دووفاقی خۆرئاوا

Sunday, 10/06/2018, 21:22

6149 بینراوە


دەمەوێت ئەو ڕووداوەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و زۆرترین فۆکەسی خرایە سەر -مامادۆ گاساما ئەو کۆچبەرە نایاساییەی هەستا بە ڕزگارکردنی منداڵێکی فەڕەنسی- بقۆزمەوە بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێک کە ڕەنگە شرۆڤە و ڕامانی قووڵ هەڵبگرێت.
گومانی تێدا نییە ڕزگارکردنی ئەو منداڵە لە لایەن گاساماوە کارێکی مرۆیی مەزنە، تەنانەت ئەگەر بۆ خۆنواندن و پیشاندانی پاڵەوانبازییش بووبێت لە پێش چاوی کامێراکان. پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەو منداڵە ئەوروپییەک نەبووایە، پەناهەندەیەکی بەدبەخت بووایە ئایا هێندە دەبووە جێگەی گرنگیپێدان؟ تۆ بڵێیت چەند بن ئەو پەناهەندانەی لە شوێنێکدا دەبنە فریادڕەس و چاوی کامێرایان لەسەر نییە؟ دواجاریش ڕەنگە وەک قوربانییەک خۆیان ببیننەوە. چەند بن ئەو پەناهەدانەی خەونیان ئەوە بێت مافی پەناهەندەییان پێ بدرێت تا ببنە نمونەیەکی سودبەخش بۆ وڵاتی یەکەم و دووەمیشیان؟ ئەگەر تەماشا بکەین لە ڕابردودا کەیسی ئایلانی کوردی زۆرترین فۆکەسی خرایە سەر، بەڵام چی لە واقیعی پەناهەندەکان بەگشتی و پەناهەندە سووری و کوردەکان بە تایبەتی و بە تایبەتیتریش باوک و کەسوکاری ئایلان گۆڕی؟ ئەمە لە کاتێکدا کە چەندین هونەرمەند و وێنەگر لەو ڕێگایانەوە بەناوبانگ دەبن. ئایا لانیکەم بووە هۆی ئەوەی حاڵەتی نەخوازراوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە؟ 
ئەم بۆچوونە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نایەت کە ئەم بەشە کۆڵەوار و بیمارەی جیهان واقیعێکی باشی هەبێت، گەر وابوایە خەڵک هەرگیز خۆی نەدەکردە قوربانی تا بە جێی بهێڵێت، بەڵکو ئەوە خۆرئاوایە کە بانگەشە و دروشمی قەبەی بەرز کردووەتەوە و خۆی کردووەتە نمونە و ڕێبەر و دواجاریش فریادڕەس بۆ بەشەکانی دیکەی جیهان. دیسانەوە بەو مانایە نایەت ئەوەی کەسێکی وەک گاساما پێی هەستاوە ئەگەرچی نمایش بووبێت لەپێش چاوی کامێراکان یان هەر مەبەستێکی دیکە یان لە کاراکتەری ڕاستەقینەی ئەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، کارێکی خراپ بێت. بەڵکو قسە لەسەر مامەڵەی جیاوازە لە کەیسی هاوشێوەدا. 
لەمڕۆدا کاریگەرترین چەکی خۆرئاوا بە گشتی و ئەمەریکا بە تایبەتی نە بۆمبی ئەتۆمییە و نە بۆمبی هایدرۆجینی، بەڵکو کامێرایە! وڵاتگەلی وەک ڕووسیا و چین لە ڕووی چەک و ئابوورییەوە هاوتا دەبنەوە بە ئەمەریکا [ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا زیاترن وەک لەوانەی ئەمەریکا، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی چین یەکسان دەبێتەوە بە هی ئەمەریکا.] ئەمە سەرباری ئەوەی چەکە زۆر کوشندەکان بە کار نەهێنراون و کامێرا بەردەوام لە کاردایە. سروشتی کامێرا وایە بە ئەندازەی ئەوەی دەتوانیت ڕاستییەکانی پێ پیشان بدەیت، دەتوانیت ڕاستییەکانی پێ بشێوێنیت و بیشاریتەوە. کوشتنی تاوانبارێک بکەیتە کارەساتێکی گەورە، قەتڵوعامی گەلێکیش پەردەپۆش بکەیت. دەتوانیت لە ڕێگەی کامێراوە کێچ بە گا و گا بە کێچ بکەیت. 
دووفاقی خۆرئاوایی لە چاوی کامێراکانەوە بە ڕوونی دەبینینەوە کاتێک کەسانێک لەپێناو ڕزگارکردنی ئاژەڵێک ئەوپەڕی تەقەلای خۆیان دەدەن کەچی هەر ئەوانەن لە شوێنانی دیکە [گرانترین سەرمایە] بە شێوازی جۆراوجۆر لە ناو دەیەن –لە ڕێگەی چەکوچۆڵ و نانەوەی جەنگ و توندوتیژی، بڵاوکردنەوەی نەخۆشی و برسێتی و ئابڵوقەی ئابووری. ئەگەرچی هەندێک لە وڵاتانی ئەفەریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکای باشوور و خۆرهەڵاتی ئاسیا بۆ خۆیان تژین لە کێشە تاڕادەی کارەسات، بەڵام دەستوەردانی خۆرئاوا بەوپێیەی لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بووە هێندەی تر برینەکانی قووڵ کردوونەتەوە. هاوشێوەی نێچیرێکی بریندار کەوتبێتنە بەردەم کەڵبەی دڕندەیەک، بەڵام دەبەنگی هەندێک لە نێچیرەکان لەوەدایە بە چاوی تیمارکەر لەو دڕندەیە دەڕوانن! 
ڕەنگە زۆرینە ئاگاداری ئەوە نەبین خۆرئاوا لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و بیست چ کارەساتێکیان ناوەتەوە لە ئەنجامی داگیرکاری لە ناوچەکانی ئەفەریقا و خۆرهەڵاتی ئاسیا و دواتریش بە شێوەی تر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکای باشوور، بۆ نمونە ئیستیعماری فەڕەنسی هۆکاری لەناوچوونی زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ بووە لە جەزائیر، ئیستیعماری ئەوروپی لە ئەفەریقادا بکوژ و ببڕ خۆی بووە؛ تەنیا بەلجیکا بە نمونە بهێنینەوە وا مەزەندە دەکرێت لە چەند دەیەیەکی سەدەی نۆزدەدا هەشت بۆ دە ملیۆن مرۆڤی کۆنگۆییان لە ناو بردبێت، سەرباری تاڵانکردنی ناوچەکە و شێوازی دیکەی چەوساندنەوە ..... هەر ئەوانیش لە قۆناغی دواتردا ئاگری دوو جەنگی جیهانی خۆش دەکەن کە خۆیان و جیهانیشی پێوە دەسووتێت کەچی دوای ئەوە خۆیان لێ دەبێتە فریشتە و خەڵکانی دیکە بە شەیتان.
خۆرئاوا لە یەک کاتدا پاڵپشتی لە کورد و داگیرکەرانی خاکی کوردستانیشدا کردووە، بەڵام هاوڕێی تاسەری کوردان نەبوون. هەر ئەوانیش باشترین و تازەترین جۆری چەکیان داوەتە ئەو ڕژێمانە، گەر بیانزانییایە کەمترین مەترسی بۆ سەر خۆیان دروست دەکات مامەڵەی لەو شێوەیەیان لەگەڵ نەدەکردن. دەزانن ویستی ئەوان لە کڕین و بەکارهێنانی چییە و چۆنە؟ هەندێک لە گەنجانی کورد بەهۆی مینی دروستکراوی ئەڵمانیا و سوێد و وڵاتانی دیکەی خۆرئاواوە دەست و قاچیان پەڕیوە کەچی لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی هەمان ئەو وڵاتانەوە دەست و قاچی دەستکردیان بۆ دروست دەکرێت! ئەوەیش وەک جۆرێک لە مرۆڤدۆستی پیشان دەدەنەوە. 
عەلی وەردی بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەر مامەڵەی وەحشیگەرانەی ئال سعود و وەهابییەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئێمە بە ڕوونی ئەو ڕووە قێزەونەی وەهابییە ڕیشدرێژەکانمان دێتە پێش چاو کە چۆن تاک تاک خەڵکیان سەر دەبڕی، بەڵام هەرگیز خەیاڵمان بۆ لای ئەو مرۆڤە مۆدێرنە کەشخەیە ناچێت کە تەنیا بە دەستنان بە دوگمەیەکدا دەیان هەزاران لە ناو دەبات. چەرچڵ کە ڕەنگە لای خۆرئاواییەکان وەک پاڵەوان و وەک نمونەیەکی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسییش وێنا بکرێت یەکەمین کەسە لە مێژوودا کە فەرمانی کردووە بە کیمیابارانکردنی کوردەکان و هەندێک لە هۆزە عەرەبەکان [ئەوانەی کەس نەبووە لەسەریان بێتە دەنگ.] مەناحم بیگن شەشەم سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، هەڵگری خەڵاتی نۆبێڵ لە ئاشتیدا دەستی هەبووە لە ڕەشەکوژی دێر یاسین و چەندین کوشتاری دیکەیشدا ....
ئەوەی ئێستا ئیسرائیل بە فەلەستینی دەکات، تورکیا و گەلانی سەردەست بە کوردی دەکەن، ئێران و سعودیە بە یەمەنی دەکەن، زلهێزەکان بە گەلانی سووریای دەکەن و زۆری تریش، ناکرێت تەنیا خوێندنەوەیەکی ئاینی، مەزهەبی، ئیتنیکی و نەتەوەیی بۆ بکرێت ئەگەرچی ئەو بۆچوونانە ڕاستییشیان تێدا بێت کە بە بۆچوونی من لە سەدا سی کەمترە، بەڵکو هۆکارە سەرەکییەکە زاڵی فەرهەنگی و دەستڕۆیشتوویی ئەو گەلانەیە لە بەرامبەر بە گەلانی بندەستدا. بەو جۆرەیش توانیویانە هەر یەک توانای عەقڵی و فیزیکی خۆی بەرامبەر ئەوی دیکە بە کار بهێنێت، فشار لەسەر یەکتری دروست بکەن، گەلانی ستەمدیدە بنێنە ژێر دەست و پێوە، چونکە ئەوان وەک گەلانی سەردەست شارەزای یارییەکە نین. هەر بۆیە کاتێک تورکیا هێرش دەکاتە سەر کورد، خۆرئاوا دەڵێت توکیا مافی بەرگریلەخۆکردنی هەیە. قسەی هاوشێوە دەکەن سەبارەت بە هێرش و ستەمکاریی ئیسرائیل و سعودیە و تەنانەت ئێرانیش. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر گەر بێت و فەرهەنگی ئیسرائیل و فەلەستین پێچەوانە بکەینەوە، فەلەستینییەکان ببنە خاوەنی ئەو فەرهەنگە بەهێزەی ئیسرائیل و ئەو لۆبییە زەبەلاحەی یەهودییەکان ئەو کات خۆرئاوا پشتگیریی لە فەلەستین دەکات نەک ئیسرائیل، کەواتە مەسەلەکە حەق و ناحەق یان موسڵمان و ناموسڵمان یان نەتەوە و شتی دیکەی لەو بابەتە نییە، بە قەد ئەوەی بەرژەوەندییەکان لە لای ئەوان بڕیار دەدەن، گەلانی سەردەست لە ڕێی بوونی فەرهەنگێکی زاڵەوە ژیرانە لێکدانەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. بەو جۆرەیش خۆیان بەها بۆ چەمکەکان دادەنێن. تیرۆریست دەکەنە شۆڕشگێڕ و شۆڕشگێڕ بە تیرۆریست. 
ئەوەی من تێبینیم کردووە ئێمە هەرگیز نامانەوێت ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەو ململانێیانەی ئەمڕۆ ببینین کە ململانێی نێوان هەژار و بەشخوراوە لەگەڵ خواپێداو و دەستڕۆیشتووەکان. چینی خوارەوە تێک بەردراون  و دەنوک لە یەکتری دەسوون، ئەوانەی سەریشەوە تەماشا دەکەن لەو کاتەیشی لە یەکتر توڕە دەبن چەپۆک و گورزەکانیان هەر بۆ قوربانییەکانە. 
ئەو ململانێ و کارەساتانەی ئەمڕۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەموان تیایدا بەشدارن، بە تایبەتی ئەو شێوە دنیابینییەی لە ناوچەکەدا لە ئارادایە زیاتر لەوەیش دنیابینی ئاینی. بەڵام بە درێژایی مێژوو خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوو هاوسێی باشی یەکتری نەبوون، خۆیان بە ڕکابەری یەکتری زانیوە و چاویان بڕیوەتە خاکی یەکتر. لە سەرەتادا بیزەنتی و ڕۆمانەکان بەرەو خۆرهەڵات هێرشیان هێناوە، لەگەڵ دەرکەوتنی ئیسلامدا موسڵمانەکان پەلاماری ئەوروپایان داوە، بە کەوتنی خەلافەتی ئیسلامی و دەرکەوتنی ئیمپریالیزمی هاوچەرخیش ئەوروپا جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە. پێش هاتنی ئیسلام هەمیشە هەردوو ئیمپراتۆریەتی فارسی و ڕومی بیزەنتی لە پێکاهەڵپرژاندا بوون. پاش هاتنی ئیسلام کێشەکە قووڵتر بووەوە، بەوپێیەی ئیسلام خۆی بە جێگرەوەی مەسیحییەت –ئاینی زۆرێک لە ئەوروپییەکان- دەزانی. خۆی کرد بە دووایین سرووشی ئیلاهی و ڕاستکەرەوە و جێگرەوەی ئاینەکانی پێش خۆی. ئەوەیش وای کرد کێشەکان ڕەهەندی ترانسیدێنتاڵی و فەلسەفی قوول وەربگرێت کە پەیوەست بوو بە دنیابینی هەر کام لەو دوو شارستانیەتەوە بۆ خودا و گەردوونیش. لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا بە کردار ئیسلام بووە جێگرەوە و یەکەم شارستانیەتی سەردەمی خۆی و ئەوروپا کەوتە ژێر دەست و پێیەوە. بە ڕاستییش ئەو ئایەتەیان پەیڕەو کرد "اشِدَاءُ عَڵى الْکُفَاڕ رُحَمَاءُ بَیْنَهُمْ" تا ئەوەی لە قۆناغی دواتردا وردەوردە ئەم ڕەوشە ئاوەژوو بووەوە ....
ئەوەی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت زۆرجار –بە تایبەت لە لایەن موسڵمانانی کاڵفام و کورتبینەوە- وا لێک دەدرێتەوە کە ململانێیەکی ئاینییە، دیدی دوژمنکارانەی خۆرئاوایە بۆ ئیسلام. بە پێی ئەو کورتە شرۆڤە مێژووییەی سەریشەوە ڕاستییەکی کەم لەو بۆچوونەدا هەیە، بەڵام لە چاخی نوێدا خۆرئاوا هەوڵی زۆری داوە لەژێر هەژموونی ئاین بێتە دەرەوە و تاڕادەیەکی زۆریش تیایدا سەرکەوتوو بووە. ئەگەرچی هێشتا تارمایی ئاین بە شێوەیەکی کاڵ بەسەر ئەو شارستانییەتەوە ماوە. بەڵام دەبێت شرۆڤەی دیاردەکان لەم قۆناغەدا زیاتر لە ڕەهەندێکی مادییەوە بکرێن. بەوپێیەیش ئەو دۆخەی لە بەشێک لە جیهانی ئیسلامیدا دەگوزەرێت پەیوەندی بە بەرژەوەندیی خۆرئاوا و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و شوێنانی دیکەوە هەیە. لەم سۆنگەوە کوشتنی هاوڵاتییانی عێراق، سووریا، فەلەستین، یەمەن، سۆدان، سۆماڵ و ئەفغانستان هیچ نین جگە لە بەشێک لە ململانێیەکی چینایەتی بەرفران کە لەمڕۆدا لە جیهان و ناوچەکەیشدا لە ئارادان –بەوپێیەی ئەو کەسانە هیچ ئەرزشێکی مادییان نییە. بۆ کەسانێک کە هەڵگری هەمان ئاینیش بن و قورساییەکی مادییان هەبێت بارەکە جیاوازە. بۆ نمونە تیرۆرکردنی کەسێکی وەک ڕەفیق حەریری کە عەرەبێکی موسڵمان بوو نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنایە سەر خەت و خۆرئاوای بە خۆیەو سەرقاڵ کرد، لە بەرامبەردا ئەنفال و کیمیابارانی کوردەکان و چەندین ڕەشەکوژی دیکەی گەلانی بندەستی ناوچەکە شایانی بەیاننامەیەکی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە نەبوون و نین، ئەوە ناهێنن خۆرئاواییەکان تەنانەت سۆزێکیشیان بۆ دەرببڕن. کاتێک شا عەبدوڵای پاشای سعودیە دەمرێت کە موسڵمانێکی وەهابی-سەلەفی بوو پۆل پۆل خۆرئاواییەکان ڕوو دەکەنە پرسەکەی، تەنانەت دەوترێت کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمەریکا بە یەک فڕۆکە دەچن بۆ پرسەکەی! ئەمە لە کاتێکدا بنەماڵەی ئال سعود بەرپرسی هەرە سەرەکین لە بڵاوکردنەوەی گروپی ئیسلامی ڕادیکاڵ و ئەوەی پێی دەوترێت تیرۆریزمی ئیسلامی. خودی عەبدولعەزیز ئال سعود لە ڕێگەی گروپێکەوە دەگاتە دەسەڵات بە ناوی ئیخوان [جیایە لە ئیخوان موسلیمین] کە داعشی سەردەمی خۆی بووە! ئەوەی نەشێت بە خەڵکی ناوچەکانی نەجد و حیجاز و ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت عەرەبستانی سعودی کردووە و بوونەتە هەڕەشەی جدی لەسەر باڵوێزانی خۆرئاوا و ئامادەیی ئەوان لە ناوچەکەدا. تا ئەم دوواییانەیش لە ڕێگەی گروپی سەلەفی-جیهادییەوە چەندین هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەیان دژ بە خۆرئاوا ئەنجام داوە کەچی خۆرئاوا لەپێناو بەرژەوەندییە نەوتییەکانیان چاوپۆشییان لێ کردوون و لە بەرامبەردا یەخەی ڕەشوڕووتی ئەفغانستان و گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی وڵاتانی ئیسلامییان گرتووە.  
هەڵەی مرۆڤی کورد لەوەدایە کە لە سۆنگەی کۆمەڵێک بەها و پرەنسیپەوە تەماشای خۆرئاوا دەکات و پێی وایە خۆرئاوا لەو بەهایانە لانادات. لە کاتێکدا ئەو بەهایانە بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا دروست کراون و لە کوێدا بیانەوێت زەقی دەکەنەوە و لە کوێدا بیانەوێت خامۆشیان دەکەن. بۆ نمونە لە کوێدا ویستیان پرسی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەهێننە پێشەوە، لە کوێیشدا لە بەرژەوەندییان نەبوو دەستبەرداری دەبن. پێموایە خۆرئاوا لەنێو خۆیشیدا دەرگیری هەمان حاڵەتە. ئەگەر بە پێناسەی دیموکراسی بڕۆین، بەشێکی هەرە گەورەی وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵیدا نایەنەوە، بەوپێیەی سیستەمیان پاشایەتییە، پاشاکانیش لانیکەم لە قۆناغێکدا بە زۆرملێ سەپاون و بوونەتە ئەمری واقیع، دواتر ئەو سیستەمە لەگەڵ دیموکراسیدا گونجێنراوە لەژێر ناوی پاشایەتی دەستووریدا. ئەڵبەت گەلێک جار و لە گەلێک ناوچەی جیهان پاشا و دیکتاتۆرەکان دەستکەوتی گەورەیان بۆ گەلەکانیان بە دی هێناوە –لە نمونەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و هەندێک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو، لە بەرامبەردا کەم نین ئەو شێوە دیموکراسیەتانەی گەڕەلاوژە و بێسەوربەرییان لێ کەوتووەتەوە لە نمونەی عێراق. تێڕوانینی من لەسەر ئەوە نییە ئاخۆ کەموکوڕییەکە لە دیموکراسیدایە یان شتی دیکە، بەڵکو ئەوەی گەرەکمە بیڵێم دیموکراسی دەبێت بێچەنوچوون لە خزمەتی بەرژەوەندیی هاونیشتیمانیاندا بێت. نەک دیموکراسی لەپێناوی دیموکراسیدا. دووفاقی خۆرئاوایش گەرچی لای ئێمە سەرزەنشتکراوە، لە هەمان گۆشەنیگاوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوان نایانەوێت لەپێناو پەیڕەوکردنی چەمک و بەهایەکدا بەرژەوەندیی گەل و دەوڵەتانی خۆیان بکەنە قوربانی. کاتێک قاعیدە و تاڵیبان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەکەن، جەنگاوەر و شۆڕشگێڕن کاتێکیش هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە دەبنە تیرۆریست و بەکرێگیراو. لەو بڕوایەدام هێزێکی قێزەونی وەک داعش گەر خزمەتی بە بەرژەوەندییەکانی ئەوانی بکردایە [هەندێک لەو دەوڵەتانە] ئامادە بوون ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ڕێکخراوە. لە سەروبەندی دەرکەوتنی داعشدا پێموابوو مەترسیی داعش هەنوکەیی نییە، بەڵکو لە ئایندەدایە، لەو کاتەی وڵاتگەلێک ئامادەن پاساو بە کردەوەکانی ئەو هێزە بدەن. لە ئێستایشدا هێزگەلێک هەن لەم ناوچەیەدا سەرباری ئەوەی پڕۆژەیەکی گەورەی گەندەڵی و ستەمکارییان سەرپێ خستووە، دەستیان لەگەڵ خۆرئاوادا تێکەڵاوە و لە لایەن ئەوانەوە موجامەلە دەکرێن. بەڵکو هەندێک جار بکەرەکانی لە لایەن ئەو وڵاتانەوە مافی مانەوە و ڕەگەزنامەیان پێ دراوە و بوونەتە هاوڵاتی ئەوان! کەسانی سادەیش لە خۆرهەڵات بن بن یان خۆرئاوا، موسڵمان بن یان هەر شووناسێکی دیکە -بە جیاوازییەکی ڕێژەیی- دواجار هەر دەبنەوە بە قوربانی. 
لە بارێکی لەم چەشنەدا ئەوەی گرنگە دانانی چەک و پەرەدانە بە فەرهەنگ لە لایەن گەلانی بندەستەوە. یەهودییەکان پێش ئەوەی دەوڵەت دروست بکەن سوپایەکیان لە خوێندەوار لە سەرانسەری جیهاندا دروست کرد. دەستیان هەبوو لە زۆرینەی داهێنانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و شوێنانی دیکەی جیهانیشدا. ئا بەو جۆرەیش خزانە نێو ناوەندە هەستیارەکانی بڕیارەوە لەو وڵاتە مەزنانەدا. دواجاریش هەر ئەو وڵاتانە ناچار بوون دەوڵەت و زیاتریش لە دەوڵەت بە ئیسرائیل ڕەوا ببینن. 

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە: 
3- ویکیپیدیا
----------------------

یاسین محەمەد (جوانپەرست)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە