ئایا قەندیل ئەنكەڕە دەھەژێنێت یان خۆی دەھەژێت؟

Saturday, 16/06/2018, 4:10

4273 بینراوە


توركیا لەژێر سێبەری بودجەیەكی ٨ ملیار دۆلاری وەزارەتی بەرگری نیشتمانیدا خاوەنی سوپایەكە لە سەرئاستی دونیادا ھەشتەمین و لەناو ڕێكخراوی (NATO)دا پلەی چوارەمی ڕیزبەندی گرتووە.
بەپێی ڕیزبەندی سەندیكای ھێزی ئاگرین بۆ سوپا توركیا خاوەنی ئەمانەی خوارەوەیە:-
١-ھێزی پیادەدا;
أ. (٧٤٣) ھەزارو (٤١٥) سەرباز، كەلەنێویاندا (٨٥٠) پلەداری سەربازی ھەیە.
ب. (٢) ھەزارو (٤٤٥) تانكی ھێرشبەر.
ج. (٧) ھەزارو (٥٥٠) ئۆتۆمۆبێلی زرێپۆشی شەڕكەر.
د. نزیكەی (٤) ھەزار شەڕكەر لەھێزی ڕەش، كە داخلی سیستەمی سەربازی عالەمی نین.
٢- ھێزی ئاسمانی;
أ. (٢٠٧) فڕۆكەی بەرگری.
ب. (٢٠٧) فڕۆكەی ھێرشبەر.
ج. (٤٣٩) فڕۆكەی گواستنەوە.
د. (٢٧٦) فڕۆكەی فێركاری.
ھ. (٤٥٥) ئێلی كۆپتەر، كە (٨٥) دانەیان ھێرشبەرن.
٣- ھێزی دەریایی;
أ. (١٦) كەشتی گەورەی جەنگی لەجۆری (Firkate).
ب. (٩) كەشتی جەنگی ناوەند، لەجۆری (Corvet).
ج. (١٢) ژێر دەریایی.
د. (٣٤) كەشتی بنكەی پۆلیسی دەریایی.
ھ. (١١) كەشتی مین.
ھەربەپێی ئەو ڕاپۆرتە، توركیا ساڵانە (٨) ملیارو (٢٠٨) ملیۆن دۆلاری وەك بودجە بۆ سوپای وڵاتەكەی خەرج دەكات، سەرەڕای ئەوەی كە بەھۆی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ھێزەكانی PKK و چالاكوانانی ناوخۆیی و ڕەوشی ئاوارتە بڕی زیاتری بودجە خەرج دەكات.
ھەروەھا جگە لەسوپا، خاوەنی ھێزێكی گەورەی (٢٧٣) ھەزار و (٨٤٦) پۆلیسیە كە كاردەكەن لەئەمنیەتی ناوخۆیی توركیا و سوپا تەنھا ئەركی شەڕەكانی سنور بەجێ دەگەیەنێت.
كەواتە قەندیل و ھێزە بەرگریكارەكەی كە پەكەكەیە زۆر نابەرابەرن لەگەڵ توركیا.
دەكرا لەماوەی ڕابردوو و لەئێستاشەوە بۆ ئایندە میكانیزمێكیتر لەسیاسەت بەرامبەر توركیا بۆ وەدەستھێنانی مافەكانی كورد بگیردرێتەبەر، چونكە لەھەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بەچڕی شەڕی چەكداری دژ بەدەوڵەتی توركیا دەكرێت لەلایەن پەكەكەوە كەچی ھیچ بەرھەمێكی سەوزی نەبوو، بەڵكو ڕەوشی مافەكانی كورد ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبوون تا ساڵی ٢٠٠٢ كە ئیخوانەكان جیاوازتر لەھەر قۆناغێكیتر حوكمیان دەست پێكرد.
لەماوەی حوكمی ئەواندا كوردان مافی جوڵانەوەی مەدەنیان سەرەتا لەچوارچێوەی شەخس و دواتریش گروپ و كۆمەڵ و پارت پێدرا، لەئەنجامی بەشداری كردنی ھەڵبژاردن كوردەكان خاوەنداری كورسی پەرلەمانی و شارەوانی و والیەكان بوون لەزۆربەی ھەرەزۆری شارە كوردنشینەكان. ئەمە بەبەرھەمی خەباتی سیاسەتی مەدەنی دادەنرێت نەك چەكداری.
بۆعێڕاق و سوریاش ئەمە ڕاستە، چونكە ئەگەر شەڕی كەنداو نەبوایە كوردانی باشور ھەرگیز بەكڵاشینكۆف سوپای عێڕاقیان پێ وەدەرنەدەنرا، ئەگەر شۆڕشی عەرەبی و معادەلەی نێودەوڵەتیش نەبوایە كانتۆنەكانی ڕوژئاوا ھەر لەناو جانتاكان دەبوون.
لە ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا كورد ١٣٪‏ی بەدەست ھێناو بوو بەخاوەنی ٨١ كورسی پەرلەمان و حزبی حاكمیش نەگەیشتە ئەو ڕێژەیە كە حكومەت بەتەنھا پێك بھێنێت بۆیە ناچاری كواڵسیۆن بوو، یەكەم لیستی براوەش كە تەكلیفی شەراكەتی لێكرد ھەدەپە بوو بەڵام بەھۆی غروری و لاوازی دیبلۆماسی و زەختی قەندیل واتا پەكەكە ئەو تەكلیفەی ئاكپارتی ڕەت كرایەوە، لەدوبارەی ھەڵبژاردندنیشدا توشی نوشستی ھات و بەئاستەم توانای تێپەڕاندنی ١٠٪‏ی ھەبوو. ئەمەش جگە لە ڕەوشی نائاسایی كە كاری كردە سەر دەنگەكانی بەڵام دەنگدەرانی ھەدەپەش سزای پارتەكەیاندا كە بەشداری تەشكیلی حكومەتیان نەكردو بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی مەدەنی لەبازنەی دوژمن گوتاردا، بیریان چوو كە ئەوان دەبێ جیاوازبن لە پەكەكە، چون پەكەكە ھێزێكی چەكداریەو وەك دوژمنی دەوڵەت پێناسەكراوە كەچی ھەدەپە ڕكابەرێكی دژە.
ئەوان سودیان لەوە وەرنەگرت كە ئەوەی لەبەشداریەكی مەدەنی ئاشتیانەی دوورمەودادا دەستیان دەكەوێت لەشەڕێكی چەكداری ماوەكورتدا لەدەستی دەدەن.
لێرەدا كوردانی ڕێكخراو لەپارتە مەدەنیەكان ئەگەر وەكو دوژمن سەیری دەوڵەتی توركیا بكەن پێویستە لەشاخ بن و چەك ھەڵگرن چونكە ئەوكاتە دەوڵەت حەق دەداتە خۆی ھەر كاردانەوەیەكی ھەبێت.
كەچی واشیان كردو لەبازنەی مەدەنیەت دەرچوون، لەجیاتی پەیوەندی لەگەڵ ھێزە مەدەنیەكانی توركیا ببەستن خۆیان بەدرێژكراوەی سیاسەتی پەكەكە دایە قەڵەم، وەلێ ھێشتا مافی بەشداری ھەڵبژاردنیان لێ نەسەندرایەوە. بەڵام ھێشتا كات زۆری ماوە دەكرێ بەفعلی و لەئاستی گوتاری سیاسیدا دژبەری بازنەی مەدەنیبن و خۆیان لەقەندیل بەجودا وێنا بكەن. ئەوكاتەش كە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا دامەزران ھەمان پێشنیار بۆ پەیەدە كرا كە دووركەوێتەوە لەپێناسە و دروشمەكانی پەكەكە، تاكو نەبێتە بیانوو بۆتوركیا كە سنوری سوریا ببەزێنێت و داگیركاری ئەنجام بدات، بینیمان كەھیچ وڵاتێك دژی لەشكركێشی سەر عەفرین نەبوو بەڵكو حەقیان دەدا بەدەوڵەتی توركیا سنورەكانی بپارێزێت لە ئۆپۆزسیۆنی چەكداری وڵاتەكەی كە پەكەكەیە.
ئەمە بەرگرییکردن نیە لە دەوڵەتی توركیا بەڵكو دەرخستنی كێماسی سیاسەتی كوردە كە نەیزانیوە تەریب لەگەڵ پێناسەكەی خۆیدا بڕوات و بەقەبارەی بەرامبەرەكانی فێڵی سیاسی بدۆزێتەوە.
كوردانی باكور لەساڵی ١٩٧٨ بەدواوە لەناو پارتێكی شیوعی لەسێبەری دروشمەكانی پەكەكە خۆیان ڕێكخستووە و ھێزی ڕكابەری چەكداریان پێكھێناوە، تا ئەم ساتە ھیچ ئامانجێكیان وەدی نەھاتووە لەناو خاكی توركیادا، بەڵام دوای ھاتنە حوكمی ئاكپارتی ھێزی مەدەنی كورد جگە لەجوگرافیایەكی جیاكراوە گەیشتە بەشێكی زۆر لەمافەكانی وەلێ نەیانتوانی وەبەرھێنانی زیاتر لە وەدەستھاتوەكان بكەن.
مەدەنیەكان بەچەشنی پەكەكە كاریان لە وروژاندنی ھەستی خەڵكدا كرد لە جیاتی شەڕی دیپلۆماسی لەبازنەی شارستانیدا، بێشك پەلكێشی ئەم ھەڵەیە كران نەك خۆیان داھێنەری ھەڵەكان بن.
ئێستێش لەم ئۆپەراسیۆنە عەسكەریەی توركیا بۆسەر باشوری كوردستان و ناوچەی نشینگەی گەریلاكانی پەكەكە دیسان بەردەوامی دەدرێت بەگوتاری حەماسی و ھۆتافی پۆپۆلیستی، كەچی قۆناغەكە پێویستی بەگرێبەستی سیاسی ھەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگە لە كەوتنی قەندیل بگیردرێت و عەفرینێكیتر دووبارە نەبێتەوە، چون كەوتن و مردن سەركەوتن نیە بەڵكو مانەوە لەسێبەری سیاسەتێكی حەكیمدا وەرچەرخانی قۆناغە بەئاراستەی قازانج.
وەك خۆری سەرلەبەیانی كە نیشانەی ڕۆژ دەدا دیارە كە نەك پەكەكە بەڵكو سوپای عێڕاقیش توانای پێش پێگرتنی لەشكری دەوڵەتێكی وەك توركیای نیە، چونكە ئیمكانیاتی سوپایی لە ئاستێكدایە ٦٥٪‏ لەچەكە پێشكەوتووەكانی ھەر خۆی دروستیان دەكات ئەمما ھێزەكانی گەریلا ھێشتا باشترین سیلاحیان كڵاشینكۆفە.
بۆیە بێشك بەم میكانیزمە كۆنگەراییە سوپای توركیا لەقەندیلەو بەم لەشكركێشیە حوكمی تۆتالیتاری ھەرێمی كوردستانیش درێژتر دەبێتەوە كە موستەقیم لەگەڵ پاڵپشتی توركیا دەڕوات.
ڕەنگە بگوترێت كە ئەم شەڕە پەیوەندی بەھەڵبژاردنی نێوخۆیی توركیاوە ھەیە، بەڵام ئەم تێڕوانینە ھەڵەیە چونكە لەساڵی ٢٠١٤ لەئەنجامی ھەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتی دەوڵەت- پەكەكەدا ئەم بڕیارە دراوە، بڕیاری دەستپێكردنەوەی شەڕیش بەتەنھا دەوڵەت لێی بەرپرسیار نیە بەڵكو پەكەكەش دەگرێتەوە، چونكە نەیتوانی موماتەڵە بەكات بكات تاكو ھێزە مەدەنیە كوردیەكانی نێوشارەكان دەگەنە قۆناغێكی باش لەبەشداری حوكمڕانیدا و كاریگەری لەسەر دەستوری ئەو وڵاتە دائەنێن لەبەرژەوەندی گەلی كورد.
ئێستاش كە پەكەكە دەڵێ قەندیل لە دوژمن دەكەین بەگۆڕستان ھەڵەترین گوتاری شۆڕشی كوردە، لەبەرئەوەی لە دونیادا نەبووە ھێزێك خاكی خۆی بەگۆڕستان وێنا بكات بەڵكە خاكی دوژمن دەبێ بكرێتە ئامانج، ئینجا بەھۆی زۆری نابەرابەریەوە ترس لەپێچەوانە بوونەوەدایە.
با چیتر بەھۆی ترس لە تەخوین شەپۆلی ڕەخنە لەكەناری خۆمان نەوەستێ ئەگینا بەیەكجاری دەریای سیاسەتی كورد بۆگەن دەبێت و ئامانجە نیشتمانیەكانیش دەبن بەمردوویەكی بێ كێل.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە