رێگای بایکۆت

Wednesday, 23/05/2018, 18:07

3841 بینراوە


* جنێودان بە یەکێتی و پارتی لە جێگەی هیچ کەس و لایەنێک ناگۆڕێت لە ناو سیستێمەکەدا.
* راگری دز سەرپشکە لە رێگای کام لایەنەوە ملکەچیی خۆی تازە دەکاتەوە بۆ هەموویان نە وڵاتپارێزێن نە بەڕێوبەر. نە دیموکراتن نە دیکتاتۆر. نە کوردن نە بێگانە.
--------------------------------
جەماوەرێک کە خۆی لەسەر جادە دانی بەوەدا نابێت کە دز حوکمی دەکات قەرزاربارە بەوەی کە ئەو حوکمە لاببات. ئەگینا خۆی راگری دزە.
ئێمە دڵنیابووین درۆ بوو ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت نەبوو. ئەوکات پێش دەنگدانەکە نوسیم: "ئەگەر ریفراندۆم بۆ هەزارو یەک مەبەست بێت دوان لەوان نە سەربەخۆییە نە دەوڵەت." وەکو پرەنسیپیش هێڵی سورە لە هەموو کات و شوێنێکدا نەک بۆ سەربەخۆیی گەلی خۆمان بۆ هیچ گەلێکی دیش بنوسین: "نەخێر". ئەوە هەر بە کەسانی بێ پرەنسیپی پارتەکان خۆیان دەکرا کە بە هەر شێوەیەک بێت بە "بەڵێ" یان بە "نەخێر" جەماوەر راپێچ بکەنەوە بۆ بەردەمی سندوقی دەنگدان. بۆیە:
بایکۆتی ریفراندۆم هەڵبژاردەیەکی راست بوو.
بایکۆتی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق
هۆکاری بایکۆتی هەڵبژاردنی رۆژی (١٢/٠٥/٢٠١٨)ی ئایاریش دەگەڕایەوە بۆ بناغەیەکی زانیاریی و زانستیی. ئەمەش بە پێچەوانەی ئەندامە لاکۆشەکانی لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردندا کە سەرگردەکانیان چۆنیان پێ بڵێن رەش یان سپی ئەوان ئاوا دەکەن. "بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن" بۆیە بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد چونکە هەڵبژاردنەکانی باشور پێچەوانەی دیموکراتین. چۆن؟
هەڵبژاردن بۆ دیموکراتیی نییە
هەڵبژاردن لە دیموکراتییدا بۆ ئامادەکردنی ویستی زۆربەی خەڵکە لە پێناوی دامەزراندنی دەستەڵاتی خەڵکدا. ئێمە دڵنیاین لەوەی کە لە باشوردا سیستێمی هەڵبژاردن بۆ ئامادەکردنی دەنگی زۆرینەی هاوڵاتییان نییە. بەڵکو وەکو لای هەموو لایەک رونە هەڵبژاردن بۆ رەواییدانەوەیە بە دەستەڵاتی دەستەیەک دەستەڵاتداری ناڕەوا. لێرەدا پێویستە هەر هاوڵاتییەک لە خۆی بپرسێت: ئایا لە پێناوی چییدا من رەواییان پێ بدەمەوە؟ ئایا بۆچی ئەم دەستەڵاتدارانە حوکممان بکەن؟
"لاکۆش" کە ئەو لایەنگرو ئەندامەیە کە بێ قەیدوشەرت لەگەڵ گردەکەیەتی، هەرگیز ئەو مافە بە خۆی نادات ئەم پرسیارانە بکات.
ئەمانە دیکتاتۆریش نین
گەلان لە مێژوودا سەردارێکیان لە خۆیان دروست کردووە بۆ ئەوەی ئەم سەردارە خاک و خەڵک بپارێزێت لە دوژمنی دەرەوەو ئاسایشی هاوڵاتیان لە دەستدرێژیی هاوڵاتیان بۆ سەر یەکتریی بپارێزێت. لە پێناوی ئەم مەبەستانەدا حوکم و چارەنوس دراوەتە دەست دەستەڵاتدارێک و چاو لە دیموکراتیی و حوکمی خەڵک پۆشراوە. دەستەڵاتی سەردار لە کۆندا پاشایەکی وڵاتپارێزو بەڕێوبەر بووە کە زۆر جار خۆی لە پێشەوە جەنگاوە.
ستالین لە جەنگی جیهانیی دووهەمدا هێزی وڵاتی بەکار هێنا بۆ بەرگریی، رزگاریی خاک و خەڵک لە داگیرکاریی هێتلەری ئەڵمانیی. میللەت بە پیاو و ژنەوە دەچون خۆیان دەنوسی بۆ بەشداریی لە جەنگدا دژی سوپای نازی ئەڵمانیی. یەکێک لەو کچانەی کە خۆی ناونوس کرد دەڵێت: "ئێمە وا فێرکرابووین کە ملیمەترێک لە خاکی نیشتیمان بەجێ نەهێڵێن بۆ داگیرکەر." بە پێچەوانەی سروشتی مرۆڤەوە، پارتەکانی باشور بە کۆمەڵ لە دەستوردا کە خۆیان بەشداربوون لە نوسینەوەیدا، وازیان لە نیووەی خاکی نیشتیمان هێنا. لە ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠١٧)شدا کە هێزەکانی عێراقیان هێنایەوە بۆ کەرکوک پیلانیان بەسەر هێزەکانی خۆیان، خاک و خەڵکی خۆیاندا گێڕا. چەندەها پێشمەرگەیان بە خۆڕایی بە کوشت دا. لەسەر ئاستی بەڕێوبەرییش کۆمەڵگای باشوریان توشی قەیران، ناهەمواریی و پیسخۆریی کردووە. بە کورتییەکەی:
نە وڵاتپارێزێن نە بەڕێوبەر. نە دیموکراتن نە دیکتاتۆر. نە کوردن نە بێگانە. وەکو کاتی خۆی نوسیم: "بازرگانی جەنگ نیشتیمانی نییە." ئەی ئەمانە چین؟
لە خۆپیشاندانەکاندا بۆ سواڵی موچە بە هەزارەها کەس هاواریان دەکرد: بڕۆخێ دز! شەریکە دز
راگری دز
جەماوەرێک کە خۆی لەسەر جادە دانی بەوەدا نابێت کە دز حوکمی دەکات قەرزاربارە بەوەی کە ئەو حوکمە لاببات. ئەگینا خۆی راگری دزە. تاکە گەرەنتییەک بۆ مانەوەی دەستەڵاتی دز راگرانی دزن. ئەگینا هیچ هۆکارێکی سیاسیی نییە بۆ ئەوەی دز حوکمی گەلێک بکات. ئەم راگریی دزییەش لە رێگای دەنگدانەوە گوزراشتی لێ دەکرێت. دەنگدان لەم سیستێمی هەڵبژاردنەدا کە پارتەکانی باشور پێکڕا پێکیان هێناوە تەنها یەک واتا دەبەخشێت: راگریی دز. راگری دز سەرپشکە لە رێگای کام لایەن و پارتەوە ملکەچیی خۆی تازە دەکاتەوە بۆ هەموویان. جنێودان بە یەکێتی و پارتی لە جێگەی هیچ کەس و لایەنێک ناگۆڕێت لە ناو سیستێمەکەدا. تەنها بۆ ئەوە دەشێت چاوی جەماوەرێکی کوێری پێ ببەستیت. بۆیە:
رێگای بایکۆت ئەم جارەش هەڵبژاردەیەکی راست بوو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە