سەڕۆک کۆماری، لە نێوان فوئاد و بارزانی

Thursday, 17/05/2018, 5:01

6883 بینراوە


بۆ دەسەڵاتی سیاسیی عیراق و عەرەب و شیعە، سەڕۆک کۆماری عیراق پۆستێکە هاڤرکێی لەسەر نییە، بە بەراورد کردن بە پۆزشنی سەڕۆک وەزیران و بوون بە سەڕۆکی حکومەتی عیراق. ئەمە هۆیەکی سەڕەکییە کە هەموو جارێک بەبێ کێشە پارتە کوردییەکان بە ناوی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە بەغداد، ئەو پۆستەیان بەرکەوتووە.

ئەزموونی چەند ساڵە سەلماندویەتی، ئەو کوردانەی کە بوون بە سەڕۆک کۆماری عیراق، ئەو دەسەڵاتە کەمەی کە بوویانە، بەکاریان نەهێناوە بۆ بەرژەوەندیی و دەستەکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی میللەتی کورد، وێرای ئەوەش ووشەی سەڕۆک، ئەگەر دەسەڵاتێکی بێ دەسەڵاتیش بێت، لکاندنی ناونیشانی "سەڕۆک" بە ناوی هەر تاکێک، بۆ پارتە نەریتەکان، عەقڵیەتی دواکەوتووی ئەو کەسانەی کە عاشقی کورسین و  لە نێو کۆمەڵگای دواکەوتووی کوردەواریشدا، ماناو مەغزایەکی دیکە دەبەخشێت، وەک بە مانای دەسەڵات، بە مانای بەهێز، بە مانای بردنەوە لە هاڤرکێکان و لێهاتوویی و دەیان شتی دیکە. لە ئەنجامی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و تێڕوانینەدا، هەر چەند پۆزشنی سەڕۆک کۆمار بێ دەسەڵاتیش بێت و بڕیارەکانی سنووردار بێت، بەڵام  ینک و پدک چاویان لە وەرگرتنیەتی و هەموو کاتێک ئامرازێک بووە بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر یەکتریدا.

 دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی ٢٠١٨، بارودۆخەکە وەک جاران نییە. مەسعود بارزانی لە پۆستی سەڕۆکی هەرێم نەماوە. نیوەی نەتەوەیی کورد بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەی کرد، ساختەکاریەکی زۆر کرا، پێشتریش هەموو هێز و لایەنەکان، زۆربەی نووسەران و ڕۆشەنبیرانی کورد، بانگەشەیان کرد بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، کە لە ئەنجامدا  پارتی کورسی زۆری بۆخۆی مسۆگەر کرد لە پەرلەمانی عیراق.  لە هەرێم پارتی بوو بە هێزی یەکەم، بە جیاوازیەکی زۆر لەگەڵ یەکێتی کە هێزی دووەمە لە هەرێم.

لە سەر ئاستی بەغداد، بوونی ناتەبایی لە نێوان هێزە شیعی، عەرەبەکان و سەرکەوتنی سەدرییەکان، هەنوکە دۆخێکی تایبەت هاتۆتە ئاراوە، کە پارتی هەوڵبدات تۆڵەی خۆی لە عەبادی بکاتەوە، بچێتە بەرەی سەدر و کاندیدی خۆی بۆ پۆزشنی سەڕۆک کۆماری عیراق سەربخات، بە تایبەتی ئەوجارە سەدر، پێداگری دەکات لە پاراستنی سەربەخۆیی عیراق لە بڕیاردان دا، ئەمە ئاماژەیەکە، ئەگەری ئەوە هەیە کە سەدر، لە هەوڵی ئەوەدا بێت، ئەوجارە دەستنیشانکردنی پۆستەکان لە تارانەوە نەبێت کە پشتیوانی سەرسەختی خێزانی تاڵەبانییە. بە دڵنیاییەوە ئەم هەڵوێستەی سەدر بە دڵی ئەمریکایە، بەهۆی ئەوەی  هەنگاوی یەکەمە بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان شیعەکانی عیراق لە لایەک، لە لایەکی دیکەش ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی سەدر لەگەڵ ئیران.
ئەم بارودۆخە دوو ئەگەری لێ پێشبینی دەکرێت
یەکەم:
لابردنی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەڕۆکی هەرێم، بێ گومان کاردانەوەی نێگەتیفی هەبوو،  بۆ سەر باری دەروونی خۆی، بنەماڵەکەیی و پارتەکەی بەڵام ئەمڕۆ دەروازەیەک دروست بووە، کە دووبارە مەسعود بارزانی بێتە پێشەوە و ئەگەری بەهێز  ئەوەیە، کە پۆزشنێک لە ژێر ناونیشانێکی دیکە، وەک ئولتەرناتیڤی پۆستی سەڕۆکی هەرێم، لە کوردستان دروست کرابێت بۆ مەسعود بارزانی، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەوجا وەک جاران پارتی سازش بکات لە پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق بۆ یەکێتی یان هەر لایەنێکی دیکەی کوردی. ئەگەر ئەوەش نەبێت ئەوجا
ئەگەری دووەم ئەوەیە:
ئەگەری زۆرە هەوڵبدەن لەسەر ئاستی عیراق پۆستی باڵاتر دروست بکەن و خۆیان بخزێنە ناوی، هەروها  ئەگەر ئەم جارە، دووبارە پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق بدرێت بە پارتە کوردییەکان، پێشبینی دەکرێت مەسعود بارزانی شەڕی خۆ کاندید کردن بکات بۆ ئەو پۆستە و نەهێڵێت یەکێتی بیبات. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە