گفتوگۆی نێوان ئەلبێرت ئەنیشتاین و ڕابیندرانت تاگور(بەشی دووەم)

Friday, 01/06/2018, 20:12

7724 بینراوە


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد (جوانپەرست)
تاگور و ئەنیشتاین لە ڕێگەی دکتۆر مێندێل -هاوڕێی هەردوولاوە- لە یەکتر نزیک بوونەوە. سەرەتا تاگور سەردانی ئەنیشتاینی کرد لە کاپوس لە کەنارەکانی بەرلین لە 14/تەموزی 1930، لە بەرامبەردا و لە هەمان ڕۆژ ئەنیشتاین سەردانێکی بۆ لای تاگور ئەنجام دا لە ماڵی دکتۆر مێندێل. بەشی یەکەم دەربارەی سروشتی ڕاستی بوو، بەشی دووەم لە سۆنگەی مۆسیقاوە پرسگەلی دیکە دەوروژێنێت. ئەمەی خوارەوە بەشی دووەمی ئەو گفتوگۆیەیە:  
تاگور: ئەمڕۆ لەتەک دکتۆر مێندێل وتووێژمان دەکرد دەربارەی دۆزینەوەگەلێکی ماتماتیکی نوێ کە پێمان دەڵێت لە بواری ئەتۆمی وردیلەدا چانس ڕۆڵی خۆی هەیە، نمایشی "بوون" بە سروشتی خۆی تەواو حەتمی نییە [لە ئەزەلەوە دیاری نەکراوە.]
ئەنیشتاین: ڕاستیگەلێک کە وا لە زانست بکات مەیلی بە ئاڕاستەی ئەم دیدگایەدا هەبێت واتای ماڵئاواییکردن نییە لە هۆیەتی (علیة- causality ).
تاگور: لەوانەیە، لەگەڵ ئەوەیش وا دەردەکەوێت کە بیرۆکەی هۆیەتی لە پێکهێنەرەکاندا نییە، بەڵکو هێزگەلی دیکە لەتەک ئەواندا گەردوونێکی ڕێکخراو پێک دەهێنن.
ئەنیشتاین: مرۆڤ لە ئاستێکی باڵادا هەوڵ دەدات تێبگات ئەم ڕێکخستنە چۆنە. ڕێکخستنەکە لەو شوێنەدایە کە پێکهێنەرە گەورەکان یەکانگیر دەبن و ڕێبەرایەتی بوون دەکەن، بەڵام لە پێکهێنەرە زۆر وردەکاندا ئەم شێوە ڕێکخستنە پەی پێ نابرێت. 
تاگور: ئەم جۆرە دوولایەنییە لە قووڵایی بووندا هەیە -دژیەکی نێوان پاڵنەری ئازاد و ویستی ئاڕاستەکەر کە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات و پلانێکی ڕێکخراوی شتەکان بەرەوپێش دەبات. 
ئەنیشتاین: فیزیای هاوچەرخ بەوانە ناڵێت دژیەکی. هەورەکان لە دوورەوە بەو شێوەیە دەردەکەون کەچی کە لە نزیکەوە لێیان دەڕوانیت بە شێوەی دڵۆپە ئاوی ناڕێکخراو خۆیان پیشان دەدەن.
تاگور: لەنێو دروونناسیی مرۆڤدا شێوەیەکی هاوتەریب بەمە دەبینینەوە. سۆز و ئارەزووەکانمان سەرکەشن، بەڵام کاراکتەری ئێمە ئەو پێکهێنەرانە لەنێو گشتێکی هاوئاوازدا خەفە دەکەن. ئایا شتی لەم چەشنە لە جیهانی فیزیکیدا ڕوودەدات؟ ئایا پێکهێنەرەکان یاخی و داینامیکین بەهۆی پاڵنەری تاکایەتییەوە؟ ئەی ئایا هیچ ڕێسایەک لە جیهانی فیزیکیدا هەیە کە ئەوانە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بیانخاتە سەر شێوەیەکی ڕێکخراو؟ 
ئەنیشتاین: تەنانەت پێکهێنەرەکانیش بە بێ ڕێکخستنی ئاماری نابن، پێکهێنەرەکانی توخمی ڕادیۆم هەمیشە ئەو شێوە ڕێکخستنە تایبەتەی خۆیان دەهێڵنەوە -لە ئێستا و لە ئایندەیشدا- وەک ئەوەی هەمیشە بەو جۆرە بوون. کەواتە جۆرە ڕێکخستنێکی ئاماری لەنێو ئەو پێکهێنەرانەیشدا هەن.
تاگور: ئەگەر بەو جۆرە نەبێت نمایشی بوون گەلێک بێبەرنامە دەبێت [لێک هەڵدەوەشێتەوە]. هەر ئەو ئاوێزانبوونە بەردەوامەی نێوان بەخت و مکوڕبوونە کە وا دەکات ژیان بە شێوەیەکی ئەبەدی نوێ و زیندوو بمێنێتەوە. 
ئەنیشتاین: پێم وایە هەرچی بکەین و لەپێناو هەرچیدا بژین "هۆیەتی" خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا باشە کە ناتوانین لەو سۆنگەوە ببینین. 
تاگور: لە کاروباری مرۆڤدا پێکهێنەرێکی نەرمونیان هەیە، لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکیشدا هەندێک ئازادی هەیە کە بۆ گوزارشتکردنە لە کەسایەتی خۆمان. ئەوەیش هاوشێوەی سیستەمی مۆسیقییە لە هندستان کە وەک مۆسیقای خۆرئاوایی زۆر توند نەچەسپاوە. ئاوازدانەرانی ئێمە چوارچێوەیەکی تەواو دیاریکراو پێشکەش دەکەن کە سیستەمێکی میلۆدی و ڕێکخستنی دەنگە، ژەنیار دەتوانێت لە سنوورێکی بەرتەسکی دیاریکراودا لامسەرلایی کاری تێدا بکات. ژەنیار پێویستە یەکانگیر بێت لەگەڵ یاسای ئەو میلۆدییە دیاریکراوەدا، پاشانیش دەتوانێت هەستی خۆڕسکانەی خۆی گوزارشت لێ بکات بەو هەستە مۆسیقییەی هەیەتی لەنێو ڕێکخستنێکی دیاریکراودا. ئێمە بە ئاوازدانەرەکەدا هەڵدەدەین بەهۆی بلیمەتییەکەیەوە لە ڕسکاندنی بنەمایەک هاوشان لەگەڵ سەرخانێک بۆ میلۆدییەکان، بەڵام چاوەڕوانین ژەنیارەکە شارەزایی خۆی بخاتە ڕوو لە ڕسکاندنی جیاوازیگەلێک لە ئارایشت و ڕازاندنەوەی میلۆدیدا. لە ڕسکاندندا ئێمە یاسای سێنتراڵی بوون دەگرینە بەر، بەڵام ئەگەر خۆمان جیا نەکەینەوە لەوە ئەوا ئازادیی پێویستمان دەبێت لەنێو سنوورە بەرتەسکەکانی کەسایەتیماندا بۆ ئەوپەڕی گوزارشتلەخۆکردن. 
ئەنیشتاین: ئەوە تەنیا ئەو کاتە ڕێی تێ دەچێت کە نەریتێکی هونەری بەهێز هەبێت لە مۆسیقادا بۆ ڕێبەرایەتیکردنی زەینی خەڵکی. لە ئەوروپا مۆسیقا لە هونەری جەماوەری و هەستی جەماوەرییش دوور کەوتووەتەوە، بووە بە شتێک وەک هونەرێکی نهێنی کە ڕێکەوتن و نەریتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
تاگور: تۆیش ناچاریت بە تەواوەتی گوێرایەڵی ئەم مۆسیقا فرەئاڵۆزە ببیت. لە هندستان پێوەری ئازادیی گۆرانیبێژێک لە سۆنگەی داهێنانی کەسیی خۆیەوەیە. [گۆرانیبێژ] دەتوانێت گۆرانی ئاوازدانەرەکە بە شێوازی خۆی بچڕێت -ئەگەر بێت و دەسەڵاتێکی داهێنەرانەی هەبێت بۆ پێداگریکردن لەسەر خۆی لە شرۆڤەکردنی یاسای گشتی ئەو میلۆدییەدا کە پێی سپێرراوە تا شرۆڤەی بکات. 
ئەنیشتاین: پێویست بە ئاستێکی باڵا لە هونەر هەیە تا بە تەواوەتی لەو بیرۆکە مەزنە تێبگەیت کە لە مۆسیقایەکی ڕەسەندا هەیە، هەر بۆیە دەکرێت کەسێک جیاوازیگەلێک لە سایەیدا بسازێنێت. لە وڵاتەکەماندا جیاوازییەکان گەلێک جار سنووردارن. 
تاگور: ئەگەر لە هەڵسوکەتماندا یاسای چاکە پەیڕەو بکەین، دەتوانین ئازادییەکی ڕاستەقینەمان هەبێت لە گوزارشتلەخۆکردن. ڕێسای هەڵسوکەوت لە ئارادایە، بەڵام ئەو کاراکتەرەی کە ڕاستی و تاکگەرایی پێ دەدات دەوەستێتەوە سەر داهێنانی خۆمان. لە مۆسیقای ئێمەدا ڕەهەندی دوولایەنەی ئازادی و ڕێکخستنی سنووردار بوونی هەیە. 
ئەنیشتاین: ئایا وشەکانی نێو گۆرانییەکیش هەر ئازادن؟ مەبەستم ئەوەیە ئایا گۆرانیبێژێک ئازادە لە زیادکردنی وشەکانی خۆی بۆ نێو ئەو گۆرانییەی دەیچڕێت؟ 
تاگور: بەڵێ. لە بەنگال ئێمە جۆرە گۆرانییەکمان هەیە بە ناوی کیرتان (kirtan) کە ئازادی دەداتە گۆرانیبێژ تا سەرنجی خۆی بخاتە ڕوو لە بڕگەگەلێکدا کە لەنێو گۆرانییە ڕەسەنەکەدا بوونی نییە. ئەم بۆنانەیش گەلێک گەرموگوڕە بەوپێیەی گوێگر یەکبینە دەهەژێت بە هەستێکی جوانی خۆڕسکانە کە لە لایەن گۆرانیبێژەکەوە بۆی زیاد کراوە.
ئەنیشتاین: ئایا شێوازی کێشەکەی تەواو تۆکمەیە؟
تاگور: بەڵێ، بە تەواوەتی. ناتوانیت لە سنووری نەزمی شیعری لابدەیت، گۆرانیبێژ لە هەموو ئەو جیاوازییانەی دەیڕسکێنێت دەبێت ڕیتم و کات وەک خۆی بهێڵێتەوە کە بە جێگیری دانراون. لە مۆسیقای ئەوروپیدا ئازادییەکی ڕێژەییت هەیە لە کاتدا، بەڵام بۆ میلۆدیا نا. 
ئەنیشتاین: دەکرێت مۆسیقای هندی بە بێ وشە بژەنرێت؟ ئایا دەکرێت کەسێک لە ئاواز تێبگات بە بێ وشە؟ 
تاگور: بەڵێ، ئێمە گۆرانیمان هەیە بە بێ وشەی مانادار، دەنگگەلێکن کە یارمەتیدەرن تەنیا بۆ ئەوەی وەک گوێزەرەوەی تێبینییەکان کار بکەن. لە باکووری هندستان مۆسیقا هونەرێکی سەربەخۆیە، شرۆڤەکەری وشە و بیر نییە وەک ئەوەی لە بەنگال هەیە. مۆسیقا گەلێک ئاڵۆز و وردە، خۆی لە خۆیدا جیهانێکی میلۆدی کامڵە. 
ئەنیشتاین: ئایا ئەوە فرەئاوازی نییە؟ 
تاگور: ئامێرەکان بە کار دەهێنرێن، ئەوەیش بۆ مەبەستی هاڕمۆنیا نییە، بەڵکو لەپێناو پاراستنی کات و زیادکردنی دەنگ و قووڵییە. ئایا میلۆدی لەنێو مۆسیقای ئێوەدا گرفتارە بە دەست زاڵی هاڕمۆنیاوە؟ 
ئەنیشتاین: هەندێک جار گەلێک گرفتارە. هەندێک جار هاڕمۆنیا میلۆدیا بە تەواوەتی قووت دەدات. 
تاگور: میلۆدیا و هاڕمۆنیا هاوشێوەی دێڕ و ڕەنگی نێو وێنەکانن. وێنەیەکی هێڵداری سادە ڕەنگە تەواو قەشەنگ بێت، دەسپێک بە ڕەنگ لەوانەیە وا بکات وێنەکە کاڵ ببێتەوە و بایەخ لە دەست بدات. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕەنگ بە تێکەڵاوبوونی لەگەڵ دێڕەکاندا دەکرێت وێنەگەلێکی گەورە چێ بکات کە بەهایان خامۆش نەبێت و تێک نەچێت. 
ئەنیشتاین: ئەوە بەراوردێکی جوانە، دێڕیش لە ڕەنگ دێرینترە. وا دەردەکەوێت میلۆدیای ئێوە لە ڕووی پێکهاتەوە لەوەی ئێمە دەوڵەمەندتر بێت. پێدەچێت مۆسیقای ژاپۆنیش هەر بەو چەشنە بێت. 
تاگور: کارێکی دژوارە هەستیت بە شیکردنەوەی کاریگەریی مۆسیقای خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی لەسەر ئاوەزمان. من گەلێک لەژێر کاریگەریی مۆسیقای خۆرئاوایی دام، وا هەست دەکەم کە مۆسیقایەکی مەزن بێت، لە ڕووی ستراکتورەوە بەرفراوان و لە ڕووی داڕشتنەوە مەزن بێت. مۆسیقای خۆمان بە شێوەیەکی قووڵتر ئاوێتەم دەبێت بەهۆی دڵڕفێنییە لیریکییە بنەڕەتییەکەیەوە. مۆسیقای ئەوروپی لە ڕووی کاراکتەرەوە داستانئامێزە؛ باکگراوندێکی بەرفراوانی هەیە و لە ڕووی ستراکتورەوە گۆتیکی (Gothic)یە.   
ئەنیشتاین: ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئێمەی ئەوروپی ناتوانین بە شێوەیەکی دروست وەڵامی بدەینەوە، ئێمە بە مۆسیقای خۆمان ڕاهاتووین. دەمانەوێت بزانین کە ئاخۆ مۆسیقاکەمان هەستێکی مرۆیی بنەڕەتییە یان تەقلیدی، ئاخۆ هەستکردن بە گونجان یان نەگونجان سروشتییە یان نەریتێَک کە قبوڵمان کردووە. 
تاگور: بە جۆرێک لە جۆرەکان پیانۆ سەراسیمەی کردوم. کەمان زیاتر خۆشیم پێ دەدات. 
ئەنیشتاین: جێگەی خۆیەتی توێژینەوە لەسەر کاریگەریی مۆسیقای ئەوروپی بکەیت لەسەر هندییەک کە لە کاتی نەوجەوانیدا هەرگیز گوێی لێ نەبووە. 
تاگور: جارێکیان داوام لە مۆسیقارێکی ئینگلیزی کرد تا بڕێک مۆسیقای کلاسیکیم بۆ شی بکاتەوە، بۆم ڕوون بکاتەوە چی وا دەکات پارچەیەک جوان بێت. 
ئەنیشتاین: دژوارییەکە ئەوەیە کە مۆسیقای باش -خۆرهەڵاتی بێت یان خۆرئاوایی- ناتوانرێت شی بکرێتەوە. 
تاگور: بەڵێ، ئەوەیشی کار دەکاتە سەر گوێگر لەودیو خۆیەوەیەتی. 
ئەنیشتاین: هەمان نادڵنیایی هەردەم دەمێنێتەوە لە هەموو شتێکی بنەڕەتی نێو ئەزموونەکانمان و لە کاردانەوەمان بۆ هونەر، لە ئەوروپا بین یان لە ئاسیا. تەنانەت ئەو گوڵە سوورەی کە لە بەردەم خۆمدا دەیبینم و لەسەر مێزەکەی تۆیە ڕەنگە لای تۆ بە هەمان ئەو جۆرەی من نەبێت. 
تاگور: لەگەڵ ئەوەیشدا هەمیشە پڕۆسەی ئاشتەوایی لەنێوانیاندا بەردەوامە، چێژی تاکێک دێتەوە لەگەڵ پێودانگە جیهانییەکەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە