PKK


قەرەیلان: هاتن بۆ قەندیل کارێکى ئاسان نییە

Tuesday, 19/06/2018, 20:29

10424 بینراوە


موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بەشداریی بەرنامەى تایبەت لە کەناڵى ئاسمانیى ستێرک تیڤى بوو و لێکدانەوەى بۆ پێشهات و بابەکانى رۆژ کرد.
قەرەیلان سەرنجى خستە سەر رۆژەڤى دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکردنى باشوورى کوردستان و رایگەیاند، قەندیلیان کردووە بە یەکەم ئامانجی خۆیان و دەوڵەتى تورک دەیەوێت بە پەلامارە داگیرکارانەکانى پەکەکە لە باشوورى کوردستان بکاتە دەرەوە و دواى ئەوە گوشار بخاتە سەر باشووری کوردستان و کەرکوک لە باشوور داببڕێت. هەروەها دەیانەوێت بە گوشار سیاسەتى باشوور ببەستنەوە بە خۆیانەوە. ئەوەش پرۆژەی نوێى دەوڵەتى تورک و پرۆژەى دەسەڵاتداریى ئاکەپە و مەهەپەیە.
قەرەیلان راشیگەیاند، ئێستا هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ لە رۆژەڤدایە و ئەردۆغان بۆ ئەوەى لەو هەڵبژاردنانەدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، دەیەوێت بە پڕوپاگەندەى 'لە چارەسەرکردنى کێشەى کورددا سەرکەوتوو بووم، من کورد دەکوژم و بەو شێوەیەش من تورکیا گەورە دەکەم' هەندێک دەنگ بۆ خۆى کۆبکاتەوە.
قەرەیلان لەبارەى هەڕەشەى دەوڵەتى تورکیاوە بۆ داگیرکردنى قەندیل و هەڵکردنى ئاڵا لە قەندیل و چوون بۆ شەنگال و مەخمور وتى "ئەوان وادەزانن بۆ هەر کوێ بیانەوێت دەتوانن بڕۆن، بەڵام ئەوە راست نییە و ناتوانن، چونکە ئێمە دەولەتى تورک بە باشی دەناسین. ئەوەش دەزانین کە لە رووی سەربازی و رووەکانى ترەوە هێزیان لە ئاستێکدایە. ئێستا پڕوپاگەندە دەکەن و دەڵێن، دەڕۆین بۆ قەندیل، باشە ئەگەر ئەوان بچن بۆ قەندیل دەزانن رووبەڕووی چى دەبنەوە؟ هاتن بۆ قەندیل ئاسان نییە".

ئەگەر هێزەکانى باشوورى کوردستان هاوکارییان نەکەن، سوپاى تورک ناتوانێت هیچ بکات
قەرەیلان ئەوەشى خستەڕوو "دەوڵەتى تورک بە تەنها خۆى بە ئێمە ناوێرێت. ئەزموونى ٣٥ ساڵ ئەوەی سەلماندووە. دەیانەوێت بە ئۆپراسیۆنێکى بەرفراوان ئەنجامێک بەدەست بهێنن، بۆیە ناچارن هەندێک کەس و لایەن لە خۆیان کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش دەیانەوێت هەندێک کورد لە خۆ بگرن. بۆ نمونە، لە عەفرین چەتە عەرەبەکانیان لەخۆ گرت، چونکا سوپاى تورکیا هێزێکى جێگرەوەى لەگەڵ نەبێت ناتوانێت شەڕ بکات".
موراد قەرەیلان لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتى "یانى ئەگەر هێزەکانى باشووری کوردستان هاوکارییان نەکەن، ئەوا سوپای تورکیا ناتوانێت هیچ بکات. ئەگەر هاوکارییان بکەن – ئەوەی کە ئێمە نامانەوێت رووبدات – پێشتریش و لە کاتى خۆیدا هاوکارییان کردبوون، بەڵام دیسانەوە ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. دەبێت پێش هەموو شتێک ئەوە بڵێم، هێرشکردنە سەر قەندیل رێگا بۆ شەڕێکى گەورە خۆش دەکات و ئەو شەڕەش شەڕێکى ئاسان نابێت".

ئەگەر نەیەت بێشەرەفە
موراد قەرەیلان ئەوەشى وت "بە بەردەوامى دەڵێن، ئێمە دەڕۆین بۆ قەندیل، بەڵام هاتن بۆ قەندیل یان شەنگال ئاسان نییە. پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن دەکەن. هەوڵ دەدەن وا خۆیان نیشان بدەن، کە بەهێزن. ئەردۆغان درۆی گەورە دەکات و دەڵێت 'من لە دژى پەکەکە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەم و کۆتایى بە پەکەکە دەهێنم و کۆتایى بە هەڕەشەکانى سەر تورکیا دەهێنم' ئەگەر ئێو دێن بۆ قەندیل فەرموو بێن، بەڵام درۆ دەکەن و ناتوانن. ئەگەر نەیەن ئەوا بێشەرەفن. ئەگەر ئەردۆغان شەرەفى هەیە ئەوا دێت بۆ قەندیل. پڕوپاگەندەی زۆرە دەکەن لەبارەى هاتنیان بۆ قەندیل، بەڵام من دووبارەى دەکەمەوە، ئەوەى نەیەت بێشەرەفە. باشە وا دەزانن هاتن بۆ قەندیل ئەوەندە ئاسانە؟ ئەوەیان کردووە بەبابەتى پڕوپاگەندە بۆ خۆیان".

ئەوانەى دەڵێن قەندیل چۆڵکراوە فەرمون با بێن
موراد قەرەیلان لە بەردەوامیى وتەکانیدا ئەوەشى وت "قەندیل شوێنێکى دێرین و ستراتیژیکى باشووری کوردستانە. ئێستا هاتوون و دەستیان بەقسەکردووە و دەڵێن 'قەندیل چۆڵکراوە، گەریلا قەندیلی چۆڵکردووە'، بەڵام گەلی هێژای قەندیل، ٢٠ ساڵە لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک خۆڕاگری دەکات و گوندەکانى خۆی و ماڵی خۆی چۆڵ ناکات. من لەو بڕوایەدام ئەوەى لە باشووری کوردستاندا زۆر بە باشی و زیاتر لە هەموو کەس لە راستیى دەوڵەتى تورکیا تێگەیشتووە، گەلی قەندیلە. بۆیە هەموو کات رێز و خۆشەویستیمان بۆ ئێرە هەیە. کەس قەندیلی چۆڵ نەکردوە. ئەگەر مەبەستیان ئێمەیە، ئێمە قەندیلمان چۆڵ نەکردووە و چاوەڕێی ئەوانین. قەندیل چۆڵ نەکراوە و ڕێوشوێن گیراونەتە بەر. ئەوە راستییەکەیە".
قەرەیلان وتیشى "قەندیل لە مێژووى کوردستان و ئەمڕۆشدا قەڵایەکى بەرخۆدانە. دەستبەرداربوون لە قەندیل ئاسان نییە. هیچ شتێکى لەو شێوەیە لەگۆڕێدا نییە و ئەوانەى دەوترێن، تەنها پڕوپاگەندەن... ئەوانەى دەیانەوێت بزانن باردۆخى قەندیل چۆنە، با بفەرموون بێن بۆ قەندیل".
قەرەیلان لە درێژەى قسەکانیدا سڵاوى بۆ ئەو گەنجانە نارد، کە خۆیان کردووە بە قەڵغانی مرۆییە و رۆیشتن بۆ قەندیل.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە