هەزار نەفرەت لە بکوژانى قەڵەمە بوێرەکان و ڕۆژنامەنووسە چاونەترسەکان

Sunday, 24/06/2018, 19:25

4337 بینراوە


پشتیوان وەنداوى – ڕۆژنامەنووس
لە هەرێمکدا دەژین زۆرێک لە دەسەڵاتداران و بەرپرسانى باڵاى حیزبى لێوان لێو تێوەگلاون لە گەندەڵى و خراپەکارى و تەنانەت خوویان گرتووە بە چەتەگەرى و مافیایى و دزى و بکوژى و ...... هتد ، هەڵبەت ئەم جۆرە کار و کردەوە قێزەوەن و نامرۆڤایەتیانە نەک تەنها لە گەڵ کلتوورى مرۆڤدا ناگونجێن بەڵکو لە نێو کۆمەڵگاشدا جێیان نابێتەوە ، بۆیە بەشێکى زۆر لە ڕۆژنامەنووسان وەک هەڵگرى کارى پیشەیی خۆیان بە پێنووسە بوێرەکانیان پەردە لەسەر چڵک و کردەوەى پیسى ئەو بەرپرسانە هەڵدەماڵن کەئەم هەرێمەیان بۆ خۆیان کردووەتە جەننەت و بۆ خەڵکى دۆزەخ ، هەر یەک لە شەهیدانى قەڵەم (سەردەشت عوسمان + سۆرانى مامە حەمە + کاوە گەرمیانى + وداد حسێن) نموونەیەک بوون لە بوێرى و هەق بێژى کە پێنووسیان بەکارهێنا بەرامبەر بە تێکشکاندنى زوڵم و ستەم و ناهەقى و خراپە کارى و ڕووخاندنى پەیکەرى بۆگەنى ئەو بەرپرسە باڵایانەى کە ئەمرۆیان بەرهەمهێنا و کوردستانیان بەم ئاقارە گەیاند .
نەفرەت لەو دەسەڵاتەى کە بووەتە سێبەرى شەمشەمە کوێرەکان و لەتاو پەلە قاژەى مەرگیان خوێنى ڕۆژنامەنووسان دەڕێژن منداڵیان بێ ناز دەکەن و خێزانن بێ وەژن و جەرگى دایک و باوکیان دەسووتێنن .
نەفرەت لەو کۆیلانەى کە دارەدەستى تاوانکارانن و لە تاو سووربوونى چاویان و نوفمبوونیان لە تاوان و توغیان هیچ تروسکاییەکى مرۆڤایەتییان لێ بەدى ناکرێت تەنها و تەنها لە خەمى بەجێهێنانى فەرمانى سەرکردە و بەرپرسەکانیانن و تەنها و تەنها بۆ رازى کردنى دڵە ڕەشەکانى ئەوان دەژین .
بۆیە پێویستە ئێمەى ڕۆژنامەنووسان درێژەپێدەرى ڕێبازى شەهیدانى قەڵەم و ڕۆژنامەنووسە بوێرەکانى وەک (سۆران و سەردەشت و کاوە و
وداد) بین و هەمیشە پیشەگەریانە نەهێڵین ئەم هەرێمە ببێتە جەنگەڵستان و دڕندەکان چنگ و قەپاڵیان تیژکردبێت بۆ خواردنى داهاتى سەر زەوى و ژێر زەوى کە مافى هەموو تاکێکى ئەم هەرێمەیە ، بۆیە دووپاتى دەکەینەوە هەتا مابێتین درێژە پێدەرى ڕێبازتانین شەهێدە بوێرەکانى قەڵەم ، ڕۆحتان شاد و جێگاتان ئارام هاوپیشە بوێرەکانمان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە