خاوەندارێتی گۆڕان لەنێوان كوڕ و هاوڕێكانی نەوشیروان مستەفادا

Thursday, 05/07/2018, 21:18

7513 بینراوە


راپۆرت: فازل حەمە ڕەفعەت
نزیكەی ساڵێك و دوو مانگە نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كردووە، لەدوای خۆی بزوتنەوەیەكی بەجێهێشتووە، كە ئێستا رۆژ لەدوای رۆژ كێشە ناوخۆییەكانی بەرەو لوتكە هەڵدەكشێن، كرۆكی كێشەی ناوخۆیی گۆڕان خۆی دەبینێتەوە لە پرسی خاوەندارێتی بزوتنەوەكە، رەنگە نەوشیروان مستەفا پێش مردنی پێشبینی ئەوەی نەكردبێت دۆخەكە بەم ئاستە بگات.
بەم دواییانە بەتایبەتیش دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ژوورە تاریكەكاندا هاتنە دەرەوە و ئێستا هەر كەسێك ئەتوانێت لە روپەڕی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت لە لێدوانە فەرمییەكانیشدا هەست بەو كێشە قوڵانە بكات.
بڕیاربوو بەر لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایار، بزوتنەوەی گۆڕان لەناو خۆیدا كێشەكان تاوتوێ بكات، بەڵام بەهۆی نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردن، هەموان بێدەنگییان لێ كرد.
رەگ و ریشەی ناكۆكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی گۆڕان، واتە ئەو كاتانەش كە نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، پرسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە هەر لە سەرەتاوە پرسێكی گەرم بوو، بەڵام لە تارمایی كاریزمایی نەوشیروان مستەفادا دیار نەبوون، بەڵام بە رۆیشتنی نەوشیروان مستەفا چیتر تارماییەك بەسەر كێشەكانەوە نەماوە.

ناكۆكییەكان كەی تەقینەوە ؟.
سەرەتای تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكان گۆڕان بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا هەواڵی تاپۆكردنی گردی زەرگەتە (مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی) لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا (نما و چیا) لە میدیاكانەوە بڵاوبوەوە.
تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە، گومانی هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بە یەقین، چونكە ئەوان تاپۆكردنی گردی زەرگەتەیان هێندە وەك هەوڵێك بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی كاری سیاسی بزوتنەوەكە و تەوریسكردنی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەكە بینی، هێندە وەكو هەوڵێك بۆ رێكخستنەوەی كاروبارەكان دوای نەوشیروان مستەفا تەماشایان نەكرد، بۆ ئەمەش بەڵگەی ئەوەیان هێنایەوە كە " دەكرا دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا ئەو موڵك و ماڵانە وەكو رەمزێك هەر بە ناوی خۆیەوە بمێنێتەوە و لەڕووی یاساییشەوە هیچ كێشەیەك دروستناكات" یاخود بەڵگەی ئەوەیان دەهێنایەوە كە "پرۆسەی تاپۆكردنەكە بە شێوەیەكی نهێنی و دوور لە پرەنسیبی حزبی بەڕێوەچووە و دامەزراوەكانی گۆڕان هیچیان ئاگاداری ئەو بابەتە نەبوون"، هەندێكیش باسیان لەوە دەكرد تەنانەت لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە دروست نەبوو بەر لە زەردبونی كفنەكەی نەوشیروان مستەفا ئەو موڵكانەی كە بۆ پرۆژە سیاسییەكانی وەریگرتبوو، دابەشبكرێن.
تاپۆكردنی تەواوی ئەو موڵك و ماڵانە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا تەنیا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی دروستنەكرد، لە دەرەوەی بزوتنەوەكەش ئەوكات ژمارەیەك نوسەر ئەو هەنگاوەیان وەكو هەوڵێك بۆ "تەوریسی سیاسی و بە بنەماڵەیكردنی بزوتنەوەی گۆڕان ناوبرد"، ئەوكات مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح وەكو دوو كەسایەتی بیرمەند و پشتیوانی پرسی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان و تەحەداكانی بەردەمی" لەبارەی تاپۆكردنی موڵك و ماڵی بزوتنەوەكە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، نوسییان:" ئەمە مەترسیی دروستبوونی مەرجەعییەتی خێزانیی دەباتە ئاستێك كە دژ بە پایە هەرە سەرەكییەكەی بزوتنەوەكەیە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقییشی لەناو بزوتنەوەكەدا بۆ نییە".
بەگوێرەی زانیارییەكان هەر لەو سەردەمەدا، ژمارەیەك لە كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیر سەردانی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایان كردووە و ئاگادارییان كردوون لە مەترسی كاردانەوەی تاپۆكردنی گردی زەرگەتە و هەر هەنگاوێكی سیاسی كە لە داهاتوودا دەینێن، بەڵام دواجار كاریگەری ئەوانە سەركەوت كە لە دەوری كوڕەكانن و بۆ ئەو هەنگاوانە پشتیوانیان دەكەن.
لە پرسی تاپۆكردنی موڵك و ماڵەكاندا، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بە تەنیا نەبوون، هەفتەیەك دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا زۆرێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە پشتیوانی ئەوەیان كردووە كە موڵك و ماڵەكان بخرێنەسەر ناوی كوڕەكان، ئەمەشیان وەكو مافێكی رەوا زانیوە، ساماڵ سەردار وەزیری بازرگانی هەرێمی كوردستان كە بەر لەوەی ببێت بە وەزیر، پارێزەری فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، سەرپەرشتی پرۆسەی تاپۆكردنی گردی زەرگەتەی كرد لەسەر كوڕەكان.
كوڕەكان بۆئەوەی ئەم هەنگاوەیان بەبێ كێشە تێپەڕێت لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، تەنانەت ئەگەر ئەو دەزگایانەش بخرێنەوەسەر كۆمپانیای وشە، بەڵام هەر لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەمێننەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی ناڕازییەكان بوو، كوڕەكان لە بەیاننامەكەیاندا لەبری ئەوەی بنوسن"موڵك و ماڵەكان هی بزوتنەوەی گۆڕانن" نوسییان "موڵك و ماڵەكان لە خزمەتی گۆڕاندا دەبن".

"سێ سینەكە"
لەسەرەتایی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، هەمیشە نەوشیروان مستەفا لە كۆڕو كۆبونەوە تایبەتەكاندا لەگەڵ هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی سەرچاوەی دارایی بزوتنەوەكەوە ئاماژەی بۆ "سێ سین" دەكرد:
• سینی یەكەم: سواڵ
• سینی دووەم: سەدەقە
• سینی سێیەم: سەرانە
بەڵام سەرباری ئەو "سێ سینە" نەوشیروان مستەفا بەر لە مردنی كاری كردبوو بۆ دابینكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەش دروستكردنی كارگەیەكی گەورە بوو بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ وەكو كۆمپانیایەكی هاوبەش بەناوی "كارگەی گاسن"، لەگەڵ چەند پرۆژە و موڵك و ماڵێكی تر.
بەپێی زانیارییەكان، كارگەی گاسن كاتێك كەوتوەتە بەرهەم كە بە رێكەوت لە دوا مانگەكانی تەمەنی نەوشیروان مستەفادا بووە، بۆیە هێندە مشتومڕ لەسەر داهاتی ئەو كارگەیە دروست نەبووە، وەكو ئەوەی ئێستا و دوای مەرگی ئەو كێشەی دروستكردووە.
داهاتی (گارگەی گاسن) روون نیە، بەڵام بەپێی هەندێك زانیاری كە لەچەند كەسێكی ئاگاداری ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، سەرەتای مانگی ئازاری 2018، كۆمپانیای وشە وەكو لایەنێكی پشكدار، بڕی (2 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلاری داهاتی گارگەی گاسنی وەرگرتووە.

گۆڕان نیو ملیار دۆلاری لای حكومەتە
نەوشیروان مستەفا بەر لە مردنی هەوڵیدا سەرچاوەیەكی دارایی تر بۆ بزوتنەوەی گۆڕان فەراهەم بكات، بۆ ئەوەش بەلایەوە گرنگ بوو یاسای پارتە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت، كە هاوشێوەی زۆر وڵاتی جیهان حكومەت بەگوێرەی دەنگ و قورسایی سیاسییان لەناو پەرلەمان، بودجەیەكی دیاریكراو بۆ پارتە سیاسییەكان دابین بكات تاوەكو پارتەكان پەنا بۆ پشتیوانی دەرەكی نەبەن.
دواجار پەرلەمانی كوردستان كە سەرۆكەكەی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو (یوسف محەمەد)، پرۆژەیاسای "پێدانی بودجەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق" خستە دەنگدانەوە، سەرباری ناڕەزایەتی یەكێتی و پارتی، یاساكە پەسەندكرا، بەڵام بڕگەیەك بۆ یاساكە زیادكرا و بەپێی ئەو بڕگەیە خەرجكردنی پارە بۆ پارتە سیاسییەكان راگیرا تا ئەو كاتەی قەیرانی دارایی كۆتایی دێت، هەندێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان پشتیوانی زیادكردنی ئەو بڕگەیان كرد.
بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، لەو سەردەمەی كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەت بوو، مانگانە بڕی (500 ملیۆن) دیناری لە حكومەت وەكو سلفە وەرگرتووە، بەڵام بە پەسەندكردنی ئەو یاسایە، گۆڕان ئەم سەرچاوە داراییەشی لەدەستدا.
لەسەر پێداگری بزوتنەوەی گۆڕان یاسای "پێدانی بودجەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق" بەشێوەیەك نوسرایەوە كە (اپر رجعی)ی هەبێت، واتە بەپێی ئەو یاسایە ئێستا حكومەتی هەرێم نزیكەی ( 500 ملیۆن دۆلار) قەرزاری بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەمە دوای لێدەكردنی ئەو سولفەیەش كە گۆڕان بەر لە پەسەندكردنی یاساكە لە حكومەتی وەرگرتووە.
ئەم پارەیەش وەكو كارتێكی سیاسی بەهێزە لەناو مشتومڕە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، چونكە ئەو لایەنەی كە جڵەوی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتە دەست، لە داهاتوودا خاوەندارێتی ئەو سەرچاوە داراییە گرنگە دەكات.

گۆڕان 12 ملیۆن دۆلار قەرزارە
بەر لە پەسەندكردنی یاسای "پێدانی بودجەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق"، بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی ساڵی 2013 كۆنگرەی كرد.
لە راپۆرتی دارایی یەكەم كۆنگرەی بزوتنەوەكەدا ئەندامانی كۆنگرە ئاگاداركران لەوەی بزوتنەوەكەی (12 ملیۆن دۆلار) قەرزارە.
روون نییە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان ئەم قەرزانەی داوەتەوە یاخود نا.

رێككەوتنی سیاسی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی
رۆژی 17-5-2016 بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی بە ئامادەبوونی هەریەكە لە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ریككەوتنێكی سیاسییان ئیمزا كرد.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێی یەكێك لە پاشكۆكانی ئەو رێككەوتنە كە تائێستا بڵاونەكراوەتەوە، یەكێتی نیشتمانی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە مانگانە وەكو سەرەتایەك بڕی (500 هەزار دۆلار) خەرجی بزوتنەوەی گۆڕان بگرێتەئەستۆ.
تاوەكو مەرگی نەوشیروان مستەفا مانگانە یەكێتی نیشتمانی ئەو پارەیەی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە، بەڵام لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە ئەو پارەیە وردە وردە كەمبوەتەوە.
بەهۆی ناكۆكیی ناوبەناوی یەكێتی و گۆڕانەوە چەندینجار ناردنی ئەم پارەیە كێشەی تێكەوتووە یاخود هەڕەشەی راگرتنی كراوە، بەڵام تائێستا ناردنی پارەكە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامە و رانەوەستاوە.
تا ئەو كاتەی نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بووە، بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی رێككەوتنی سیاسیدا تەماشای ئەو پارەیەی كردووە لە یەكێتی نیشتیمانی وەرگرتووە، بەڵام ئێستا یەكێتی وەكو "سەدەقە" پارەكە بە گۆڕان دەدات.
یەكێتی بەو پارەیەی كە مانگانە بە بزوتنەوەی گۆڕانی دەدات، دەمی بزوتنەوەكەی داخستووە، میدیای گۆڕان كە بەردەوام رەخنەی توند لە لایەنە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگرێت، بە ئاشكرا خۆی دەبوێرێت لە رەخنەگرتن لە ماڵباتی تاڵەبانی، لەكاتێكدا ئێستا ئەوان دەسەڵاتدارانی فیعلی دەڤەری سلێمانین.

یەكێتی پارەكەی گۆڕانی زیاد كرد
بەپێی ئەو زانیاریانەی بۆ ئەم راپۆرتە كۆكراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی 2018 ەوە مانگانە بزوتنەوەی گۆڕان بڕی (170 هەزار) دۆلاری لە یەكێتی وەرگرتووە.
لە كۆبونەوەیەكی ئەمدواییەی سەركردایەتی یەكێتیدا دوای ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، پێشنیازی ئەوە كرا یەكێتی "یارمەتییە دارایی"ەكانی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان رابگرێت، بەڵام بۆ دڵڕازیكردنی گۆڕان و رەواندنەوە ئەو بارگرژییانەی كە دوای هێرش بۆسەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شەوی 12ی ئایاردا رویدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە بری بڕینی پارەكە، یەكێتی بڕە پارەكەی گۆڕانی لە (170 هەزار) دۆلارەوە بۆ ( 250 هەزار) دۆلار زیادكردووە.

یەكێتی پارە بە گۆڕان دەدات یان باروت ؟
ئەو پارەیەی كە یەكێتی مانگانە بە گۆڕانی دەدات خەریكە وەكو بەرمیلە باروت ماڵی گۆڕان دەتەقێنێتەوە، سەڕەرای ئەوەی لە بنەڕەتەوە هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان دژی وەرگرتنی ئەو پارەیەن، رادەستكردنی پارەكەش لەلایەن یەكێتییەوە بە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆز كردووە.
ئەوكاتەی كە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، مانگانە ژووری كارگێڕی و دارایی بزوتنەوەی گۆڕان پارەكەی لە یەكێتی وەردەگرت، بەڵام لەدوای كۆچی دوایی ئەو، ئێستا یەكێتی پارەكە راستەوخۆ رادەستی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەكات، ژوری كارگێڕی و دارایی بزوتنەوەی گۆڕانیش گشت سەرچاوە داراییەكانی تری روبەڕوی كوڕەكان كردوەتەوە، ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم زانیارییانەی بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستكردەوە.
رادەستكردنی ئەو پارەیە لەلایەن یەكیێتییەوە بە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، لەلایەن هەندێك لە سەكردەكانی گۆڕانەوە وا لێكدەدرێتەوە "یەكێتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە هەژمونی كوڕەكان بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا زاڵ بكات و بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی خۆی بەرەو حوكمی بنەماڵەیی ببات".
نەوشیروان مستەفا كە رۆژانێك دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی بە "هەژمونی سیاسی" خۆی باڵەكانی ناو یەكێتی راگرتبوو، ئێستا دوای كۆچی دوایی ئەو، یەكێتی دەیەوێت بە "پارە" گەمەی سیاسی ناو بزوتنەوەكەی بەڕێوەدەبات.

میدیا.. سەرچاوەیەكی تری كێشەكان
بزوتنەوەی گۆڕان بەرلەوەی بەشێوەی سیاسی دامەزراندنی خۆی رابگەیەنێت، بەشێوەیەكی میدیایی دەستیپێكرد، كرۆكی پرۆژەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆمپانیا وشەوە دەستیپێكرد، ئەم كۆمپانیایە پێكهاتبوو لە سێ دامەزراوەی میدیایی (رۆژنامەی رۆژنامە- سایتی سبەی- تەلەفزیۆنی KNN).
لە سەرەتاوە نەوشیروان مستەفا دەیویست ئەم دەزگایانە لە حزب بەدووربگرێت، بەڵام كاتێك بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاند، بەهۆی زۆری میدیای لایەنە ركابەرەكانی ناچاربوو میدیاكانی كۆمپانیای وشە بخزێنێتە ناو شەڕە سیاسییەكەوە، لەوكاتەوە ئیتر ئەو میدیایانە مۆركی حیزبیبونیان بەسەردا بڕاو چیتر تەنانەت وەكو میدیایەكی سێبەریش نەمانەوە.
رۆژی 1ی ئازاری 2015 نەوشیروان مستەفا بە نوسراوێك بەتەواوەتی حیزبیبونی میدیاكانی سەربە كۆمپانیای وشەی یەكلاكردەوە و (ژووری رۆژنامەوانی- سایتی سبەی- رادیۆی گۆڕان- تەلەفزیۆنی KNN)ی لەژێر ناوی "میدیای گۆڕان"دا چەسپاند.
ئەم هەنگاوەی نەوشیروان مستەفا ئێستا لەلایەن بەرەی ناڕازی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وا لێكدەدرێتەوە كە نەوشیروان مستەفا ویستویەتی تەواوی موڵك و ماڵەكان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان تاپۆبكرێن.
بەڵام دوای كۆچی دوایی خۆی، كوڕەكانی ئەم هاوكێشەیەیان هەڵوەشاندەوە، بەوپێیەی خاوەندارێتی كۆمپانیای وشەیان خستەسەر ناوی خۆیان، دوایانكرد ئەو دەزگایانەی كە سەربە كۆمپانیای وشەن، لە حزب جیابكرێنەوە و بخرێنەوە سەر كۆمپانیا، لەمەشدا زیاتر مەبەستیان لە (تەلەفزیۆنی KNN و سایتی سبەی) بوو، چونكە (رادیۆی گۆڕان) لەڕووی خاوەندارێتییەوە لە بنەڕەتەوە سەربە كۆمپانیای وشە نەبوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئێستا رادیۆی گۆڕانیش لەلایەن ستافی كۆمپانیای وشەوە بەڕێوەدەبرێت.
دوای سەركەوتنی هەنگاوەكەیان، كوڕەكان لە یەكەم هەوڵدا بۆ كۆنترۆڵكردنی میدیا، (عەبدولڕەزاق شەریف) بەڕێوەبەری كەناڵی KNN یان لابرد و (ئاكۆ حەمە كەریم) یان لە شوێنی دانا كە كەسێكی نزیك بوو لە خۆیانەوە.
جگە لە گۆڕینی بەڕێوەبەر، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بەڕێوەبەری كارگێڕی (KNN) یشیان گۆڕی و (شۆڕش عەلی سەعید)یان دانا كە خاڵی خۆیانە.
سەرباری ناڕەزایەتییەكان، بەپێچەوانەی پرسی تاپۆكردنی گردی زەرگەتە، تاڕادەیەك گۆڕینی بەڕێوەبەرو بەڕێوەبەری كارگێڕی KNN و بەپێی پرەنسیپی حزبی بەڕێوەچوو، چونكە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزای لەسەر گۆڕانكارییەكە كرد، واتە پشتیوانی هەنگاوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفای كرد.

سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفا
پایەیەكی تری بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا چارەنوسی یەكلابوەتەوە، مافی خاوەندارێتیكردنی سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفایە.
لە رۆژی راگەیاندنی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە، هێندەی كوڕەكانی وەكو خاوەن سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفا مامەڵەیان لەگەڵدا كرا، هێندە مامەڵە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەكرا، ئەگەر چی هەندێك كەس ئەمە بۆ بابەتێكی كۆمەڵایەتی دەگێڕنەوە، بەڵام هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان باسلەوە دەكەن، یەكێتی و پارتی بە ئەنقەست لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە زیاتر مامەڵە لەگەڵ كوڕەكانی دەكەن، نەك بزوتنەوەی گۆڕان، بەبۆچونی ئەوان "پارتی و یەكێتی لەم رێگەیەوە دەیانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو حوكمی بنەماڵەیی ئاڕاستە بكەن و بەوەش دیمەنی نەوشیروان مستەفا لە مێژودا وەكو كەسێكی دژ بە حوكمڕانی بنەماڵەیی بشێوێنن".
سەرباری یەكێتی و پارتیش باڵیۆزخانە و كونسولگەری وڵاتانی بیانیش لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە زیاتر مامەڵەیان لەگەڵ كوڕەكانی كرد بەتایبەتیش ئەمریكا و بەریتانیا، ئەمەش لەكاتی خۆیدا هەندێك نیگەرانی دروستكرد.
ململانێ لەسەر سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفا، تەنیا بزوتنەوەی گۆڕانی نەگرتوەتەوە وەكو قەوارەیەكی سیاسی، ململانێكە گەیشتوەتە ناو بنەماڵەی نەوشیروان مستەفاش.
بەپێی زانیارییەكان" لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە، كوڕەكانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی ناو خێزانەكەیان پەیوەندییان ساردو سڕبووە".

هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن
دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25ی تەموزی 2017 هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی دەنگدانەوە (7) كەسیان بۆ خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد.
خانەی راپەڕاندن كە لە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیار لە پێكهێنانی درا، تاوەكو نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، دروست نەكرا.
بەپێی دەستوری گۆڕان، خانەی راپەڕاندن پێكدێت لە (رێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی، سەرۆكی جڤاتی گشتی، سكرتێری باژێڕوانەكان، سكرتێری ژوورەكان، سكرتێری فراكسیۆنەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك).
كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەم پرۆسەییەدا بێ كاریگەری نەبوون، محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخەری ئەوكاتی ژووری دیپلۆماسی كە زاوای نەوشیروان مستەفا و پشتیوانی سەرسەختی كوڕەكان بوو، خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سكرتێری ژوورەكان كاندید كرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو پێش ئەو عوسمان حاجی مەحمود خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردبوو.
دوای مشتومڕێكی زۆر عوسمان حاجی مەحمود بۆ محەمەد تۆفیق رەحیم كشایەوە و لەبری سكرتێری ژوورەكان خۆی بۆ سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكان كاندید كرد.
سەرباری كشانەوەی عوسمان حاجی مەحمود لە ركابەرێتیكردنی محەمەد تۆفیق رەحیم، بەڵام راوەستانی محەمەد تۆفیق رەحیم لەبەرامبەر عوسمان حاجی مەحمود وەكو هەوڵێكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لێكدرایەوە بۆ دەرپەڕاندنی ئەو سەركردانەی گۆڕان كە رەخنەیان لە سیاسەتی بزوتنەوەكە هەیە.
قادر حاجی عەلی وەكو یەكێك لە كەسایەتییە كاریگەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە سەرەتاوە رەخنەی لە ئەدای كاری بزوتنەوەكە هەیە، خۆی بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكرد، بەڵام هیچ نیگەرانییەكی ئەوتۆشی لە بەڕێوەچونی پرۆسەكە بەوشێوەیە نیشان نەدا.
دیارترین رەخنە لە روبەڕوی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن كرایەوە ئەوە بوو كە خانە نوێیەكە گەنج و ژنی تێدا نییە، لەكاتێكدا بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە نامەیەكی نەوشیروان مستەفا خوێندرایەوە كە تێیدا داوا دەكات خانە نوێیەكە لە خەڵكانی بە ئەزمون و گەنجەكان پێكبهێنرێت.
ئەوەی لە پشت پەردەوە بەڕێوەچوو، زیاتر رێككەوتنی سیاسی بوو وەك لە بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن، چونكە زۆرینەی پۆستەكانی خانەی راپەڕاندن بەبێ ركابەرێتی راستەقینە و بە هەڵبژاردنی یەك كاندید پڕكرانەوە.

هەڵبژاردنی رێكخەر
پرۆسەی پڕكردنەوەی شوێنی نەوشیروان مستەفا هاوشێوەی خانەی راپەڕاندن بێ كێشمەكێش بەڕێوەنەچوو، عومەر سەید عەلی بەبێ هیچ ركابەرێتییەك وەكو رێكخەری نوێ هەڵبژێردرا.
نەبوونی كاندیدی ركابەر لەبەرامبەر عومەر سەید عەلی، یەكێك بوو لەو رەخنانەی كە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی رێكخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان گیرا، لەمەشدا تەنیا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و لایەنگرەكانیان بەرپرس نەبوون، ئەوانەشی كە رەخنەیان هەیە بەهەمان شێوە بەرپرسیارێتی كەوتە ئەستۆیان، چونكە بێدەنگ بوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بەوشێوەیە، بەوپێیەی هەڵبژاردنی رێكخەر بەشێك بوو لەو رێككەوتنە ژێربەژێرەی كە لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنەوە كرا.

"رێكخەری سێبەر"
بەپێی ئەوەی باسدەكرێت كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی سەرسەختی كاندیدبونی عومەر سەید عەلییان كردووە، هەندێك لەوانەی نزیكن لە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانەوە باسلەوەدەكەن، پشتیوانی كاندیدبوونی عومەر سەید عەلی لەلایەن كوڕەكانەوە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نەنوسراودا بووە، ئەمەش هۆكارەكەیە كە دوای هەڵبژاردنی وەكو رێكخەر، عومەر سەید عەلی بێدەنگە لە ئاست جموجوڵە سیاسی و ئیدارییەكانی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەناوخۆ و دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان.
هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردون، لەوە زیاتریش دەڕۆن و دەڵێن "ئێستا چیا نەوشیروان مستەفا رێكخەری سێبەری بزوتنەوەی گۆڕانە و بەبێ فەرمانی ئەو عومەر سەید عەلی هیچ هەنگاوێك نانێت".
ئەوەی ئێستا بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی لەناو هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە وەكو خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنە دەگرن، بزوتنەوەكە سەرێكی دیاریكراوی نییە تاوەكو ناڕەزایەتی و گلەییەكانی خۆیانی پێدا هەڵواسن.
سەرچاوەی دارایی و میدیایی و مەعنەوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا یەكلابوەتەوە، ئەگەر رێكخەری داهاتووی بزوتنەوەكە یەكێك لە كوڕەكان نەبێت، بەدڵنیایی هەركەسێكی تر ئەو پۆستە وەرگرێت دەبێت ملكەچی فەرمانەكانی ئەوان بێت.
دواین زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، مستەفا سەید قادر رەنگە رێكخەری داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان بێت، ئەو كە هیچ پلەیەكی حزبی نییە، ماوەیەكە بەشداری كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن دەكات، بەمدواییەش كە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گەشتی دەرەوەی وڵاتی كرد، مستەفای سەید قادر كە نزیكترین كەسە لە كوڕەكانەوە، كارەكانی رێكخەری گشتی بەڕێوەبردووە نەك هیچ یەكێك لە ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی خانەی راپەڕاندن.
نەوەكانی نەوشیروان مستەفا
نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە كاریگەرترین سیاسەتمەدارانی باشوری كوردستان رۆژی 19-5-2017 كۆچی دوایی كرد، لەدوای خۆی دوو كوڕ (نما- چیا) و كچێك (چرا)ی بەجێهێشت.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە لە رووداوە سیاسییە ناوخۆییەكانی دوای مەرگی نەوشیروان مستەفادا زیاتر ناوی كوڕەكانی درەوشانەوە نەك تاقانە كچەكەی، ئەمە لەكاتێكدایە نەوشیروان مستەفا بەوە ناسرابوو، هیچ جیاوازییەكی لەنێوان منداڵەكانیدا نەكردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە