بە درۆ و دەلەسە قارەمان دروست نابێت عادل موراد بەنموونە

Sunday, 20/05/2018, 13:08

6367 بینراوە


ڕۆژانە گوێمان لە لێدوانەکانی شێخ جەعفەر دەبێت، لەویش خراپتر مەلا بەختیارە، بۆیە ئەگەر مرۆڤ لێرەدا لەخۆی بپرسێت، کە ئایا ئەم شەلاتیانە چۆن بوونەتە دەسەڵاتدار و چارەنووسی گەلێک کەوتۆتە دەستیان؟، بە ئاسانی وەڵام وەردەگرینەوە، کە جەلال تاڵابانی لە هەموومان باشتر ئەمانەی دەناسی، هەر بەمەبەستیش گەورەی کردوون و بوونە ئەم پیاوەی کە ئەمڕۆ دەیانبینین وەک نمونە ئەگەر جەلال تالەبانی بۆ خۆی راستەوخۆ ئەو فەرمانەی نەدابێت، بەڵام ئاگادار بوو، کە چۆن مێزیان کرد بە دەمو چاوی مەلا بەختیاردا، ئیستا مەلا بەختیار دەڵێی نە بای دیوە و نەباران! هەر دوایی جەلال خۆی چوو مەلای کرد بە خەزوری کوڕەکەی!
ئەگەر مەسەلە دڵسۆزیی بێت بە خاک و بە خەڵک، بۆ جەلال تالەبانی ئەمانەی کردتە سەرداری نیشتمان؟ دەبێت بڵێین ئەمانە دڵسۆزی خۆشیان نین، چونکە گەورەترین سووکایەتیان پێکرا نقەیان لێوە نەهات، ئیتر چۆن بۆ ئازاری گەلێک دەتوانن بێنە دەنگ؟
ئاخر جەلال تەڵەبانی لە هەموو کەس زیاتر مەنتاڵیتێ کەسایەتی شێج جەعفەر و سەرسەریەکی وەک مەلا بەختیاری دەناسی، بەرزکردنەوەی کەسایەتیەکی وەک مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر کە هەمیشە وشەی ناوگەڵ بەدەستییانەوەیە و شێخ جەعفەر، ئەڵێ هەمووتان دەگێم، گوومانە یان بەڵگەیەکی موتەڵەقە کە جەلال بەمەبەستەوە ئەو کارەی کردووە، ئەویش ماڵوێرانی نیشتیمانە،  جەلال وەک مەسعود نەخوێندەوار و خێلەکی نەبوو، جەلال لە شەسەتەکاندا ئاشنای ماویزم و مارکسیزم بووە، ناکرێت بەبێ ئاگایی ئەوە کارەی کردبێت.
عادل موراد هەر وەکوو چۆن جەلال تاڵەبانی ئاگاداری شێخ جەفەر و مەلا بەختیار بوو، بەهەمان شێوە ئاگاداری  ئەم کەسەش بوو، یەکتریان دەناسی، سەراپای خیانەتەکانی جەلال و دارو دەستەکەی دەزانی، ئەگەر عادل موراد کەسێک بوایە لەو کەسانەی ئەخلاق و ویژدانیان هەیە، دەبوو هەر زوو هاواری بکردیە کە ووڵات بەرەو وێرانکاری نەبرێت، لە ناو یەکێتییدا نەمابایەوە!
عادل موراد لە ١٩٦١ وە  تا ساڵانی حەفتاکان پارتی بوو، هەوڵی ئەوەی دەدا بیکەن بە بەرپرسێکی باڵای پارتی، یەکێک بوو لەو ٧٥ کەسە کارانەی بنەماڵی بارزانی، کە ناویان نابوو شۆڕشی ئەیلوول، سەراپای کارەسات بوو بۆ گەلی کورد و کۆتاییەکەشێ ئاشبەتاڵ بوو، سەرەتاو کۆتایی ئەو شۆڕشە بریتی بوو لەوەی، کە عەبدولکەریم قاسم ویستی  زەوی ئاغا و دەرەبەگەکان دابەش بکات بەسەر جوتیاراند، مەلا مستەفایان دروست کرد و هێنایانەوە تا ئەو ئاژاوەیە بگێڕێت و کردیان بەگژ  قاسمدا  لەگەڵ شێخە عەرەبەکان و ئەو شۆڕشە مەزنەی رووخانی شای عێراقیان خامۆش کرد.
عادل موراد وەکو هەموو پارتییەک تاوانبارە، وەک هەموو جەلالیەک خیانەتکارە، چوونکە دوای ڕاپەڕێن، پارتی لە سەراپای شارەزوور و شارباژێڕ دەشتی هەولێر تەنانەت هەموو گەرمیان و قەرەداغ پارتی بوونی نەمابوو، ئەوە جەلال تالەبانی بوو، کە ئەم مشەخۆر و دز جەردانەی هێنایەوە ناوچەکە.
گوێ لە دەنگی جەلال بگرن کە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات هەموو دەنگ بدەن بە مەسعود، ئەوسا تێدەگەن ئەم جەلال تالەبانییە چ جۆرە جانەوەرێک بووە، لێرەوە تێبگە کە بۆچی پارتی و مسعودی هێنایەوە کوردستان؟ تێبگەن کە بۆچی جەلال نمونەی مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر و کۆسرەتی کرد بە کەڵەگا و حاکمی کوردستان
دەبا ئیتر ئەو کلتوورە سەقە بنبڕ بکەین، هەرکاتێک بەرپرسێک دەمرێت لە خۆمانی نەکەینە قارەمان، مرد و ماڵئوا و ئەولاتر بچن، بەڵام کەسێک کە خۆفرۆش بوو، نە بەزیمان بۆی بجوڵێت، نە لەو خەڵکە نەگبەتەی بکەین بە قارەمان. دوێنێ رۆژی 19-05-2018 زرار بەگی دێرگەڵەیی، کۆچی دوایی کرد، ئەم مێژوونووسە، لەسەر بیرەوەرییەکانی خۆی لەلایەن بنەماڵەی بارزانی سزا دراو و ویستیان بیکوژن، چونکە کاتی خۆی یەکێک بوو لەوانەی کە لەگەڵ مەلا مستەفا چوونە سۆڤیەت و هەموو نهێنییەکانی لەسەر کەسایەتی مەلا مستەفا هەڵداوەتەوە. وا ئەمڕۆ بە بێدەنگی مرد، هیچ نووسەر و رۆژنامەنووسێک ئازایەتی ئەوەی تێدا نییە، لەسەر کۆچی دواییەکەی بنووسێت، بەڵام لەسەر عادل موراد بەدەیان کەس ستایشیان کرد، بە قارەمانیان وەسف کرد،کە من دەڵێم:
نەخێر عادل موراد قارەمان نەبوو، خۆپەرست و خۆفرۆش بوو، هەرچەندە هەڵوێست بۆ پشگیری ڕۆژئاوا جێگای ڕێزە، تەنیا بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بەڕێزن، لە کۆتاییدا بە باشم زانی ئەو کۆمێنتەی کاک کەمال جەمال موختار (بەرپرسی کوردستانپۆست) بۆ ئەم مەبەستە لێرەدا دابنێم، کە بەبۆنەی مردنی عادل مورادەوە لە فەیسبوکدا بۆ کەسێکی نووسیوە، ئەو کەسەش وەکو هاوڕێیەک، خەمباری خۆی بۆ مردنی عادل مراد دەربڕیبوو). سەرنجی خوارەوە  بدە:
--------------------------
کاتی خۆی، ئەم عادل مورادە، لێدوانێکی دا بۆ رۆژنامەیەکی بەیروتی (لە کوردستانپۆست)دا بڵاوکرایەوە، لەوێدا وتی: فەڕەنسا و ئەڵمانیا پلانیان دانابوو، داوایان لێکردین کە دەوڵەتی کوردی رابگەیەنین، بەڵام ئێمە نەمانکرد، وتمان لەناو چوارچێوەی عێراقدا دەمێنینەوە. ئەم عادل مورادە سیاسەت و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئێراندا نەشاردۆتەوە و لەسەر رێنماییەکانی ئەوان دژایەتیی بنەماڵەی بارزانی دەکرد!
تا ئەو رۆژەی مرد، یەکێک بوو لە ئەندامە باڵاکانی یەکێتیی. من لە ساڵانی حەفتاکانەوە و بەغدادەوە دەمناسی، ئەو کاتەی بەرپرسی قوتابیانی پارتیی بوو، لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا لە تاران نوێنەری سۆسیالیست بوو، لەوێی دیومە، ژنەکەی فارس بوو، لە ئێران واستەی بۆ پەنابەران دەکرد و بەرگی عبوری بۆ زۆر کەس دەکرد! مرۆڤ نابێت بکەوێتە هەڵەوە، لەگەڵ مردنی ئەم بەرپرسانە خیانەت و هەڵەکانیان لەیاد بکات، بە جوانی بۆ گۆڕستانییان بەڕێ بکات. هەموو بەرپرس و سەرکردەی پارتەکانی باشوور خائین و ناپاکن، لەگەڵ مردنیاندا نابێت سۆزمان بۆیان هەبێت، رەفتار و کردار و لێدوان و خیانەتەکانیان لە یاد بکرێت، مێژوویان بە جوانی بۆ بنووسرێتەوە، دەبێت ئەوەی ماوە و هێشتا نەمردووە بە سزای دادگای گەل بگەیەنرێن، ئەوەی مردووە دادگای مێژوو لاشەکانیان تووڕ هەڵبدات و لەگەڵی خەڵکی دیکە نەنێژرێن و دووربخرێنەوە. میللەتی زیندو ئاوا رەفتار لەگەڵ نیشیمانفرۆش و وڵاتتاڵانکەر و خائینەکانی خۆیدا دەکات!. عادل مراد کە دژی پارتی و سنورداخستن بوو بەرووی کوردانی رۆژئاوادا، لەبەر ئەوەبوو، کە لە بەرەی سەوزی یەکێتی و عەمامەی ئیمامەکانی تاران بوو، لەبەر خاتری چاوی کاڵی کورد و نیشتیمانەکەی نەبوو.
تێبینی: ئەگەر عادل موراد هاوڕێی تۆیە، دەبێت بزانیت مانای هاوڕێبوون چییە؟ هاوڕێبوون پێناسەیە بۆ کەسێکی نزیکی گیانی بە گیانی، خاڵی هاوبەشیان زۆرە، لەم حالەتەدا خاڵی نزیکبوونەوەی بیر و هەڵوێست لەیەکتریان نزیک دەکاتەوە، هاوڕێ بوون: تەنیا وشە نییە، بەڵکو گرێبەستێکی مەرجدارە، مەرجەکانی پیرۆزە وەکو پەیوەندییەکانی نیوانیان، من بە هەموو کەسێک ناڵێم هاوڕێ، کەسی خائین و هیچ بەرپرسێک بە هاوڕێی خۆم نازانم، زۆریشیان دەناسم، وێنەیان لەگەڵدا ناگرم.
(کەمال جەمال موختار)
--------------------------


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە