گفتوگۆی نێوان ئەلبێرت ئەنیشتاین و ڕابیندرانت تاگور (بەشی یەکەم)

Friday, 05.18.2018, 23:08

3505 بینراوە


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد (جوانپەرست)
لە ١٤/تەموزی ١٩٣٠ ڕابیندرانت تاگور لە ماڵەکەی خۆی لە کاپوسی نزیک بەرلین سەردانی ئەلبێرت ئەنیشتاینی کرد. وتووێژی نێوان ئەو دوو مەزنە مرۆڤە تۆمارکرا و لە کانونی یەکەمی ١٩٣١ بڵاوکرایەوە.
تاگور: تۆ مژۆڵی ئەوە بوویت تا لە ڕێی ماتماتیکەوە بە دوو پێکنەری مێژینەی کات و شوێن بگەیت، لە کاتێکدا من لەم وڵاتە وانەم دەوتەوە لە بارەی جیهانی هەمیشەیی مرۆڤ کە جیهانی ڕاستەقینەیە. 
ئەنیشتاین: تۆ بڕوات بەوە ھەیە خواوەند دابڕاو بێت لە جیھان؟
تاگور: نەخێر، دابڕوا نییە. بوونی ڕەھای مرۆڤ پەی بە گەردوون دەبات. ناکرێت شتێک ھەبێت و لەگەڵ بوونی مرۆڤدا یەکانگیر نەبێت، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە حەقیقەتی گەردون حەقیقەتی مرۆڤە.
ئەنیشتاین: دوو جۆر بۆچوونی جیاواز ھەن لە بارەی سروشتی گەردوونەوە؛ یەکەم: جیھان وەک یەکەیەک کە وابەستەی مرۆڤە. دووەم: جیھان وەک واقیعێکی سەربەخۆ و دوور لە کارکردی مرۆیی.
تاگور: کاتێک گەردوونەکەمان لە ھەماھەنگیدا بێت لەگەڵ مرۆڤ، نەمریی وەک ڕاستییەک دەزانین و وەک جوانییەک ھەستی پێدەکەین.
ئەنیشتاین: ئەوە تێگەیشتنێکی مرۆییانەی پەتییە لە بارەی گەردوونەوە.
تاگور: جیھان جیھانی مرۆڤە، دیدگای زانستی ئەو دیدی زانستی مرۆڤە. ھەر بۆیە جیھانی دابڕاو لە ئێمە بوونی نییە، ئەوەش جیھانێکی ڕێژەییە، بۆ واقیعیبوونی خۆی پشت دەبەستێت بە ھۆشمەندیی ئێمە. ھەندێک پێودانگی عەقڵی و چێژ ھەن کە ئەوە دەکەنە ڕاستی، ئەوەش پێودانگی مرۆڤی نەمرە کە دەکرێت ئەزمونەکانی لە ئەزمونی ئێمەوە سەرچاوە بگرێت.
ئەنیشتاین: ئەمەیش پەیبردنێکی تەواوە بە ھەبوونی مرۆڤ. 
تاگور: بەڵێ، تاقە ھەبوویەکی ھەمیشەیی کە پێویستە لە ڕێی ھەست و چالاکیمانەوە پەی پێ ببەین. مرۆڤی باڵا کە ھیچ کۆت و بەندێکی تاکایەتی نییە لە ڕێگەی کۆت و بەندەکانی خۆمانەوە پەی پێ دەبەین.
زانست نیگەرانە لەو شتەی گرێدراوی ژیانی تاکەکان نییە، ئەوەش جیھانێکی مرۆیی لەکەسبەدەری ڕاستییەکانە. ئایین پەی بەو ڕاستییانە بردووە و بەستوونییەتیەوە بە پێداویستییە قوڵەکانی ئێمەوە. وشیاریی تاکایەتیمان لە بارەی حەقیقەتەوە، گرنگیی گەردوونی بە دی دەھێنێت. ئایین بەھا بە حەقیقەت دەبەخشێت و ئێمەیش پەی بە باشەی حەقیقەت دەبەین لە ڕێگەی دەرگیربوون لەتەکیدا.
ئەنیشتاین: کەواتە حەقیقەت یان جوانی لە مرۆڤ جیا ناکرێنەوە؟
تاگور: نەخێر، من وا ناڵێم.
ئەنیشتاین: ئەگەر مرۆڤ نەمێنێت ئەپۆلۆ بەڵڤەدێر هەر ئەو ڕەونەقەی دەمێنێت؟
تاگور: نەخێر! 
ئەنیشتاین: لە بارەی جوانییەوە لەم ڕووەوە لەگەڵتم، بەڵام بۆ حەقیقەت نا.
تاگور: بۆ نا؟ ڕاستیش ھەر لە ڕێی مرۆڤە پەی پێ دەبرێت.
ئەنیشتاین: ناتوانم بیسەلمێنم بۆچوونەکانم ڕاستن، بەڵام ئەوە ئایینی منە.
تاگور: جوانی لەنێو نمونەیەکی باڵای ھەماھەنگییەکی تەواودایە کە لەنێو بوونێکی گەردوونیدایە، حەقیقەتیش تێگەیشتنێیکی تەواوە لە ئاوەزی گەردوون. ئێمەش لێی نزیک دەبینەوە لە ڕێی ھەڵەکانمانەوە، لە ڕێی ئەزموونە کەڵەکەبووەکانمانەوە، لە ڕێی بیر و ھۆشی ڕۆشنمانەوە. گەر وا نەبێت چۆن دەتوانین لە حەقیقەت بگەین؟
ئەنیشتاین: ناتوانم بیسەلمێنم، بەڵام بڕوام بەو ئەرگومێنتەی ڤیساگۆرس ھەیە کە ڕاستی سەربەخۆیە لە مرۆڤ [لە دەرەوەی مرۆڤە]. ئەوەیش بەردەوام کێشەی لۆجیک بووە.
تاگور: حەقیقەت؛ ئەوەی کە بوونێکی گەردوونیی ھەیە، دەبێت لە بنەڕەتەوە مرۆیی بێت ئەگینا ئەوەی ئێمە وەک تاک بە ڕاستی دەزانین ناکرێت پێی بوترێت ڕاستی، لانیکەم ئەو حەقیقەتەی کە بە زانستی ناو دەبرێت یان ئەوەی تەنیا لە ڕێی لۆجیکەوە پێی دەگەین، بە واتایەکی دیکە ئەوەی لە ڕێی ئۆرگانێکی بیرکردنەوەوە پێی دەگەین کە مرۆییە. بەپێی فەلسەفەی ھندی زاراوەی براھمان ھەیە کە ڕاستی ڕەھایە کە عەقڵی تاکێکی دابڕاو ناتوانێت وێنای بکات، نایشتوانرێت بە وشە گوزارشتی لێ بکرێت، بەڵکو تەنیا بە ئاوێتەکردنی تاکێکەوە بە کەماڵی خۆی گوزارشتی لێ دەکرێت. بەڵام ئەم جۆرە لە حەقیقەت ناگەڕێتەوە بۆ زانست. سروشتی ئەو زانستەی ئێمە لە بارەیەوە گفتوگۆ دەکەین تەنیا ڕووکەشە، واتە ئەوەی لە عەقڵی مرۆڤدا بە ڕاست دادەنرێت، ئەوەش دەکرێت پێی بوترێت مایا یان وەھم.  
ئەنیشتاین: ئەوە وەھمی تاکەکان نییە، بەڵکو ھی جۆرەکانە.
تاگور: جۆرەکانیش ھەر سەر بە یەکەیەکن، بۆ وێنە سەر بە مرۆڤایەتین. کەواتە سەراپای ھزری مرۆڤ پەی بە حەقیقەت دەبات؛ ھزری ھندی و ئەوروپی لە پەیبردنێکی ھاوبەشدا پێک دەگەنەوە. 
ئەنیشتاین: وشەی جۆرەکان لە زمانی ئەڵمانیدا بۆ ھەموو ڕەگەزی مرۆڤ بە کار دەھێنرێت، تەنانەت گۆرێلا و بۆقیش سەر بەو ڕەگەزەن. کێشەکە لەوەدایە ئاخۆ حەقیقەت لە ھۆشمەندی ئێمە جیا دەبێتەوە یاخود سەربەخۆیە. 
تاگور: ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ڕاستی دەوەستێتەوە سەر ھەماھەنگیی گونجاو لەنێوان لایەنە خۆیی و بابەتییەکانی واقیعدا، ھەر کام لەوانەیش وابەستەی مرۆڤێکی سەرو مرۆڤی باڵایە.
ئەنیشتاین: ئێمە بە ھزری خۆمان شتەکان ئەنجام دەدەین، تەنانەت لە ژیانی ڕۆژانەیشماندا، ڕەنگە خۆیشمان لێی بەرپرسیار نەبین. ھزر (عەقڵ) لە دەرەوەی خۆی پێ لە واقیع دەنێت و سەربەخۆیە لێیان. بۆ نمونە گەر کەس لەم ماڵە نەبووایە ئەو مێزە ھەر لەوێدا دەبوو کە لێی بووه. 
تاگور: بەڵێ ئەو مێزە لە دەرەوەی عەقڵی تاکێک دەمێنێتەوە، بەڵام خۆ لە دەرەوەی عەقڵی گەردوون نابێت. مێزەکە ئەوەیە کە ئێمە بە پێی ھەندێک جۆر وشیاری کە ھەمانە پەی پێ دەبەین. 
ئەنیشتاین: ئەگەر کەسیش لە ماڵەکەدا نەبێت مێزەکە ھەر وەک خۆیەتی، بەڵام لە دیدی تۆوە شتێکی نالۆجیکییە، چونکە ناتوانین ڕوونی بکەینەوە مەبەست لێی چییە، ئەو دەمەی مێزەکە لەوێیەو سەربەخۆیە و دوورە لێمانەوە. دیدی سروشتی ئێمە لە بارەی بوونی حەقیقەتەوە لە دەرەوەی مرۆڤ ناکرێت ڕوون بکرێتەوە یان بسەلمێنرێت، بەڵام ئەوە بۆچوونێکە کە کەس ناتوانێت دەستبەرداری ببێت، تا تەنانەت بوونەوەرە سەرەتاییەکانیش. ئێمە بابەتیبوونێکی سەروومرۆیی دەدەینە پاڵ ڕاستی کە بێ ئەو ڕاستییە ھەڵناکەین، ئەو واقیعەی لە بوون و ھزر و ئەزموونی ئێمە جیا کراوەتەوە و سەربەخۆیە، ھەر بۆیە ناتوانین بڵێین کە مەبەست لێی چییە. 
تاگور: لە ھەموو حاڵەتێکدا، ئەگەر حەقیقەتێکیش ھەبێت و بە ڕەھایی پەیوەندی نەبێت بە مرۆڤەوە، ئەوا لای ئێمە ئەو حەقیقەتە بە ڕەھایی بوونی نییە.
ئەنیشتاین: ئەگەر وابێت من لە تۆ دیندارترم! 
تاگور: ئایینی من بریتییە لە ئاشتەوایی نێوان مرۆڤی لەکەسبەدەر و ڕۆحی گەردوون لەنێو بوونی خۆمدا وەک تاکێک. 




(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 4/5)