نهێنییەک لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئۆباما و ئێران ئاشکرا بووە!

Tuesday, 03/07/2018, 12:36

7284 بینراوە


یەکێک لە نهێنییەکانی کە هەنوکە ئاشکرا بووە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئیران و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥دا و بۆتە جێگە سەرنجی میدیاکانی ئەمریکا و جیهان، شێکەرەوە سیاسییەکان و چاودێرانی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و شۆرڤەکاران ئەوەیە، کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئیدارەی ئۆبامای سەڕۆکی پێشووی ئەمریکا و ئیران، تەنیا وابەستە نەبووە بە دامەزراندنی بنکە و خۆئامادە کردن بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئیران، بەڵکو بڕگەیەکی گرنگی ئەو ڕیککەوتنە ئەوەبووە، کە ئیران دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت  دەستی بە سیستەمیی بانکی ئەمریکیی بگات، کە کاتی خۆی ئیدارەی ئەمریکا پێچەوانەی ئەوەیان ڕاگەیاند لە میدیاکاندا.

ئەمڕۆ، ڕاپۆرتی کۆنگرسی ئەمریکی، پەنجەی بۆ ئەوە درێژ کردوە، کە لەو ڕێککەوتنەدا ئیدارەی ئۆباما ڕێگەی بە ئیران داوە کە پێنچ پۆینت حەوت بیلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە بانکی عومان ئیران بگۆڕێتەوە بۆ یۆرۆ. سینەتۆر ڕۆب پۆرتمان سەڕۆکی لیژنەی لێکوۆڵینەوە لە جۆری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئیران و ئیدارەی ئۆبامادا دەڵێت " ئەم پلانە سەری نەگرتووە بەهۆی ئەوەی دوو بانکی ئەمریکیی ڕەتیان کردۆتەوە کە ئیران بتوانیت ئەو پارەیە بگۆڕێتەوە بە یۆرۆ، وێرای ئەوەش ئەو  ڕاستییە لە ئەمریکییەکان و کۆنگرسی ئەمریکی شاردراوەوتەوە لە لایەن ئیدارەی ئۆباماوە". کەواتە ئەگەر ئەمریکا پاشەکشێی نەکردبوایە لەم ڕێککەوتنە، بەگوێرەی یاسا دەبوایە پابەندی ئەو بڕگەیش بوایە لە ڕێککەوتنەکەدا و لە داهاتوودا جگە لەوەی ئیران دەبوو بە خاوەنی بنکەی ئەتۆمی دەبوو بە خاوەنی ئەو پارە زۆرەش. 

سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسیی لەسەر ئاستی جیهان و ئەوانەی لێکۆڵینەوەی ووردیان کردوە لە جۆری ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمیەی نێوان واشنتۆن و تاران، پێیان وایە کە ئەمریکا ١.٧ یەک پۆینت حەوت بیلیۆن دۆلاری داوە بە ئیران دوای ئەو ڕێککەوتنە واتە لە ساڵی ٢٠١٦دا. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هۆی دانی ئەو پارەیە دەگەڕێنەوە بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتانەی کە لە ساڵی ١٩٧٠ی سەدەی ڕابردوودا هەیانبووە لەگەڵ ئیران!  

لەو کاتەی کە ترامپ بە سەڕۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا تا ئێستا، ئەمریکا لە میدیاکاندا هەڵوێستەکانی دژ بە ئیران بووە، بە تایبەتی دوای کۆتایی جەنگی دژ بە داعش و هێوربوونەی کەمێک لە بارودۆخی سوریا، هەروها ئەمریکا ئەو هەڵوێستەی دژ بە ئیران توندتر کرد بە تایبەتی لە سەرتای ساڵی ٢٠١٨دا، بەڵام بەگویرەی هەندێک سەرچاوە لە میدیا جیهانییەکاندا لە ١٧/١/٢٠١٨دا ئەمریکا دووبارە ٤٠٠ میلیۆن دۆلاری ئەمریکیی بە کاش بەخشیوە بە ئیران. موحەمەد ڕەزا، ئەفسەری هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئیران ڕایگەیاند کە " ئەو پارەیە بەرامبەر بە ئازادکردنی چوار سیخوری ئەمریکیی وەرگیراوە لە ئەمریکا".

لەسەرەتادا لێپرسراوانی ئەمریکا ددانیان نەنا بەوەی کە ئەم پارە زۆرە بە کاش دراوە بە ئیران. دواتر ددانیان نا کە ئەو پارەیە بە کاش لەبری ئەوە دراوە بە ئیران، کە چوار ئەمریکی وەک بارمتە لە ئیران بوون و ئازاد کراون. جگە لە شاردنەوەی ئەو ڕاستیەش لە ئەمریکییەکان  شارەزایانی بواری یاسایی ئەمریکا، ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا واتە ئەو پارە بەخشینە بەوجۆرە و بۆ ئەو هۆیە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن، هەروها زۆرن ئەوانەی پێیان وایە کە ئەم جۆرە مامەڵە کردنە دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە ئیران و گروپە تیرۆریستەکان لە ئایندەدا هەوڵبدەن لە هەر شوێنیک بۆیان بلوێت ئەمریکیەک زیندانی بکەن و دواتر بە پارەیەکی زۆری لەم جۆرە ئازادیان بکەن، کە ئەمە مامەڵەیەک و ستراتیژیەتێکی هەڵەی ئەمریکایە. 

ئەمریکا، لە هەموو بۆنەیەکدا دووپاتی دەکاتەوە، کە ئیران وڵاتیکە ئاسایشی ناوچەکە، دنیا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای خستۆتە مەترسیەوە، بەڵام خۆی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەم جۆرە هەڵوێستانەی ئیرانی زیاتر بەهێز کردوە و پارەیەکی زۆری بە کاش داوەتە دەست دەسەڵاتدارانی ئیران، نەک بە چەکیی فەرمیی کە ئەو پارەیە لە بانکێکدا ڕاکێشار بێت بۆ سەر ژمارە حسابێکی دیاریکراو و لە بانکێکی دیاریکراودا. چاودێرانی سیاسیی و شارەزاییانی بواری یاسیای و چاودێرانی جەنگی دژ بە تیڕۆڕیستان، پێیان وایە کە جگە لەوەی دانی ئەو پارەیە بە کاش، هەنگاوێکی نایاسایی و نەگونجاوە لەهەمان کاتدا بۆ ئیران دەبێتە هۆکاری کارئاسان کردن، کە ئەم پارەیە لە گروپی هێزی چەکداری نافەرمیی و میلیشاکان خەرچ بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمریکا، لە هەموو وڵاتێک و نەتەوەیەک باشتر بۆی دەرکەوتووە و بە دۆکیومێنتی فەرمیی سەلمێنداراوە کە ئیران خەریکی دروست کردنی چەکی ئەتۆمییە، کۆریای باکووریش یارمەتی دەدات نەک تەنیا لە جۆری دروستکردنی موشەک و چەکی ئەتۆمی هاوشێوەی موشەکی کوریا، بەڵکو لە ڕاهێنانیان لە جۆری فێلکردن لە ڕێککەوتنەکان شاردنەوەی ئەو جۆرە چەکانە لە شوێنی نهێنی،  وێرای ئەوەش ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەوان و تاران بووە هۆکاری نەمانی ئابڵۆقەی ئابووریی بە بڕی ١٠٠بیلیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە چاودێرانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پێیان وایە ئەو پارەیەش زۆربەی چۆتە خەزێنەی هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئیران کە کۆنتڕۆلێ ٤٠%ی ئابووریی ئیرانیان کردوە.  

 کۆشکی سپی و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکی، زانیاریی تەواویان هەیە کە ئیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە بە هێزێکی دەسەڵاتدار، خاوەن سوپایەکی بەهێز و سەدان گروپی نافەرمیی تیرۆریست لە ناوچەکە و لە دنیا و حاکمی باڵا دەستە لە عیراق و خوازیارە سوریاش وەک عیراق بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و هیلالی شیعی دروست بکات، بەڵام دەرکەوتووە کە تا سەرەتای ئەم ساڵیش ئەمریکا پارەی بۆ ئیران هەڵڕشتووە. 

 ئەمریکا، بەم یارمەتییدانەی دەسەڵاتدارانی تاران، ئیرانی کە لەوەی هەیە بەهێزتر کردوە، هەروها گومانی تێددا نییە کە بەشێکی زۆری ئەو پارانەی ئەمریکا، کەوتۆتە دەست گروپی تیرۆریستانی سەر بە ئیران. بیل گێرتز کە پەیامنێری بەشی ئاسایشی نەتەوەییە لە واشینگتۆن تایمز لە٢/٢٠١٨دا لە ڕاپۆرتیکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە " ١.٧ یەک پۆینت حەوت بیلیۆن دۆلار کە ئیدارەی ئۆباما ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئیرانی کردوە، گەیشتووە بە دەستی گروپ و هێزی تیرۆریستی وەک حزبوڵا، هوتی یەمەنیی، هێزی قودسی ئیرانی و هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئیرانی".

لە ئاکامدا، دەردەکەوێت کە ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی هەڵە، داڕشتنی ستراتیژییەتی ماوەکورتی ناتەندروست و تاکتیکی کاتی، دڕۆ کردن لەگەڵ ئەمریکییەکان و خەڵکی ناوچەکە، بە تایبەتی لە مامەڵەکردن و پەیوەندیی لەگەڵ ئیران بە درێژایی ٣٩ ساڵ، هۆکاری سەڕەکیی بەهێزکردنی دەسەڵاتی مەلاکانی ئیران و گروپە تیرۆریستەکان بووە.  مارک کیریک سەڕۆکی بەشی بانکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکی دەڵێت " ناتوانین بەردەوام ڕازی بین و لە خەڵکی ئەمریکا بشارینەوە لە بەخشینی پارە بە گروپی  تیرۆریستان". لە ئەنجامدا، ئەزموون سەلماندویەتی کە باجی ئەو جۆرە هەڵانەش جگە لە گەلانی ئەمریکا، گەلانی ناوچەکە، گەلانی ئیران بە تایبەتی نەتەوەیی کورد داویەتی و بووە بە قوربانی پلە یەک لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە