جەنگی سوریاو ڕۆل و سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی

Thursday, 05.17.2018, 20:39

3812 بینراوە


(خوێندنەوەیەکی سیاسی و ئابوری)

ناوەڕۆک
تەوەری یەکەم
1) جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتە بە شێوەیەکی تر
2) کورتەیەک دەربارەی سوریا
3) سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی و جەنگی سوریا
تەوەری دوەم
1) سیاسەتی ئێران لە سوریا
2) سیاسەتی تورکیا لە سوریا
3) ئەمریکا ، ڕوسیاو تورکیا لە جەنگی سوریادا
4) ڕۆلی کورد لە کوردستانی سوریا
5) سوریاو تاقیکردنەوەی چەک
تەوەری سێیەم
وزە هۆکارێکی گرنگی جەنگی سوریا

تەوەری یەکەم
(1)
(جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتە بە شێوەیەکی تر)
لە پێناسەکەی Clausewitz  جەنگ بەواتای درێژەپێدانی سیاسەتە بە ئامرازی تر. هەول ئەدات جەنگ وەک ڕوداوێک تێبگات کە تێیدا لایەنێکی بەشداری جەنگ ئیرادەی خۆی بەسەر لایەنێکی تری بەشداربووی جەنگەکە بسەپێنێ. جەنگ ڕوبەڕوبونەوەیەکی بەرفراوانی دوو لایەنەو شێوازێک لە کردارە بەئامانجی ئەوەی بەرامبەرەکەی گێڕ بکات یان سنوری بۆ دابنێت یان بیخاتە ژێر خواستی خۆی . جەنگیش هەروەک ئاشتی سیاسەتە. ئاشتی سیاسەتە بەبێ شەڕ ، جەنگیش سیاسەتە بەرێگای جەنگ و خوێن ڕشتنەوە. سیاسەتیش بریتیە لە هونەری کەلک وەرگرتن لەبارودۆخەکە بۆ بەرژەوەندیەکی تایبەت. 
"ئەو کاتە دەتوانین لە ناوەڕۆکی جەنگ بگەین ئەگەر دەربارەی سیاسەتی دووفاقیی جەنگەکە بکۆڵینەوە بەر لە هەڵگیرسانی. جەنگ هەر تەنیا پێکدادانی چەکداریی نێوان لایەنەکان نیە بەڵکو ململانێی توندوتیژە لەنێوان ئابوری و سیاسەت و ئایدۆلۆژیای لایەنەکان. بە دەستپێکردنی جەنگ هەموو ئەم لایەنانەی ئاماژەیان پێدرا ئاڕاستەی سەرکەوتن و هێنانەدی ئامانجەکانی جەنگ دەکرێن" . بەلام هەموو جەنگەکانیش هاوشێوە نین. هۆی ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی هەلومەرجی مێژویی سەرهەلدانی جەنگ و هۆکانی هەلگیرسانی جەنگەکە. هەروەها ئەو ئامانجانەی کە لە پێناویاندا جەنگەکان بەرپاکراون. جگە لەوە جەنگەکان لەڕووی شوێن و زەمەن ، چەک و تفاق و شێوازی چالاکیەکان هەروەها ژمارەی پێکدادانەکان و بەرفراوانیەوە جیاوازیان هەیە. بەلام جەنگ هەمیشە شێوەیەکی توندوتیژ بووە بۆ چارەسەرکردن و بەلادا خستنی ململانێ. هەموو پێکدادانێکی چەکداریی بەجەنگ دانانرێت چونکە بەبێ هەبوونی ئامانجی سیاسی توندوتیژترین پێکدادان بەجەنگ ناژمێردرێ. لێرەدا پێویستە سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشین کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری ئەو چین و دەولەتەی لەجەنگدان ئامانجی جەنگەکە دیاری دەکەن بۆنمونە جەنگی عێراق / ئێران ، عێراق / کوێت ، جەنگی سوریا ، یەمەن ، ڤێتنام....
دەسپێکی جەنگ پێشتر بە ناکۆکی سیاسی دەستپێدەکات. بەم شێوەیە دەکرێ جەنگ وەک درێژکەرەوەی سیاسەت ببینرێت و جەنگ دەبێتە ئامرازی بە دەستهینانی ئامانجی سیاسیش .
قەوارەی جەنگ هەمیشە دەگەرێنرێتەوە بۆ ئامانجە سیاسیەکەی لایەنەکانی جەنگەکە. جەنگ چالاکیەکی رێکخراوە کە هێزە سەربازیەکان و دەزگا غەیرە سەربازیەکان و هەروەها کۆمەلگای سڤیلیش دێنێتە نێوی. چۆنایەتی و چەندایەتی چەک زۆربەی کات بریاردەری سەرکەوتن و دۆڕاندنی سوپاو نەتەوەشە. سەردەمی کۆن میتالی باشترو چەندایەتی چەک بریاری سەرکەوتن بووە. ئەمرۆکە مرۆڤایەتی خاوەنی تەکنەلۆژیای چەکی مۆدێرنە. شتێکی سەیر نیە لەبەر ڕۆشنایی ژمارەی جەنگە زۆرەکان لە مێژوودا ئەو قەناعەتە حوکم بکات کە جەنگ بەشێکی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتیە. لیرەدا دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی کە سەرجەم ئەو جەنگانەی لە مێژودا ڕویانداوە چارەنوسێکی ڕێکەوتی مرۆڤایەتی نین. 
جەنگ بە خواست و هەوەس کۆتایی نایەت ، ئاشتیش بە تەنها لایەک نایەتە دی. هەندێک جار جەنگ بازرگانیەو کەسان و دەوڵەتانێکی پێدەوڵەمەند دەبن. لانی کەم 3/1ی دەوڵەتەکانی جیهان لەبارودۆخی جەنگدان ئیتر بەهەر  شێوەیەک لەشێوەکان بێت. لەم توێژینەوەیەدا نەک تەنها بەشێک لە مێژووی جەنگ و هۆکارو باکگراوندەکانی جەنگ دەخرێتە ڕوو بەَلکو دڕندایەتی مرۆڤەکانیشی تێدا دەبینرێت. 

کورتەیەک دەربارەی سوریا
کۆماری سوریا لە سالی 1930 دامەزراو لە سالی 1946 بووە دەولەتێکی سەربەخۆ. لە سالی 1963وە لە ئەنجامی کودەتاوە حیزبی بەعس بە شێوەیەکی دیکتاتۆرانە حوکمی سوریا دەکات. 
کۆماری عەرەبیی سوریا دەولەتێک لە ڕۆژهەلاتی نزیک. لە باشورەوە سنوری لەگەل ئیسرائیل ، لە ڕۆژئاواوە سنوری بە لوبنان و دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەیە. لە باکورەوە سنوری بە تورکیاو ، لە بەرەی ڕۆژهەلاتیشەوە سنوری بە عێراق و لە باشوریش بە ئەردەنەوە هەیە. دورگەی قوبروس نزیکەی 125 کم لە قەراغ دەریای سوریاوە دوورە. بە ڕووبەری 185 هەزار کم دووجا سوریا نیوەی ڕوبەری ئەڵمانیا دەبێت. لە سالی 2010 دانیشتوانی سوریا نزیکەی 21 ملیۆن کەس بووە. زیاتر  لە نیو ملیۆن مرۆڤی تێدا کوژراوە ، زیاتر لە پێنج ملیۆن سوریی بە هۆی بارودۆخی جەنگەکەوە هەلاتوون بۆ ولاتانی ناوچەکەو بۆ ئەوروپا. زیاتر لە شەش ملیۆن سوریی لەناو خاکی سوریا خۆی ئاوارە بوون. بەواتا نزیکەی 12 ملیۆن هاولاتی سوریی لەناو دەولەت و دەرەوەی دەولەتدا بوونەتە پەناهەندە ، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە بۆ دانیشتوانی سوریا.
زۆرینەی دانیشتوانی سوریا عەرەبە کە دەکاتە 80% و زۆرینەی سونە مەزهەبەو زمانی فەرمی لە سوریا عەرەبیە. کورد دووەم گەورە گەلە لە سوریا کە خاوەن مێژوو ، زمان و کەلتوری تایبەت بە خۆیەتی. ئەرمەنەکان لە نێوان سالانی 1025 و 1935 وەک پەناهەندە لە تورکیاوە چونەتە سوریا. دوو لەسەر سێیان لە حەلەب نیشتەجێن و نزیکەی 20% یش لە دیمەشق. ئەوانەی تریان بەسەر ناوچەکانی شارە گەورەکانی وەک ناوچەی جەزیرە نیشتەجێ بوون. هەروەها تورکومان و چەرکەسی سونە مەزهەب و ئاشوری لە سوریا هەن. بەدەر لەوە نزیکەی نیو ملیۆن پەناهەندەی فەلەستینی لە سوریا دەژی و بە هۆی بارودۆخی جەنگی عێراقیشەوە لە کۆن و نوێدا باس لە دوو سەد هەزار پەناهەندەی عێراقی دەکرێت لە سوریا کە ژمارەیەکیان لە ئاسوریەکانن. بەلام عەلەویەکان نزیکەی 12%ی دانیشتوان پێک دەهێنن کە حوکمی زۆرینەی سوریا دەکەن. بنەمالەی ئەسەد لە عەلەویەکانە. جگە لەوانە لە سوریا دروزی و یەزیدی و ژمارەیەکی کەمیش جولەکەی تێدا دەژی. یەزیدیەکان خۆیان وەک کورد پێناسە دەکەن کە زۆربەیان لە نێوان حەلەب و عەفرین و لە گوندەکانی لای عەمودەو قامیشلۆ دەژین. 
ئەو ئاماژانەی سەرەوە ئەو ڕاستیەمان نیشان ئەدات کە سوریا وەک دەولەتێکی دەستکرد کۆمەلگایەکی پلورالیستی و فرەییەو نەبوونی مافی گەلان و کەمینەو ئێتنیکەکان و مەزهەبە جیاوازەکان ئەمانیش هۆکارێکن بۆ ناکۆکییەکانی نێوان گەلانی سوریاو دەسەلاتی مەرکەزیی کەمینە. گونجاوترین چارەسەرێک بۆ سوریایەکی فرەیی و قۆناغی ئێستە سیستەمی فیدرالیە ، لەبەر ئەوەی نیزامی سوری دوورە لەم بیرۆکەیە هەربۆیە فاکتەری دەرەکی دەتوانێت ئەو ڕۆلە ببینێت ، وەک ئەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دوای جەنگی دوەمی جیهانی لە ئەلمانیا کردیان بۆ بوون بە دەولەتێکی فیدرالی لامەرکەزی ، دابەشبوونی دەسەلاتەکان بەسەر هەرێمەکانداو بێهێز کردنی دەسەلاتی مەرکەزیی. ئەم مۆدێلە بۆ دەولەتەکانی تری وەک تورکیا ، ئێران و عێراق و هاوشێوەکانی گرنگ و پێویستن.
( 2 )
سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی و جەنگی سوریا
دوای ئەوەی کە بە بەهاری عەرەبی ناودەبرێت و دواتر سوریاشی گرتەوە ، سەرەتا بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەستی پێکرد ، دواتر گۆڕدرا بۆ ئاڕاستەیەکی توندوتیژی و دروستبوونی دەیان هێزو رێکخراوی سیاسی و چەکدار بە ئاڕاستەی سیاسی جیاوازو پەیوەندی دەرەکی جیاوازەوە. ئەم جەنگە، کە بە خوێناویترین و ئالۆزترین جەنگ لە ئێستای ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا هەژمار دەکرێت ئەویش لە دەرئەنجامی چوونە ناوەوەی چەندین لە دەولەتانی ئیقلیمی و نێو دەولەتیی تێیدا کە هەریەکەو بە دوای ئامانج و بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری خۆی کەوتووە ، دیاردەیەک نەک هەر جەنگەکەی خوێناویترو ئالۆزو درێژخایەن کردوە بەلکو چارەسەرەکانیشی قورس کردوە. گەورەترین قوربانییش لەم جەنگە قێزەونە خەلکی مەدەنیە.. 
لە مانگی 5 ی 2015 داعش نیوەی خاکی سوریای کۆنتڕۆل کردبوو ، کە تەنیا 15%ی دانیشتوانی سوریای لەسەر دەژی ، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای سوریا لە 13 پارێزگا 10ی کەوتۆتە ئەو ناوچانە کە زۆرینەی دانیشتوانی سوریای لێ دەژی وەک حەلەب ، لازقیە ، حمێ ، حەما ، ئیدلیب و دیمەشق و ... کە بەشێکی بەرچاوی لەژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی سوریایەو ئەوەی تری لەلایەن سوپای ئازادی سوریا ، کورد ، سوپای دیموکراتی سوریا ، هەروەها داعش، القاعیدەو بەرەی نوێرە کە بە هاوکاری لایەنی دەرەکی وەک تورکیا تانوسینی ئەم وتارە کۆنترۆل کراوە. بەشێکی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو سوریا هاوکات دژ بە یەکتریش دەجەنگن. جگە لە کورد کە هاوپەیمانی ئەمریکایەو فەرەنساش هاتە سەر خەت چیتر ئەوانی دی لە لایەن سعودی (ئێستە لێی کشاوەتەوە) ، قەتەرو تورکیاوە پشتگیری دەکرێن ، بەتایبەت حکومەتەکەی ئەردۆگان.
شەڕەکانی سوریا بریتی نیە تەنیا لە یەک شەڕ بەلکو چەندین شەڕەو لەلایەن شوێن و زەمەنیشەوە گەمەکەرەکان و هەروەها ئامانجەکانیشیان هاوشێوە نیە. 
بەهاتنە ناوەوەی داعش بۆ ناو جەنگی سوریاو خێرا گەشەکردنی و ئیدیعای دروستکردنی خەلافەتێکی ئیسلامیی ( لە دەولەتەوە بۆ خەلافەت) کە لە عێراق و شامەوە دەست پێبکات ڕویەکی بە جیهانی کردنی جەنگی سوریای لێکەوتەوە بەتایبەت کە داعش بووە هەڕەشە بۆ ئەوروپاو ڕۆژئاوا بەگشتی و بووە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی جیهانی و بەرژەوەندیە نێودەولەتیەکانیان لە ناوچەکەش و کارە تیرۆریستیەکانیان گەیشتە بەردەم دەرگای ئەوروپاو ڕۆژئاوا بە گشتی. 
ئەو ناوچەیەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ، کە هەریەک لە هێزە ئیقلیمی و نێودەولەتیەکان بە دوای بەرژەوەندی خۆیەوە بووە بە سوریاشەوەو هەریەکەشیان بە دوای هاوپەیمانی خۆیدا دەگەڕێت و جەنگەکان بوونە جەنگی بە وەکالەت، بێ ئەوەی ئەمریکاو ڕوسیا ڕاستەوخۆ لە ڕووی سەربازیەوە ڕوبەڕووی یەکتر ببنەوە. ئەگەر لە سەرەتای جەنگی سوریاوە هێزەکان کۆک بووبن لەوەی داعش دوژمنێکی هاوبەشەو هاوبەش شەڕ بۆ لەناو بردنی بکرێت ، ئەوا چیتر هێزەکان دوای سەرکەوتنیان بەسەر داعیشدا (لانی کەم لە ڕووی سەربازیەوە) شەڕ لەسەر دەستکەوتەکانیان دەکەن لە ئایندەی سوریاداو بۆ ئەم ئامانجە شەڕی یەکتریش دەکەن. ئەو لایەنەی بتوانێت کۆنتڕۆلی سوریا بکات ئەوا سنورێکی ڕاستەوخۆی بە دەولەتی ئیسرائیلەوە دەبێت. ئەگەر ئەو کۆنتڕۆل کردنە لە لایەن هێزێکی دژ بە ئیسرائیل بێت ئەوا ئاسایشی ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەگەر بە پێچەوانەوە هێزێکی دۆستی ئیسرائیل کۆنترۆلی سوریا بکات ئەوا بەشێکی بەرچاوی سنوری ئیسرائیل پارێزراو دەبێت. لێرەدا لبنان عەزل دەبێت و پەیوەندی نێوان حیزبولا و ئێران دەبچرێت.
خۆ ئەگەر ئەو دەسەلاتی کۆنتڕۆل کەرە ئەندامێکی ناتۆ بێت لەگەل سوریایەکی بێ ئەسەد پێکەوە لەگەل تورکیای ناتۆدا (نەک تورکیای ئەردۆگان) و هەروەها ئەردەنی هاوپەیمان دەتوانن پێکەوە پشتێنێکی ئەمنی بە دەوری ئیسرائیلدا دروست بکەن ئەگەر هاوکات بوون و کاریگەریی ڕوسیاو ئێران کەم بکەنەوە. ڕوخانی سوریای ئەسەد کاریگەریی نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر حیزبولاو لایەنە ئیسلامیە فەلەستینیەکانیش وەک حەماس ، هاوکات بچڕانی هاوکاری و پەیوەندیەکانی ئێرانیش بەو لایەنانەوە کە بەرێگای سوریای ئەسەدەوە دەکرێت ، ئەوەش هۆکارێکە بۆچی ئێران پشتگیریی ڕژێمی ئەسەد دەکات. 
تەوەری دوەم
(1)
سیاسەتی ئێران لە سوریا
یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران لە سوریا دروستکردنی رێگایەکی وشکانیە بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست. بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو پشتیوانی لە ڕژێمی بەعس بکات لە سوریا. ئێران لە ناو کۆمەلگای نێودەولەتیدا پێگەیەکی لاوازی هەیە. بۆ بەهێزکردنی ئەم پێگە لاوازەی ، ئێران دەیەوێت لەسەر ئاستی ناوچەکە خۆی بەهێز بکات و بە شوێن پەیداکردنی کارتی سیاسیەوەیە. بۆ ئەم مەبەستەش دەست دەخاتە ناو کاروباری لوبنانەوە بە رێگای حیزبولاوەو پشتگیری کەرێکی قورسی حەماسە. لە یەمەن پشتگیری سەربازیی لە حوسیە شێعەکان دەکات و هەروەها بۆتە هەڕەشە لەسەر سعودیە، دەستی خستۆتە ناو کاروبارەکانی سوریاوە کە جێگای قبوول کردن نابێت بۆ ئەمریکا. هەروەها ئاماژە بەوە دەدرێت لە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمدایە. ئێران بە ڕکابەریی ئەمریکا خۆی لە ڕوسیا نزیک دەکاتەوەو لەگەل ڕوسیاو سوریادا چونەتە هاوپەیمانیەکی هاوبەشەوە. خاوەن نفوزە لە عێراقداو پشێوی دروست دەکات و پشتگیری لەو لایەنە شێعانە دەکات وەک مالیکی و هادی عامری کە نزیکن لە ئێرانەوەو دژ بە ئەمریکاو سعودیەن و کار بۆ هاتنە سەر دەسەلاتی ئەوانە دەکات کە لە حکومەتی پێنجەمەی عێراقدا.

سوریا بۆ ئێران بنکەیەکی گرنگە بۆ پشتگیری کردنی حیزبولای شێعەی لبنانی لەسەر ئاستە جیاوازەکان و ئامرازێکی گرنگە بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر لبنان کە حیزبولای لێیەو هەوالگریی سوریاش تێیدا ڕۆلی خۆی بینیوە. دەکرێ سێ کوچکەی سوریاو ئێران و حیزبولا بەم شێوەیەی خوارەوە ئاماژە پێبدەم: 
جەنگی سوریا بۆتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانیی ستراتیجی ئێران و سوریاو حیزبولا. ڕژێمی سوریی پەیوەندیەکی ژیانیە لە نێوان ئێران و حیزبولا. بەم جەنگەی سوریاو لاواز بوون یان ڕوخانی ئەسەد هەڕەشەی تێکچوونی لەسەرە. پشتگیریی سعودیەو دەولەتەکانی کەنداو بە تورکیاشەوە بۆ میلیشیا سونەکانی کە دەیانەوێت ڕژێمی سوری بڕوخێنن سوریای کردۆتە ناوچەی شەڕی دەسەلات لە نێوان لایەنە شێعەکانی سەر بە ئێران و سونەکانی سەر بە لایەنە تورکی و عەرەبیەکان. هەربۆیە لە سوریا جەنگێکی بەوەکالەت ڕوو دەدات. لێرەدا ئێران پشتگیری ماددی و پێدانی چەک و هەوالگری و پاسداران و هێنانی شێعەکانی دەولەتە عەرەبیەکان دەکات بۆ پشتگیری ڕژێمی سوری. ئێران ڕێگری دەکات لە دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە سوریا چونکە ڕێگای هەوایی خێراترین ئیمکانیەتە بۆ گواستنەوەی پێداویستیەکانی بۆ سوریا. 
سوریا بۆ ئێران و حیزبولا هەموو شتێکە. لە ئەگەری ڕوخانی ڕژێمی سوریی و لە ئەگەری هاتنە سەر دەسەلاتی ڕژێمێکی سونی ئەوا حیزبولا هەڕەشی مان و نەمانی لەسەر دەبێت و گواستنەوەی چەک و پارە بە رێگای دیمەشقەوە بۆیان کۆتایی دێت. 
بەپێی پڕۆژەیەک ئێران بە سەرپەرشتی خۆی دەیەوێت بە رێگای حیزبولای لوبنانەوە ئەندامانی میلیشیا شێعەکانی سەر بە ئێرانن وەک ئەوانەی ئەفغانستان و لبنان ... لە سوریا نیشتەجێ بکات ، لەو شوێنانەی کە هەزاران خێزانی سوری بەهۆی جەنگەوە یان ئۆپۆزیسیۆن بونیانەوە شوێنی ڕەسەن و نیشتەجێ بوونی خۆیان جێهێشتوە. بە بڕیارێکی حکومەتی بەشار ئەسەد دەست بەسەر خانو و موڵک و ماڵی ئەو هاولاتیانە دەگیرێت کە سوریایان جێهێشتوە ئەگەر لە ماوەی یەک مانگدا نەگەرێنەوە ناوی ، دیارە بریارەکە بۆ پرۆژەکەی ئێران و حیزبولایە. ئەو ڕاستیە نیشان ئەدات کە ئێران و ئەسەد کار لەسەر گۆرینی دمیوگرافیای سوریا دەکەن. لێرەدا بە ڕوونی دەبینرێت کە جەنگی سوریا بە تەنها جەنگێکی ئابوری نیە بەلکو سیاسیشە.
ئایا هەلوێستی ئەمریکاو ئیسرائیل چۆن دەبێت ئەگەر لە کۆتایدا ڕوسیاو ئێران ڕژێمی ئەسەد لە ڕوخان ڕزگار بکەن و خۆیان لە باکگراوندا کۆنتڕۆلی سوریا بکەن و مەترسیەکەش لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بمێنێتەوە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمریکاو پایە گرنگەکەی لە ناوچەکە؟ 
  
لەگەل ئەوەشدا ئێران دیارە حسابێکی بۆ دۆڕاندنی ئەسەدیش کردبێت و لێرەدا چەند ئۆپشنێک هەن چۆن لەگەل ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد مامەلە بکرێت:
پێکەوە لەگەل ڕوسیا جێگرێک بۆ ئەسەد بدۆزنەوە کە جێگای متمانەی سوپاو عەلەویەکان بێت و سەرۆکێکی بەهێزو جەماوەریی بێت کە ڕێگر نەبێت لە دورخستنەوەی ئێران لە سوریا. دلنیا کردنەوە لەوەی ئێران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مافی ڤیتۆی هەبێت لە پڕۆسەی گواستنەوەدا دوای ئەسەدو هەروەها بەردەوامیدان بە ئێرانی کردنی سوپاو هەوالگریی سوری و بە رێگای پاسداران و حیزبولاوە بۆ دژایەتی کردنی بەرەی ڕۆژئاواو سعودیەو ئیسرائیل.
لەم جەنگەدا بۆ ئێران تەنیا مەسەلەی سوریا نیە بەلکو مەسەلەی پردێکی وشکانیشە کە شێعەکانی ئێران بە شێعەکانی عێراق و عەلەویەکانی سوریاو هەروەها حیزبولای شێعەوە لە لبنان ببەستێتەوە بەواتا ئێران کار لەسەر دروستبوونی هیلالێکی شێعی دەکات. سعودی وەهابیی تێکدانی ئەو سێ کوچکەیەی کردۆتە ئەرکێکی پیرۆزی خۆی. لێرەدا دیوە ئاینی و مەزهەبیەکەشی جەنگی سوریا بەدەر دەکەوێ گەرچی بەناوی ئاین و مەزهەبەوە سیاسەت پیادە دەکرێت بۆ ئامانجی تر. بەلام بەهۆی جەنگی داعشەوە ئێران توانی کاریگەریی خۆی لەسەر هەریەک لە لبنان ، عێراق و سوریادا زیاتر بکات ، هاوکات قەیرانی ملیۆنان ئاوارە بوونی خەلکی مەدەنی لێ کەوتەوە.

چەکی ئەتۆم ، قەیرانێکی نوێی ئەمریکاو ئێران   
ئیسرائیل و عەرەب بەتایبەت سعودیە ڕەخنەی توندیان لە باراک ئۆباما هەبوو کە دەرئەنجامی ئەو رێکەوتنە ئەتۆمیەی لەگەل ئێراندا بۆتە هۆی زاڵبوونی ئێران لە ناوچەکەدا ، هەربۆیە دژ بەو رێکەوتنە بوون. ئێستە ئیسرائیل و ئەمریکاو دۆستە هاوپەیمانە عەرەبەکانی دەیانەوێ چەند پرسێکی تر بهێننە ناو رێکەوتنێکی نوێوە بەرامبەر بە ئێران. ئێران دەبێت واز لە تەدەخولات و هاوکاری کردنی هێزە دۆستەکانی بهێنێت لە ناوچەکەداو لەناو سنورەکەی خۆیدا تەسکی بکەنەوە. شتێک کە بۆ ئێران سەختە چونکە ئەم بۆ بەهێز بوونی خۆی لە ناوەوەو بۆ ڕاگرتنی تەرازووی هێز بەدوای کارتی سیاسیەوەیە لە دەرەوە بۆ بەکارهێنانی لەسەر ئاستی نێودەولەتی بۆ بەرژەوەندی خۆی. چەندین بابەتی تر وەک ڕۆکێتە دورهاوێژەکانی ئێران و بەهێز بوونی دەسەلاتەکەی لە کەنداودا بابەتی تر دەبن بەرامبەر بە ئێران. لێرەدا کشانەوەی ئەمریکا لەو رێکەوتنە ئەتۆمیە فشارەکانی سەر ئێران بەتینترو کاریگەرتر دەکات و ئێران تووشی قەیرانی قورسی سیاسی و ئابوریش دەکات کە ئەوە دیارە ستراتیژیی سەرەکی ئەمریکایە. ئەو دەولەتە ئەوروپیانەشی لەناو رێکەوتنە ئەتۆمیەکی ئێراندان بەختەوەر نین بە هاتنەدەرەوەی حکومەتەکەی ترامپ لەو رێکەوتنە چونکە زیانبەخش دەبن لە لایەنی ئابوری و بازرگانیەوە لەگەل ئێراندا هاوکات قورسیشە بۆیان دژ بەو بریارەی ئەمریکا بوەستنەوە. ئایا بارودۆخی جەنگی تر لە ئایندەی ناوچەکەدا چۆن دەبێت قورسە پێشبینی پێشوەختەی بۆ بکەم بەلام بەرمیلە باروتەکە بەردەوام لە تەقینەوەدایە.
ئێستە لە سوریا فشارێکی گەورە هەیە لەسەر ئێران بۆ وەدەرنانی. هێرشە سەربازیەکانی ئەمریکا و دواتر ئیسرائیل بۆ سەر بارەگا سەربازییەکانی ئێران لە سوریا ئاماژەیەکی بەرچاوە ، هەروەها بۆ ڕاکێشانی ئێران بۆ ناو جەنگێک کە ئێران خۆی بە دوور دەگرێت لە شەری ڕاستەوخۆی ئەمریکا چونکە دەرئەنجامەکەی دوڕاندن دەبێت بۆی بەتایبەت کە ئابوری ئێستەی ئێران بە مەودای دوور خۆی لەبەردەم جەنگێکی ئاوها ناگرێت. هاوکات خواستی ئەمریکا نیە هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیل و سعودیە بەر زیان بکەون یان بکەونە بەر موشەکی حیزبولا. ئەوەی پەیوەندی بە سوریاوە هەیە دوای بریارەکەی ترامپ لەوە دەچێت بەم رێگایەوە نفوزی ئێرانی لە سوریاش لاواز بکەن یان نەهێلن.
(2)
سیاسەتی تورکیا لە سوریا
تورکیا وەک هێزێکی ئیقلیمی لە ڕووی مێژویی و جوگرافیشەوە وەک ناوچەی نفوزی خۆی دەڕوانێتە سوریا ئەویش بەوەی کە سوریاش بەشێک بووە لە ئیمپراتۆیەتی تورکی / عوسمانی ، لانی کەم ئیدیعای ئەوە دەکات. تورکیا وا دەیڕوانیە ڕژێمی سوری کە وەک سەرکردەکانی تری بەهاری عەرەبی بە ئاسانی دەڕوخێت و تورکیاش لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی خۆی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی سوری حوکمی سوریا دەکات و فاکتەرێکی تری یارمەتیدەر بێت تورکیا بکاتە خاوەن هێزێکی ئیقلیمی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بەلام لە هاوکێشەکەدا بووە لایەنێکی لاوازی جەنگی سوریا هەرچەندە خاوەن سوپایەکی گەورەیەو بە پێچەوانەی ئێرانەوە سنوری جوگرافیشی بە سوریاوە هەیە.
ئامانجێکی سەرەکی درێژخایەنی تورکیا رێگری کردنە لە دروستبوونی کیانێکی کوردی ئەگەر تەنانەت بەهێزبوونی داعشیشی لێ بکەوێتەوە ، ئامانجێکی تری ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بوو. تورکیا دەیەوێت وەک ئێران ببێتە خاوەن هێزێکی ئیقلیمی لە ناوچەکەدا. بەلام دەرئەنجامی ئەو جەنگەی تورکیا لە سوریاو پشتگیری مادیی بۆ لایەنەکانی سەر بە خۆی ، تورکیای ڕوبەڕووی خەرجیەکی زۆرو ملیۆنان پەناهەندە کردۆتەوە لە تورکیا. بەلای تورکیاوە باشترە داعش بگاتە سەر سنورەکەی وەک لە دروستبوونی کیانێکی کوردی لە تەواوی کوردستانداو بیانووی ئەوەی کورد لە ڕۆژاڤاو باکور دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دەستی کردوە بە هێرشێکی سەربازی دڕندانە بۆ سەر کوردو ترسی لە بەهێز بوونی کورد هەیە. ئەگەر بڕوانینە مێژووی سیاسی تورکیا بە ئەردۆگانیشەوە بە ڕوونی دەبینرێت تورکیا نەخۆشی و فۆبیای کوردی هەیە. تورکیای ئەردۆگان دوژمنایەتی کوردی لە باکورو ڕۆژاڤاشی خستۆتە پێش بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکانیەوەو ترسی ئەوەشی هەیە کە سەرکەوتنی ڕۆژاڤا کاریگەریی ئەرێنی هەبێت بۆ باکوری کوردستانیش و هەروەها بە پێچەوانەشەوە. 
ئەردۆگان بە لاواز کردنی سوریا گەورەترین خزمەتی بە دەولەتی ئیسرائیل کرد. جگە لەوە شەڕڤانانی ڕۆژاڤا بە هەلتەکاندنی داعش لە باکوری سوریا گورزێکی کوشندەی لە ڕژێمەکەی ئەردۆگان دا چونکە ئامرازێکی کاریگەری لەدەست ڕژێمی تورکیا دەرهێنا کە پشتگیریی لە داعش دەکرد لە جەنگی سوریاشدا. شتێکی شاراوە نیە کە ڕژێمی تورکیا لەسەرەتای جەنگەکەوە پشتگیریکەری هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان بووە بە داعشیشەوەو لە هەڵەی ستراتیژی گەورەدایە چونکە تورکیا بەوە دۆسیەیەکی مەترسیداری داوەتە دەست ئەمریکاو فەرەنساو هاوپەیمانەکانی کە دەتوانن دژ بە تورکیا بەکاری بهێنن لە حالەتی پێویستدا.  
تورکیای ئەردۆگان دەیەوێت هاوشێوەی ئێران ببێتە هێزێکی ئیقلیمی و ئەمیش بەشوێن کارتی سیاسیەوەیە (تورکیا لە سوریا ، بە هێزی سەربازی و پڕۆژەی ئابوری لە سۆدان ، لە ێۆمالیا ، قەتەر ، باشوری کوردستان ، قوبرێ و هەڕەشەکانی لە یۆنان ... ). جیهان بە پێچەوانەی سەردەمی جەنگی سارد کە دوو جەمسەریی بوو ئێستە بوەتە فرە جەمسەریی (ڕوسیا ، ئەمریکا ، ێین ، یەکێتی ئەوروپا) و هێزی تری ئیقلیمی دەیانەوێت دەربکەوون وەک ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا. ڕوسیاو ێین لەوانەیە ببنە پشتگیریکەری ئەم لایەنانە وەک ئەوەی کۆریای باکور دژ بە ئەمریکاو ڕۆژئاوا ، بەلام ئایا ئەمریکاو ئەوروپا ئەوە پەسەند دەکات کە بەرژەوەندیە نێودەولەتیەکانی بکەونە مەترسیەوەو تورکیاش وەک ئێران خوازیاری دروستکردنی چەکی ئەتۆمە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیانە نەخشەی سیاسی ناوچەکەو ناکۆکیە نێودەولەتیەکان بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئایا چەندین جەنگی تر ڕودەکەنە ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست. ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت نمونەیەکی بەرچاوە کە تێیدا دەکرێت سیاسەت و شەڕە ئیقلیمی و نێودەولەتیەکانی تێدا بە ڕوونی ببینرێت. ئەی کوردێکی بێ دەوڵەتی کۆلۆنی ولاتە ئیقلیمیەکان لەناو ئەم گێژاوەدا چارەنوسی چۆن دەبێت و چۆن سیاسەت پیادە بکات؟ هەرچەندە گەلە بێ دەولەتەکان و کەمینە سیاسیەکان لەناو ئەو دەولەتانەدا دەکرێ ڕۆل ببینن لە ناکۆکیە ئیقلیمی و نێودەولەتیەکاندا ئەگەر لە یاریە سیاسی و دبلۆماسیەکان سەرکەوتوبن. باشوری کوردستان ئەم دەرفەتەی بۆ هاتە پێشەوەو بووە دەولەتێکی ئیعلان نەکراو بەلام ئەقلی سیاسی تێیدا سەرکەوتو نەبوو.  

تورکیای ئەردۆگان بەرامبەر بە بەرهەڵستیەکانی عەفرین زۆرێک خۆی بچووک کردەوە چونکە بەو هەموو هێزەوە نەیتوانی ئامانجە سەربازیەکانی خۆی بپێکێت لەوەی کە لەبەردەم ڕای گشتی تورکیا ئیدیعای بۆ دەکرد کە لە چەند ڕۆژێکدا عەفرین داگیر دەکات بەلام شکۆی سەربازیی شکا. بە هۆی ڕەفتارە دڕندەییەکانی ئەردۆگان دژ بە کورد لە باکورو ڕۆژاڤا بابەتی کوردی کردۆتە بابەتێکی ئیقلیمی و نێودەولەتی و پرسی فەلەستینی تا ڕادەیەکی زۆر وەلا ناوە. کێشەیەکی تری تورکیا کێشەی ئەو ژمارە زۆرەی پەناهەندە سوریەکانیشە کە تورکیا خۆی پشکی سەرەکی بەردەکەوێت لێی بەهۆی بەشداربوونی لە جەنگی سوریاداو بۆتە کێشەیەک بۆ تورکیاو ناوچەکە بە ئەوروپاشەوە. لێرەدا ئەو بەناو ئۆپۆزیسیۆنەی سوپای ئازادی سوریا بەشێکیان بوونەتە تیرۆریست لەژێر کۆنتڕۆلی تورکیادا. لەم جەنگەی سوریادا بە ڕۆژاڤای کوردستانیشەوە ئەوەندەی گەمەکەرەکان تێیدا بەشدار بن ئەوەندە زیاتر وەک دەیبینین ڕەوشەکە ئالۆزتر دەکات. تورکیا وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی ناتۆ و گوایە هاوپەیمانی ئەمریکاو ئەوروپایە کەچی لە سەرەتای جەنگی سوریاو داعیشەوە تەواوی سیاسەتەکانی دژ بە ئەمریکاو ئەوروپا بووە.
بۆ گونجاندنی کۆمەلگەی تورکی لەگەل سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیدا تورکیای ئەردۆگان کار بۆ کۆمەلگایەکی ئیسلامی ، ئیخوانی توندڕەوی ناسیۆنالیستی تۆتالیتَێر دەکات. تورکیای ئەردۆگانیش هاوشێوەی سیستەمە تۆتالیتارەکان دەیەوێت پەل بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی بهاوێژێت ، بەلام پێشتر دەبێت سەقامگیری ناو دەولەتەکەی دەستەبەر بکات و ئەوەش تەنها بە حوکمی ئیرهاب دەکرێت. ئەردۆگان خەو بە دوبارە دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی تورکی عوسمانی دەبینێت و خۆی ببێتە سولتانی ئیمپراتۆرەکە کە بۆ سەردەم و زەمەنی ئێستەی نێودەولەتیی لەخەوی دیکتاتۆرێک زیاتر هیچی تری لێ دروست نابێت ، ئەو دیکتاتۆرانەی کە لە مێژووی سیاسی فێر نابن ، بەلام ئێستە تورکیا خۆی گرفتاری کێشەو جەنگی سوریاو کورد کردوە کە دەرەنجامەکانی بۆ سەر ناوخۆی ولات نەرێنین و خەرجی جەنگەکەشی لە سوریاو ڕۆژاڤاو باکوری کوردستان ڕێژەیەکی زۆرە هەمان ئەوەی ڕووی لە ئێرانیش کردوەو باری ئابوری ئەو دوو دەولەتە لە قەیراندایەو ئابورییش بڕبڕەی پشتی دەولەتە. ئابوری تورکیا لە دۆخێکی خراپدایەو بەهای لیرەی تورکی بە ڕێژەیەکی زۆر هاتۆتە خوارەوە.
(3)
ئەمریکا ، ڕوسیا ، تورکیاو سعودی لە جەنگی سوریادا
ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە هەیە لەوە دەچێت چیتر کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەدی ئەوەندە بەلاوە گرنگ نەبێت ئەوەندەی لاواز کردنی داعش و ڕوسیاو ئێرانی مەبەستە بەتایبەت کە زلهێزەکان بەدوای هاوسەنگیی هێزەوەن لە سوریاش و لەوە دەچێت ئەمریکا پێویستی بە هاوپەیمانی بەهێز هەبێت لە سوریا کە لە هاتنی فەرەنساش خۆی نمایش دەکات. من وای دەبینم ئەمریکا سوریا جێناهێلێت بێ ئەوەی شوێن پێی خۆی قایم نەکات تێیدا ، کشانەوەی بێ مەرجی ئەمریکا لە سوریا واتای دۆڕاندن و جێهێشتنی سوریایە بۆ ڕوسیاو ئێران و تاڕادەیەکیش تورکیا ، هەروەها مەترسی داعش هێشتا لە ئارادایە. 
سیناریۆیەکی تر بۆ ئەمریکا ئەگەر بۆی بکرێت هەمان ئەو ئەزمونە لەگەل ڕژێمی بەشار ئەسەد دوبارە بکاتەوە کە لەگەل ێدام حسێن کردی دوای ڕزگار کردنی کوێت و ڕاپەڕینی گەلانی عێراق ، ئەویش مانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد بێت ، بەلام ڕژێمێکی بێهێز بۆ دەرەوە کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاو تواناکانی سنوردار بکات بەلام بەشار ئەسەدێکی تاڕادەیەک بەهێز بتوانێت سەقامگیری ناو سوریا ڕابگرێت و لە شەڕی بەردەوامدا بێت لەگەل لایەنە جیهادیستە دژەکان ، هاوکات پشتگیرییەکی سنورداری ئەمریکا بۆ هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو سوریای دژ بە ئەسەد ئەویش بە مەبەستی بێهێز کردنی ڕژێمی سوری و سەرقال کرنی بە ناکۆکیە ناوخۆییەکانەوە بەلام لەم سیناریۆیەدا دەبێت تفوزی ئێرانی لە سوریا نەمێنێت. لێرەوە بۆی بڕوانین دوور نیە سوریا دابەش بکرێت بەسەر چەند ناوچەیەکی جوگرافی و سیاسی جیاواز کە عەلەویەکان و ڕژێمی ئەسەد لە ناوچەی دیمەشق و کورد لە سەروی سوریاو لەوانەیە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنە جیهادیەکانیش لە ناوچەی تر بن بەلام بێئەوەی ئەوانە شەڕی یەکتر بکەن ، ئەویش لە ئەنجامی ڕێکەوتنی سیاسی لایەنە ناوخۆو دەرەکیەکان.
وەک دەبینرێت خوێندنەوە بۆ بابەتەکە کارێکی ئاسان نیە ،بەلام هێز یەکلاکەرەوەیە بۆ ستراتیژە دورو نزیکە گەمەکەرەکانی ناو سوریاو لێرەدا سەوابیتی سیاسیش هەیە کە بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل ئێران مەترسیدارە، چ لە سوریاو چ لە ناوچەکە بە گشتی و چ وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئێران کار لەسەر بوونە هێزێکی ئیقلیمی دەکات و لە پشت پەردەوە کار لەسەر بوونە دەولەتێکی ئەتۆمیی دەکات و ئەمریکا ترسی لەوە هەیە کە ئێران ببێتە کۆریایەکی تری باکور بە هاوپەیمانیی ڕوسیاو چین وەک هەڕەشەیەک بەرامبەر بە ئەمریکا ، بەلام لەوە دەچێت کۆریای باکور لەژێر فشاری ئەمریکادا یان بە هۆی رێککەوتنی ژێربەژێری زلهێزەکان بۆ یەکتر تەنازول بکات. لەوە دەچێت ئەمریکاو ئیسرائیل بە ئامرازی جۆراوجۆر و پێشوەخت سنورێک بۆ ئێران دابننَن پێش ئەوەی ببێتە کۆریایەکی تر.  
دۆستایەتی نێوان سوریا لەگەل یەکێتی سۆڤیەتدا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد. بەلام ئەمریکا سوپای دیموکراسی و پەیەدەی هەلبژارد چونکە بەرژەوەندی هاوبەش پێکیانەوە دەبەستێت. لەناوبردنی داعش و هاوشێوەکانی لە سوریاو عێراق ئامانجێکی گرنگی ئەمریکایە ، دژ بە مانەوەی ئێرانە لە ئایندەی سوریا. بەلام ڕوسیا لانی کەم بۆ ئەم ستراتیژیەی ئێستەی ئێران و تورکیای کردە هاوپەیمانی خۆی لە سوریا.
هێزەکانی سوریای دیموکرات و لێرەدا بەتایبەت پەیەدەو یەپەگە پالپشتێکی گرنگی مانەوەی ئەمریکان بەتایبەت کە کورد لەو بەشەدا خاوەن پڕۆژەی سیاسی و رێکخستن و فکرەو خاوەن جیهانبینیەکی عەلمانیەو ڕۆلی ژن تێیدا ئەرێنیە ، شتێک کە بوونی لە هەرێمی کوردستاندا نیە. هاوکات سعودیەو هاوشێوەکانی لە کەنداو خوازیاری مانەوەی ئەمریکان لە سوریاش بەتایبەت کە هەڕەشەو مەترسیەکانی ئێران بەرامبەریان بە جدی وەردەگرن و ئامادەی هاوکاری کردنی ئەمریکان لە سوریا چونکە ئەوە تەنیا ئەمریکایە بتوانێت بیانپارێزێت ، پێشتریش لە هەڕەشەکانی ێدام حسین. هەواڵەکان وا دەگەیەنن لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا (بێگومان پشتگیری لۆجیستیکی و زانیاری هەوالگری و چەک بەردەوام دەبێت لە لایەن ئەمریکاوە) سعودیەو دەولەتانێکی تری هاشێوە لە کەنداو جێگای ئەمریکا بگرنەوە لە باکوری سوریاو خەرجیەکەشی بە سعودیە بکرێت ، لێرەدا بەریەک کەوتنی ئێران و سعودیە لە سوریا بە دوور نازانرێت. 
سعودی عەرەبی و دەولەتەکانی کەنداو لە حالەتی ڕوخانی سوریا دەکرێت پێکەوە لەگەل ئیسرائیل سیاسەتی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دیاری بکەن بە سەرپەرشتی ئەمریکا ، شتیک کە جێگای ڕەزامەندی مۆسکۆ نیە. 
چ ڕوسیاو چ ئێران بە ئاشکرا باس لە یەکێتی خاکی سوریا دەکەن و رێگا نەدان بە دروستبوونی هیچ بۆشاییەک لە سوریا ئەگەر کوردسان ـ سوریا بەنمونە بهێنینەوە. کەواتە شیوازێکی تر لە ئالۆزی ڕوو دەکاتەوە سوریا ، لێرەدا هێزە ئەقلیمیەکان ڕوبەرووی یەکتر دەبنەوەو سعویەش هەر وەک ئێران بۆ هاوسەنگی هێزو بەهێز بوونی لە ناوچەکەدا بە دوای کارتی سیاسیەوە دەبێت.
سعودیی عەرەبی و دەولەتەکانی کەنداو خەریکن تیدەگەن لەوەی کە جەنگی بە وەکالەتیان لە سوریا دژ بە ئێران سەرکەوتو نەبووە. لە پال بابەتی دەسەلات بۆ سعودی وەک سیستەمێکی ئیسلامی وەهابیی جیهانبینیەکی کەش ڕۆلی خۆی دەبینێت بەوەی وەهابیەکانی سعودی شَیعە بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن. پەیوەندی سعودی عەرەبی و ئێرانی شێعە دوای هاتنی خومەینی بۆ سەر دەسەلات لە 1979 کە سعودی عەربیی وەک هەڕەشە نیوزەند دەکرد. ئێران بە رێگای شێعەکانی سعودیەوە دەست دەخاتە ناو کاروباری ئەو دەولەتەوەو سعودیەش لە جەنگی عێراق ـ ئێراندا پشتگیریی ێدام حسینی دەکردو بووە هاوپەیمانێکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. سعودی لە جەنگی سوریاشدا دوبارە دژ بە ئێران وەستایەوەو یەکبوو لەگەل دژەکانی دژ بە رژێمی ئەسەد. 
بەلام دۆخەکە بۆ حکومەتی سعودی باس نەڕۆیشت بەوەی ڕوخانی ڕژێمی ێدام حسین ، ئێران بە پلەی یەکەم سوودمەند بوو لێی دوای ئەوەی زۆرایەتی شێعە لە عێراق دەسەلاتیان لە بەغدا گرتە دەست. هەروەها لە جەنگی یەمەندا حوسیە شێعەکان بە هاوکاری ئێران توانییان بگەنە باشوری یەمەن و سنوری بە سعودیەوە هەیە هەرچەندە ڕاپەرینی حوسیەکان لە یەمەن هیچ پەیوەندیەکی بە ئێران و حیزبولاشەوە نەبوو ، یان لەلایەن ئەمانەوە قیادە کرابێت هەروەک ئەوەی حکومەتی سعودی ئیدیعای دەکات ، بەلام لە شەڕی دەسەلاتەوە لەناو یەمەن بووە جەنگی بە وەکالەت ، جەنگێکی بێبەزەیی سعودی لە یەمەن کە هاوتایە لەگەل ئەوەی ئەسەدو ڕوسیا لە سوریا دژ بە خەلکی مەدەنی و دامودەزگا مەدەنیەکان دەیکات. هاوپەیمانی سعودی لە جەنگی یەمەندا ئیماراتی عەرەبیە کە جگە لە کەرەسەی جەنگ بە سەدان خەلکی ولاتە هەژارەکانی وەک بەنگلادیش و پاکستان دەنێرێتە جەنگی یەمەن هەمان ئەوەی ئێرانیش لەگەل ئەفغانیەکان دەیکات کە مافی مانەوەیان ئەداتێ و هاوکاری دەکرێن ئەگەر بچنە سوریا بۆ شەڕ کردن. کاتێکیش دشکوژرێن لە گۆڕستانی شەهیدان لە ئێران بەخاک ناسپێردرێن روونە هەموو ئەوانە وەک بەکرێگیراو ناوزەند دەکرێن.   
ئەوروپاش بوونە لایەن تێیدا بەوەی چوونە تەرەفی ئەمریکاوەو هەموو داوای لابردنی ئەسەد دەکەن بێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجامەکانی و ئالتەرناتیڤەکان بکرێتەوە. لێرەدا بەشێکی بەرچاوی دیاردەی ئاوارە بۆ ئەوروپاش دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی زلهێزەکان و ئەوروپاش خۆی.
بۆ ئەمریکاو ئەوروپا بە گشتی شتێکی نەخوازراوە تورکیا بکەوێتە باوەشی ڕوسیاوەو دوور نیە هەندێک نەرمییش بەرامبەر حکومەتەکەی ئەردۆگان بکرێت لەو پێناوەدا، بەلام هاوکات مەبەستیشیانە سنورێک بۆ لادانەکانی تورکیا دابنرێت. 
بە پێچەوانەی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت ڕوسیای ئەمڕۆکە پراگماتیکانە ڕەفتار دەکات نەوەک ئایدیۆلۆژیانە. ڕوسیا بە دوای هاوپەیماندا دەگەریَِت بە سەرۆکایەتی خۆی بۆ جێگا پێکردنەوەی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەو لە ناوچەکەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیشدا بۆ سەقامگیری هێز بەرامبەر بە ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەگشتی. ڕەزامەند بوو بەرامبەر لەشکر کێشیەکانی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین بەلام ڕوسیا لە تورکیای گەرەکە جەنگێکی بەوەکالەت لە ناوچەکانی وەک مەنبەج بەرامبەر ئەمریکاو فەرەنسا بۆ ئەنجام بدات کە بەرژەوەندی تورکیا خۆیشی تێدایە بۆ لێدانی پەیەدەو یەپەگە. لێرەدا ئەمریکاو فەرەنسا هێزیکی سەربازیی زۆریان هێناوەتە مەنبەج و ڕۆژاڤاو دروستکردنی بنکەی سەربازیی تێیدا کراوەتە ستراتیژ کە دیارە مەبەستی تری زۆری لە پشتە بۆ هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە. 
ئەوە لە کاتێکدا کە لەشکرکێشیەکانی تورکیاش لە سوریا پێشیل کردنی یاسای مافی گەلانە چونکە تورکیا بێ ڕەزامەندی دەولەتی سوریا سنوری دەولیی بەزاندوەو جەنگی دژ بە بەشێکی دانیشتوانی سوریا ئەنجام دەدات. تورکیا ناتوانێت مافی بەرگری کردن بە ماددەی 51 ی کارتای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بدات بەخۆی چونکە هیچ هێرشێکی چەکداری نەکراوەتە سەر دەولەتەکەی هەربۆیە ئەو هێرشە سەربازیانەی تورکیا دەیکاتە سەر سوریاو باکوری سوریا ، یان لەشکرکێشیەکانی بۆ ناو عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل کردنی یاسای مافی گەلانە بەلام پرسیارەکە لەوەشدایە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو یاسایانەی بۆچی و بۆ کێی دروستکردوە ئەگەر هیچ لایەنێک پاند نەبێت پێوەی.  
ڕوسیا بەهۆی ئالۆز بوونی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا بووە یارمەتیدەری تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر عەفرین بە ئامانجی ئەوەش تورکیا ببێتە هاوپەیمانی ڕوسیاو هەروەها دەستبەردار بوونی تورکیا لە هەندێ ناوچەی تری سوریا بۆ بەرژەوەندی ڕوسیاو لە ئایندەدا دەستبەرداری ئەمریکا بێت. لێرەدا دەردەکەوێت هێرشی سەر عەفرین دەرئەنجامی ململانێ و بەرژەوەندیەکانی نێوان دوو زلهێزی وەک ئەمریکاو ڕوسیایە. ڕوسیا لە دەریای سپی ناوەڕاست لەسەر کەناری سوریا بنکەیەکی سەربازیی دەریایی دامەزراندوە کە ڕۆکێتەکانی هەلگریی چەکی ئەتۆمین ، ئەوەش هۆکارێکی ترە بۆ پشتگیریی و مانەوەی ڕژێمی سوریا لەلایەن ڕوسیای پوتینەوە. لێرەدا لایەنە سەربازیەکەشی سوریا بۆ ڕوسیا بەدەر دەکەوێت. لێرەدا هاوکێشە سیاسی و سەربازیەکان لە ئایندەی سوریادا چۆن دەبێت تەنیا دەکرێت گریمانەی بۆ بکرێت. بۆچونێکی واهەیە جەنگی سوریا هۆکارێکی گرنگ بێت ببێتە هۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکە. ئەگەر چیتر پێکهاتە سیاسی و جوگرافیەکەی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەو شێوازەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لە بەرژەوەندی ئەمریکاو ئەوروپا نەبێت ئەوا بە دوور نازانرێت کە ناوچەکە بکەوێتە بەر جۆرێک لە گۆڕانکاری. 
کۆتایی هێنان بەو جەنگە بەندە بە بریاری سیاسیەوەو بریاری چارەنوسسازیش لای ئەمریکاو ڕوسیایە ، تەنانەت ئەورپاش خاوەنی بریاری سەرەکی نیە تێیدا ، لای کوردو تورکیاو ئێران و حکومەتی سوریاش نیە ، هەرچەندە ئەم لایەنانەی دوایی دەتوانن جۆرێک لە ئالۆزی دروست بکەن لە بریارە سیاسیەکانی سەر جەنگ یان ئاشتی لە سوریا لێرەو لەوێ ئەمانیش قسەی خۆیان هەبێت. 

چەکی ڕوسی لە سوریا
(4)
ڕۆلی کورد لە کوردستانی سوریا
مێژووی کوردستانی سوریا بە داڕمانی ئیمپراتۆریەتی تورکی / عوسمانی دەست پێدەکات دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لە سالی 1918 و دروستبوونی سوریا کە لەژێر مانداتی فەرەنسی بوو. بەشێک لە کوردستان خرایە سەر دەوڵەتی دروستکراوی سوریا کە دەکەویَِتە باکوری سوریاو سنوری لەگەل دەولەتی تورکیاو عێراق هەیە. کورد لە سوریا دوەم گەورەترین گەلە (کەمایەتیەکی نەتەوەییە). لە چوارچێوەی جەنگی سوریاداو دروستبوونی بۆشایی ، کورد لەم بەشەدا بە سەرۆکایەتی پەیەدە توانی سێ کانتۆن دروست بکات بە ناوەکانی جەزیرە ، کۆبانێ و عەفرین کە بە ڕۆژاڤا ناسراوە. هەروەها پێکهێنانی ئیدارەیەکی سەربەخۆو سوپایەکی سەربازیی کە ڕۆلێکی بەرچاوی گێڕاوە لە شەڕی دژ بە داعش. ئازاد کردنی ناوچە کوردیەکان (باکوری سوریا) و دروستکردنی بنکەی سەربازیی ئەمریکی تێیدا بۆتە دڕکێک بۆ سەرانی تورکیاو ڕوسیاو هێزە ئیسلامیەکان. 

کورد لە ڕۆژاڤا بەرگری سەخت لە خاک و ئامانجێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی دەکات و جەنگێکیان بەسەردا سەپاندوە. ئەگەر کەوتنی ئەسەد قورس بێت بەهۆی پشتگیری ئێران و ڕوسیاوە ئەوا لەوانەیە کورد لە ڕۆژاڤا ناچار بێت لەگەل ڕژێمی ئەسەد رێک بکەوێت بەلام پەیەدە سوریایەکی دیموکراتی فیدرالی مەبەستە. لەبەر ڕۆشنایی ڕاستیە ئاماژە پێکراوەکان ئەوا داهاتووی سوریا بە پلەی سەرەکی بەندە بە ڕوسیاو ئەمریکاوە. لێرەدا ڕوسیا بریاردەرێِکی بەرچاوە بۆ داهاتووی سوریا بە تایبەت کە نایەوێ ڕژێمی ئەسەد بڕوخێت. 
وادەبینرێت ڕوسیاو ئێران بیانەوێ کورد بە جۆرێک لەگەل ئەسەد رێکبکەوون کە تورکیاش قبوولی بێت ، تورکیاش بەردەوام کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ڕوسیاوەو ناچار دەبێت مانەوەی ڕژێمی سوری قبول بکات ، بەتایبەت کە دۆخی ناوخۆو نێودەولەتیەکەی لەئاستێکی وادا نیە هەرچی دەوێت لە سوریا بیکات. کوردیش لە سوریا بەشێکە لە چارەسەرەکان و پارویەکی بچووک نیە قووت بدرێت. هەموو ئەمانە بەندە بە داهاتووی بڕیاری سیاسیەوە.

(5)
سوریا و تاقیکردنەوەی چەک
سوریا بۆتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەکە نوێکانی زلهێزەکانیش. بۆنمونە ڕوسیا دەیان جۆر چەکی نوێی لە سوریا تاقیکردۆتەوەو نیشانی دونیای ئەدات کە بەرهەمی سەربازیی ڕوسی کارایەو تاقیکردنەوەی چەکی نوێی لە جەنگی سوریادا بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی فرۆشتنی بەرهەمی سەربازی ڕوسی. بە تەنیا لەسالی 2016 زیاتر لە 200 جۆر چەکی ڕوسی لە جەنگی سوریادا سەرکەوتوانە بەکارهێنراوەو تاقیکراوەتەوە. لێرەدا شتێک نامێنێت پێی بوترێت ڕەوشت و بەزەیی ئینسانیی و چەک بەسەر خەلکی سڤیل و ژن و مندال و پیرو پەککەوتە تاقیدەکرێتەوە کە ئەو جەنگە لە بنەڕەتدا جەنگی ئەوان نیە. 
ژمارەی ئەو دەولەتانە کەم نین کە چەک و تەقەمەنی بە ولاتانی شوێن قەیرانەکان دەفرۆشن ، هەندێک جار دەولەتانێک خۆیان دەبنە هۆی دروستبوونی قەیران و جەنگ و دواتر بۆ فرۆشتنی چەک پێیان و هەر خۆشیان پڕۆژەی ناوچە وێران کراوەکان دەگرنە دەست بە سەروەت و سامانی ئەو ناوچەیە خۆی و پابەند کردنیان لە ڕووی ئابوری و سیاسی و تەکنەلۆژیاو قەرزەوە بە خۆیانەوە. ئەوەش هیچیتر نیە لە جەنگ و وێرانی و کوشتن بەلام بە شێوەیەکی تر. هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان ئەوەی ڕاستەوخۆ مرۆڤێک بکوژیت یان ببیتە هۆی کوشتنی. 

تەوەری سێیەم
وزە هۆکارێکی گرنگی جەنگی سوریا
هەرچەند باس لە جەنگ بکرێت وەک درێژکەرەوەی سیاسەت بەلام لە بنەڕەتدا بەرژەوەندی ئابوری بۆتە پایەیەکی سەرەکی جەنگەکان ، لەوەش مێژوی مرۆڤایەتی بریتی بووە لە هەوڵدان لە پێناوی دەسەلات و ئابوری و جەنگیش ڕێگایەک بووە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ، بەلام پرسیارەکە لەوەدایە دەسەلات و ئابوری لە دەستی کێداو بۆ کام ئامانج بەکار دەهێنرێت. 
وزە (نەوت و گازی سروشتی و دۆزینەوەی بازاڕ و کەرەسەی خاو، و دەستی هەرزانی کار ...) یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ململانێ و جەنگەکان لە جیهانداو هەربۆیە کاریگەریی خۆی هەبوە لەسەر بڕیاری سیاسیشدا. جەنگی سوریاش لە پال چەند فاکتەرێکی تری سیاسی و جیۆستراتیژی و خاڵی کردنی لە هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی وەک داعش وەک لە باسەکەدا دەردەکەوێت جەنگی وزەشە (ڕێگای گواستنەوەی وزە) یە ، بەتایبەت گازی سروشتی کە ئەمڕۆکە بەتایبەت ئایندە گرنگیەکی تایبەتترو زۆرتری بەخۆیەوە گرتوە بەراورد بە نەوت بەتایبەت پەیوەست بە ژینگەوە لە ولاتانی ڕۆژئاوا. بە حوکمی بەرەو پێش چوونی بواری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی سەردەم و زۆریی شمەکە بەرهەمهێنراوەکان نەک هەر توانای دەرهێنانی گازی سروشتی پەرەی پێدراوە بەڵکو پێویستیی بۆ وزە لە زیاد بوندایە. لە پێناوی وزەو رێگاکانی گواستنەوەیدا وەک فاکتەرێکی گرنگی ئابوری و بەهەرم هێنان دەیان جەنگ لە پێناویدا بەرپا کراوەو دەکرێت. 
"رێکخراوی ولاتانی هەناردەکردنی پیترۆل (ئۆپێک) لە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە ڕاپۆرتی سالانەی خۆیدا دایناوە کە ڕێژەی بەکار بردنی نەوت لە جیهاندا بەبری 40% زیاد دەکات تا ساڵی 2040. بەمەش خواست لەسەر نەوت بۆ هەر ڕۆژێک دەکاتە (17) ملیۆن بەرمیل. لە دوای شۆڕشی پیشەسازی و سەدەی نۆزدەوە کە زیاتر لە 150 سالە نەوت و ئینجا گازی سروشتی سەرچاوەی سەرەکی وزەن لە جیهاندا. دۆزینەوەو دەرهێنان و بەبازاڕ کردن و کۆنتڕۆل کردنی هۆکارێکی سەرەکی جەنگ و ناکۆکیە هەرێمایەتی وجیهانیەکانەو بەکار هێنانی سەرجەمی وزەی جیهان لە زیادبوندایە" .
سوریا هەرچەندە خاوەنی ڕێژەیەکی ئەوتۆ نیە لە نەوت و گازی سروشتی بەلام لە ڕووی جوگرافیەوە (جیۆستراتیژیەوە) ڕۆلێکی گرنگی بەر دەکەوێت بۆ تێپەڕبوونی بۆری گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. قەتەرو سعودیە مەبەستیانە گازی سروشتی بە بۆری بە رێگای ئەردەنەوەو دواتر سوریاوە بگوازنەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێوە ڕەوانەی ئەوروپا بکرێت و پێشبرکێی ڕوسیاشی پێ بکەن وەک یەکێک لە خاوەن گازی سروشتیی بێشومار لە جیهاندا.  
نەوت و گازی سروشتی وەک دوو سەرچاوەی گرنگی وزە لە جیهاندا بەشێکی گرنگی کەوتۆتە ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و بە هۆی باری جوگرافیەوە گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە تایبەت ئەوروپا ئاسانترەو تێچوونی ماددیشی کەمترە. لێرەدا کێبرکێی گەورە هەیە بۆ گەیشتن بەو سەرچاوانەی وزەو بۆتە بەشێکی بواری ئاسایشی نەتەوەییش (ئاسایشی وزە) و لێرەدا ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بۆتە بەشێکی بەرچاوی ناکۆکی و ململانێی زلهێزەکان.   
دەولەتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ولاتە نەوتیەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وەک مانگایەکی درێژ وایە کە سەری لەناو ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدایەو لەوێ خواردن دەکرێت بەدەمیداو کلکیشی لە ئەمریکاو ڕۆژئاوایە کە لەوێ نەوت و سامانەکە ئەدۆشرێ. ئەو لایەنەی بیەوێ لە جیهانی ئابوری و بازرگانیدا ببێت بە شتێک دەبێت قاچێکی لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا بێت. ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست چ دەولەتەکانی بەشی ڕۆژهەلاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەگرێتەوە کە بریتین لە تورکیا ، میسر ، سوریا ، لبنان ، ئیسرائیل ، ئوردون و قوبرس ، هەروەها دەولەتەکانی کەنداو (یەکێتی ئیماراتی عەرەبی (بەحرەین، قەتەر ، عومان و شارقە) ، یەمەن و سعودی عەرەبی) و دەریای سوور ، ئێران ، عێراق. ئەو ناوچەیە چەند ڕۆلێکی گرنگ دەبینێت بۆ زلهێزەکان کە بریتین لە: 
1) پاراستنی ڕێگای هاتوچۆی نەوت.
2) بۆ سیاسەتێکی نزمی نرخی نەوت. 
3) ناوچەی هەرزانی کەرەسەی خاو و دەستی هەرزانی کار
4) کۆنتڕۆل و بەرەنگاریکردنی ئەو لایەنانەی بەرژەوەندی دەولەتانێکی ناوچەو زلهێزەکانی هاوپەیمان دەخەنە مەترسیەوە ، هەروەها ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی کاریگەریی سیاسی تاک دەوڵەت و نادەولەتیی لە ناوچەکەدا . 
ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ( هەر هێشتا تاکە زلهێزی سەربازیی لە جیهاندا) دەبێت بەرژەوەندی ولاتە پیشەسازیەکانی هاوپەیمانیی بپارێزێت. تەنانەت ئەگەر ئەمریکا خۆی دەست لە نەوتی ناوچەکە ، یان کەنداویش هەَلبگرێت بەلام قەیرانی وزە لە ولاتە ئەوروپیەکاندا یان لە یابان کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئابوری ئەمریکی چونکە بەشێکی شمەکی ئەمریکی لە ئەوروپاو یابان ساغ دەبنەوە.
لە جەنگی دوەمی کەنداویشدا پاراستنی ئەوروپاش کرایە ئامانج ونەهێلدرا عێراق دەولەتی کوێت بۆ هەمیشە داگیر بکات و مامەلە بەنرخی نەوت و پاشەکەوتی نەوت بکات لەبازاڕەکانی جیهاندا. ناردنی نەوت بۆ یابان نزیکەی 70% ی بە گەروی هۆرموزدا دەڕوات. ئێران لەجەنگی یەکەمی کەنداودا هەڕەشەی داخستنی ئەو گەروەی دەکرد بۆ ئەوەی کێشەکە بکاتە کیشەیەکی نێودەولەتی چونکە ئێران دەزانێ کە ئەوە پەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەیی بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش هەیە چونکە 25% ی کالای ئەمریکاش لەیابان ساغ دەبێتەوە. بۆ ئەمریکا ئاسایشی نەتەوەیی بەتەنیا داعش و قاعیدەو ئیرهاب نیە بەلکو ئابوری وسیاسەتی دەرەوەشە. ئەمەیان نەگۆڕەو پەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە ئیتر هەر لایەنێکی سیاسی لەسەر دەسەلات بێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی “Financial Times”  لە سالی 2015 بەشێکی سەرەکی جەنگی سوریا پەیوەندی بە جوگرافیای هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیەوە هەیە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا. ڕوسیاو هێزەکانی ڕۆژئاواو دەولەتەکانی کەنداو تەنیا لەو ناوچە تایبەتانە لە سوریا دەجەنگن کە پەیوەندی بە جوگرافیاو ستراتیژی ئەو بوارە هەیە. لە تێبینی گشتیدا مرۆڤ ئەو جەنگەی سوریای تەماوی دێتە بەرچاو بەلام کاتێک دەڕوانێتە جەنگ لەپێناوی وزەدا ئەوا سەرپۆشەکە لەسەردا دادەگیرێت و دەموچاوەکان ڕونتر دەردەکەون. مەسەلەی شەڕی حەلەب پەیوەندی بە دوو گرنگترین بازاڕی نەوتەوە هەیە کە نزیکن لە مەنبەجەوە ( 60 کم) و لەژێر کۆنتڕۆلی ئەمریکیەکاندایەو هەروەها الباب. گرنگترین بۆری گواستنەوەی نەوت کە لەعێراقەوە هەناردە دەکرێت لە ڕێگای موێل و قائیمەوە بەو دوو ناوچەیەی سوریادا تێدەپەرن. لە بەری ڕۆژهەلاتیشەوە بە شاری حەلەبدا تێدەپەرێت تا دەگاتە ئیدلیب. کۆنتڕۆل کردنی مەنبەج بەواتای بوونی کاریگەریی گەورە بۆ گواستنەوەی نەوت لە سوریا، هەربۆیە تورکیا چاوی بڕیوەتە مەنبەجیش ئەوە جگە لە ئامانجی تێکدانی کیانێکی کوردی تێیدا. هەمان شت بۆ حەلەب و ئیدلیبیشە کە کەوتونەتە بەری ڕۆژئاوای سوریاوە. ئەو لایەنەی کۆنتڕۆلی حەلەب بکات ئەوا کۆنتڕۆلی کلیلی بۆریە نەوتیەکان دەکات. لە ئەگەری دەست بەسەردا گرتنی مەنبەج لەلایەن تورکیاوە ئەوا تورکیا دەتوانێت کاریگەریی دروست بکات بەسەر سیستەمی بۆریە نەوتیەکان. بە هەمان شێوە حومێ و حەماو پالمیرەش ئەو ئاڕاستەیەیان بەردەکەوێت. ئەو ناوچانەش کە شەڕی قورسیان بەرکەوتوە ئەو ناوچانەن کە بریارە دواڕۆژ بۆریە نەوتیە نەخشە کێشراوەکانی قەتەر / تورکیاشی پێدا بڕوات. 

کۆنتڕۆلی بەشی ڕۆژئاوای سوریا بۆ ڕوسیا گرنگە بۆ رێگا گرتن لە گواستنەوەی وزە بە رێگای بۆریە نەوتیەکانەوە بۆ بەرژەوەندی ئەوروپاو ڕۆژئاوا. ئیسرائیل هاوکات بە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد نەخشەی گواستنەوەی بۆری نەوت و گازی هەیە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە بە دیمەشقدا بۆ تورکیا. بەلام لە دیدی ڕوسیاوە دەبێت رێگری لەو پڕۆژەیە بکرێت ، ڕوسیا کێبڕکێکەری ناوێت لە بازاڕی گازی سروشتیدا. هاتنە ناوەوەی هێزی ڕوسی بۆ ناوچە کوردیەکان ئامانجی وزەو سیاسیشی هەیە. چ بە کوردستاندا (سەروی سوریا) و چ بە تورکیادا نەوتی عێراقی دەگوازرێتەوە بەری ڕۆژئاوای سوریاو لەوێوە زۆرتر بۆ ئەوروپا بۆ بازاڕی وزە دەڕوات. بەلام ڕوسیا دژی ئەو مەمەڕەیە چونکە ڕِوسیا دەیەوێت ئەوروپا وەک موشتەری وزە لای خۆی بهێلێتەوەو پابەندی بکات. 
تەنانەت ئەو گرێبەستەی "حکومەتی هەرێم" لەگەل ڕۆزنەفتی ڕوسی کردویەتی بۆ بەرژەوەندی تاک لایەنێکی نانیشیمانی دەبێت ئەمریکای نیگەران کردبێت چونکە ئامانجێکی سەرەکی کۆمپانیای ڕۆزنەفت کڕینی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانە کە دەسەلاتی سیاسی هەرێم بە برێک دۆلار پێی فرۆشت. شەرعیەتی پاراستنی ئەو بۆریە نەوتانە لای ڕوسیایە ، بەواتا دابەزینی هێزی ڕوسی لە هەرێمی کوردستاندا و لەوانەیە کاریگەیی لەسەر سیاسەتی عێراقیش دروست بکات. حکومەتی بەغدا دڵخۆش نیە بەو ڕێکەوتنە بەلام بەهۆی هلوپەیمانیەتی نێوان ڕوسیاو ئێران ، ئێران کاریگەریی دروستکردوە لەسەر حکومەتی بەغدا کە بێدەنگی هەلبژێرێت. شتێک کە دژ بە ئاسایشی وزەو بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپایە ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی ڕوسیاوە هەیە. هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنە بەندە بە بڕیاری مۆسکۆوە. لەوانەیە بێدەنگیی ئەمریکا لەم کاتەدا بەند بێت بۆ دوای هەڵبژاردنەکان لە عێراق ، کە حکومەت لە کێ دروست دەبیچت ، ئەو کاتە کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە هەولێر دەردەکەوێت. 

ئەوە لە کاتێکدا کە لە ڕاپەرینی 1991 وە ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا هەرێمی کوردستانیان پاراستوە. بگەرێینەوە بۆ ئەو جەنگەی لە سوریادا هەیە کە بەهۆی پێکدادانی بەرژەوەندیەکانە ، لە نیوانیاندا وزە لە نێوان ئەمریکاو ئەوروپا، ڕوسیاو تورکیاو دەولەتانێکی تری ناوچەکە ... لێرەدا هەرێم چۆتە بەرەی تورکیاو ڕوسیاوە دژ بە بەرەی ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپاو وادەڕوات هەرێمی کوردستان بکاتە ناوچەی نفوزی ڕوسی / تورکی. ئایندە ڕاستی هاوکێشەکان و دەرئەنجامەکانی دەردەخات.
ئەوەی پەیوەندی بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە هەیە پلانی ئەوە کرابوو بۆریەکی تری نەوت لە کەنداوی فارسیی عەرەبیەوە تا دەگاتە باکوری عێراق و دواتر بە باکوری سوریادا بڕوات. بەوە نەوتی عێراقی چ لە رێگای تورکیاوەو چ بە باکوری سوریاوە بنێردرێتە ئەوروپا بۆ بازاڕی وزە. بەلام نەخشەی دروستکدنی مەمەرێکی کوردیی هیچی لێ دروست نەبوو چونکە ڕوسەکان هاتنە ناو سوریاوە. 

ساڵی 2009 قەتەر پێشنیازی دروستکردنی بۆری گواستنەوەی گازی سروشتی قەتەریی کرد ، کە بە سعودیەو ئەردەنداو دواتر بە سوریادا بۆ تورکیاو لەوێشەوە هەناردەی ئەوروپا بکرێت وەک لە نەخشەکەدا دەبینرێت و تێچونیشی کەمترە. شتێک کە ڕۆلی قەتەریش ئێستەش لە جەنگی سوریادا دەردەخات و رێکەوت نیە کە قەتەرییش وەک ئێران و تورکیاو زلهێزەکان بۆ ئەو مەبەستەو دروستکردنی کاریگەریی خۆی لە سوریادا پشتگیریی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی کردوە بە داعشیشەوە لە شێوازی جەنگی بە وەکالەت. 
ولاتە پیشەسازیەکانی ڕۆژئاوا پشتگیرییان لەم پڕۆژەیە کردوە بە ئامانجی بێهێز کردنی سەکتەری وزەی ڕوسی و کەمکردنەوەی پابەند بوونی ئەوروپا بە گازی ڕوسیەوە. بەلام ڕوسیا هەوڵی تێکدانی ئەو پڕۆژەیەی داو کاری لەسەر پڕۆژەیەکی مونافس کرد بەوەی بۆری گواستنەوەی وزەو گازی ئێرانیی بە عێراق و سوریادا بۆ لاتاکیاو لەوێشەوە بۆ ئەوروپا هەناردە بکرێت. دیاردەیەک کە جەنگەکەی سوریای ئالۆزتر کرد. 
لێرەدا دەبینرێت هەموو ئەو هێزانەی بەرژەوەندی ئابوری و وزەو بازرگانییان لە سوریادا هەیە کار بۆ سەرخستنی پڕۆژەی خۆیان دەکەن و هاوپەیمانیی دەبەستن و زۆر جاریش بەپێی دۆخەکە هاوپەیمانێتەکانیش دەگۆڕێن ، بەو تیۆریەی نە هاوڕێی هەمیشەیی و نە دوژمنی هەمیشەیی هەیە بەڵکو تەنیا بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە. وەک هێنری کیسینجەر وتەنی سیاسەت نە باوکی هەیەو نە دایک تەنیا بەرژەوەندی هەیە ، جا بەرژەوەندی بۆ ئامانجی باش یان خراپ بێت. 
دەرئەنجام
• جەنگ هەمیشە شێوازێکی توندوتیژ بووە بۆ بەلادا خستنی ناکۆکی و ململانیکان ، تەنانەت لایەنی براوەش زیانمەند دەبێت تێیدا. لە کاتی جەنگدا ئامانج و ستراتیژیە سیاسی و ئابوری و ئایدیۆلۆژیاکان ڕوبەری جەنگ دەکرێنەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکان.
• ئەگەر نەخشەی سیاسی و جوگرافی لە ناوچەکەدا گۆرینی قورس بێت ئەوا باشترین رێگا بۆ چارەسەری سوریاو دەولەتەکانی هاوشێوە سیستەمی فیدرالیە چونکە لەم سیستەمەدا دەسەلاتەکان دابەش دەبن بەسەر هەرێم (کانتۆنەکاندا) و دەسەلاتی مەرکەزی لاواز دەبێت. مۆدیلی سفیدرالی لە سویسرا بە گونجاو دەبینم. فیدرالیزم دەبێتە هۆی دروستبوونی دیموکراسی و سەقامگیریی کە هەردوکیان مەرجی گرنگن بۆ سیستەمی فیدرالی. 
• سیاسەت و ناکۆکی و  پێکدادانە نێودەولەتی و ئیقلیمیەکان لە سەر نمونەو گۆڕەپانی جەنگی سوریادا بە ڕوونی بەدی دەکەوێت.
• جەنگی سوریا جەنگێک نیە لە پێناوی بەها مرۆییەکان بەلکو جەنگی بەرژەوەندیەکانە ، جیۆپۆلەتیک وشە گرنگەکەیە تێیدا. ئەو وشەیە ڕِوونی دەکاتەوە بۆچی ڕاپەرینی بەشێکی خەلکی سوریا دژ بە ئەسەد لە کاتێکی کورتدا کرایە جەنگی بە وەکالەت و ئاستێکی نێودەولەتی بەخۆیەوە گرت. جەنگی بەرژەوەندیە نێودەولەتی و ئیقلیمیەکان ، بەرژەوەندیە سیاسی و سەربازی و ئایدیۆلۆژی و ئابوریەکانی تێدا بەدی دەکرێت. جەنگی هاوسەنگی هێزیشە. دوور نیە جەنگی سوریا ببێتە هۆی گۆرینی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە. ئەمریکاو ئیسرائیل و سعودیە ئێران وەک هەڕەشەیەکی جدی دەبینن بۆ سەر ئاسایشی خۆیان و ناوچەو ئاسایشی وزەش ، ئێران بە شوێن کارتی سیاسیدا دەگەرێت و دەستی خستۆتە ناو کاروباری چەندێک لە ولاتانی ناوچەکە... وا دەبینرێت کە دەبێت سنورێک بۆ ئێران دابنرێت. سیناریۆکانی ئەو ئامرازانەش چی دەبن و چۆن دەبن کەم نین..
• لەسەر خاکی سوریا ئەمریکاو ڕوسیا ئێران و سعودی عەرەبی هەروەها تورکیا شەڕی دەسەلات و نفوز و خۆسەپاندن دەکەن بەلام گەمەکەرە سەرەکیەکان لە 2012 وە واشنتن و مۆسکۆیە. بێ تەدەخولاتی ئەکتەرە دەرەکیەکان هەرگیز گەورەترین هەلاتنی خەلک و ئاوارەیی دروست نەدەبوو لە سوریا لە جەنگی دوەمی جیهانیەوەو بووە هۆی بەتینتر کردنی پۆلاریزەی کۆمەلایەتی کۆمەلگەی سوریا.
• جەنگەکەی سوریا هەروەک تەواوی جەنگەکانی تری دوای جەنگی دوەمی جیهانی بریتیە لە جەنگی وەکالەت. جەنگی وەکالەت بۆ زلهێزە نێودەولەتی و هێزە ئیقلیمیەکان بەلام دەولەتی ئیقلیمیش هەیە جەنگی بە وەکالەت بۆ زلهێزەکان دەکات.
• زۆری ژمارەی بەشداربوان و هاوپەیمانانی دەرەوە لە جەنگەکەدا بە بەرژەوەندیە جیاوازە کۆتایی هێنانی جەنگەکەی نادیار کردوە ئەوەندەی جەنگەکە دریژ بخیەنیت ئەوەندە زیاتر مەترسی دروستبوونی ناسەقامگیریی لە ناوچەکە فراوانتر دەبێت و قەیران بەدوای قەیراندا دێنێت ، دۆڕاوی گەورە گەلانی سوریایە.
• چارەنوسی مرۆڤ و گەلان و نەتەوەکان لای ستراتیژ دارێژەرانی جیۆپۆلەتیک هیچ گرنگیەکی نیە. جەنگی سوریاش بە ڕوونی ئەو راستیەی نیشاندا کە یەکەم قوربانی لە هەموو جەنگێکدا بریتیە لە ڕاستیەکە ، دوە قوربانیش بریتیە لە خەلکی مەدەنی بەشدار نەبوو لەو جەنگەدا کە جەنگی ئەوان نیە.
• ئەگەر لە سوریا لە کۆتایدا ناوچەی جێنفوزەکان دابەشکاریەکی نوێی زلهێزەکانی لێ  بکەوێتەوە لە نێوان ئەمریکاو ڕوسیا ، فەرەنساو بەریتانیا ئەوا ئێران و تورکیا بە دەستی بەتال لێی دێنە دەرەوە.
• دەبێت لە سایکۆلۆجیەت و باری کۆمەلایەتی بڕیاردەرەکانی سیاسەت و جەنگی ناڕەوا و خوێن ڕێژ تێبگات. تینوو بوون بۆ دەسەلات و نەخۆشی گەورەیی یان خۆ بەکەم زانینی خۆی ، یان ناسەقامگیریی کەسایەتی. هەر کەسێک لەم ڕاستیانە تێنەگات لە ڕاستی ئەوە تێناگات بۆچی ئەردۆگان دەیەوێ ببێتە پاشاو سولتانی ئیمپراتۆریەتێکی نوێ ، بۆچی پوتین دەیەوێ ببێتە قەیسەرێکی نوێی ڕوسیا ، بۆچی ێدام دەیویست ببێتە قائیدی ئومەی عەرەبی ، یان ئەوانەی شەڕیان بۆ دروستکردنی ئیمپراتۆریەت دەکردو دەیانویست ببنە خودای سەر زەوی....؟ بۆچی هەندێک لە سیاسەتمەدارەکانی ولاتی ئێمەش تووشی هەمان نەخۆشی بوون؟ نەخۆشی ئەوەش کێ لەگەل ئەو نەبێت بەواتا دژی ئەوە. ئەوە ئەرکی دەرونناس و کۆمەلناسەکانی کوردیشە کار لەسەر ئەم دیاردانە بکەن ، لە ولاتێکدا کە جەنگ بۆتە بەشێک لە مێژوەکەی. 
• هیچ کام لەو هێزانەی ئێستەی جەنگی سوریا نە ئەوەندە بەهێزن جەنگەکە بۆخۆی بەرێتەوە ، و نە ئەوەندەش بێهێزن جەنگەکە بدۆرێنێت ، هەربۆیە جەنگەکە درێژەی کێشاوە.
• سەرەڕای ئەوەی جەنگ دیاردەیەکی توندوتیژو قێزەونە بەلام هەندێک جار جەنگیش دەکرێ رێڕەوی مێژوو بگۆرێت .. لە ئەنجامی جەنگی سوریادا کورد توانی لە باکوری سوریا کیانێک بۆخۆی دروست بکات هەرچەندە لە ژێر مەتریشدایە. هەمان شت بۆ باشوری کوردستان لە ئەنجامی جەنگی عێراق و ئەمریکا لە سالی 1991.

ـــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی: بەم نزیکانە کتێبێکی نووسەر لەژێر ناونیشانی "جەنگەکان لە مێژوداو پەیوەندی بە سیاسەت و ئابوریەوە " ئامادەی چاپ کردن دەبێت. 

سەرچاوە:
1) کلاوزەڤیتس (Carl Philipp Gottlieb von Clausewitz) لە دایکبووی 1.7.1780 ، 16.11.1831 لە برێسلاو کۆچی دوایی دەکات. جەنەرالێکی پرۆیسەکان بوو ، رێفۆرمکەرو تیۆریزەکەری سوپا بوو. Clausewitz بەهۆی کتَێبە تەواونەکراوەکەی دەربارەی جەنگ بەناوبانگ بوو کە باس لە تیۆری جەنگ دەکات. تیۆریەکەی دەربارەی ستراتیجی و تەکتیک و فەلسەفە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر گەشەکردنی جەوهەری جەنگ لە سەرجەم ولاتە رۆژئاواییەکان و هەتا ئەمڕۆکەش لە ئەکادیمیاکانی سوپا دەخوێندرێت.
2) Alexander Kluge und Oskar Negt، Was ist Krieg? in: Blätter für deutsche und internationale Politik، Bonn، 4/2002، S. 491. 
3) گۆڤاری یەکگرتن، جەنگی عێراق/ ئێران، کۆپنهاگن، 1984، ل. 6-7 
4) www.sueddeutsche.de/.../kriege-im-jahrhundert-schlachtfelder-der-zuku.
5) بۆ زانیاری زیاتر بروانە Michael Lüders، Die den Sturm ernten 2017   بە زمانی ئەلمانی
6) پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ وزەو توێژینەوەی هەرێمایەتی ، کوردستات و هێلەکانی وزە ، ناکۆکی یان هاریکاریی هەرێمایەتی ،  ، 15.12.2016، ل. 1.
7) J. Hippler، Die neue Weltordnung، S. 118.