کێ هەوڵی کوشتنی موفتی پێنجوێنی داوە؟

Wednesday, 27/06/2018, 19:00

9601 بینراوە


لە رۆژی میحنەتا بۆ دەفعی دوژمن،
ئەسلەحەی ناریت ؛
دەف و مەشاک و عابا، پرچ و ڕیشو سیواکە
لەسەر ئەم جۆرە هۆنراوانە بووە، کە ژیانی موفتی و خێزانەکەی لەسەردەمی خۆیدا کەوتۆنەتە مەترسییەوە و هەوڵی کوشتنی دراوە.
لەم بەرنامە تەلەفیزیۆنییەدا، کە بە شیوەیەکی هونەری جوان کراوە لەسەر موفتی پێنجوێنی، کە دەبێت دەستخۆشی لە دەرهێنەرەکەی بکرێت ؛


کاک عەبەدوڵڵا ئەمین پرسیار لە بەڕێز عەزیزی بلکیانی دەکات، کە دەڵێت گوایە هەوڵی کوشتنی موفتی پێنجوێنی دراوە بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە. دیارە بەڕێزیان شارەزاییەکی وردی هەیە لەسەر مێژووی سەردەمەکە و جوگرافیای پێنجوێن، دابڕینی بەهۆی نەبونی ڕێگاوبان، بوونی تەریقەی نەقشبەندی و تەریقەی قادرییەکان، هەروەها ژیانی موفتی خۆی و پەیوەندی لەگەڵ قانیعدا...تاد، بەڵام بە ئەرێنی و نەرێنی وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە، کە ئایا هەوڵی کوشتنی دراوە، یان نا و لەلایەن کێوە. دوای هەشتا ساڵ تێپەڕبون بەسەر ئەم بەسەرهاتەدا، هێشتا کەس جورئەتی نییە باسی راستییەکان بە بێ پێچ و پەنا بکات، هەر کاتێک ئەم باسە دێتە کایەوە هەر خێرا دەکەونە پاکانە بۆ موفتی، گوایە ئیماندار بووە و کافر نەبووە.
دەبێت خوێنەر باش ئەوە بزانێت، کە گرفتی موفتی ئیمانداری و نائیمانداری نەبووە،هەرگیز لە هۆنراوەکانیدا نەدژی ئیمانداریی وەستاوەتەوە و نە بەشان و باڵیشیا هەڵیداوە. موفتی کەسێکی یاخی بووە لە هەڵسوکەوتیدا و کەسێکی تازەگەر بووە لە بۆچوونەکانیدا، بەشیوەیەکی روون و ئاشکرا بەرگری لە ماف و یەکسانی مێینە کردووە لە سەردەمێکدا کە ئەو باسانە گرفتی نەک خەڵکی بەڵکو ڕۆشنبیرەکانیش نەبووە، هەروەها راستەوخۆ بە بێ ترس گەندەڵییەکانی ئەو سەردەمەی بە هۆنراوە دەربڕیوە، کە مەلا و شیخ و پیاوانی دینی بەرپرس بوون لێی، خۆ ئەگەر موفتی ئەمڕۆ بمایە بەهەمان شیوە دەیوت ؛
لە ڕۆژی پێویستا، چەکی بەرگریت؛
گەندەڵی و خیانەت،
حوکمی عەشایەری و نۆکەری بێگانەیە
لەسەردەمی خۆیدا مەلا و پیاوانی دینی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوی خۆی نەبونەتەوە و شەرمیان لێکردوە، بۆیە منداڵانیان هانداوە بۆ بەردبارانکردنی موفتی و ماڵ و منداڵی، گوایە کافرە و ئاگرپەرستە، تەنانەت هەندێک مەلا بۆ سوککردنی موفتی لەبەردەم خەڵکیدا سوێندیان بە قورعان خواردوە، کە موفتی پێنجوێنیان بە رووتی لە حەمامدا بینیوە کلکی لێ ڕواوە. پێ دەچێت ئەو کەسانەی، ئەم جۆرە دیمەنانەیان بینیوە کەسانێکن یان ئەوەیە، کە درەگێکی زۆر بەهێزیان خواردوە، یان توشی نەخۆشیەکی دەرونی ئێجگار ترسناک بوونە. هەر لەلایەن ئەم مەلا داعشانەشەوە پلانی کوشتنی بۆ داڕێژراوە.
ئەمڕۆش ئەو کەسانەی، کە وەک موفتی بە بێ چاونەترسی هەوڵی دەرخستنی گەندەڵییەکانی ئەم حکومەتەی کوردستان ئەدەن، بەهەمان شێوە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە بەترساندن و تۆقاندنیان لەلایەن چەقۆوەشێن و بەڵتەچیەکانەوە، گوایە فڵانەکەس سەرخۆش بووە و ئەوی تر بێ ڕیزی کردووە، یان هەر سەرەونگومی دەکەن و چەندەها چیرۆکی بێ سەروبەری بۆ هەڵدەبەستن. بۆیە ئەم بەسەرهاتەی، کە موفتی تیادا ژیاوە، باسێکی گەردونییە و لە هەموو سەردەمێک و کەڵچەرێکدا ڕویانداوە و روو ئەدەن، بەستراوەتەوە بە رۆڵ و هەڵوێستی ڕۆشنبیرەوە لە کۆمەڵگەدا، کە چۆن کەسانێک هەن دژی کۆنەپەرستی هەمیشە بەرگری لە فکری پێشکەوتوخوازی دەکەن.
ئەگەر ئەم پیاوانە پەشیمان بوونەتەوە لە کوشتنی، لەبەر ئەوە بووە، کە موفتی بۆ پارێزگاری کردنی لە خێزانەکەی، لەسەر داوای قانیع و دەوروبەرەکەی، کە ڕازیان کردووە بچێتە سەر بەردە نوێژەکان و نوێژ بکات. وەک دایکم دەیگێڕایەوە، ئەو شەوە هەتا بەیانی لەگەڵ قانیعی هاو خەم و هاوخەباتی دانیشتن، وا دیاربوو قانیع رازی کردبوو کە بچێت لەگەڵ ئەو نوێژ بکات، هەتاوەکو واز لە ماڵ ومنداڵی بهێنن، دەنا هەرگیز رازی نەدەبوو سەر بۆ داواکارییەکانی ئەوان دابنەوێنێت. کاتێکیش لە دوای کۆچی دوایی موفتی، پیاوانی دینی کوڕەکەی خەتابار دەکەن و هانی ئەدەن بچێت هەمو ڕۆژێک لەسەر گۆڕی موفتی قورعان بخوێنێت، هەتاوەکو گوایە خوا لە گوناحەکانی باوکی خۆش بێت، هاوسەری موفتی لەگەل ئەوەشدا کە نوێژکەر و خوا پەرست بووە، بەوە رازی نەبووە و دژی کوڕەکەی وەستاوەتەوە، هەتا کۆچی دوایشی کرد هەر بۆ ڕیز و بۆ خۆشەویستی بۆ مێردەکەی دەیوت؛ کوڕەکەم دڵی دوژمنانی پێ خۆشکردین بەوەی کە دەچوو قورعانی دەخوێند لەسەر گۆڕی موفتی .
لەبەر ئەوەی ئەم رووداوانە لەسەر هیچ لاپەڕەیەکی مێژوو نەنوسراونەتەوە، دایکم وەک شایەتێکی راستەوخۆ ئەم باسانەی بۆ دەگێڕاینەوە، ئێستاکەش نۆرەی منە و منیش ئەو مافە بەخۆم ئەدەم، کە ئەو باسانەی دایکم بۆی گێراوینەتەوە لێرەدا باسی بکەم، هەرچەندە لەوە و بەر بەچەند وتارێک باسی زۆر شتی ترم کردوە، لێرەدا چەند باسێکی سادە و ساکاری تریش دەگێڕمەوە؛
هەندێک لە مندالەکانی موفتی ناوی عەرەبیان هەیە، وەک عەبدول کەریم، کامیل، ڕابیعە. کە هەرگیز موفتی لە هۆنراوەکانییدا ناویان نابات، ئایا لەبەر کێشی شیعریە یان نا، بەڵام ناوی هەنار، لیمۆ، بەهێ، گێلاس دەبات. هۆکاری ئەم ناوە عەرەبیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە خێزانی موفتی وەک هەموو کەسێک ئارەزوی ئەوەی هەبووە، کە کوڕێکی هەبێت، دەور و بەرەکەی پێی دەڵێن ئەگەر کچی چوارەمی ناوبنێیت ڕابیعە، لەبەر ئەوەی کە ڕابیعە لە وشەی چوارەوە هاتوە ئیتر بازنەکە دا ئەخات و کوڕی بەدوادا دێت، هەرچەندە موفتی لەسەرەتاوە ڕازی نەبووە، بەڵام لە کۆتاییدا لە بەر ڕێز و خۆشەویستی بۆ هاوسەرەکەی قبوڵی کردووە . بەڕێکەوت دوو کوڕی بەدوادا هاتووە و دەبوایە بەو پێیەش، کە مەلا ناوی ئیسمی، واتە ناوی دینی بۆ کوڕەکانیش هەڵبژێرێت. راستە پێش ئەو ناوانە دوو کچی تری هەبووە بەناوی کافیە و حەپسەوە، هۆکاری ئەوەیان نازانم.
لەبەر ئەوەی، کە موفتی زۆر جیاواز هەڵسوکەوتی کردووە، بۆتە جێی سەرسوڕمانی دەوروبەرەکەی، دایکم دەیگیڕایەوە، کە ڕۆژێک خێزانێک دێن بۆ خوازبێنی کچە گەورەکەی کە ناوی بەهێیە. موفتی وەڵامیان دەداتەوە کە ئەو ناتوانێت بڕیاربدات و ئەبێت پرسیار لە کچەی بکات هەتاوەکو بزانێت، ئایا رازیە یان نا. ماڵەکە سەریان سوڕ دەمێنێت، کە ئەم پیاوە بۆچی پرسیار لە کچەکەی دەکات؟ وەکو دایکم دەیگێڕایەوە ؛ کێ لەو سەردەمەدا پرسی بە کچەکەی دەکرد!؟. موفتی لەبەردەمی دایکمدا بە بەهێی کچی دەڵێت کە ئایا رازیە شوو بەو کوڕە بکات ؟ لە وەلامدا بەهێ دەڵێت؛ نەخێر. موفتی ئەو پرسیارە دووبارە ناکاتەوە لە کچەکەی، پرسیاریشی لێناکات بۆچی و لەبەر چی شو بەو کوڕە ناکات!. پاش ئەوە موفتی بێ پێج و پەنا و پاساو هێنانەوە بە ڕستەیەکی کورت بە ماڵکە دەڵێت ؛ کچەکەم ڕازی نییە. ئەم هەڵسو کەوتانەی موفتی پێمان دەڵێن، کە موفتی نەترساوە لە حوکمی دەروبەرەکەی.
چیرۆکێکی تریشم لەلایە، کە پەیوەندی بە دەوری مێینە و خوێندنی دایکمەوە هەیە وەک یەکەم کچ لە مەکتەبی کوڕاندا و بۆچی بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوەیان هەڵدەگرم بۆ کاتێکی تر و باسێکی تر. کاتێکیش دەروێشان بە زکرو حەی ئەلا و شمشێر و زکرەوە بەبەردەمی دوکانەکەیدا رۆیشتون، ڕێگایان لە هاتوچۆی سەیارە و خەڵکی گرتوە، وەک دایکم دەیگێڕایەوە، دەیبینی کە موفتی لە ژێر لێوەوە دەی وت ؛ خۆتان لادەن لەبەردەم ئەو سنعەتەدا هەی ڕشکن و پڵکن .
ئەگەر لە رابوردودا سوکایەتی بە موفتی کراوە لە سەر بوێری و هەڵوێستەکانی، ئەوا لەسەردەمی نوێدا بەشیوەیەکی تر ئەو بێ ڕێزیە بەردەوام بووە بەرامبەر بە موفتی، جگە لەوەی، کە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە بە پێی ئەو خزمەتەی، کە کردویەتی بە دەوروبەرەکەی، هەروەها پاش ئەوەی لەسەر داوای بەڕیز جەمال عەبدول ؛ پارێزگای سلێمانی پەیکەرێک بۆ موفتی کراوە لە دەروازەی شارەکەدا دانرا، هێندەی پێ نەچوو ئەم پەیکەرە لابرا، نەزانرا بۆچی و بە داخوازی کێ و بە چ هۆکارێک لابرا، خۆ ئەگەر پەیکەری عومەری خەتاب بوایە ئەوا بڕوا ناکەم کەس بۆی هەبوایە ئەو کارە بکات، بەڵام بۆ کەسێکی نیشتمانپەروەری وەک موفتی پێیان ڕەوا بوو، هەڵبەتە ئەمە تاوانێکی تر بو بەرامبەر بە موفتی کردیان.
ئەوەی کە ئەمڕۆ گرنگە بکرێت بۆ موفتی، پاش هەڵسەنگاندنی هۆنراوەکانی موفتی و دەوری تازەگەرایی و هەڵوێستی بوێری، ئەوەیە کە پەیکەرەکەی وەک چۆن دانرابو لە دەروازەی شاردا، بخرێتەوە شوێنەکەی خۆی، ئەگەر پەیکەرێکی تری بۆ بکرێت کە دەستی کچەکەی گرتوە ئەوە هەر ڕێزلێنانێکی گەورەترە، لەبەر ئەوەی پێنجوێن و و موفتی پێنجوێنی، شارێک و کەسایەتیەکن ناتوانرێت لەیەکتری جیابکرێنەوە، هەروەها نامەیەکی رەسمی لێبوردن لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ موفتی و خێزانی موفتی، بە سێرێمۆنییەک بخرێتە سەر گۆڕی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بێ ڕێزیەی کە پێی کراوە بەرامبەری، هەتا ڕۆحی ئاسودە بێت. خۆ ئەگەر ئەم نامەی لێبوردنی رەسمییە بکرێت ئەوا دەتوانرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ ئاشتبونەوە، بۆ داهاتویەکی دڵخۆشکەر بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە