حەقیقەتی هەڵبژاردن بە خاڵ و داتا

Sunday, 20/05/2018, 1:27

2634 بینراوە


* ئەگەر حیزبەکانی دەسەڵات بێ گوێدانە هیچ پێوەرو مۆڕاڵێك لەسەر چەند کورسییەکی نوێنەرایەتی پەرلەمانی عێراق ئاوها بکەن (کە پێشتر ئێستاش هیچ کاریگەریی و ڕۆڵێکیان تیایدا نەبووەو نابێ) ئەی دەبێ بۆ هەڵبژاردنی کوردستان چی بکەن٣٠/٩؟
* بەشداریکردنی %٤٤ ی دانیشتوان لە هەڵبژاردن دەنگی نەخێرە بۆ هەموو هێزە سیاسییە فاشیلەکانی سەر ساحەی سیاسی کوردی و عێراقی.
* هەڵبژاردن هەرگیز لە کۆمەڵگای خێڵەکی و دواکەوتوو و دیکتاتۆریی مانای نابێت، چونکە ئەوە بۆ کۆمەڵگای وشیارو یەکسان و دادپەروەر چەکێکی کاریگەرە لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵك و دیاریکردنی شێوازی حوکمدا.
* تەزویرکردنی سیستەماتیکی یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردندا  ئەوەی دەرخست کە ئەوان نایانەوێت بەهیچ جۆرێك دەسەڵات و هیچ لە ئیمتیازاتەکانیان جێبهێڵن، بۆ نموونە تەماشای سلێمانی بکە لە دەرەوە: بزانە چەند کۆشکی ٣٠ قات و زیاتری تێدا دروستکراوە، بۆ کەس ناپرسێت ئەو سەدان کۆشکە هی کێیەو چۆن ئەو پارەیان دەسخست؟
* با چیدی خەڵك و هێزە ئۆپۆزۆسیۆنەکان خۆڵ نەکەنە چاوی خۆیان و وابزانن بەو شێوازی کارکردنەیان دەتوانن گەندەڵکاران دووربخەنەوە، با ئیتر بیر لە ڕێگایەکی تر بکەنەوە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی ریشەیی لە کوردستاندا.
* با ئۆپۆزۆسیۆن ئەوەش بزانێت ئەو ٢ حیزبە گەندەڵە لەماوەی ٢٧ ساڵی حوکمیاندا بەشی هێندە میکرۆب و پۆخڵەواتیان دروستکردووە چەپڵەیان بۆ لێبدەن و دەنگیان پێ بدەن، چونکە وەك پەندێکی کوردی دەڵێت: تەیری گول عاشق بە داری ژەقنەبووتە، بەڵام هەرگیز ئەو ڕێژەیە بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ناگاتە %٢٥.
* هەموو شوێنکەوتووانی ئەو ٢ حیزبەو هەوادارو پلە بڵندو نزمەکان با ئەوە بزانن ئەوەی کردیان لە سوکایەتیکردن بە دیموکراسی و دەنگی خەڵك هەرگیز سیاسەتکردن نییە، ئەوە دادەنرێت بە دۆڕاندنی هەموو بەها ئاکاریەکانی مرۆڤایەتی، هەرچەندە دەمێکە مۆڕاڵ لە فەرهەنگی ئەواندا نەماوەو هەردەم ئامادەبوون بۆ خیانەت و کردنی قێزەونترین کار، بۆ وێنە هاونەتەوەکانی خۆیان تەسلیمی تورکیاو ئێران بکەن تا بیانکوژن، لە پێناوی گیرفان و کورسیەکانی خۆیاندا.
* هەق وایە ئەو کەلله بۆگەنانەی فەرمانی دزیی و فێڵ و تۆقاندن دەدەن بە تەنهایی لەگەڵ خۆیاندا بدوێن و بە وتوێژێکی هێمنانەی ژیریی بگەنە ئەو راستییەی کە تاکەی دەتوانن ئاوها بە زۆر خۆیان بسەپێنن بەسەر میللەتێکدا کە ڕقی لێیانەو چارەی ئەوانی ناوێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە