چیرۆکەکانی شار: چۆن ئەو ساڵە لە ئەستەمبوڵ عەزیز نەسینم بینی ؟

Saturday, 26/05/2018, 22:22

4682 بینراوە


کاتێک دادەنیشم و بیر لەنوسین دەکەمەوە، هەست دەکەم ڕۆحم لە جەنجاڵی ئەم هەموو نەهامەتییە. ڕزگار دەکەم.
----------------------
زۆرجاران بە کۆڵانە تەنگ و دژوارەکانی سەفەرەکەمدا کە هێشتا بە مەنزڵ نەگەیشتووم، گوزەردەکەم و بەناو بیرەوەرییەکانما ڕۆدەچم، لە هەوڵی ئەوەدام بیرەوەرییەک هەرچۆنێک بێت، تاڵ، شیرین، بەچێژ، یان ئازاربەخشم بیر دەکەوێتەوە و دەست کەم بە گێڕانەوەی، وەک فیلیمێک کە چۆن دەیگەڕێنیتەوە، بۆ سەیرکردنی دیمەنێک، منیش هەروا دەکەم.بەکورتییەکەی ڕابردوو دەگەڕێنمەوە، دەچمەوە ناو ڕابردوو.دەزانم لە دوایی ئەو هەموو ساڵە یادگارە کۆنەکانەم زۆر کاڵبونەتەوە، لێ من دەمەوێت جارێکی تر ئەو یادگاریە بگەڕێنمەوە ناو بیرەوەرییەکانم و بەو ڕێگەیەدا بڕۆمەوە کە خەریکە شوێن پێکانمی تێدا وون دەبێت.
لەساڵی ١٩٩٠ دا ماوەی شەش یان حەوت مانگێک لە تورکیا ژیانم کرد، بەهیوای ئەوەی سەفەر بکەم بۆ سەر زەمینە پەمەیەکەی ئەوروپا و لەوێ بەئارامی بمێنمەوە و ژیان بکەم، من لەشارە جوانەکەی ئورمێوە بەشەو لەڕێگەی قاچاخچییەکەوە چوین بۆ سنور و چوومە ناو تورکیا، لە ئەرزەڕۆمەوە، بۆ یەکەمین جار بە شەمەندەنەفەر سەفەرم کرد، لام وایە هەمان شەمەندەفەری ناو فلیمی "یۆڵ"ی ڕێگا یەڵماس گۆنای بووبێت؟ بۆ نا؟! چونگە جگە لەوەی کۆن بوو دەتگوت لە هندستانین، دەیان خێزان بەسەر یەکدا ترنجابوون، ئای لەو سەفەرە چەندێک بە ناو ترسا ڕێمان دەکرد!
دوای چەندین دەمژمێر و شەو و ڕۆژێک لەناو شەمەندەفەرەکەدا، گەیشتمە پایتەختی تورکیا "ئەنقەرە" لەوێ وەک هەموو هەڵهاتوویەک، یان پەنابەرێک، خۆم ناساند بە ئۆفیسی"نەتەوە یەکگرتووەکان" و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە دوای وەرگرتنی بەڵگەنامەیەک، خۆم بە پۆلیسی تورکی ناسان، تا مۆڵەتی مانەوەم وەرگرت لە تورکیادا.
 کاتێک خۆت لە تەنهاییەکی وا ئاڵۆزدا دەبینیتەوە، پاشان لە خۆت دەپرسیت چی منی هێناوەتە ئێرە؟ دنیا وەک کۆڵانێکی نامۆ دەبینیت و لە هەموو شتێک سڵ دەکەیتەوە، هەموو جێگاکان تازە دەبن بۆت، ئەو شەوەی گەیشمە ئەنقەرە لە ترمیناڵەکە فڕکان فڕکانێک بوو، قەرەباڵغییەکەی هێندە زۆربوو لەوە دەچوو کەس حەوسەڵەی خەوی نەبێت بەم شەوە لەم شارەدا و هەموویان لەدەرەوە بن.بۆنی شتێکم دەکرد کە پێشتر بۆنم نەکردبوو.مرۆڤ کاتێک لە شتێک دڵنیا نابێت و گومان دەوری دەگرێت، بەڵام ئەگەر ورتر بڕوانیت بۆ دەردەکەوێت، کە بە راستی مرۆڤ بوونەوەرێکە هەر زوو لەهەموو جێگەیەک هەڵدەکات و بەخێراییەکی زوو خۆی دەگونجێنێت.
 پاش ئەو شەوە کە زۆر ناخۆش و سەرنجڕاکێش بوو لە لام، ڕۆژێکی نوێ هات و تاریکی و دڵە ڕاوکێ لەگەڵ خۆی پێچایەوە، لە شەقامی "قزڵای" شەقامی کچان لەوێ خۆم بە "نەتەوە یەکگرتووەکان" ناساند و کەیسێکیان بۆ کردمەوە وەک هەر پەنابەرێک.پاشان دوای یەک ڕۆژ بەخۆم و ئەو بەڵگەیەوە چومە ئۆفیسی ئاسایشی ئەنقەرە لە ژێر زەمینێک ئەفسەرێک کە دوایی زانمان کوردە و خەڵکی "ئامەد"بوو، دوای پەنجەمۆر یەک یەک پەنابەرەکانی دەدی و ناونووسی دەکردن، لەگەڵ وەرگێڕێکدا.سەفەرەکەم تژی بوو لە کۆمێدیا، کوڕێکی خۆشناوەتی لێبوو بە وەرگێڕەکەی ووتبوو: ئێمە تاکە خێزانی تورکمانین لەو ناوچەیە....وەرگێڕەکە ووتبووی ڕووی باوکت ڕەشبێت...منیش هەر خەڵکی ئەو ناوچەیەم لێرە تورکی فێربووم، کوا لە خۆشناوەتی تورکمانی لێیە؟
 دوو مانگ لە ئەنقەرە مامەوە لە گەڕەکی "عیسمەت پاشا"، گەڕەکی هەژاران کە پڕبوو لە کرێکاری شارەکانی تر و دەیان خەڵکی ووڵاتان بەتایبەتی ئازەرییە ئێرانییەکان ئێرەیان کردبوو بە نیشتمانی خۆیان، لە ژوورێکدا بووین لە ژێرزەمینێک لە خانویەکی داڕماودا بووین، لە ژوورەکەمان کرمێکی ئازار بەخش لەگەڵمان دەژیا ناوی "تەختە ئۆڵوس" بوو، خوێنی دەمژین، بە ڕۆژ هیچ ئاسەوارێکی ئەو کرمە نەعلەتییەمان نەدەبینی و دیار نەدەمان، بەڵام لەشی کردبووم بە شوێنگەی جەنگ و لە هەموولایەکەوە هێرشی کردبووە سەرم، دراوسێیەکمان هەبوو، کابرا لە سەردەمی شادا جەنەڕاڵ بوو لە سوپای ئێران، هەر جارێک دەم دی جگەرەی دەکێشا و باسی خۆی دەکرد، ئای لەو پیاوە پیرە چەنێک بەخۆی و ڕابردویەوە شانازی دەکرد ؟
 پاش ئەو دوومانگە ئیتر گواستراینەوە بۆ شارۆچکەیەک ناوی "نیگدە" بوو، ئەو شارۆچکەیە دوورە دەست بوو، دەگێڕنەوە سەردەمێک کەسی دوورخراو لەم شارۆچکەیادا جێگیر کراوە، ڕاستە ڕێگەیەک بوو ئۆفیسی پۆستێک و بانک و بنکەیەکی گەورەی پۆلیسی تێدابوو، یەک دوو تەلەفۆنی سەر جادە و ترمیناڵێکی پاسیش لە دەرەوە دەبینرا، چەند گەڕەکێکی خوار و خێچ و ڕۆژانی هەینیش هەفتە بازاڕێک هەبوو لە گوندەکانی دەور و بەرەوە سەوزە و میوە و ماسی سیلاویان دەهێنا لەوێ نمایشیان دەکرد، قەڵایەکی کۆنیش هەبوو، بەگردێکەوە چەند تۆپێکی ژەنگاوی ڕووی لەم لاکردبوو، مرۆڤ هەستی دەکرد، کە سەردەمانێک ئێرە مەیدانی جەنگ و ڕمبازی بووبێت و ئەم دیمەنانە مێژوویان بەخوێن نمایش دەکرد، ئەو ئێوارەیەی ئێمە گەیشتینە ئێرە ئێوارەیەکی سارد و هەور و باراناویی بوو، تاریک چاو چاوی نەدەبینی، لەبەردەم بنکەی پۆلیسدا بەجێیان هێشتین، بۆ سبەی کارتێکیان بۆ ئێمە کردبوو بەرگەکەی سورێکی کاڵ بوو، بە خەتێکی گەورە دیارە بە چاپ نوسرابوو " مەجبور بووین ئیقامە بەمە بدەین " دوای ئەوە هەفتەی دوو ڕۆژ دەچوین بۆ واژۆ کردن لە بنکەی پۆلیس، ئەوەش بۆ ئەوە بوو تا بزانن لەوێ ماوین یان نا؟ لێرە خەڵکی ئێرانی لێبوو ماوەی شەش حەوت ساڵ بوو هەواریان هەڵدابوو، بەڕاستی سەبری ئەبووبیان هەبوو، ژیانی ئەو پێچ مانگە لەو شارۆچکەیە منی لە ناخەوە گۆڕی، لەوێ لەمرۆڤ گەیشتم، زانیم ژیان دوور لە نیشتمان چ ئازارێکە و چۆن هێواش هێواش ورد و خاشت دەکات ؟
 دوایی یەک دوومانگ ئافرەتێکی کەنەدی هات بۆ شارەکەمان کە فەرمانبەری "نەتەوە یەکگرتووەکان" بوو یەکە یەکە پێی ووتین:" کە ئەوان ناتوانن هیچمان بۆ بکەن، چونکە لە کاتێکدا هاتووین درەنگ تر لەوەی ئەوان نەخشەیان بۆ داناوە " بەڵام یەکی ١٠٠٠٠٠لیرەی تورکی بەچەک داینێ کە لە هەر بانکێک بێت دەتوانین وەری بگرین، ئەو ئافرەتە تەمەنی ٥٠ ساڵێک دەبوو باڵایەکی زۆر بەرزی هەبوو، زیاتر لە ئەسپ دەچوو، ئەسپێکی یاخی، خۆی وا دەر دەخست کە لە قسەکانیدا ئازار دەکێشێت، بەڵام ئیتر بڕوای پێهێناین کە ئەوان دەسەڵاتیان نییە و چارە لای ئەوان چۆتە قاتی، چوون بۆ ووڵاتی سێهەم دەبێت خۆمان هەڵبژاردنمان هەبێت، یان بگەڕێینەوە بۆ ووڵاتی خۆمان، پاش ئەو هەواڵە چوین بۆ ئەنقەرە و لەوێ خۆپیشاندانمان کرد لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتۆکاندا، بەگوێزان لەخۆمان دا، ئەو دوا نیوەڕۆیە هەرچی ڕۆژنامە و کەناڵەکانی تورکیایە لای ئێمە کۆببۆوە، هێزی پۆلیسی مەندەنی ئەم سەرو ئەوسەری شەقامەکەیان گرتبوو، نەدەهاتنە پێشيوە کە زانیان ئێمە خۆمان برینارکرد، ڕۆژنامەی "حوڕیەت گازێتە، جمهورێت، یەکبین دۆغروو، کە گۆڤارێک بوو چەپەکان دەریان دەکرد لەگەڵماندا بوون و پشتگیریان لێدەکردین، ئەنجام هیچ نەبوو بەڵام هەوڵێک بوو دەبوو بیدەین 
" یەکبین دۆغرو" وابزانم مانای ٢٠٠٠ ڕاستگۆ دەگەیەنێت، یان ٢٠٠٠ ڕاستی ئەم گۆڤارە لە یەکێک لە ژمارەکانیدا لەو کاتەدا وێنەی ڕاپەڕینەکەی جزیرەی بۆتانی چاپکردبوو لەسەر بەرگەکەی.من زۆرم خۆش دەویستن، وێنەیان زۆرگرتین تەنانەت وێنەیەکیشم لابوو، کە بۆیان ناردم بەڵام نازانم کەوتە کوێ ؟ 
 دوای گەڕانەوەمان لە ئەنقەرە بۆ شارەکەمان، پۆلیس بەو گۆڵمەزەی ئێمەی زانیبوو، زوو زوو شەو دەهاتن بۆ سەر ژمێرکردنمان، هیچ کارێک نەبوو لێرە بژێوی ژیانی پێ ڕێبکەین، بڕیاری چونمان دا بۆ ووڵاتی "یۆنان" دوای دوا واژۆکردن لە بنکەی پۆلیس لەناو دەفتەرە سی پەڕەیەکەدا، شەو سواری پاسە درێژەکان بووین بەرەو ئەنقەرە و لەوێشەوە بۆ ئەستەمبوڵ.ئێمە بە چەند شاری مێژووییدا گوزەرمان کرد، شەوێ لە ئوتێلێکی هەرزان بەها لەو شارەدا ماینەوە بەیانی زوو پێیان ووتین کە دەبێت ژوورەکان چۆڵبکەین، ئیتر کەوتینە بازاڕەوە، دەبوو کاتەکە بکوژین تا عەسر و لەگەڵ قاچاخچییەکەمان یەک بگرینەوە بۆ درێژەپێدانی گەشتەکەمان بۆ یۆنان.من لەگەڵ هاوسەفەرێکما دەسوڕاینەوە لە بازاڕە گەورەکانی ئەستەمبوڵدا لە کوێوە دەڕۆیشتین جێگەیەک، پایەیەک، دارێک، ئوتێلێک فولکەیەک پەیکەرێکمان دەکردە نیشانە تا بەسەڵامەتی بگەڕێینەوە جێگەکەمان، نازانم دەمژمێر چەند بوو؟ کەوتینە باخچەیەکی گەورە لام وایە ناوی "ئەنەدۆڵ بوو" باخچەکە خۆ تورکیا ئەنەدۆڵ ناوی زۆرە.
لەناو باخچەکەدا کە خەڵکی زۆری لێنەبوو بەڵام ئەوەی سەرنجی داین کابرایەکی قەڵەو بوو ڕیشێکی بۆزی هەبوو کڵاوێکی خواجەی شینی کردبووە سەری و گۆپاڵێکی بەدەستەوەبوو، تەزبێحێکی دەنک گەورەی لە گەردن کردبوو، ئەمە نمایشی سەردەمی عوسمانییەکانی دەکرد، خەڵکی وێنەیان لەگەڵ دەگرت، ئێمە هیچ کامێرامان نەبوو، تا وێنەی لەگەڵ بگرین و چەند لیرەیەکی بدەینێ، دوایی لەسەر سینی عەمبەروەریی ڕەنگا و ڕەنگمان کڕی بەلیمندۆزێوە خواردمان، ڕەنگە هەر بەیادی منداڵییەوە ئەو چێژەمان کردبێت ؟ 
پیاوێک "کلاون" سەری کوڵمە چرچەکانی سورکردبوو لوتێکی سوری خڕی دانابوو، سەدان میزەڵانی بەدەستەوەبوو، لەو باخچەیەدا زۆر شتی لێ بوو، لەهەمووی خۆشتر لەجێگەیەک "عەزیز نەسین " مێزێکی دانابوو یەکێک لە کتێبەتازەکانی خۆی واژۆ دەکرد.منیش چوومە پێشەوە بە چاوی خۆم نەسینم دی، بەناو نووسراوەکانیدا بەخێرایی گوزەرم کرد، نازانم بۆچی "بیرەوەری دوورخراوەیەک " ڕایگرتم.کتێبەکەیم ئەم دیو دیوکرد و دام نایەوە چوومە لایەوە سڵاوم لێکرد، چەند کەسێک سەرگەرمی هەڵدانەوەی پەڕەکانی بوون، لەسەر کتێبەکەی واژۆی بۆ کچێک کرد، من ووتم "بەڕێز عەزیز نەسین " من کوردم..زۆری پێخۆش بوو، دەستی گوشیم، بواری قسە نەبوو سەردەمی مۆبایل نەبوو تا وێنەیەکی لەگەڵ بگرم.هاوڕێکەم ووتی : ئەوە کێیە ؟ ووتم : عەزیز نەسین، ووتی چۆن دەیناسی؟ ووتم نایناسم، بەڵام ئەوە نووسەرە، هاوسەفەرەکەم ووتی: نووسەر وام دەزانی لەگەشتی پاسەکەدا لەگەڵمان بووە ؟ زۆر پێکەنیم لەدڵی خۆمدا ووتم : گەر نەسین ئاگای لەم قسەیە بوایە دەیکردە چیرۆکێک.
ئێمە بەو حاڵە بۆ یۆنان پەڕینەوە و ئیتر تا ماوەیەکی زۆر ڕێگەم نەکەوتەوە تورکیا، بەڵام عەزیز نەسین بووە یادگاریەکی خۆشی گەشتەکەم بە ناو ترسا و بە قاچاغ و بڕینی سنوری دوو وڵاتدا.چ ڕۆژێکی ناوازە بوو، کە گەورە نووسەرێکی ئاوا ڕۆژەکەمی خۆش کرد، هەستم کرد هێچ شتێک مەحاڵ نییە لە ژیاندا، چونکە هەرجارێک کتێبێکی نەسینم خوێندبێتەوە هەستم کردوە ئەو پیاوە چ ڕۆحێکی یاخی هەبووە، کە لە ناو ئەو جەنگەڵستانەدا چیرۆک بهۆنێتەوە.

 بە ڕێکەوت ئەم پارچە وەرەقەیەم دۆزییەوە، چونکە من بۆ هەرجێگەیەک سەفەربکەم ئارەزوومە کات و شوێن و هەندێک سەرە قەڵەم تۆمار بکەم، خۆشبەختانە ئەم سەرە قەڵەمانە دیدارە کورتەکەی "عەزیز نەسین"ی بیر هێنامەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە