سەرمایەی مڕۆیی کورد، تورکیا و کورسیی ئەردوغانیش دەهەژێنێ!

Tuesday, 19/06/2018, 22:54

7331 بینراوە


هەنوکە هێڕشی سوپای زەبەلاحی تورکیا، بۆ سەر نەتەوەیی کورد و وڵاتەکەی، بە تایبەتی بۆ قەندیل و بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، تەنیا لە ئەنجامی پانتاو کردنی دەسەڵاتەکانی و رێگرتن لە دروستبوونی کیانی کوردیی نییە. بەڵکو لە ئەنجامی بوونی ترسە لە نەتەوەیی کورد، کە چوارەم نەتەوەیی مەزنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەگەر ئەو میللەتە خاوەن سوپایەکی بەهێزیش نەبێت بەڵام خاوەن سەرماییەکی مڕۆیی بێ هاوتایە.

ئەگەر بە دڵسۆزی کار بۆ پرسی کورد بکرێت، دەکرێت لەو سەرماییە مڕۆییە، هێزێکی جەماوەریی پەروەردە بوو بە ڕۆحی بەرەنگاریبوونەوە دروست بکرێت، کە نەک مەترسی لەسەر تورکیا دروست بکات، بەڵکو دەتوانیت لە ناوچەکە هەموو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی زلهێزیش بخاتە مەترسیەوە کە لە دەرئەنجامدا ناچاریان بکات لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و ددان بە مافە ڕەواکانی میللەتێکی ٤٠میلیۆنیدا بنێن.

مێژووی مرۆڤاییەتی پرە لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی گەلان، لە هەموو قۆناغەکاندا هەندێک وڵات، نەتەوە توانای ماددیان لە کۆی توانای میللەتان، نەتەوەکان و وڵاتانی دیکە بەهێزتر بووە، کە بۆتە هۆی دروستبوونی کۆسپ و تەگەرە لە پێش هەوڵدان و کۆششی ئەو میللەتانە، بەڵام هەرگیز نەبۆتە هۆی تەسلیمبوون بە سەرشۆڕی و ملکەچ کردنی هەتا هەتایە. ئەو نەتەوە و میللەتانەی لەبەر هەر هۆیەک بووبێت هێزی چەکداریان لاواز بووبێت، پەنایان بۆ ئامرازی دیکە بردوە بۆ پاراستنی مانەوەیان لە مەیدانی پڕ کێشمەکێشم و ململانێکانی گۆڕەپانی جەنگی سیاسی و سەربازیی وەکو خەباتی ژێر زەمینی، خەباتی چەکداری، خەباتی پارتیزانی، دروستکردنی شانەی خەوتوو و جۆشدانی میللەت، دروستکردنی دەزگای هەواڵگریی نهێنی، دەیان ئامرازی دیکەی کە یارمەتیدەربوون بۆ بەردەوام بوون و سەرکەوتن.

جەنگی دووەمی جیهانی، وەک ئەمڕۆ ئاسا کە دەگوزەرێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەلێک وڵاتی زلهێز لە نێویدا خاوەن سوپای زەبەلاح و لە سەنتەری بڕیار دانبوون، بەڵام لە هەمان کاتدا نەیانتوانی دەنگی زوڵالی ئەو وڵات و میللەتانەی کە لە خەباتدابوون دژ بە هێزێکی دەرەکیی و ژێردەستبوون کپ بکەن.

لەگەرمەی سەرقاڵبوونی زلهێزەکان لە جەنگی جیهانی دووەم، جوڵانەوەی سیاسی و بەرەنگارییبوونەوەی  میللەتانی ژێردەست یان گەلانی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتێکی سیاسی دیاریکراوی وەک  فاشی و دیکتاتۆری  هەبووە کە توانای سەربازییان لە ئاست سوپای زلهێزەکانی ئەو کات نەبووە وەک ئەمڕۆی نەتەوەیی کورد، نموونە جوڵانەوەی دژ بە نازیەت هەبووە لە ئەڵمانیا لە کاتێکدا هیتلر لە لووتکەی دەسەڵات و خاوەن سوپایەکی بەهێز بوو کە بەرەنگاری دنیا دەبووەوە. بزوتنەوەی بەرەنگاری جوو، دژ بە ئەڵمانیا هەبوو.  بزوتنەوەیی بەرەنگارییبوونەوە لە پۆلۆنیا، شەڕی پارتیزانی یۆگۆسلافیا، پارتیزانی سۆڤیەت و یۆنان ئیتالیا و فرەنسا و ئەمریکای باشوور گەلێ جوڵانەوە و بزوتنەوەی سیاسیی و چەکداری دیکە لە هەموو دنیا. هەر بزوتنەوەیەکی بەرەنگاریی لەو وڵاتانەدا وەک ئەمڕۆ ئاسا چوونەتە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ زلهێزێک دژ بە زلهێزەکەی دیکەی کە وڵاتەکەی داگیر کردون نموونە، پۆلۆنییەکان لایەنگریی حکومەتێکی پۆلۆنی بوون کە لە هەندەران دامەزرابوو، پشتیوانییان لە ئینگلیزەکان دەکرد دژ بە ئەڵمانیا.

هیتلر لە جەنگی جیهانی دووەم، سەڕەرای ئەوەی کە سەڕۆکی ئەڵمانیای نازی بەهێزبوو و سەرقاڵی سەرکرداییەتی کردنی ئەو جەنگە مەزنە بوو، خاوەن سوپایەکی بەهێز بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنی خۆی تەنیا لە بوونی سوپایەکی بەهێز نەدەدی، کە ئەمە هۆکاری ئەوەبوو بیری لە بچووکترین هەل دەکردەوە بۆ لێدانی ئینگلیز نمونە، کاتێک کە  سەماکەری میسری حکمەت فەهمی نمایشی سەما دەکات لە ئاهەنگێک بۆ هیتلر و گۆپن، لە دوای ئەوە گۆپن لەسەر داوای هیتلر داوا لە دەزگایی هەواڵگری ئەڵمانیی دەکات بۆ ئەوەی هەوڵبدەن حکمەت فەهمی، بکەن بە سیخوری خۆیان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە ئەفسەر ئینگلیزەکانی ئەو کات کە لە میسر بوون. 

لە سەرەتای دروستبوونی کیانی ئیسرائیل لە نێو دڵی دنیای ئیسلامیی و عەرەبی لە کۆتایی چلەکان لە فەلەستین، سەرانی ئیسرائیل خاوەن ستراتیژیەت و بەرنامەی تایبەت بە خۆیان بوون، جگە لە باشکردنی باری ئابووریی و دامەزراندنی سوپایەکی بەهێز، هەوڵیاندا سوودمەند بن لە بچووکترین هەل و بەکارهێنانی بەشێکی زۆری دەرەمەتیان بۆ خزمەتکردنی مەسەلەی خۆیان بەو مەبەستە بە هەزاران سیخوریان لە دنیا و وڵاتانی عەرەبیی دروست کرد.

هێبە عبدولرحمان سلیم، سیخورێکی بەناوبانگی عەرەبیی میسریە، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە دانیشگای عەین شەمس لە بەشی ئەدەبی زمانی فرەنسی قوتابی بوو، کاتێک یەکێک لە مامۆستاکانی سەرنج دەدات کە ئەو کچە هەندێک ئاماژە لە کەسایەتییدا بەدیدەکرێت کە دەتوانرێت سوود بەخش بێت بۆ کاری سیخوری لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل. مامۆستاکە بەبێ دەنگی کار بۆ ئەوە دەکات زەمالەی بۆ دابین بکات لە فرەنسا، دواتر لایەنگرانی خۆیان کار بۆ بە سیخوری کردنی بدەن لەو وڵاتە. لە ئاکامدا ئەو ژنە سیخورێکی چالاکی لێ دروست دەکرێت لە فرەنسا لەسەر دەستی ئەفسەرێکی ئیسرائیلی ناوی ئەدمۆن دەبێت. هێبە لەو ماوەیەی کە کار دەکات   لە ڕیگەی دەزگیرانەکەی کە ئەفسەرێکی ئەندازیار دەبێت لە سوپای میسری گەلێک زانیاریی گرنگ بەدەست دەهێنێت دەربارەی بنەکەکانی موشەکیی میسری و دەیدا بە ئیسرائیل. لە ئاکامدا لەلایەن دەزگایی هەواڵگری میسری ئاشکرا دەبێت و سادات سەڕۆکی ئەو کاتەی میسر داوا دەکات بە زیندووی یان بە مردوی بێت، دەبێت ئەو کچە بهێنرێتەوە بۆ میسر. دەزگای هەواڵگری میسری بە پلانی دارێژراو هێبە دەهێنن بۆ لیبیا و دەیڕفێنن بۆ میسر. ئیسرائیل بۆ نواندنی وەفا بۆ ئەو سیخورەی خۆیان گۆڵدا مایەر بە فەرمیی داوا لە کیسنجەر دەکات کە داوا لە سادات بکات "هێبە" ئازاد بکرێت،  بەڵام سادات لە دانیشتنەکەی لەگەڵ کیسنجر خۆی لە بابەتەکە دەدزێتەوە . دوای ئەو دانیشتنە، سادات بۆ دەزگای هەواڵگری میسری تەلەفۆن دەکات  و داوا دەکات بە پەلە لە ماوەی نیو سەعاتدا هێبە لە سێدارە بدرێت. ڕۆژی دواتر، کیسنجەر هەمان داوا دووبارە دەکاتەوە، لە وەڵامدا سادات دەڵێت "خۆزگە زووتر ئەو داوایەت دەکرد، دوێنی کە باست کرد، پرسیارم کرد، گوتیان هێبە لە سێدارە دراوە و ئەو بابەتەش کۆن بووە "!

کاتێک کە هەواڵ دەگات بە ئەفسەرە ئیسرایلیەکە "ئەدمون"، بەهۆی شەرمەزاریی بوونی لە بەڕێوەبردنی جۆری کارەکەی و سەرکەوتنی پلانی هەواڵگری میسری، بەسەر پلانی ئەو و  ڕفاندنی هێبە، بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت!

کێشە لە بوونی سوپای زەبەلاح نییە ئەوەندەی گرفتەکە پەیوەستە بە کارکردن و نواندنی هەڵوێستی ڕاست و ئاراستە کردنی بزوتنەوە و جوڵانەوەکان بە ئاقاری سەرکەوتن لەلایەن سەرکردە و پارتی پێشڕەوەوە. ئێستا جەندرمە، پاسدار و عەسکەر بە پۆستاڵەکانیان خاکی کوردستان دەشێلن، سەرانی پارتەکانی باشوور لەبری یەکگرتن و دروستکردنی هێزی بەرەنگارییبوونەوە، خەریکی ئابروو بردنی یەکترین لەسەر دەنگی دزراو بۆ پەرلەمانی کارتۆنی عیراق، بە مەبەستی دەستکەوتی زیاتر لە بەغداد، گیرفان گەرم کردن، دروستکردن و گەشەپێدانی کەسایەتیی تاکی کوردیی گەندەڵ لەو جۆرە دەزگا نەزۆکانەدا.  سادات، لەسەر داوای کیسنجر، ڕازی نەبوو سیخورێک ئازاد بکات، بەڵام سەرانی باشوور بەبێ بەرابەر هەموو وڵاتیان فڕۆشتووە و خەڵکیان هەمووی کردوە بە کۆیلە و ژێردەست وێرای ئەوەش هیچ هەست بە شەرمەزاریی ناکەن و هەڵویستێکی  وەک هەڵویستی ئەفسەرە ئیسرائیلییەکە نانوێنن و بە فیشەکێک ئابڕووی خۆیان بکڕنەوە!

لە دەرئەنجامدا، سوپای دنیا بەلایەک ئیرادەی میللەتانیش بە لایەک. مێژوو و ئەزموونی خەباتی گەلانی ژێردەست سەلەماندویەتی کە زوو یان درەنگ، سوپای زەبەلاح بەرامبەر بە ئیرادەی میللەتان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە، نمونە شەڕی یابان و ئەمریکا، خۆڕاگری میللەتی ڤیەتنام بەرامبەر بە ئەمریکا، شەڕی کۆبانی و شەڕی عەفرین دژ بە سوپای زەبەلاحی تورک، سەلماندی کە جوڵانەوەی میللەتی کوردی چەوساوە، بە داگیرکردنی عەفرین کۆتایی نەهاتووە، ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە هەنوکە هەمان سوپای زەبەلاح شەڕی هەمان هێز و میللەت دەکات، بەڵام ئەم جارە لە عەفرین نییە لە قەندیلە و بەیانیش لە شوێنیکی دیکە دەبێت بەڵام ئەم دەنگە ناڕەزاییە هەرگیز کپ نابێت و هەر سەردەکەوێت!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە