیانەوە لەبری زۆپا بۆ خۆگەرمکردنەوە. یان کاتێک ناپلوێن، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە لە جەنگ، نامەی دەنارد بۆ ژنەکەی ؛ خۆت مەشۆ بەزوترین کات دەگەمە لات، بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤی مۆدێرن لەو بۆنە سروشتیە دابڕاوە و هەستی نابزوێنێت، بە پێچەوانەوە.
دابڕانی وڵاتان لەیەکتر ؛
دەڵێن گوایە تەکنەلۆژی لە ئەمەریکاوە هەڵدەقوڵێ و چین کۆپی دەکاتو ئەوروپا دەیگرێتە قاڵبەوە. نازانرێت کە ئایا ئەوروپا بەرەو کوێ دەڕوات بەڵام ئەمەریکا بۆتە سەری ڕمەکەو لەگەڵ خۆیدا دەمان بات، ئەم ململانێ و دابڕانە جۆرێکە لە نارازی بونمان بەو ئاراستەیەدا. سیاسەتی ئەوروپا بە گوێرەی جوگرافیای خۆی جۆرێکە لە پێکەوە بەستنەوەی بلۆکی ڕۆژهەلات بە ئەەریکاوە. دابڕانی ئەمەریکا لە ڕیکەوتنی پاریس کە بریتیە لە پارێزگاری کردنی سروشت، کە بۆ ئەمەریکا دەبێتە ڕێگریەک لە ئێکۆنۆمی و سیاسەتی ئەمەریکا بۆیە خۆی کشاندۆتەوە و دابڕاوە لەو ریکەوتنە .لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمڕۆ بیری ئێکۆلۆژیستی تەنها ئایدیۆلژیەکە کە مرۆڤی ئەوروپی پێوەی خەریک بێت بەهیوای ئەوەی کە مۆدێلێکی تری ئێکۆنۆمی بخولقێنێت.. پاشان دابڕانی ئنگلتەرا لە ئەوروپا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، لەبەرامبەریدا لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی دەیەوێت بەتەوای خۆی دابڕێت لە بەهاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا. 
ژۆزێف بۆیس لەگەڵ ئاژەلەکەدا
 
بۆیە کارەکانی ژۆزێف بۆیس هەمیشە پرسیارێکن لە مێژوی هونەردا هەروەها وەک مەتەڵیک وان. ژۆزێف بۆیس کارە هونەریکەی لە سەردەمی شەڕی ساردا کرد، ئەوکاتەی جیهان ببوە دوبەشەوە و بەتەواوی دابڕابون لەیەکتری؛ بلۆکی سۆڤیەتو بلۆکی ئەمەریکا، ، هەرچەندە ژۆزێف بۆیس کارە هونەریەکەی راستەو خۆ نەبەستۆتەوە بەو باسەوە، بەلام هەمو کارێکی هونەری ئاوێنەی سەردەمەکەی خۆیەتی، کە هونەرمەند دەیکاتە باسێکی گەردونی نەمرو بەکاتو شوێنەوە نای بەستێتەوە، ژۆزێف بۆیس پاش ئەوەی خۆی دائەبڕێت لە دەوروبەری، خۆی دائەبڕێت لەخاکو کۆمەڵگەی ئەمەریکا، لەگەڵ ئاژەڵێکدا کە ئاژەڵێکی کێویە دەتوانێت سێ ڕۆژ بەسەر ببات، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاژەلە کێویەکە دابڕاوە لە شوێنی سروشتی خۆی کە دارستانو جەنگەڵە، لەو ژورەدا دابڕانی ئەو کەسەی قبوڵ نەکرد کە مرۆڤێکەو لەویش جیاوازە، هەردوکیان لە ئێسپاسێکی بچوکدا پێکەوە سێ ڕۆژیان بردەسەر، بەلام ئێمەی مرۆڤ بەهۆی جیاوازیەکانمانەوە کە ئەویش دەرئەنجامی هۆشە، لە یەکتری دابڕاوینو دائەبڕیین هەمو ڕۆژێک .
کاتێکیش کە ژۆزێف بۆیس دەپرسن کە ئایا داهاتوی هونەر و ئابوری و دین بەرەو کوێ دەڕوات، لەوەلامدا دەلیت بڕۆن لە ئەندی وارۆڵ بپرسن، کاتیكیش لە ئەندی وارۆڵ دەپرسن ئەویش دەڵیت بچن لە دالالی لاما بپرسن، وادایارە ئەم پرسیارە راستەو خۆ لە دالای لامە نەکراوە بەلام دالای لامە و ژۆزێف بۆیس یەکرتریان بینیوە لەساڵی 1978، دالای لاما دەڵیت کە ئەو لە کارەکانی ژۆزێف بۆیس تێ دەگات. بێگومان تێ دەگات لەبەر ئەوەی فەلسەفەی بودیست بنیات نراوە لەسەر دابڕان، دابڕان وەک چارەسەرێک بۆ گەیشتن بە بەختیاری، ئەوەی ئازاری مرۆڤ ئەداتو دوری دەخاتەوە لە بەختیاری، خۆ بەستنەوەیە بە هەستو ئارەزو و هەوەس، خۆ دابڕان لەمانە دەبێتە جۆرێک لە بەختیاری . هەرچەندە هەندێک لە بودیستەکان بەسەر پەلی ئەم فەلەسەفەیە بەڕی دەکەنو خۆیان بەتەواوەتی دائەبڕن لە کۆمەڵگەو موڵکداری و هەوەس، بەلام سەرزەنشتی بودیست خاڵی ناوەڕاستە لەم ڕێگەیەدا. 
 بودیسم بەختەوەری مرۆڤ دەخاتە سەنتەر فەلسەفەکەی، راستەو خۆ باسی ئامانجو غەریزەی مرۆڤ ناکات کە دەبێت بە ئێسپاسدا بلاو ببێتەوە بەردەوامی بەژیان بدات بەلام دەلیت کاری مرۆڤ لەسەر ئەم زەویە ئەوەیە ، ئەو زجیرەیە بشکێنێت کە ئەم ئەوی تر دەخوات، بەهێزەکان لاوازەکان دەخۆن . نمونەی بودا لە دارستانەکەدا کاتێک دەبینێت بازێک دەیەوێت کۆترێک بخوات، بودا پارچەیەک گۆشت لەبەدەنی خۆت دەبڕێتو دەیدات بە بازەکە هەتا کۆترەکە نەخوات.
بەڵام هەر بە پێی لێکۆڵینەوەی بودیستیش ڕی تێ ناچیت کە هەمو مرۆڤی سەر روی ئەم زەمینە لەسەر یەک دین بمێننەوە بە پێجەوانەی سالانی شەستەوە کە باوەڕمان بە ئونیفۆرمیست هەبو، وامان باوەڕبو کە لە داهاتودا هەمومان یەک کەڵچەرو یەک زمانو یەک دینمان دەبێت، بەم پێیەش دابران لە مرۆڤایەتیدا کەمتر دەبێتەوە و هەنگاوەکانی ئەو گەورەتر دەبن، بەڵام ئەمڕۆ دوبارە خۆمان لەبەردەم دابڕانێکی گەرەتری لە شەڕی سارد دەبینینەوە ئەویش رۆژهەڵاتو ڕۆژاوایە.
ژۆزێف بۆیس لەگەڵ ئاژەلەکەدا
 
ئەگەر شتێک هەمو جیهان بکاتەوە بەیەک وەک ژۆزێف بۆیسو ئاژەلە کێویەکە، ئەوە خۆشەویستیە لای مرۆڤ، بۆ یە مەسیح خۆشەویستی کردە سەری ڕمەکەی، بەڵام مرۆڤئ ژیری ژیر ناتوانێت لە خۆشەویستیش تێ بگات ئەگەر بەدابڕاندا تێ نە پەڕێت، بەو پێیە دابڕان ململانێیەکی بەرهەم هێنەرە. 
دابڕانی سەتەی داهاتو ؛
ئەگەر ئەم سیستەمانەی هەتاوەکو ئێستاکە بەکارمان هێناون بۆ حوکم رانی هەمویان کەسانی بەتاکو بە کۆمەڵ لەخۆ دابراندوە و نەیتوانیوە هەمو کۆبکاتەوە، ئەوا سەتەی داهاتو کەدەبێتە سەتەی رۆبۆتو ئەقڵی دروستکراو، مرۆڤی ژیری ژیر بەتەواوی دائەبڕیت لەخۆی لەبەر ئەوەی کە ئەقلێک دروست دەکات دەبێتە بەربەرەکانی لەگەڵیاو لەو زۆر ژیرترە و بڕیار ئەدات لەکارەکانی بە خێرایەکی بێ ئەندازە، لەبەر ئەوەی وای باوەڕە ئەقڵی مرۆڤی ژیری ژیر کە بەرهەمی ملیارەها ها ساڵی ئیڤۆلیشنە، بەو خێرایە ناڕوات کەئەو گەرەکیەتی، وەک چۆن رامبۆ لە شیعڕیكیدا دەڵیت ؛ داخی داخانم زانست زۆر بە خێرایی ناڕوات.
 ئا لێرەدا مرۆڤی ژیری ژیر بەتەواوی لە خۆی دائەبڕێتو دەوری سەرەکی نامێنێت، ناجار بۆ بەربەرەکانێی ئەقڵی دروستکراو هەتاوەکو بتوانێت ڕۆلی خۆی وەرگرێتەوە لەم دابرانە، چاندنی نۆرۆنی ژیریە لە مێشکیدا transhumain بۆ بەربەرەکانێی ڕۆبۆتو پێدانی دەورێک بەخۆی، هەروەها دەبێتە جۆرێک لە دیموکراسی کردنی زیرەکی بۆ ئەو کەسەی کە دەیەوێت دانەبڕێت بەو هۆیەوە، ئیتر پێویست بەوە ناکات تەلەبەی تەمبەڵ بچنە پێشەوەی پۆل یان دواوەی پۆل. بەم جۆرە مرۆڤ هەنگاوێکی گەورە دەنێت بەرەو داهاتو بە گەورەکردنی تواناکانی . ئەوسا ئەم دابڕانە دەبێتە نێوان ئەو کەسانەی کە جاندنی ئەو نۆرۆنانە قبول دەکەن لەگەڵ ئەوانەی کە قبوڵی ناکەن . 
کۆتایی






(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 4/5)