مامۆستا خۆشەویستەکەی زانکۆی تاران کۆچی داویی کرد

Saturday, 26/05/2018, 22:02

3698 بینراوە


لە ساڵی ۱۳۷۹هەتاویی و لە زانکۆی مەزاهیبی ئیسلامی تاران "کۆلێژی فیقهی مەزاهیبی ئیسلامی" قوتابی جەنابی مامۆستا شەپۆل بووم.
-----------------------
هێندە موشتاقی قسەکانی بووم زۆر جاران لە کۆبوونەوەکانی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی دیکە تاران دەگەڵ بەڕێزیان دەڕۆیشتم و بەشداریم دەکرد. ماڵی بەڕێزیان لە بەشی ناوخۆیی ئێمە نزیک بوو و چەند جارێکیش دەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەم دەچووینە ماڵیان و باسی مێژووی کورد و پێویستی زانست و خوێندنی بۆ گەنجانی کورد دەکرد و دەیگوت زۆربەی کێشەکانی نەتەوەی کورد لە نەخوێندەوارییەوە سەرچاوەی گرتووە.
کاتێک لە زانکۆ تووشی کێشەی سیاسی بوومەو و دواتریش دەرکرام، مامۆستا لە پێناو مانەوەم زۆر هەوڵی دا کە کاربەدەستانی زانکۆ واز لە بەندە بهێنن و زۆر لەم بابەتەدا ماندوو بوو. مامۆستا شەپۆل خەمخۆری هەموو نەتەوەی کورد بوو و کەسایەتیەکی بە تەواوی مانا هەست ناسک، شاعیر و نەتەوەپەروەر بوو. هێندەم خۆش دەویست کاتێک بوومە پێشمەرگەی یەکێتی شۆڕشگێڕان، ناسناوی شەپۆلم لە خۆشەویستی لە بۆ بەڕێزیان بۆ خۆم هەڵبژارد و تا لە باشووری کوردستان بووم پێوەندیم دەگەڵ جەنابیان وەک قوتابی هەر هەبوو.
مەڕحوومی مامۆستا شەپۆل نوسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ بوو. محەمەد ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە شەپۆل ساڵی ۱۳۱۲ هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمان پەروەر لە شاری مەهاباد چاوی بە جیهان هەڵێنابوو
مامۆستا شەپۆل کوڕی خوالێخۆشبو مەلا ئیبراهیم کوڕی عارفی ڕەبانی حاجی خەلیفە مەلامحەمەد بوو کە بە عالم و زانایەکی پسپۆڕ لە کاتی خۆی لە نێوان خەڵک بانگ و ئاوازەی هەبوو.
مامۆستا شەپۆل لە مناڵی بە داب و نەریتی خوێندنی قەدیم، سەرەتا قورئانی پیرۆز لای بابی فێر بوو و پاشان لە حوجرە لای مەلایانی زانا علومی قەدیمی دینی تەواو کرد و پاشان هەر لە شاری مەهاباد لای حاجی مەلاحوسێن مەجدی درێژەی بە خوێندن و تۆێژینەوە داوە.
دوای تێپەڕ کردنی ئەم قۆناغە، ئیجازەی دەرس گوتنی وەرگرتبوو و لە ساڵی ۱۳٤٥ هەتاوی بووەتە خەتیب و ئیمام جومعەی خانقەی نەهری و لە هەمان کاتدا بووەتە مودەریس لە مزگەوتی سووری مهاباد.
مامۆستا شەپۆل وەک تەواوی کاتەکانی ژیانی تینووی فێر بوون بوو و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەیکە شاری مەهاباد و دەرس گوتن لە مزگەوت جێ هێڵێ و کۆچ بکات بۆ تاران و درێژە بە خوێندن بدات. مامۆستا لە زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندن دا و قۆناخی دوکتورای لەم زانکۆیە تەواو کرد و پاشان بوو بە مامۆستای علوومی قەزایی زانکۆی تاران و مامۆستای زمانی عەڕەبی زانکۆی مەزاهیبی ئیسلامی تاران.
مامۆستا شەپۆل ساڵی ۱۳٤۳ هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆ کوردی تاران دەست پێ کرد و چەندین وتار و نوسراوەی لە بابەت کلتور و زمانی کوردی پێشکێشی کۆمەڵگای کوردی کرد و تا ساڵی ۱۳۹۱ هەتاوی لە ڕادیۆ کوردی تاران بەردەوام بوو.
مامۆستا جگە لە هاوکاری ڕادیۆ تاران بۆ پەرەدان بە کلتوور و خزمەت بە زمانی کوردی لە ساڵی ۱۳٤۷ بە هاوکاری مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی و محەمەد سادقی موفتی زادە و مامۆستا سوارە ئیلخانی زادە و چەند کەسی دی کانونی زمانی کوردیان لە تاران دامەزراندبوو.
مامۆستا شەپۆل وەک ئاواتێک بۆ دەرخستنی گۆڤارێک بە زمانی کوردیی، توانی دوای هەوراز و نەشێوێکی زۆر، گۆڤاری " گرشەی کوردستان " دامەزرێنێت و لە نۆ مانگدا ۹ ژمارەی ئەم گۆڤارەی چاپ بکرێت و ئەم ئاواتەشی بەدی بێنێت.
مامۆستا شەپۆل ۳٥ بەرهەمی لە چاپ دراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن و بوونە مایەی دەوڵەمەندی هەرە زیاتری کتێبخانەی کوردیی.
ئەم تێکۆشین و بەرهەمانە هەمووی نیشاندەری ئەوەن کە مامۆستا ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ کلتوور و ئەدەبیاتی نەتەوەی کورد، هەرچەند زۆر جاران بۆ چاپ کردنی ئەم بەرهەمانە تووشی دەست تەنگی دەبووەوە، بەڵام ئاگادار بوو کە دەوڵەمەندی پارە گرینگ نیە و دەوڵەمەندی ڕاستەقینە لە خزمەت کردن بە گەل و نیشتمانەوە وەدەر دەکەوێت و دیارە دەوڵەمەندی ئەم مامۆستایە وێنەی بەحرێکی لەبن نەهاتوو بوو.
چەند بەرهەمی مامۆستا کە دەبێ ئاماژەیان پێ بکرێت بریتین لە:
۱- وەڕگێرانی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی
۲-گەنجینەی فەرهەنگ و زانست
۳-زانایانی کورد
٤-کۆبانی
٥-باوی کۆمەڵایەتی
٦-ژنانی کورد لە مێژوو دا
مامۆستا بە بۆنەی خزمەت و شارەزایی لە ئەدەبیاتی کوردیی ببوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگی کوردی و هەروەها چەندین خەڵاتی ئیفتیخاری لە کۆڕە ئەدەبیەکان پێشکێش کرا کە یەکە لە هەرە خەڵاتە گرینگەکان خەڵاتی ساڵیادی شەهیدانی هەڵەبجە بوو و هەروەها میداڵی ئیفتیخاری دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی بەدرخانی بەرەو ئازادی ڕۆژنامەوانی کوردستان بە ناوی خەڵاتی نوسەر و لێکۆڵێنەر و وەڕگێر بۆ خزمەتەکانی پێ درا.
مامۆستا شەپۆل تا ئاخرین هەناسەکانی ژیانی دەستی لە نووسین هەڵنەگرت و گوڵێک بوو لە گوڵستانی زێڕینی ئەدەبیاتی کوردیی کە لە درێژایی تەمەنی خۆییدا تەنیا ڕێگای خزمەت بە گەل و نیشتمانی گرتە بەر و ئەمڕۆ بە داخەوە چەپگەردی گەردون ئەم گوڵەشی لە گوڵستانمان چنی، بەڵام یاد و یادرگاریی بەڕێزیان بە بۆنەی بەرهەمە بە نرخەکانیان و بیرۆکەی جوان و نیشتیمانیی لە دڵمان دا هەردەم زیندووە.
بەداخەوە مامۆستا شەپۆل، ئەمڕۆ ٥ی جۆزەردانی ۹۷ی هه‌تاوی دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی له شاری تاران کۆچی دوایی کرد و بڕیاره له شاری مەهاباد به خاک بسپێردرێت.
خودا سەبووریی بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم کەس و کاریان بداتەوە و شەریکی خەمی ئەوانین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست