میراتى پیاوە نەخۆشەکە

Monday, 02/07/2018, 22:49

3169 بینراوە


بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا دواى ڕووخاندنى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى لە کۆتایى جەنگى جیهانى یەکەم هەڵسان بە دابەشکردنى میراتى پیاوە نەخۆشەکە، ڕووسیا هەرچەندە بەشێک بوو لە لایەنەکانى سوود وەرگرتن لە میراتى دەوڵەتى عوسمانى بەڵام دواتر کشایەوە و گۆڕەپانەکەى بۆ فەڕەنسا و بەریتانیا جێهێشت ئەوە بوو کە ڕیکەوتنامەى سایکس بیکۆ یان واژووکرد و کوردستانى گەورە و گەلى کورد گەورەترین قوربانیان بەرکەوت. کە ئەوەى کە ئێمە لێرەدا دەمانەوێت باسى بکەین میراتى جەلال تاڵەبانى یە کە پیاوە نەخۆشەکە ناسرابوو کە زۆرترین ماوە بە نەخۆشى مایەوە. گەورەترین کێشەى ئێستاى نێو یەکێتى پەیوەندى بە میراتى ئەو پیاوەى کە بە نەخۆشى مرد جەلال تاڵەبانى هەیە کە ئەمەش دوو شاخى لێ دەبێتەوە یەکەمیان بنەماڵەى جەلال تاڵەبانى کە ناتوانن کەسێک وەک شوێنگرەوەى جەلال تاڵەبانى دیارى بکەن تەنانەت لەنێوان قوباد و پاڤێل ناکۆکیەکى ئەو تۆ هەیە کە هیچ کامێکیان ئامادەنیە کورسى بۆ ئەوەى تر چۆڵ بکات و جگە لە مەش منداڵەکانى شێخ جەنگى ( بەتایبەتى لاهور و ئاراس) بەشدارن لە ملمڵانێکان و کە بوونەتە کوتلەیەک بەرامبەر ئاوەڵزاواکانى تر وەک لەتیف ڕەشید و محمد سابیر. هەردوو ئاوەڵزاواکە ئێستا شەڕیانە کە کامیان شوێنى فواد مەعصوم بگرێتەوە ئەگەر پۆستى سەرۆک کۆمار درا بە یەکێتى، ئەمە دیسان کێشەى بنەماڵەى تاڵەبانى لەگەڵ سەرکردایەتى یەکێتى قوڵتر دەکاتەوە چونکە هیچ بژاردەیەکیان بۆ سەرکردایەتى یەکێتى نەهێشتۆتەوە کە کاندیدیان هەبێت لە دەرەوەى ئەوەى کە هێرۆ برایم احمد دیارى دەکات. یەکێتى بەم دۆخەى ئێستاوە زۆر بە زەحمەت دەتوانێت بەشدارى لە هەڵبژاردنەکانى کوردستان بکات، بۆیە ئێستا زیاتر کار لەسەر ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابخرێت تا ئەو کاتەى کە پۆست و پشکەکانیان لە سەرۆکایەتى و پەرلەمان و حکومەتى داهاتووى عێراق یەکلادەکەنەوە، چونکە چارەسەرنەکردنى ئەم کێشانە ئەگەرى زۆر هەیە کە لێکترازانێکى تر لە نێو یەکێتى ڕووبدات و بەمەش دەنگ و کورسى زیاتر لە دەست دەدەن لە هەڵبژاردنى داهاتوو. زۆرى دەنگەکانى نەوەى نوێ لە سلێمانى و هەموو کوردستان زەنگێکى مەترسیدار بوو بە تایبەتى بۆ یەکێتى و زۆربەى حیزب و لایەنە سیاسیەکانى تر.
بۆیە لە کاتى ئێستا هێرۆ کە هەر چەندە لە دۆخێکى تەندروستى خراپدایە یەک بژاردەى لەبەردەمدا ماوە  بۆ پاراستنى دەسەڵات و سامان و ڕوونەدانى گرژى لەنێو کوڕەکانى و بنەماڵەکەى هەوڵدەدات فواد معصوم بگەڕێنێتەوە بۆ پێدانى پۆستە بە تاڵەکەى بەرهەم ساڵح و زیاتر نەخۆش کەوتنى کۆسرەت ڕەسول لە داهاتوودا جێگە چۆڵ بکات کە فواد معصوم کە ئەڵقە لە گوێی هێرۆیە و لە فەرمانەکانى ئەو دەرناچێت لەم قۆناغەى ئێستادا پۆستى سکرتێرى گشتى وەربگرێت و لە کۆنگرەیەکى کارتۆنیدا بەشێکى زۆرى ئەوانەى لە سەرکردایەتى دژى هێرۆن لاببردرێن و بەشێوەیەکى فەرمى کۆنترۆلى یەکێتى وەربگرنەوە تا ئەو کاتەى قوباد و پاڤێل یەکلادەبنەوە لە وەرگرتنى پۆستى سکرتێرى گشتى و ئەمەش دیارە کە هاوسەنگیەکە زیاتر بەلاى قوباد تاڵەبانیە. میراتى پیاوە نەخۆشەکە زۆربەى حیزبە سیاسیەکانى تریش دەگرێتەوە بەهۆى ئەوەى کە زۆربەیان سەرکردەکانیان بە تەمەن ڕۆیشتوون و نەخۆشن، بۆیە هەموو حیزبەکان وەک پارتى و سۆسیالیست و یەکگرتوو و گۆڕان و کۆمەڵ تەنانەت بزوتنەوەى ئیسلامیش بە هەمان ئەزموونى یەکێتى دا تێدەپەڕن، پێشبینى کارى سیاسى لە کوردستاندا لە داهاتوودا ملمڵانێى نێو باڵەکان دەبێت و هیچ شاراوەش نیە کە لە نێو پارتیش باس لە باڵى مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى دەکرێت و ئەو کەسانەى کە لە کۆنگرەکانیش دەردەچن زۆر بە ڕوونى دیارە کە کامە باڵ زیاتر دەست بەسەر ئۆرگانەکانى حیزب دا گرتووە. ئەزموونى کارى سیاسى لە کوردستان لە داهاتوودا بریتیە لە شەڕى نەوە و کوڕەکان لەسەر کورسى و دەسەڵات و پارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە