چیرۆکەکانی شار: کەللەسەرەکان بۆ هەمیشە پێدەکەنن ؟

Tuesday, 26/06/2018, 22:55

3944 بینراوە


ژیان سەرتاسەر چیرۆکە، لەپشتی هەر مرۆڤێکەوە چەندین نهێنی خۆی حەشارداوە، ئەگەر بتەوێت لە نهێنی کەسەکان تێبگەیت دەبێت بچیتە ناو دنیای ئەوانەوە، لایەنی کەم پرسیار بکەیت، لە چاوەڕوانی وەڵامدا ئێشک بگریت، تا بە دنیای ئەوان بگەیت.
---------------------
ئەو ساڵەی چەند مانگێک لە تورکیا ژیانم کرد، لەو شارەی کە مافی مانەوەم هەبوو تێیدا، لەیەک دوو جێگەی جیاواز مامەوە، کە زستانە سەختەکە هات، من لە ژوورێک لەگەڵ هاوڕیەکمدا بووم لە پانسوێنێک  پڕبوو لە قوتابی و کرێکاری شارەکانی تر، لەوێ ژیانمان بەڕێ دەکرد، پانسۆنەکە هی پیاوێک بوو، ناوی "بوڵند ئابێ " بوو، پیاوێکی قەشمەرو چروک و بەگومان، ئەوت ڕادیوێیە، بەچرکەش لە قسەکردن نەدەکەوت، هەر ڕۆژ نا ڕۆژێک دەهات دەگەڕا بە ژوورەکاندا، دەرگا، پەنجەرە، ئاودەست و ڕاڕەوەکانی دەخستە ژێر ڕەحمەتی چاوە کزەکانییەوە، دوایش لەدیوارەکانی دەڕوانی داخۆ کەس بزمارێک یان تابلۆیەکی بەدیوارە چڵکنەکاندا هەڵنەواسیوە ؟ ئەو دژی هەموو گۆڕانێک بوو، لەسەر دار و دیوارەکانی، چونکە دەترسا گۆڕانی دیوارەکانی وونیان کات و نەیناسێتەوە و خاوەندارێتی لێبسەندرێتەوە.
"بڵند ئابێ" پیاوێک بوو دنیایەکی بۆخۆی دروستکردبوو، کە پڕبوو لەخەیاڵی زیاتر کۆکردنەوەی سامان، هەرجارێک دەهات بۆلامان پێم دەووت :ئابێ گەر ئەم پانسۆنەی تۆ لە ئەستەمبوڵ بوایە دەبویتە لۆرت.دەیکێشا بەڕانە قەڵەوەکانیدا و پاڵی بەچاویلکەزەڕەبینێکەوەی دەناو لەوەڵامدا دەیووت: دەزانم....دەزانم.
 ئەو ساڵە سەختی زستانەکەی شار لە سیبریا دەچوو، لە ژوورەکەی ئێمە زەوی و بنمیچەکە بەستبووی.کاتێک زە وی و بنمیچی ژورەکەمان بیبەستێت ؟ بێگومان ژوورەکەمان ببوە بەفرگر و ئاسان نەبوو ژیانی تێدا بکەیت، ئەوە باسی پەنجەرەکە هەرمەکەن، چونکە هەموو ژەنگی چوارچیوەکەشی بەستبووی شوشە لێڵەکانیشی حەوسەڵەیان نەمابوو تەڵخی و تەم داپۆشیبوون، بە ئاستەم شەقامەکەت دەدەی، لە قاتی سەرو ئێمە پیاوێکی بەتەمەن ترسناک ژیانی دەکرد، پێاوێک لەناو ژاوەژاوی ڕۆژگاری دوای جەنگی دووهەمنیی جیهان وەک ئەنتک مابۆوە.
 پیاوێک لە تاریدا دەژیا و هەمیشە بە ئاگابوو، هەر کە ئێوارە دەهات و تاریکی شەقام و کۆڵانی شاری دەگرت، پیاوە غەریبەکەی دراوسێمان، قەرەوێڵەکەی لەم سەری ژوورەکە ڕادەکێشا بۆ ئەو سەری ژوورەکە، هاواری دەکرد، بەزمانی ئەڵمانی و تورکی.
 لە بەر سەرمای ژوورەکەمان هەر کە تاریک دادەهات دەچوینە دەرەوە، ئێمە زیاتر بە ڕۆژ دەخەوتین، چەند جارێک لە سەر پێپلیکانەکان ڕێکەوتی پیاوی دراوسێکەمان دەکرد، هەر جارێک دەمادی سەمونێکی لە کەرتە ڕۆژنامەیەک پێچابوو، بەچاوە بەقڵەچۆکانی سەیری دەکردین و دوایش خەندەیەکی تاڵی دەکرد بۆمان و بەخێرایی بێئاوڕدانەوە هەنگاوی دەنا، پیاوێک نزیکی دوومەترێک دەبوو، دەستەکانی زل ڕای دەوەشاند کڵاوێکی ڕەشی لەسەردابوو، ڕیشێکی تەنکی هەبوو، هەمیشە دەتووت لەسەر تەختی شانۆیە، ئەو تەنها خۆی بوو، نەکەس دەهات بۆلای نەدەچوو بۆلای کەس و هەمیشەش لەبەرخۆیەوە قسەی دەکرد 
ئەو زوو زوو دەیووت :"دواجار کەللە سەرەکان پێدەکەنن " "کەلەسەرەکان بۆ پێدەکەنن" ؟ 
چایخانەیەک لە سیلەی گەڕەکەماندا هەبوو، لەوێ دەچوین هەم خۆمان گەرم دەکردەوە هەم چا بە لیمۆمان دەخواردەوە و هەمیش سەیری فیلیمان دەکرد، ئەو دەمانە لەتورکیا واباوبوو لەزۆربەی چایخانەکاندا فیلم لێدەدرا، تەلەفیزۆنێک و ڤیدیۆیەک نزیکی بنمیچەکە بە بەرزێوە دانرابوو، لەلایەکی چایخانەکەش کورسی ڕیزکرابوو لەشێوەی سینەمادا بەڵام کورسی چڵکن و ڕەنگاو ڕەنگ، سەرەتای فیلمەلکە دەبوو چایەک بخۆیتەوە، نزیکی کۆتایش فیلمەکەش دەبوو چایەکی تر بکڕیت.
عەسرێک پیاوە ترسناکەکەی دراوسێمانمان دی لەچایخانەکە بەتەنها لەسەر مێزێک دانیشتبوو چای ئاولیمۆی دەخواردەوە و لەبەرخۆیەوە قسەی دەکرد بنگوێ دەخوراند و چاویی و دەستیەکانی لەجوڵە نەدەکەوت، پێدەکەنی بێدەنگ برۆکانی چرچ دەکرد و پێدەکەنیەوە لەپڕ نیوەی چاکەی جێهێشت و بەهەنگاوە گەورەکانی چایخانەکەی جێهێشت، کەس قسەی نەدەکرد هەموو چایخانەکە واقیان ووڕمابوو، چایچییەکەش سڵاوێکی سەربازیی بۆکرد لەلای دەرکی چایخانەکە، سڵاوێک وەک ئەوەی لە ترسابێت، خاوەن چایخانەکە دەستی ماوەیەکەی زۆر بەپەناگوێیەوە بوو، تا پیاوە بە گومانەکە دیار نەما.من هێندەی تر کەوتمە سۆراغی ناسینی ئەم پیاوە ترسناکە میهرەبانە تەنهایە، کە لە تارمایی دەچێت.
 خاوەن چایخانەکە ئێمەی دەناسی و جارناجارێک لێمان دەبورا و چای بۆ دانەدەناین جاری وا هەبوو دوو فیلمان سەیر دەکر بێ ئەوەی چایەکیش بکڕین، بەکورتییەکەی ئێرە ببوە ماڵی دووهەمان و زۆربەی ئێوارەو شەوەکەمان لێ بەسەر دەبرد، بەردەوام زۆپای چایخانەکە خەڵوزی بەردینی تێدەکراو سور دەبوویەوە و چایخانەکەی گەرم کردبوو، دوکەڵی جگەرە و هاڵاوی خەڵکەکەش گەرمییەکی تر بوو ئەم جێگەیەی خۆشکردبوو، بەتایبەت ئەو ڕۆژانەی با نەعلەتێکە هەڵی دەکرد، بەڕاستی سەرما کەی جەرگ بڕبوو، دارو بەرد بەستبووی شەقامەکان ببوە سەهۆڵ بەند.
 شەوێ کە خەریکی داخستنی چایخانەکە بوون، من لەخاوەن چایخانەکەم پرسی بە تورکیە تێک شکاوەکەم، داخۆ ئەو پیاوە کێیە؟ 
 ئەو لەوەڵامدا ووتی : تۆدەزانی " کاتێک مرۆڤ جەنگەکە دەدۆڕێنێت، دەبێت دڵشاد بێت چونکە هێشتا لەژیاندا ماوە" ووتم: ئەوە بە مانای چی دێت ؟ هێندەی تر تامەزرۆی چیرۆکی دراوسێکەمان بووم کە ببووە بەشێک لەچیرۆکی گەشتەکەم بۆ نادیار.
 ئیتر دەستی کردە گێڕانەوەی چیرۆکی دراوسێکەمان.بەرلە چەندین ساڵ گەنجێکی ئەم شارە ڕوو لەووڵاتی ئەڵمانیا دەکات و لەوێ لە کارخانەیەک دەست دەکات بەکارکردن، مانگانە مارکی ئەڵمانی دەنێرێتەوە بۆ باوک و دایک و خێزانەکەی ئەوانیش هەموو جارێک دوای هاتنی پارەکەی پیی دەڵێن ئاسودەبە ئێمە زەوی و خانو و موڵت بۆ دەکڕین، هێواش هێواش وێنەی خانو بەرەی بە نامە بۆ دەنێرن و ئەویش وەک ماشێن کار دەکات و مارک دەنێرێتەوە، تا جارێک لە مەرگی دایکی ئاگاداری دەکەن، بەڵام ئەو دوای غەمگینی خۆی بۆمەرگی دایکی، هەر بەردەوام دەبێت لەسەر ئامانجی خەوەکەی و پارە دەنێرێت تا سامانی زیاتری بۆکەڵەکە بکەن و خانو بەرەی بۆ بکڕن، بۆئەوەی لەگەڕانەوەیدا ژیانی بەختەوەریی بچنێتەوە.
 پاش زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە بۆ ئەوەی ئیتر ژیانێکی خۆش پێکەوە بنێ و یاری بەسامەنە کۆکراوەکەی بکات، کە هەموو جارێک لە نامەکاندا چیرۆکی سامانەکەیان بۆ باس دەکرد، باوکیشی لە مێژبوو مردبوو، هۆی گەڕانەوەشی ئەوەبوو کە خزم و خوێش و براو خوشکەکانی پەیوەندیان لەگەڵ بڕیبوو، هیچ ئاگایان لەیەک نەبوو، لەمێژبوو کەس و کارەکەی پەردەوازەی شارە گەورەکانی تورکیا ببوون، ئیتر کابرا لە تاواندا شێت و هار دەبێت، تا رۆژێک دەچێت گۆڕی دایکی هەڵدەداتەوە و سۆراغی سامانەکەی لێ دەکات، ئەم کابرا شێتە پێی وابوە دایکی لەدڵسۆزیدا سامانەکەی لەگەڵ خۆی بۆ ناشتوە، کە دەبینێت گۆڕەکە چۆڵە تەنها ئێسک و پروسکی دایکی تێدایە، لە کەللە سەرەکەی دایکی دەڕوانێت: "دایکی پێدەکەنێت" ماوەیەک لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕی دایکی دەیگرن، کە چیرۆکەکەی دەزانن بەری دەدەن، بەڵام دوای بەربوونی دەچێت گۆڕی باوکی هەڵدەداتەوە، سۆراغی سامانەکەی دەکات و بەدوای کۆدی ئەو نهێنیەوە دەبێت، کە سامانەکەی دەسکەوێتەوە، کەللەسەرەکەی باوکیشی دەبینێت "پێدەکەنێت " چەند جارێک دەیگرن، دوای دەینێرنە شێتخانە و لەوێ کارەبای لێدەدەن، هەرچەندە بواری بۆ بڕەخسێت گۆڕێک دووان هەڵدەداتەوە، هەموو کەسوکارەکەی تری خۆیان لێ شاردۆتەوە و ئەمیش وازی لە گەڕانەوە هێناوە، وەک دەیبینی شێت بووە، بەدوای سامانە ونبۆکەیدا وێڵە، بەڵام دەیەوێت لەو نهێنیە بگات، کە بۆچی کەللەسەرەکان دواجار پێدەکەنن ؟ 
 ئەو چەندین جار گۆڕی هەڵداوەتەوە، بەبێ ئەوەی خاوەنەکەی بناسێت، ئیستا وا تێگەیشتووە، خۆشی دەیڵێت، کە کەللەسەرە پیرەکان زیاتر پێکەنینیان بەگەنجەکان دێت، چونکە ژیان بەتورەهات دەزانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە