ڕیفراندۆم هەنگاوی یەکەم بوو

Tuesday, 22/05/2018, 23:09

3013 بینراوە


سەعید نەورسی (بەدیعو زەمان) لە شوێنێکدا دەفەرموێت "اعوذ بالله من الشيطان و السياسة" بەو پێیەی منیش مەیلێکی سۆفیگەرییانەم هەیە هەمیشە حەز دەکەم دوورەپەرێز بم لە سیاسەت و کاری سیاسی، بەڵام ماڵیم بە قوڕ گرت ئەوە سیاسەتە لەم هەرێمەدا کە وازمان لێ ناهێنێت و یەخەمان پێ دەگرێت. لەکن من سیاسەت لەم ناوچەیەدا [زۆر بە تایبەتیتر لە کوردستاندا] شیوێکە ئەوەی چووبێتە ناوی خۆی تێ ناوە -نغرۆی گواو بووە. ئەوەیشی دابێتی بە لایدا یان تەنانەت لاتراسکەیشی لێ بەستبێت پرژی ئەو زەلکاوە هەر بەری کەوتووە. بۆیە کەس نەیتوانیوە خۆی بە دوور بگرێت لەم کایە (قێزەونە). لێرەدا من قسەی عارفی دڵخوازم بە شێوەیەکی دیکە دەڵێمەوە "اعوذ بالله من السياسة و الشيطان." ئەمەی خوارەوەیش کورتە شرۆڤەیەکی خۆمە و تەنیا بەرمەبنای خوێندنەوەیە نەک زانیاری بۆ ئەم ڕووداوانەی دواتری عێراق و کوردستان.
ڕووداوەکانی پێش 25 ئەیلول بە جۆریک بوون هەردوو پارتخێڵی [سەرەکیی] کوردستانی خستبووە نێو تەنگژەیەکی قووڵەوە. لە لایەک فشاری ناوخۆ و لە لایەکیش فشاری دەرەکی [ناوچەیی و نێودەوڵەتی] وایان لە هەردوو پارتخێڵەکە کرد بە دوای دۆزینەوەی دەرچەیەکەوە بن. ئەڵبەت تێگەیشتنێکی ناڕاست هەیە بۆ هەردوو پارتخێڵی کوردستان بەوەی گوایە نازانن سیاسەت بکەن، لە دیدی منەوە تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە –لانیکەم بە تێگەیشتنی باو بۆ سیاسەت لەم ناوچەیەدا. ئەوان خوێندنەوە و شرۆڤەیەکی قووڵیان بۆ ئەو ڕووداوانەی پێش ئەو بەروارە و ئەو پێشهاتە خراپانە کردبوو کە لە چاوەڕوانییاندا بوو. هەر بۆیەیشە تا ئەو ڕادەیە مکوڕ بوون لەسەر ئەو پڕۆسەیە و ئەنجامیان دا تا دەربازیان بکات لەو گێژاوە و دەروویەک بە ڕوویاندا بکرێتەوە. دەیشیانزانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەر ئەنجام دەدرێت و لە توانای ئەواندا نییە بەری پێ بگرن. ڕیفراندۆم –وەک خۆیشیان دەیانوت- تەنیا کارتێکی فشار بوو، جۆرە وڕکگرتنێک بوو بۆ ئەوەی گەورەکانیان لە ناوچەکە و جیهانیش ناچار بکەن تا گوێ لە گریان و بڕوبیانووەکانیان بگرن و بە جۆرێک لە جۆرەکان ژیریان بکەنەوە. بەم پێیە ڕیفراندۆم بابەتێک بوو بە وردی لە لایەن ئەوانەوە دیراسە کرابوو –هاوشێوەی داخستنی پەرلەمان کە دەیانوت بژاردە خراپەکەیە و بژاردەی خراپتر هەیە- ئەگەرچی کۆستێکی گەورە بوو بۆ میللەت، بەڵام دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ ئەوان کە لە ئێستادا دەرەنجامەکەی بە ڕوونی دەبینینەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم سادەترین زیانی بەوان گەیاندبێت.
کەواتە ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستانیش یەک پاکێجن و پەیوەندییان پێکەوە هەیە. دەبوو لایەنەکانی (ئۆپۆزیسیۆن) لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بە وردی خوێندنەوەیان بۆ غەمساردی و بێمنەتی لایەنەکانی دەسەڵات بکردایە کە بە ئاشکرا بۆنی پلانگێڕی و وەرگرتنی گارەنتی ئەملاولای لێ دەهات. هەر کەس بە ئەستەمیش بیری کردبێتەوە دەزانێت ئەمانە لە ڕِێگەی هەڵبژاردنەوە لانیکەمی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیش جێ بەجێ ناکەن. ئەی کەواتە بۆ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەریان بۆ هەموو جۆرە بەناو ئۆپۆزیسیۆنێک شل کردبوو تا بە ئارەزووی خۆیان پەل بهاون و لەنێو ئەو شیوەدا مەلە بکەن. تۆ بڵێیت لایەنەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆن نەیانزانبیبێت ئەمە ئەو دەریاچە بەرین و سازگارە نییە تا بە ئارەزووی خۆیان مەلەی تێدا بکەن و پاکیان بکاتەوە، بەڵکو لەبری ئەوە ئەوان خەڵکیشیان پەلکێشی نێو ئەو شیوە کرد! 
بە ڕوونی دیارە کە تەزویری ئەم جارە بە هەماهەنگی زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانیش ئەنجام دراوە. کۆمیسیۆن ڕاشکاوانە ئەوەی پێ وتین کاتێک هەر لە سەرەتاوە بواری نەدا سندوقەکان بە دەستی هەژمار بکرێنەوە. ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن کە ڕەنگە ئێران بە هاریکاری ڕووسیا و بە ڕەزامەندیی هەر کام لە توورکیا و ئەمەریکا ئەم کارەیان ئەنجام دابێت. گومانی تێدا نییە ئەمەریکا ئاگای لەو تەزویرە بووە و هەیە، بەڵام ئێستا پەلەی زوو پێکهێنانی حکومەتیەتی! لە ڕوواڵەتدا پێناچێت هیچ کام لەو هێزە براوانەی ئێستای عێراق دۆستی ئەمەریکا و خۆرئاوا بن بە ئەندازەی ئێران. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە حکومەتی دادێی عێراق هاوشێوەی کوماری ئیسلامی ئێران بەسەر دوو ئاڕاستەی بە ناو دژبەریی شیعەدا دابەش دەبن [لە ئێران موحافیزکار و ڕیفۆرمیست لە خزمەتی هەمان پڕۆژەی کۆماری ئیسلامیدان]. بەرەی عەبادی و مالیکی و هادی عامری و ئەوانی دیکە لە لایەک کە بە ئاشکرا لایەنگرییان بۆ ئێران هەیە، بەرەی سەدر [و لیبراڵ و شیوعییەکان] کە لە ڕوواڵەتدا سەربەخۆن، بەڵام ئەمیش پەیوەندی باشتری لەگەڵ ئێراندا هەیە تا وڵاتانی خۆرئاوا [و ئەمەریکا]. لە حکومەتی داهاتویشدا بەشداری پێکهاتەکانی دیکە جگە لە عەرەبی شیعە هاوشێوەی بەشداری پێکهاتەکانی ترە لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا جگە لە شیعەی دوازدە ئیمامی فارسی. بێدەنگی ئەمەریکا تەنیا ئەو خوێندنەوەیە هەڵدەگرێت کە حکومەتی ئێستای ئەمەریکا بە چاوی یاریکەر و بەڵکو بە چاوی یاریکەرێکی جدییش تەماشای ئێران دەکات. لەنێوان خۆی و ئەویشدا خەریکی ئاڵوگۆڕکردنی ڕۆڵە. تۆ بڵێیت ئەمەریکا هەر لە سەرەتاوە عێراقی داگیر نەکردبێت تا بیکاتە دیارییەک و پێشکەشی ئێرانی بکات؟ یان ئەمەریکایەک کە بە قسەی خۆی دەزانێت لەسەر مەریخ چی دەگوزەرێت و پڕۆژەی سەدساڵی ئاییندەی داڕشتبێت، پێشتر نەیزانیبێت عێراق بەم چارەنووسە دەگات. بە خوێندنەوەی من ڕەنگە ئەمەریکا تاکە دەوڵەتێکی گەمارۆدراو بۆ شیعە بە کەم بزانێت و بیەوێت نێوانەکە پڕ بکاتەوە تا هەر سێ دەسەڵاتی شیعی بداتە دەم یەکتری، بەوەیش وڵاتانی سوننە زیاتر پەست و شێتگیر دەبن و ناچار بە ڕووبەڕووبوونەوە دەبن. لە ئێستادا وڵاتانی کەنداو لە هەوڵی خۆپڕچەککردندان و لە چەند ساڵی ئایندە ڕەنگە ببنە خاوەن سوپای بەهێز هاوشێوەی میسر. ئەو کات ئەمەریکا هەر دوو هێزەکە تێ بەردەدات و لە دوورەوە تەماشا دەکات. ڕەنگە کاتێکیش بگەڕێتەوە کە لایەنێکیان تەنگەتاو ببێت و داوای هاریکاری بکات.  
ڕەوشەکە هەر چۆنێک بێت ئێمە هەنوکە بارمتەین بە دەستی کۆمەڵێک هێزەوە: پارتخێڵەکییەکانی کوردستان، پارتمەزهەبییەکانی عێراق و دەوڵەتی عێراق، وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکانی جیهان ... ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کام لە مانەیش بەستراوەتەوە بەوی دیکەوە. بۆ نمونە ڕووبەڕووبوونەوەی بارمتەچییەکی دەسەڵات لە کوردستان ئەوە دەخوازێت کە ڕووبەڕووی سوپا و هەواڵگری ئاغا و بەگەکانیان ببیتەوە. بەو جۆرە لە چاوەڕوانی گۆدۆیەکی فریادڕەسدا هەر بە بارمتەیی دەمێنینەوە! ئەوەی بۆی ڕێ کەوتبێت خۆی لە دەست ئەو بارمتەچییانە قوتار کردووە و دزەی کردووەتە دەرەوە، ئەوەیشی مابێتەوە کراوەتە کۆیلەی مۆدێرن. 
لە ساڵی 2003 ئەمەریکا هەستا بە ڕووخاندنی یەکجاری داروپەردووی ڕژێمێکی تەواو سەرکوتکار و دیکتاتۆر و قێزەون، بەڵام لە هەندێک ڕووەوە سۆشیالیستی و سەربەخۆ -ڕژێمی بەعس لانیکەمی داهاتی دەگەڕاندەوە بۆ گەل و نەیدەهێشت بکەوێتە دەستی بێگانە، ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆ داهات لەگەڵ دەرەوەدا بەش دەکەن و بەشی گەل نەماوەتەوە. ئیدی لەو بەروارەوە ئەمەریکاپەرستییەکی سەیر خۆی خزاندە نێو کۆمەڵگای کوردییەوە بە تایبەتی کە من ناوم ناوە بە فریشتەکردنی شەیتان. لای نوخبەی ڕۆشنبیر و سیاسی و زۆرینەی گەلیش وا وێنا دەکرا ئەمەریکا لەگەڵ خۆیدا بەهەشتێک دەهێنێت، بە جۆرێک هەر کەس بەرهەڵستی ئەو دیدەی بکردایە بە ئسوڵی و ئیسلامی و کۆمۆنیست و بەکرێگیراوی وڵاتانی دراوسی و ..تاد دەدرایە قەڵەم. ئەمەیش لە لایەک دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی هەندێک لەوانە بۆ خۆیان بەکرێگیراوی ئەمەریکا بوون و لە لایەکی دیکەیشەوە لە کاڵفامی و تێنەگەیشتنی هەندێک نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیر و بێگومان زۆرینەی کۆمەڵگای کوردیشەوە سەرچاوەی گرتبوو بەوەی گوایە ئیمپریالیزمی ئەمەریکی پڕۆژەیەکی چاکەخواز و خاوەن مۆراڵە. هەر ئەوەیش وای کرد کە لە قۆناغی دواتردا زۆرێک لە هێز و کاراکتەرە ئیسلامی و چەپ و کۆمۆنیستەکانیش لە کوردستاندا بچنە بەرەی ئەمەریکاوە و بکەونە پاساودان بە دەستوەردان و کارە قێزەونەکانی. هەر ئەو دەستوەردانانەی ئەمەریکایش بووە کە نوخبەیەکی سیاسی سەرمایەداری سەرپێ خستووە و سیستەمێکی سەرمایەداری ناقۆڵای لێ کەوتووەتەوە. زۆرجاریش گوێبیستی ئەوە دەبین کە فڵانە بەرپرسی ئەمەریکا یان خۆرئاوا بووەتە شەریکەدزی هەردوو پارتخێڵەکەی کوردستان. لەو ڕێگەیەیشەوە پشتیوانی یان لانیکەم بێدەنگی دەرەوەیان مسۆگەر کردووە. نمونەیەکی زەقی لایەنگری ئەمەریکایش: کاتێک لە ڕووداوەکانی حەڤدەی شوباتدا خەڵک لەسەر جادە دەسەڵاتی هێنایە لەرزین، باڵوێزخانەی ئەمەریکا وەک پیشەی هەمیشەیی وڵاتەکەی لە ناڵی دا و لە بزماریش، بەیاننامەیەکی لەم شێوەیەی بڵاو کردەوە "ئێمە ڕێز لەو خۆپیشاندانە دەگرین، بەڵام مامەڵە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی ئێستا دەکەین!" ئەوەیش زیاتر بوو لە چڵە پوشێک و گوریسێکی ئەستوور بوو دەسەڵات خۆی پێ گرتەوە.
 پاش داگیرکاریی ئەمەریکا ڕێگە بۆ دەستوەردان و هاتنەناوەوەی هێزگەلی دیکە خۆش بوو تا بە بیانووی هاوشێوەوە بێنەناوەوە –ئەمەریکا بە بیانووی بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لە عێراق و ڕزگارکردنی خەڵکەکەی و سەرپێخستنی سیستەمێکی نمونەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هاتبوو. دەستوەردانەکانی ئەمەریکایش ئاڕاستە و شێوازی جۆراوجۆری هەیە. بێرنارد لویس دەڵێت: خومەینی ئەمەریکا بە شەیتانی گەورە ناو دەبات نەک داگیرکەر، چونکە شەیتان فریودەرە نەک داگیرکەر. ئا بەو جۆرە دەستوەردانی هێزە فریودەرە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەک گەلی تەفرە داوە وای کردووە زۆرێک خەون بە گەڕانەوەی ئەو سیستەمە نیمچە سەربەخۆیەی ڕابردووەوە ببینن، سەرباری چەندین ڕووی دزێو و سەرکوتکەرانەیشی. ئەوەیش پێویستی بە شرۆڤەیەکی سایکۆلۆجی قووڵە. دەستوەردانی ئەمەریکا و ئێران و تورکیا و هێزگەلی دیکە تەنیا بە ڕێگەی پارت و لایەنی سیاسی نەگیرساوەتەوە، بەڵکو تا بۆیان کرابێت میدیا و ڕێکخراو و ناوەندگەلی سێبەری دیکەیشیان بە کار هێناوە. تەنانەت هەندێک جار باس لەوە دەکرێت فڵان پەرلەمانتار یان فڵان کاراکتەری سیاسی لە فڵان وڵاتەوە نزیکە یان بە زمانی خەڵک بەکرێگیراویەتی، بەڵکو جاری وا هەیە لەنێو یەک هێزی سیاسیدا پیاوی چەند وڵاتی دوژمن بە یەک دەبینرێتەوە. دەبێت چارەی کۆمەڵگایەکی لەم جۆرە چی بێت کە خەڵکی هێندە بەکرێگیراو و خۆفرۆشی تێدا بێت؟!
دەمەوێت ئاماژە بە کتێبێکی گرنگ بدەم کە وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی پێویستییەکی هەنوکەییە، لەژێر ناوی:  کێ پارەی زوڕناژەنەکەی دا؟
سی ئای ئەی و جەنگی ساردی ڕۆشنبیری
 "Who Paid the Piper? The CIA and the Cultural Cold War"
ناونیشانی کتێبێکی خاتوو فرانسیس ساوەندەرزی توێژەر و مێژوونووس و ڕۆژنامەوانە کە لە ساڵی 1999 بڵاو کراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و لە ساڵی 1947ەوە واتە لە دەسپێکی جەنگی ساردەوە لە ڕێگەی سی ئای ئەیەوە پڕۆژەیەکی بە ڕوواڵەت ڕۆشنبیرانەی دەست پێ کرد بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤیەت. لە ماوەیەکی کەمدا توانییان سوپایەک لە نووسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و شانۆکار و وێنەکێش و ...تاد کۆ بکەنەوە و لەو ڕێگەیەیشەوە هانی فەرهەنگی خۆرئاوایی ئەمەریکی بدەن و بە ڕووی فەرهەنگی سۆڤیەت و گەلانی سۆشیالیستیدا بچنەوە. هەر شێوەیەک لە نووسین یان هونەر یان ئەدەبیات هانی سۆشیالیزمی دابێت، بەرهەڵستی کراوە و تۆمەتی خراوەتە پاڵ. تەنانەت دەوترێت کەسانێکی وەک برتراند ڕەسل و جۆرج ئۆرویڵیش لەو پرسەوە گلاون، جا بە زانین بووبێت یان لە نەزانینەوە. ئەوەی گرنگە بوترێت لەمڕۆدا تەنیا ئەمەریکا نییە ئەو ڕێگەیە بە کار دەهێنێت، بەڵکو وڵاتگەلی دیکەی لە وێنەی ئێران و تورکیا هەوڵی داگیرکاریی فەرهەنگی دەدەن. زوڕناژەن و پارەدەرەکانیش زۆرن. 
کاتێک (سەرۆکی حکومەتی هەرێم) بڕیاری دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان دەدات، هێندە بێمنەتە لە گەل و ئۆپۆزیسیۆنیش داوای ئەنجامدانی سەرجەم هەڵبژاردنەکان دەکات لە یەک کاتدا، ئەوە کۆمیسۆنە کە ئەو بارە قوورسە ڕەت دەکاتەوە.
تۆ بڵێیت ئەیلولی داهاتوو شکستێکی گەورەتر بێت بۆ گەل و دەستکەوتێکی گەورەتریش بخاتە هەگبەی دەسەڵاتەوە؟
ئەگەر ئۆپۆزیسۆن هەر خەریکی ئەم قیڕەقێرە بێت و گەلیش هەر ئەو کەفوکوڵە، بۆ نا؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە