ئەردوغانی دوێنی و ئەمڕۆ!

Wednesday, 06.27.2018, 14:33

1968 بینراوە


ناتەبایی و دوژمنایەتی نێوان تورک و ڕوس رەگێکی مێژووی هەیە، کە بووە بە هۆکارێکی گرنگ بۆ ئەو زلهێزانەی کە لە سەنگەری دژ بە ڕوسیا بوون، دەرکیان بە بوونی زەمینەیەکی لەبار کرد بۆ دروستکردنی پردی پەڕینەوە بە ستراتیژیەتێکی گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووریی، سەربازیی و سیاسیەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دژایەتی کردنی ڕوسیا.   تورکیای دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پردێک و زەمینەیەکی لەباربوو بۆ پێکانی ئەو مەبەستە.

ئەوروپا، ئەمریکا و ئیسرائیل بە درێژای مێژووی دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون بە پشت و پەنای تورکیا و هەوڵیاندا بۆ بە ڕۆژئاوایی کردنی ئەو وڵاتە لە ڕووی کلتووری کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و سەربازیی تا دەگات بە هەڵبژاردنی سیستەمیی دیموکراتیی بۆ حوکمرانی هاوشێوەی سیستەمیی دەسەڵاتی حوکمرانی لە ئەوروپا و ئەمریکا.

بەمجۆرە ئەوروپا و ئەمریکا هێڵی گشتییان داڕشت بۆ تورکیا کە لە ئەنجامدا ئەم تورکیایەی ئەمڕۆیان بەرهەم هێنا کە لە هاوسەنگیی هێز و پەیوەندییە دیبلوماسییەکاندا خۆی لە شانی ئەوان ببینێت، بەربەست دروست بکات، لەبەردەم ستراتیژەت و بەرژەوەندییەکانیان و پەتپەتێن بکات لە نێوان چین، ڕوسیا، ئەمریکا و ئەوروپا. لەدەرئەنجامدا بۆتە هۆی نەمانی ئەو متمانەیەی کە جاران ئەو زلهێزانە هەیانبوو بە تورکیا، بە تایبەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا پەیوەندیی تورکیا بە ئەوروپا و ئەمریکا گرژی و توندی پێوە دیاربوو تا هەنوکە، واتە تورکیا کێشەی پەیوەندیی دیبلوماسیی هەیە لەسەر ئاستی نێو نەتەوەیی و دنیا و ناوچەکە.

تورکیا ناکۆکییە ناوەخۆیەکانی لە ئەوپەڕی مەترسیدایە، کێشەو گرفتی ئابووریی تورکیا، بێ نرخی لیرەی تورکیی، لەشکرکێشی تورکیا و سنووربەزاندنەکانی لەسەر بیناغەی بوونی عەقڵیەتی شۆڤێنێ، نەتەوە پەرستی و ددانەنان بە مافی ڕەوای یەکسانی بۆ هەموو تاکێکی کە لەنێو چوارچێوەی سنووری تورکیادا دەژێت. تەژیبوونی زیندانەکانی تورکیا لەو کەسانەی کە دژ بە ڕژێمی تورکیان، گرفتی کورد کە تا ئێستا بێ چارەسەر و بە هەڵواسراوەیی ماوە. بوونی گولەن لە ئەمریکا وەک گیسکەکەی هەیاس مەترسیەکی مەزنە لەسەر کورسییەکەی ئەردوغان. پشتیوانی ئەردوغان لە ئیخوان و سەڕۆکایەتی کردنی دەیان گروپی میلیشیای چەکدار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەڕش و بڵاوەپێکردنی سوپای تورکیا بە وڵاتانی دراوسێ، ئەم گرفتانە و بە هەزاران گرفتی دیکە لە تورکیا بە زیندووی ماونەتەوە.

 دنیا، لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەند کۆمپانیایەکی مەزنی سەرمایەدارە، ڕەوشت و مۆڕاڵ لە ژێر سێبەری ئەو سیستەمەدا نامۆیە، هەڵبژاردن و ریفراندۆمی لە هەموو دنیا پرۆسەیەکی هەڵخەڵتێندراوە، تا ئەمڕۆش هەموو بڕیارەکان لەژێر فشاری موشەک، چەکیی ئەتۆمیدایە. پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا ئەگەر ساختەکاری لێ بە دەگمەن ئەنجام بدرێت، ئەوا هۆیەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سیستەمەکە سیستەمێکی دیموکراتی بێگەردە، بەڵکو هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوانەی لە هاڤرکێ و ڕکابەری یەکترن بۆ بردنەوەی ترۆپکی دەسەڵات، هەموویان  لە یەک ئاستن لە ڕووی ئیمکاناتی ماددی، تەکنەلۆژیا و چاودیری کردنی پرۆسەکە، کە ناتوانن فێڵ لە یەکتر بکەن و ساختەکاریان بۆ ناچێتە سەر وەک هەردوو میلیونێر "ترامپ و هیلەری"، بەڵام لە وڵاتێکی وەک تورکیادا هاوکێشەکە جیاوازیی هەیە، سەڕۆکێکی وەک ئەردوغان دەتوانێت و بۆی دەچێتە سەر کە  ساختەکاری بکات بەرامبەر بە ڕکابەرەکەی کە خاوەنی نە دەسەڵات، نە سەرمایە و لە زیندانە وەک "سەلاح دیمرتاش".

هەموو ئەو کێشانەی کە لە تورکیا هەن، بە چاو تروکانێک بە هەڵبژادنێکی ساختە و مانەوەی ئەردوغان لە ترۆپکی دەسەڵاتدا چارەسەر ناکرێن. بەهۆی ئەوەی ئەردوغان پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژرادنیش هەر لە ترۆپکی دەسەڵاتدا بوو، ئینجا تورکیاش ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانە بووەوە.  لە وڵاتێکدا کە یاسا و داد سەروەر نەبێت، سیستەمیی دیموکراتیی لە ژیر پرسیاردا بێت وەک ئەوەی لە تورکیا دەگوزەرێت، هەموو کاتێک سەڕۆکی ئەو وڵاتە باڵا دەستە ئەگەر بە ڕەواڵەتیش ئەم دیاردەیە هەوڵبدرێت بشاردرێتەوە. لەو دیدەوە دوو ساڵ پێش ئێستا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە تورکیا بۆ فرەوانکردنی دەسەڵاتەکانی سەڕۆکیی ئەو وڵاتە، لە شانۆگەریەک بەولاوە هیچی دیکە نەبوو، سیستەمیی سیاسیی تورکیا  و ئەردوغانی پێش و پاشی ڕیفراندۆمەکەی پار و  هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی ئەو مانگە هەمان دۆخ و سیستەمیی حوکمرانی و هەمان ئەردوغانە!





(دەنگدراوە: 11 . زۆرباشە: 4.5/5)