مێشکێکی چاکم لا باشترە لە مێشکێکی پڕ

Friday, 22/06/2018, 19:10

2932 بینراوە


مۆنتێین، نووسەری فەرەنسی (1533.1592)، ئەو وتەیەی بە مەبەستی ئەو کەسانە وتوە، کە بۆ خۆدەرخستن یان تێپەراندنی قۆناغەکانی خوێندن، زانیاری لەبەردەکەن، خۆ ئەگەر مێشکێک چاک بیربکاتەوە و لەهەمان کاتدا زانیاریی زۆریشی تێدا بێت، ئەوا وەک حەسەن زیرەک دەڵێت:(هەزار وشەش سەد درهەم) .
ساڵی 215 دوای تەقینەوەکانی پاریس؛ شارلی ئێبدۆ و باتاکلان، ئەقڵی دروستکراو - ڕۆبۆت- یان هێنایە سەر سایتە کۆمەلایەتییەکانی وەک فەیسبوک و ئەنستاگرام، هەتاوەکو ئەویش بەشدار بێت و بزانن، کە لەسەر ڕوداوەکان رای چۆن دەبێت. دوای چەند خولەکێک، ئەم ئەقڵە دروستکراوە، کە پڕ کرابوو لە زانیاریی بە خوێندنەوەی کۆمێنتەکان هەر خێرا ئەویش بووە، کەسێکی ڕەگەزپەرست و دروشمی نازییەکانی دەوتەوە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵک لەو کاتەدا دژی کارە ئیسیلامیەکان ڕقی بەو دروشمانە خۆیان دەردەبڕی ، یەکێک لەو دروشمانە رای زۆرینەی هەڵبژاردوو بوو، بۆیە هەر خێرا خەڵکی دژی وەستانەوە و وتیان دەبێت ئەم ئەقلە پەروەدە بکرێت، نابێت هەرچی وترا ئەویش وەک توتی بیڵێتەوە. ئێستاکە کۆمپانیاکان خەریکی پەروەردەکردنی ئەم ئەقلەن.
ئاڵۆز ترین ماشین، کە ئەمڕۆ بوونی هەبێت، کێشەکەی 1400 گرامە، پێی دەڵێن ماتریاڵە خۆلەمێشییەکە کە مێشکە، خۆشی توانای نییە لەخۆی تێبگات. پەروەردە لای ئەم ماشینە دەورێکی گرنگی هەیە بەڵام دەبێت ئەو پەروەردەیە لە تەمەنێکی زووەوە دەست پێبکات، لە سفرەوە هەتاوەکو شەش ساڵ، دەنا دوای ئەو تەمەنە پەروەردە دەوری نییە و ئەو مێشکە توانای لاستیکی خۆی لە دەست دەدات، خوێندن و زانیاری ئەو دەورە سەرەکیەشیان نامێنێت، بە پێی لێکۆڵینەوە، منداڵێک لە خێزانێکی بورژوا لە ئەوروپا لەتەمەنی چوار ساڵیدا گوێی لە 30 هەزار وشە زیاتر دەبێت وەک لە منداڵێک لە خێزانێکی هەژار.
ئێستا ئێمە ئەقڵێکی دروستکراومان هەیە، کە جگە لەوەی زانیارییەکی بێشوماری تیایە، لە هەمان کاتدا توانایەکی بێ ئەندازەی هەیە. هەروەها پێویستی بە ڕۆحێک نییە بۆ ژیان، تا چۆن پەروەردەی بکەین هەتاوەکو باش بیر بکاتەوە، نە ئیسلامییەکی توندڕەو دەربچێت، نە نازییەکی ڕەگەزپەرست!
هەروا ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی ئیسلامییەکی ڕەگەزپەرستی ئەمڕۆ دەرئەنجامی ناهەقییەکانی کۆمەڵگایە لەبواریی نایەکسانی لە پەروەردەدا، ئەوەش پاش ئەوەی سیستەمی کۆمەڵگا لەسەری بەندە ڕژێمی سەرمایەداری بۆ مەبەستی قازانجی خۆی قۆستویەتیەوە، نازییەکی ڕەگەزپەرستیش کاردانەوەی مرۆڤێکە بەرامبەر هەڵسوکەوتی ئیسلامییەکی توند ڕەو، ئەقڵی دروستکراویش، کە لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گوگل و میکرۆسۆفت و ئەمازۆن و فەیسبوکەوە بەرهەم دەهێنرێت، مەبەستی سەرەکییان بازرگانی و ئێکۆنۆمییە، کە بڕیاری سەرەکی بەدەستەوەیە، لەم بوارەشدا نایەکسانی لەپەروەردە و لە شانسا بەقازانجی ئەوان دەشکێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە