ساختەکاریی سەعید کاکەیی و هەڕەشەی گۆڕان

Monday, 05.21.2018, 12:16

11235 بینراوە


سیمای ناسینەوەی گۆڕان زۆر سەیرو سەمەرەیە لەبری ئەوەی وەکو بزوتنەوەیەکی مەدەنی و خاوەن دید و جیهانبینی جیاواز جیاواتر لە پارتەکانی تر پێداگری بکات لەسەر ماف و ئازادیی و ژیان و ئەرکی هاوڵاتیان، ئێستا بووە بە مەزادخانەیەک هەر کەسێک هەڵئەستێت نمایشی خۆی تێدا ئەکات، هاوار ئەکات هەتا کاڵاکەی ئەو پرفرۆشتر بێت، لەلایەک عەلی لە لایەکیتر فڵانە سەرکردەی سەربازی لەلایەکیترەوە تەپڵی شەڕ و پاراستنی گۆڕەکەی نەوشیروان، لەملاشەوە پینەوپەڕۆکردن بۆ ساختەکارییەکانی پارتی و یەکێتی، لە ژێریشەوە بەرپرسێکی تریان خەمی پشکەکانی خۆیەتی لە چاڤیلاند، ئیتر بووە بەهەرایەک کەس نازانێت گۆڕان و گۆڕانکاری لەژێر پێی کێدا پلیشاوەتەوە. من بەشێک لە سەرکەوتنی لیستی بەرەی نوێ بە تاوانی گۆڕانی دەزانم، چونکە سیاسەتی گۆڕان بوو بە هۆکاری ئەوەی کە کەسێکی وەکو شاسوار واحیدی بازرگان، کە بە ناوی پشکی چاڤیلاند و شوقەکان دەستی نیوەی خەڵکی سلێمانی بڕیوە، کە لە ماوەی چەند مانگێکدا دروست ببێت و ئەو هەموو دەنگەش بهێنێت، شان لە شانی گۆڕانیش بدات، گۆڕانخوازەکان دەبێت شەرم بیانگرێت و بە خۆیاندا بچوونایەتەوە.(ئەم پەرەگرافەم بۆیە بۆ زیادکرد، تا خوێنەر وا نەزانێت من پشتگیری بۆ لایەنێک دەکەم، هەموویان بۆ من وەکو یەکن).
 تراژیدیای بزوتنەوەی گۆڕان لەوەشدایە هەر کاتێک چنگی لە بزمارێکی دەسەڵات گیر بووبێت، کەسی وەهای پێدا هەڵواسیوە، کە خاڵی بووبێت لە نمونەی مۆراڵ و هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتی - ئەوە باسی سیاسی هەر ناکەم کە چۆن – لە جەستەی گۆڕاندا نەماوە، کڵۆڵی ئەم میللەتە لەوەدایە بڕوای بەمانەیە کە بەناوی گۆڕان و گۆڕینی سیستەم و فەراهەمکردنی نان و عەدالەت گوێدێری قسە و بەناو چالاکیەکانیانن، ئەوانە مادام مەبەستیان دەستکەوتی مادی و کەسییە قسە و گفتیان بە توێکل و بەرگێکی ڕازاوەتر ئەفرۆشنەوە، دوورە لەو دەستەواژە و ئەو قاوغەی کە حیزبە ئێکسپایەرەکان بەکاری دەهێنن، تەلەفیزیۆنی ئەم بزوتنەوەش دوور لە هەموو مۆراڵێک بووە بە بڵندگۆی ئەمجۆرە مۆدێلانە ئیتر ووشەگەڵی حەقبێژ و دەنگی دلێر و دەنگی گۆران لە کۆمسیۆن، دەنگی گۆڕان لە حکومەت و ... بە شان و شەکەتیاندا ئەهۆنێتەوە .
 یەکێک لەو کەسانەی کە ئێستا بووە بە کەرەسەیەکی باش بۆ میدیاکان، سەعید کاکەییە، وەکو بەخۆی پێی خۆشە کە پێی بگوترێت (دکتۆر سەعیدی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان)، سەردەمێک هەر کەسێک ئەم پێشگری دکتۆرەی پێوە نەلکاندایە، ئەوا لە فەیسبوکدا لەسەر تەریقەتی گۆڕان ئەسڕایەوە، دەبوو بە ناوی (د. سەعید کاکەیی) ناوت بهێنایە. ئەم کەسە چۆن چۆنی لەلای گۆڕان گیرساوەتەوە، ئەوەش بۆ خۆی چیرۆکێکە، کە هەر لەگردی زەرگەتەوە لەو جۆرە مۆدێلانە سەرهەڵ ئەدەن. هاکا لە پڕدا تۆرا و بیستمان لە گردەکە هاتە خوارێ، خۆی بە حیزبێکی ترەوە هەڵواسیوە!
 سەرەتای بابەتەکە لەوێوە دەستپێدەکەم کە ئایا ئەم زاتە بە ڕاست دکتۆرە و دکتۆرای هەیە وەکو خۆی ئەڵێت و میدیای گۆڕانیش هەر بە دکتۆر پێشوازی و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ساز ئەکات؟
سەعید کاکەیی دکتۆرای نییە!
ئەم کابرایە دانیشتوی شاری هاملتونە لە وڵاتی کەنەدا، بەهیچ شێوەیەک دکتۆرای نییە و ئەم نازناوە زانستیەی بەناهەق هەڵگرتووە، لە زانکۆکانی ئەو وڵاتانە نەریتێک هەیە ئەوەیە کەسانێک بەتایبەت ئەوانەی لە شوێنە جیاوازەکان و سەر بەکلتورە جۆراو جۆرەکانن ئەگەر ئینگلیزی زان بن، داوایان لێدەکرێت کە محازەرەیەک بڵێنەوە بەرامبەر بە بڕە پارەیەک، ئەو بڕە پارەیە حەقی ماندوو بوون و بەنزین و ئەو ڕۆژەیە کە ئەو کەسە لە ئیشکەوتووە وەریدەگرێت، جاری وا هەیە محازەرەکان لەسەر خواردنە یان داب و نەریتی شوێنیکی جیاواز، ئەم پیاوە بە وێنەی لەم جۆرە محازەرانە وای پیشان ئەدات کە لە فڵانە زانکۆ بەنمونە کالیفۆڕنیا وانەی وتۆتەوە، ئەمە دوو نمونەی کە ناڕەوا سیفەتی دکتۆری هەڵگرتووە خۆی بە دکتۆر هەڵدەخڕێنێت .
ئەوەی کە ئەم گۆڕانخوازە کردویەتی لە کوردستان تاوانە، واتە بە ساختە سیفەتێکی زانستی بەخۆیەوە لکاندووە (انتحال صفة) و سزاکەی بۆ نزیکەی ١٠ ساڵ ئەڕوات بە پێی مادەی ٢٦٠ لەیاسای سزاکان بەژماە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو و بریاری ١٦٠ لە ٥-٢-١٩٨٣، هەروەها لە کەنەداش ئەمە بەتاوان دائەنرێت و سزای یاسایی لەسەرە، نازانم سزاکەی ئەوێ چۆن و چەندە؟ با کوردی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و ئاگاداری دەزگا پەیوەندییدارەکان بکەن، ئیتر دەردەکەوێت کاممان درۆ دەکەین! ئەو سیڤیەی کە لەکەنەدا پێشکەشیکردووە هیچ ئاماژەیەکی دکتۆر بوونی تێدا نییە. با ناوی ئەو زانکۆیە ئاشکرا بکات کە دکتۆرای لێوەرگرتووە هەتا سێرچی بکەین و بەدوای ناو و نامەی دکتۆراکەیدا بگەڕێین.
نەک بڕوانامەی دکتۆرا، بەڵکو دیسان خۆی بە پسپۆڕی بواری سەربازییش دەناسێنێت!
لە سەردەمی داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ساڵی ٢٠٠٣ لەبەر ئەوەی کە وەرگێڕیان کەمبوو بەدوای وەرگێڕدا ئەگەڕان، ئەم کابرایە لەو دەلاقەیەوە بوو بە وەرگێڕ بەشێوەی گرێبەست لەگەڵ سوپای ئەمریکی و کەنەدی، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەنەدی سەرپەرشتی ئەکرا و لەو هێزەی کە جەنەراڵێک بەناوی ئۆدینۆ سەرپەرشتی ئەکرد، لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە ئینگلیزی زان بووە، پلەی تەرجومەکردنی CAT 3 پێدراوە، چونکە کاری تەرجومەکردن پلەی دووەم و یەکەمیشی هەیە، واتە بە شێوەیەکی کاتی پلەی سەربازی نەقیبی ئەدرێتێ لەبەر ئەوەی هەر کەسێک لەگەڵ ئەو سوپایەدا کاربکات ئەبێت بچێتە ژێر فەرمان و بڕیاری سەربازییەوە و یاسای سەربازی بەسەردا ئەچەسپێت ئیتر ئەم پیاوە لە نەگبەتی خەڵکی باشوری ماندوو خۆی بە شارەزای سەربازی پیشان ئەدات و هەروەها خۆشی بەڕاوێژکار لە پەنتاگۆن دەرئەخست بەداخەوە کاتی خۆی ئەم زانیاریانە چنگ ئەمریکیەکان نەکەوتبوو.
سەعید کاکەیی وەکو پسپۆڕی بواری سەربازییش هاتۆتەوە کوردستان و خۆی نمایش کردووە

پاش کۆتایی جەنگ زۆریک لە وەرگێڕەکان ئەگەڕێنەوە، بەڵام ئەم هاوڕێ گۆڕانخوازە ئەگەڕێتەوە بۆ شاری هاملتون لە کەنەدا و سەرقاڵی ووردەواڵە فرۆشتن دەبێت، سی دی (CD) نایاسایی کۆپی ئەکات و ئەیفرۆشێتەوە، لەوانە سیدیەکانی کەشکۆڵ بۆ کوردەکانی ئەوێ و لە پاڵیدا ئاڵای کوردستان و مشکی و جامانەی ئەفرۆشت .
لەشاری هاملتون دوو ئەندامی گۆڕانی لێیە بەناوەکانی (نەژاد سیوەیلی وچەند کەسێکی دیکە) کە ئەم دوانە داوا لە کاک سەعید ئەکەن، هەتا لەگەڵ گۆڕاندا ئیش بکات و ببێتە نوێنەری گۆڕان بەتایبەت کە زمانی ئینگلیزیەکەی باش دەزانێت، بەمەش دەرگای ڕەحمەت لە سەعید کاکەیی دەکرێتەوە و ووردەواڵە فرۆشتن وەلا دەنێت، بە دوایدا داوا لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، تا موچەیەکی بۆ ببڕنەوە بە پاساوی ئەوەی دکتۆرای هەیە و ئینگلیزی زانەو محازەرەی وتۆتەوە، هەتا یارمەتی و هاوکاریان بکات و ووتاریان بۆ بنوسێت، بەمەش دەرگای گەڕانەوەی بۆ کوردستانی لێکرایەوە.
سەعید کاکەیی پاش ئەوەی گوایە کە ڕاوێژکاری سەربازی بووە (بڕوانن کە ئەم شەیتانە چ پسپۆڕێک بووە لە بواری سەربازیدا؟) بەو بیانوانەوە وەزارەتی پێشمەرگەی سەردەمی مستەفای سەید قادر نەماو دنیایەک گەندەلی بە جێهێشت و بەسەر کوردستان پۆستدا تێنەپەڕی و دواتر وەکو گۆڕانێک بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەڵبژاردنی سەربەخۆی عێراق، ئەمەش خەونی ئەم پیاوەی بەدیهێنا کە بۆ پارە کۆکردنەوە و بۆ دەستخستنی چەند هەڵپەرستە، ئەندامی ئەنجومەن  بە پێی مادەی (٧) لە یاسای کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧ی هەموارکراو، ئیمتیازی وەکیل وەزیریان هەیە بۆ ماوەی ٥ ساڵ و قابیلە بە تازەکردنەوە و وە مخەسەساتێکیان هەیە بەقەد ئەو بڕەی کە فەرمانبەرانی ئەنجومەنی وەزیران وەریئەگرن و پاشتر بەبڕی ٨٠%ی کۆی هەموو ئەو موچەیەی مانگانە وەریئەگرن خانەنشین ئەبن.
سەعید کاکەیی و ساختەکاریی هەڵبژاردن
 کاکە سەعید هەرایەکی ناوەتەوە خۆشی نازانێت چۆن سەری لێدەردەکات بۆ شاردنەوەی ئەو هەموو گەندەڵیەی کە کردویەتی و ئێستا بێجگە لەیەک دوو سەری قەبەی گۆڕان کە ئەزانن ئەم دوکەڵە لەکوێوە دێت گردەکەی گۆڕان و جەماوەری گردەکە ئەم بگرەو بەردەی کاک سەعید ناویەتەوە بە خەبات و چالاکی گۆڕانی ئەزانن مەخابن کە ئەم پیاوە چ کڵاوێکی گوڵگوڵی ناوەتە سەرگردەکە.
سەرەتا لە کڕینی ئەو ئامێرانەوە دەست پێ بکەین کە بۆ ئەم دەنگدانەی پەڕلەمانی عێراق بەکار هێنرا و لە لایەن کۆمسیۆنەوە چ زیادەڕۆییەک لە کڕیندا کراوە، ئەمە ڤیدیۆیەکی ڕونکردنەوەیە لە سەر ئامێرەکە و کڕینی، هەندێ خاڵی سەرەکی بۆ ئەوانەی کە عەرەبی زان نین وەرئەگێڕم .

(ئەم ئامێرە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بە ١٠٠$ ملیۆن دۆلار کڕدراوە لە کۆمپانیایەکی کۆری بەناوی (Miru Systems) کە ئەوەش ئامێری ژماردن و جیاکرنەوەی دەنگەکانی بەئەلکترۆنی کردووە بۆ خێرا وەرگرتنی ئەنجامەکان، لەتاقیکردنەوەی ئامێرەکاندا دوو دانەی لەکار کەوتن و دانەیەکیان شکستی هێنا لە ناردنی زانیاریەکان بۆ سێرڤەری سەرەکی، کە چەند هەڵبژاردەیەکی لەیەک پەڕەی هەڵبژاردندا بەتاڵ نەکردۆتەوە.
دوو لیژنە ئەمەی کڕیووە ئامێری ژماردن و جیاکردنەوە لە کۆریا دووەمیان ئامێری دڵنیابوون (التحقق) لە ئیسپانیا، دوو ئامێری جیاواز بەدوو پرۆگرامی جیاواز ئەنجامی چون یەک بەدەستەوە نادات .
 ئەم گرێبەستە گەندەڵی تیاکراوە، کۆمپانیا کۆریەکە سەرمایەکەی (٢) ملیۆن دۆلارە، ئۆفیسەکەی ژووریکە لە شاری سونگنام لە کۆریای خواروو، لە ٢٨ کەس پێکهاتووە نرخی ئامێرەکە لە ١٢٠٠$ تێناپەڕێت .
وڵاتی قیرغیزیا پاش ئەوەی کە ئامێری لەم جۆرەی لەم کۆمپانیایە کڕیبو سکالای هەبوو، لەسەر گەندەڵی و ساختە کاری، کە وولاتان ئەتوانن دەستوەردەنە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەم کۆمپانیایە ونبوو بەڵام لەڕێگەی نوسینگەیەکی لە پۆڵەندا ئامێرەکانی ئەفرۆشێت .)
----------------------------
سەعید کاکەیی ئەندامی ئەو دەستەیە بوو، کە ئەم ئامێرانەی لە کۆریا کریوە و خودی بەڕێزیان گریبەستەکە ئیمزا ئەکات، ئەم ئامێرانە ئەوانەن کە گۆڕان ئەڵیت ساختەکاری پێکراوە و دەمێک ئەڵیت قاسمی سلێمانی کردویەتی و جاریکیتر ئەڵێت یەکێتی نیشتمانی و جارێکتر دەیەها جاریتر هەرزە سیاسیەکانیان ئەڵێن هاککردنە و ئێستا بە ساختە ناوزەدەی ئەکەن، ئەڵێن ئەم ساختەکاریە لە بەرژەوەندی یەکێتی وپارتی و نەوەی نوێ کراوە، وەکو ئەو ئێوارەیەی لێهات کە گردەکە بەرتەقەدرا و هەریەکە لە ئاوازێکی دەخوێند .
سەعید و هاوپیشەکانیان بەدەستی ئەنقەست ئەم ئامێری دەنگ ژماردن و جیاکردنەوەیەیان لەو کۆمپانیا ئەهلیە مایە پوچەی کۆریا کڕیووە:
 ١- سەعید لەم کۆمپانیایە پارەیەکی زۆری وەرگرتووە و خراوەتە سەرحسابی خۆی خیزانەکەی کە کچە بچوکەکەی لێدەربچێت قوتابی زانکۆیە بڕی ئەو پارەیە لە نیو ملیۆن بەرەو ژوورە و ئەمە کێشەی گەورەی بۆ کاک سەعید دروستکردووە و پۆلیسی فیدراڵی کەنەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، ئەوەبوو بەڕیزیان فریای خۆی کەوت و لە کۆمپانیا کۆریەکەوە پشتگیری بۆ کەنەدا برد کە ئەم پارەیە پارەی بازرگانیە و بە کۆمشن (commission) دەستی کەوتووە.
پێناسەیەکی ئاسانی کۆمشن (commission) ئەوەیە: بەنمونە کەسێک ئۆتۆمبیلێکت بۆ بفرۆشێت ڕێکەوتنی لەگەڵدا ئەکەیت کە بۆ هەر ئۆتۆمبیلێک ٢٠%دا بدەیتێ . واتە کاک سەعید بۆ وڵاتی کەنەدا ڕۆڵی دەڵاڵێکی بۆ خۆی داتاشیوە . 
ئەوەش داهێنانێکی گۆڕانئاسایە، کە دزیی و گەندەڵییەکی زۆر بە کۆمشن لە قەڵەم بدەیت. هەڵبەت چارەنووسی سیاسی وڵاتێک بەهەڵبژاردنەوە بەسترابیت بە کەسانی لەم چەشنە، دیارە کۆمپانیای پەرپوتی هاوشێوەی خۆیان ئەدۆزنەوە .
 سەرەڕای ئەو موچە قەبەیە و ئەو ئیمتیازاتانەی تر، کە ئەم بەڕێزە هەیەتی هێشتا سەعید کاکەیی تێر خواردنی بۆ نییە، کە ئەوە کارێکی نایاساییە و تاوانێکی گەورەیە بەهیوام ئەمە بەسەر کۆمسیۆنی گشتی دەسپاکی بەغدا و کەسانی بەویژدان و حکومەتی کەنەدا تێنەپەریت، داوا لە برادەرانی ستافی کوردستانپۆست دەکەم، کە دۆست و هاوڕێکانی لە کەنەدا لێ ئاگادار بکاتەوە، ئەم نوووسینەی من وەربگێڕنە سەر ئینگلیزی و بیدەن بە لایەنی پەیوەندییدار تا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.
هەڵبەت لەم لاشەوە ئەندامی کۆمسیۆن ئەبیت کەسە پاک و نمونەییەکان بێت، کە بەپێی مادەی ٧ و برگەی سێیەمدا هاتووە: هەموو ئەندامانی کۆمسیۆن پاش تەواوبونی ڕاژەکەیان بۆیان نییە لە وەزیفەی گشتیدا دابمەزرێن هەتا ٣ ساڵ تێدەپەڕێت، واتە ئەم یاسایە ئەوەندە بەتەنگ سەربەخۆیی ئەندامانی کۆمسیۆنەوە بووە، هەتا پاش کۆتایی ڕاژەکەیان بۆ ماوەی ٣ ساڵ نابێت لە وەزیفەی گشتی دابمەزرێن هەتا نەچنە ژێر کاریگەری هیچ لایەنێکەوە. جگە لەوەش ئەم برادەرە کە هەرزە سیاسیەکانی گۆڕان کردویانە بە پاڵەوان ئەم سوێندەی لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا خواردووە و وتوویەتی:
(اقسم بالله العلي العظيم ان أؤدي مسؤولياتي القانونية والمهنية بأمانة وتفان و اخلاص وأعمل على انجاز المهام الموكلة إلي باستقلال وحياد والله على ما أقول شهيد)
 سوێند بەخوای گەورە کە بەرپرسیاریە یاسایی و پیشەییەکانم بە ئەمانەت و لەخۆبوردەیی و دڵسۆزی بکەم و بە سەربەخۆی و بێلایەنی ئەو ئەرکانەی پێم سپێردراوە بەدەستی بێنم خوا شایەتی ئەوەبێت کە ئەیلێم.
 کاک سەعید پێچەوانەی سوێندەکە و بۆ دەستکەوتی ناڕەوا چاک زانیویەتی ئەم ئامێرانە ساختەکاری پێدەکرێت و خۆشی بەشێک بووە لەو پرۆسەی ساختەکردنە بەم شێوەیە:
 ئەم ئامێرانە فلاش درایڤێکیان لەگەڵدایە، باشتر بلێین میمۆریەکی لەگەڵدایە، کە هیچ سیستەمێکی پاریزگاری لەگەڵدا نییە و لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە ئاپدەیت ئەکرێت و ئەتوانیت پرۆگرامەکانی بگۆڕدێت واتە دەتوانیت سۆفتوێرە ئەسڵیەکەی ئاپدەیت بکەیت و دەستکاریی بکەیت و بیگۆڕیت. بەگۆێرەی مەڵبەندەکانی هەڵبژاردن و پارێزگاکان ژمارەیک میمۆری ئەنێردریت، یەکێتی و پارتی و گۆڕان لەسەر ئەوە ڕێکەوتون کە هەر یەکەی ڕێژەیەک دەنگی هەبیت و لە دەنگەکانی یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی و حیزبەکانی تر بۆ خۆیان بەرن، هیچ حسابێکیان بۆ نەوەی نوی نەکردووە بەپاساوی ئەوەی کە هیچ دەنگیکی بەرچاو ناهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش مێمۆریەکانیان بەو شێوەیە ڕێکخستووە. نوێنەری گۆڕان بۆ ئەم ساختەکاریە سەعید کاکەیی بووە، بزوتنەوەی گۆڕان بەو پێیەی وەکو حیزبێکی سیاسی متمانەی هاوڵاتیانی لە دەست دابوو، هاوڵاتیانیش بایکۆتێکی بێوێنەی ئەم هەڵبژاردنەیان کرد، بەمە مەترسی گەورە و شکست ڕووی لە گۆڕان کرد، گۆڕانیش بە ئومێد بوو بەم ساختە کارییەی سەعید کاکەیی هەڵیبستێتەوە، ئەوەبوو ورد و درشتی گۆڕان و سکرتێری جڤات و پێڕەکەی عەلی حەمە ساڵح و زۆری تر ئەیانووت ئەم هەڵبژاردنە دوورە لە ساختەکاری، چونکە ئەلکترۆنیە و سەرکەوتنی گۆڕان مسۆگەرە .
 بەڵام ئاکامەکانی هەڵبژاردن بە جۆریکی تر شکایەوە، ئەوەبو ڕێژەکانی پارتی و یەکێتی زیاتر بوون و لە دەنگی گۆڕانیش قرتێنرا و وەکو حیزبەکانی تری لێهات، هەڵبەت ئەگەر خەڵکێکی زۆرتر دەنگی بە گۆڕان بدایە ئەوا بە گوێرەی ئەو ڕێژەی ساختەکارییە، یەکێتی دەنگی زۆر تریشی دەهێنا.
پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە، کە چۆن پارتی و یەکێتی ئەم گەمەیەیان لە گۆڕان بردەوە!؟، زۆر جار لە چیرۆکەکاندا بینیومانە یان خوێندومانەتەوە کە چۆن دزەکان تەماحیان دەچیتە سەر بەشی یەکتر، رێک ئەمەش وای لێهات. رووداوەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
یەکێتی و پارتی لەگەل سەعید کاکەیی ڕێک دەکەون، واتە هەوڵ دەدەن بیکڕن و لەمەدا سەرکەوتوو دەبن، ئەمیش زانیاری ئامێرەکانیان پێ دەدات، ئەم زانیارییە دەکەوێتەوە دەم گۆڕان، کە چۆن خیانەتی کردووە، بۆیە لەلایەن بەرپرسێکیانەوە (ناوەکەی پارێزراوە لەبەر بەرەو رووبوونەوەی یاسایی) هەڕەشەی کوشتن لە سەعید دەکرێت، ئەگەر لەکەنەداش بێت، پێی دەڵێن ئەگەر هاتوو ڕێکەوتنی لەگەڵ یەکێتیدا کردبێت و گۆرانی توشی ئەو شکست و ئابڕوچونە سیاسیە کردبێت و دەنگیان بۆ نەگێڕێتەوە، ئەوەبوو سەعید تەمیمی ووتە بیژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە تەلەفیزیۆنی الشرقیە نیوز ووت، کەوا سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەن هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و بەرامبەر ئەندامانی کۆمسیۆن گریاوە و کۆمسیۆنیش بۆ بەدەنگەوە چونوی بەیاننامەیەکی لەسەر دەرکرد کە لایەنێکی سیاسی زەرەرمەندی هەڵبژاردنەکان هەڕەشەی لیکردووە و ئەوەش بزوتنەوەی گۆرانە و داوایلێکردبوو کە دوو کورسی لە سلێمانی و یەکێکی لە کەرکوک بۆی زیاد بکرێت، ئەمەش بەیاننامەکەی کۆمسیۆنە :
بيان صادر عن مجلس المفوضين في مفوضية الانتخابات 
اعلن مجلس المفوضين في مفوضية الانتخابات عن تعرض احد اعضاء المجلس وهو المفوض الدكتور سعيد الكاكةئي بالتهديد بالقتل هو وعائلته من احدى الجهات السياسية المتضررة من نتائج الانتخابات واجباره على تقديم استقالته او الظهور في وسائل الاعلام لغايات تخص تلك الجهة السياسية وان المجلس يحمل الجهة السياسية التي هددت السيد المفوض ودعا الى الحفاظ على سلامته وسلامة عائلته من التهديد 
 مجلس المفوضين في مفوضية الانتخابات.
بەڵام دواتر کاکەیی لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەرکەوتەوە ووتی کە ئەوە ڕاست نییە، هەڕەشەی کوشتنی لێ نەکراوە و بەدرۆی خستۆتەوە، سوێندی بەعەلی کوڕی ئەبو تالب خوارد، ئەوەی لە نزیکەوە بروانێتە ڤیدیۆی چاوپێکەوتنەکانی ئەزانێت کە ئەم پیاوە چەند شپرزە و لەبارێکی دەروونی زۆر ئاڵۆزدایە و شیرازەی قسەکانی پچڕاوە و بۆ خۆدزینەوە لە وەڵام پەنا بۆ خوێندنەوەی مادە قانونیەکان ئەبات .
 ئێستا سەعید کاکەیی باس و خواسەکانی گۆڕیوە و هەر جارەی لە ئاوازیک ئەخوێنێت داوای ژماردنی بە دەستی لە ٢٥%دا ئەکات و جاریک دیکۆمینت بۆ UN ئەبات، جارێک شیری دایکی لەخۆی حەرام ئەکات، ئەمانە هەموی دوورن لەئەرکی ئەندامی کۆمسیۆن و قانونەکە، چونکە ئەرکەکان دیاری کراوە. کەس پێویستی بە سوێندخواردن و پاڕانەوە نییە.
 
سەعید کاکەیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لە ١٦-٥-٢٠١٨ بەزمانی کوردی لە بەغدا هەندێ وردە رەخنە و گلەیی لە کۆمسیۆن ئەکات، کە سندوقی دەنگدانیان نەکردۆتەوە هەتا گومانەکان بڕەوێنرێتەوە، بەڵام ناوێرێت بڵێت وشەی ساختەکاری (تزویر) بەکار بهێنێت و ئەڵێت کۆمسیۆن وەڵامی سکالای شەش لایەنە سیاسیەکەی کوردستانی نەداوەتەوە، من لاموایە ئەم کابرایە دەوێت رای گشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بەلاڕێدا بەرێت، کە هەر هیچ نەبێت دەبوو گۆران وەکو خەمخۆرێک بناسێنێت، نەک وەک بەشدارێک لە ساختەکاریەکەی لەگەل پارتی و یەکێتی و هەتا ڕیگایەک بدۆزێتەوە دەستخۆشانەکەی بۆ کەنەدا بنێریت، وەڵامی سکاڵا ڕێککاری یاسایی خۆی هەیە نەک وەک ئەوەی کە ئەم بەڕێزە ئەیڵێت و ئەرکی ئەندامی کۆمسیۆن بە یاسا دیاریکراوەە، نەک بەم هاش و هوشەی کە ئەم پیاوە سەرقاڵێتی .

 پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی دەنگدان کۆمسیۆن (٣) ڕۆژ دائەنێت بۆ حیزب و قەوارە سیاسیەکان ئەگەر بە ئەنجامەکانی ڕازی نەبوون ئەوا تانەی خۆیان پێشکەش بکەن . لەمەشدا سێ جۆر سکالا هەیە:
١- سکاڵای زەرد کە ئەمە هیچ بەڵگەیەکی نییە و بەهایەکی یاسایی نییە تەنها پاگەندەیەکە (ادعاء)
٢- سکالای سەوز کە ئەمەش بەڵگەکانی لاوازە و کۆمسیۆن بۆ راست و دروستیی بەدواداچوونی بۆ ئەکات
 ٣- سکاڵای سور ئەمەش حالەتەکانی ساختەکاریە لە پرۆسەی دەنگدانە لە هەر قۆناغێکیدا بێت و بەڵگەی لەسەر هەیە .
 کۆمسیۆن لەم سکالایانە ئەکۆلێتەوە و دواتر پاش ئەوەی، کە لێکۆلینەوە تەواو بوو بڕیاری پێویستی بۆ دەر ئەکات بەپێی راست و دروستیی سکاڵاکە و دواتر بۆ دادگای فیدراڵی ئەنێردرێت بۆ پەسەندکردنی . کەوابوو پیاوێک خۆی ئەندامی ئەم کۆمسیۆنە بیت چۆن مصداقیەت و بێلایەنی ئەمێنێت کە خۆی تانە بدات و ڕیک پێچەوانەی ئەو سوێندەیە، کە خواردوویەتی، ئایا باشتر نەبوو وەکو هەر ئەندامێکی کۆمسیۆن ڕەفتاری بکردایە و لەوێ بەرگری لەحەق بکردایە، ئەوەی کە ئەم سەعیدە ئەیڵێت پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەڕێژەی ٢٥% بکرێت ئیشی قەوارە سیاسییەکانە کە دەبوو داوایەکی وەها بکەن، ئەوەتا لیستێکی زەبەلاحی وەکو ئەوەی مالیکی زۆر سەنگینانە داوا ئەکات جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان بکرێت بە ڕێژەی لە 5% و خۆڕسکانە لە هەموو پارێزگاکان.
سەعید خراپ سەری لێشێواوە لەهاوبەشی ئەو ساختەکاریەی دەرحەق بەحیزبەکەیکردوویەتی کە لە ووردە واڵە فرۆشیەوە، سعیدیان کرد بە ئەندامی کۆمسیۆن و هێنایانەوە بۆ وڵات، ئیستا نازانێت چۆن لێی دەرباز بێت، بەداخەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامەکانی لەسەر ئەم هاشو هوشە پەروەردە کردووە و لە ژێر ئەم پەردەیەدا لەسەر ڕەقەم گەندەڵی ئەکەن و زۆر مایەی خەم و کەسەرە، کە لەگردەکە قانون زانێکی تیا نییە، هەتا پێیان بڵێت ئەرکی ئەندامی کۆمسیۆن بە یاسا دیاریکراوە، ئەوەی ئەم کابرایە ئەیکات دوورە لە ڕێو شوینی یاسایی، بەداخەوە ئەوەتا ئەم پیاوەیان لێکردوین بەپاڵەوان بڕواننە عەلی و کەی ئێن ئێن و سایتە سێبەرەکانیان دەڵێن: ئەگەر سەعید کاکەیی و بزوتنەوەی گۆڕان دەربەستی شەرەف و کەرامەتن با ئەم پیاوە کەنار گیری (استقالة) بکات و دڵنیا بن واز لەو پاروە چەورە ناهێنێت . کەسێک دور لەنرخی واقعی خۆی سندوقی دەنگدان بکڕێت و بەرتیل لە کۆمپانیا کۆریەکە وەربگرێت و دەنگی حیزبەکەی خۆی هەڕاجفرۆش بکات چۆن شەهامەتێکی وای لێئەوەشێتەوە . 
 سەعیدی گۆڕانخواز ساختەکارییەکی دیکەی بۆ خۆی دۆزیوەتەوە، ئەوەیش ڕێگەی سپیکردنەوەی ئەو پارانەیە، کە بە دزیی و فزی وەریدەگرێت و رەوانەی کەنەدای دەکات. ئەو رێگایەش ئەوەیە کە کەسانێک لە کەنەدا پارە بخەنە سەر حسابەکەی، ئەمیش لە کوردستان و عێراق پارە بەکەسو کاریان ئەدات، تا ئیستا بەم ڕێگەیە بڕی ٢٠٠,٠٠٠ $ ی سپیکردۆتەوە، لە کەنەداش حسابی بانکی بۆ ماوەی دوو مانگ کردۆتەوە لەترسی لیپیچینەوە پارەکەی تیا خەواندووە و دواتر حسابەکەی داخستووە هەتا ئەو وڵاتە چاوبەست بکات کە ژیان و ئارامی پێبەخشیوە. تاکیە کوردانی کەنەدا لەسەر ئەمەش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن!
 بۆ ئەمەی عێراق و کوردستانیش، ئەوەی کە دەبێت لێپێچینەوەی ساختەکاری هەڵبژاردنی لەگەڵدا بکرێت کاک سەعیدی بزوتنەوەی گۆڕانە، چونکە سەرەتای ساختەکاریەکە لە ئامێرەکانەوەیە و کە جەنابیان شەرەفی گریبەستەکە و کڕینەکەی پێدراوە، بە شێکی ئەم هەرایە بۆ شاردنەوەی ئەو ئابڕوچوونەیە کە لەکڕینی ئەو ئامێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، وا ئیستا هەواڵێک لە ئارادایە، کە عەبادی داوای کردووە کۆمسیۆن بداتە کۆمسیۆنی گشتی دەستپاکی لەسەر کرینی ئەو ئامێرانە .
 
سەعید کاکەیى وەکو ئەندامیکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئەبێت پابەند بێت بەو یاسا و ڕێسایانە، واتا (یاسای کۆمسیۆن و رێسای هەلبژاردنەکان) کە ئەرک و مافی ئەوى تیدا دیاریکراوە، نەک وەکو لایەنێکی سیاسیی، کاکەیى وەکو جەستەیەکى نامۆ بەو دەزگایە ڕەفتار ئەکات، ئەم کابرایە لێدوان دەدات، کە خۆى بەشیکە لە حکومەت هەرخۆشى وەکو گۆڕان دژی ئەو دەزگایەپیشان ئەدات، ئەمە گەورەترین هەڵەیە و نەفامی ئەو کەسەیە، لانى کەم بەغدا وەکو حکومەتى جوت بنەماڵە نییە، هاوسیاسیەکانى کاکەیى چۆنیان بوێت وەها نەرمەغار بکەن، لەسەر ئەو سەر پێچیانەى لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لەسەرى پیکهێناوە و بۆ ماوەى ٦٠ ڕۆژ دەستیان لەکار پیکێشاوەتەوە. سیاسییە نەفام و خوێندەور و رۆژنامە نووسە گێلەکان چونکە لە ناو سیستەمێکی بێ سەروەری یاسا گەورەبوون، فڕیان بەسەر هیچەوە نییە، پێیان وایە نابێت هەر کەسێک سزای یاسایی درا، ئەمە دژی بیروبۆچی حیزبەکەیتی،و بە سزادان لە قەڵەمی ئەدەن، بۆ ئەمە هەرا و هوریایەکیان ناوەتەوە بووە بە ڕۆژى بانگەشە، ئەو خەڵکە ئەوەندە گێلە، سەد مخابن نازانن سەعید کاکەیى کوێى دێشێت، ئەمەش تەنها لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەیەو ڕاسپاردەکەى دیاری ئەکات کە چى بکرێت .
مرۆڤ بەزەیى بە کەسانێکدا دێتەوە، کە هەتا ئێستا هیوایەکیان بەم بزوتنەوەیە ماوە و هێشتا لە خەیاڵى هاککردندا ساتە نیللیەکانیان بەسەر ئەبەن و بە باسى پاڵەوانێتى سەعید کاکەیى سەرمەست ئەبن و ئەڵێن عەرشى کۆمسیۆنى لە بەغدا لەرزاندووە، بەد بەختى کورد لەوەدایە هەر کەسیک دێت یان کۆیلە یان مەسینە هەڵگر، یان دەروێشێک لەدواى خۆیەوە جێدەهێلێت.
 لە کۆتاییدا:
بەڕێز ڕەوانشاد:
• ئەرێ خۆمان گەنج و کەسانی پسپۆڕو بوێر و لێهاتو و کوڕە هەژارمان کەم بوو!؟ ئەم نمونەیەت لە کوێوە هێناوە، وا ئیستا لە حزوری تۆشدا وەستاوە و هەر بیری لای گیرفانەکانێتی، ناوێری دەستی دەربهێنێت و دوو دوعای خێرتان بۆ بکات.