ڕوسیا، ئیسرائیل، ئیران و تۆڵەی کورد

Monday, 04/06/2018, 20:20

5697 بینراوە


لە ٢٠١٥وە ڕوسیا و ئیران، ڕێککەوتن بۆ پارێزگاری کردن لە کورسییەکەی ئەسەد. تا بوونی جەنگی دژ بە داعش، ئەم ڕێککەوتنە لە ئەوپەڕی گەرمیدا بوو و ڕوسیا جگە لە ئەسەد، ئەردوغان و ڕۆحانی، هیچ کەسێکی دیکەی هاورێ نەبوو.

ڕوسیا، پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد کرد، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە پلان و ستراتیژییەتی کار کردنی و هاوپەیمانییەتەکانی بە درێژایی ساڵانی جەنگی سوریا، ئەگەر بە ئاگا یان بێ ئاگا بووبێت، ئەوا لە بەرژەوەندیی پلە یەکی ئابووریی و سەربازیی تورکیا و ئیران بووە لە سوریا. سوودمەندی یەکەم لە وڵاتانی ناوچەکە ئەو دوو وڵاتە و ئەسەد بوون.

 پوتین، ڕێگەی خۆش کرد بۆ تاران و ئەنقەرە، بۆ ئەوەی هەر یەکێکیان بەشێک لە سوریا داگیر بکەن. جگە لە بوونی سوپای فەرمیی هەر دوو وڵات لە سوریا، تاران و ئەنقەرە بە دەیان هێزی میلیشیایان دروست کرد لە سوریا و بنکەیان دامەزراند بەڵام ڕوسیا چاوپۆشی لێکردن.

ڕوسیا، بۆ سەرکەوتنی مەرامە ئابووریی، سەربازیی و سیاسییەکانی دەستی لەنێو دەستی ئیران نا، بۆ پیادە کردنی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئیران، پشتی لە داواکانی ئیسرائیل، ئەمریکا و چاڵێکی قووڵی بۆ گەلی کورد هەڵکەند، هێزەکانی خۆی پاشەکشێ پێکرد لە ئەفرین و لایتی سەوزی هەڵکرد و ڕێگری نەکرد لە تورکیا بۆ داگیرکردنی شاری کوردنیشینی عەفرین!  دواتریش خۆی بێدەنگ کرد لە بەخورتی تەعریب و تەتریک کردنی ئەو شارە لەلایەن ئەردوغانەوە. 

ئەمڕۆ، بارودۆخەکە گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە، جەنگی داعش کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەسەد خوازیارە هەموو هێزە دەرەکییەکان بەبێ گرفت سوریای بۆ چۆڵ بکەن و دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت! ئەسەد سەڕۆکی وڵاتێکە کە سەرخان و ژێرخانی سەروژوور بووە، وڵاتێکی وێرانکراوی پڕ لە گرفتی لەژێر دەستدایە، کە ناتوانێت نەک تەنیا پارێزگاری لە سوریا بکات، بەڵکو توانای ئەوەی نییە پارێزگاری لە خۆی و خێزانەکەشی بکات ئەگەر ڕوسیا و ئیران نەبێت. وێرای ئەوەش ئەسەد وا چاوەڕوانە، کە ڕوسیا و ئێران چۆن پارێزگاریان لە مانەوەی کرد، بەهەمان شێوە پشتیوانی بکەن نەک تەنیا بۆ پاراستنی کورسییەکەی، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی پێگەی وەک سەڕۆکی سوریا، سوپاکەی بەهێز بکەن، وڵاتەکەی بۆ ئاوەدان بکەنەوە و ئابوورییەکەی ببوژێنەوە، ئینجا بڵێن، فەرموو کاکە سەڕۆک حوکمران بە و لە ئەنجامدا ئەسەد ئەوەندە بەهێز بێت، بتوانێت شەڕی مانەوەی خۆی بکات،  سنوری جوگرافیای دەسەڵاتداریەتیشی بپارێزێ!

بێ گومان مەحاڵە ئەم خەونەی ئەسەد بێتە دی.  ڕوسیا و ئیران، سوریا و ئەسەدیان بە لاوازی گەرەکە.  ئیران خوازیارە وەک چۆن لە عیراق حاکمی باڵا دەستە، بەهەمان شێوە لە دیمەشەق حاکمی یەکەم بێت، ئەمر و نەهی لەژێر دەستی خۆیدا بێت. ئەو دەستنیشانی سەڕۆک کۆمار بکات. لەژێر هەژموونی خۆیدا، پەرلەمان و پەیکەری حوکمرانی گەندەڵی کارتۆنی دابمەزرێنێت. پارێزگاری لە ڕاڕەوی شیعی بکات، حزبوڵای شیعی بەهێز و پتەو بکات و لە ئەنجامدا ببێت بە تاکە زلهێزی ناوچەیی.

ئیرانیش ئەسەد ئاسا، خۆی لەو ڕاستییە دەدزێتەوە، کە بارودۆخی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمریکا و ئیسرائیل و هێزە چەکدارە نافەرمییەکانی سەر بە هەر دوو وڵات چوونەتە سەنگەرێکەوە دژ بە تاران. هاوکات ئەمریکا پاشەکەشەی لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیەکەی نێوانیان کردوە. ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی هاتووە، هێزە چەکدارەکانی پەڕش و بڵاو بوونە. بارودۆخی ناوەخۆی داڕماوە و دەنگی ناڕەزا لە ئەوپەڕی بەهێزیە، ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی خەریکی خۆ کۆکردنەوەن دژ بە ڕژێمی تاران.

لەم قۆناغەدا، بەرژەوەندییەکانی ئیران، ئەسەد و ڕوسیا جیاواز و دژ بە یەکن. چاوەڕوان دەکرێت هاوپەیمانی نێوان هێزەکان، گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا بێت بە گوێرەی پلان و ستراتیژیەتی داڕێژراوی پێشوەخت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا.

هەنوکە، ڕوسیا و ئیسرائیل ئەمریکا ئاسا، دژ بەمانەوەی ئیرانن لە سوریا. لەڤارۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ڕایگەیاند "دەبێت هەموو هێزە بیانییەکان لە سوریا بە پەلە بچنە دەرەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی دارا کە هاوسنووری ئیسرائیلە". واتە ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێز و سوپای پاسدارانی ئیران و دارودەستەکانیەتی.  تێبینی دەکرێت کە ئیسرائیل و ڕوسیا بە نهێنی، ڕێککەوتبن بۆ دەرپەڕاندنی ئیران لە سوریا.

لە ڕابردوودا گەلێک جار ئیسرائیل بە فەرمیی بە ڕوسیای ڕاگەیاند، کە هێزە ئیرانییەکانی لە سوریان، مەترسییان  لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئەوان دروست کردوە، بەڵام ڕوسیا گوێ پێ نەدەدا و دژ بە ئێران هەنگاوی نەدەنا، بەڵام هەنوکە تێبینی دەکرێت هەڵوێستەکانی مۆسکۆ بەرامبەر بە ئیران گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، لەمانگی ڕابردوودا دە جار ئیسرائیل بنەکەکانی ئیرانی کردە ئامانجی هێڕشە ئاسمانییەکانی، ڕوسیا توانای ئەوەی هەبوو پارێزگاری لە هێزە ئیرانیەکان بکات،  بەهۆی ئەوەی هێزی سەربازیی و هێزی پارێزگاری ئاسمانی لە سوریا هەیە، بەڵام خۆی مات کرد و لەبەر خاتری ئیران پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل تێکنەدا، هەروها بە ڕێنمایی ڕوسیا، سوپای سوریاش هەوڵی دەدا بنەکە ئێرانیەکان لە خۆی دوور بخاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو بنکانە ئامانجی سەڕەکیی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بوون. شان بە شانی ئەوەش، ئیسرائیل بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، کە ئەوان ڕازی نابن هێزەکانی ئیران، تەنیا لە سنووری وڵاتەکەیان دووربخرێتەوە، بەڵکو ئەوان دەیانەوێت ئیران سوریا بەجێبهێڵێت.

لە نێو میدیا جیهانییەکان دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئیسرائیل و ڕوسیا، لە خاڵیکدا کۆک بن، ئەویش ئەوەیە، ئەو ناوچە سنووریانەی نێوان سوریا و ئیسرائیل، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئیرانییەکاندایە، چۆڵ بکرێت و ڕادەستی  سوپای فەرمیی سوریا بکرێت، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند" ئەوان هەڵوێستی ڕوسیا بەرز دەنرخێنن لە تێگەیشتنیان دەربارەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئیسرائیل".

لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت، کە جگە لە بەڕەی ئەمریکا دژ بە ئیران، ئەگەری ئەوە هەیە کە  سەنگەڕێکی دیکە دروست بێت دژ بە ئیران کە ئەکتەری سەڕەکیی ڕوسیا و ئیسرائیل بن. ڕوسیا لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل نیگەرانە، کە بە پشتیوانی ئەمریکا ببێتە  هۆی جەنگێکی دیکە لەگەڵ سوریا و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕوسیا بخاتە مەترسیەوە، ئەو ئامانجانەی کە تا ئێستا، ڕوسیا لە سوریا پێکاویەتی، لەناوبچێت. ڕوسیا، هەر لە سەرەتادا هۆکاری سەڕەکیی بوو، لە چاڵ هەڵکەندن بۆ کورد و بەهێز کردنی پێگەی ئیران و تورکیا لە سوریا، کە ئێستا هەمان چاڵ بووە بە  کۆسپێکی مەزن و گرفتێک، لەبەردەم خۆی و بەرژەوەندییەکانی، کە بێگومان بۆ ڕوسیا و ئێرانیش دەبێتە هۆکاری سازش کردن و ملکەچ بوونیان بۆ گەلێک لەو مەرجانەی کە دوژمنەکانیان دەیسەپێنن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە