شەپۆل وەک خۆی

Saturday, 07/07/2018, 12:24

3988 بینراوە


(چەند وێستگەیەکی ژیانی مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراهیمی)
نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاویی
کورت و پوخت: 
یەکێک لە ڕوخسار و سیما هەرە دیارەکانی نێو ڕووبەری چاندیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێ سێ و دوو مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە "شەپۆل"ە کە پتر لە 60 ساڵی تەمەنی لە پێناو ڕاژە و خزمەتکردن بە زمان و چاندی کوردی وەپشت سەر نا و بە درێژایی ئەم هەموو ساڵەیش، گەلێک بەرهەمی ڕەنگاڵەیی بە کتێبخانەی کوردی بەخشی. ئەم نووسینە دەیەوێت بە شێوازێکی جیاواز،ئاوڕێک لە وێستگە هەرە گرینگەکانی ژیانی شەپۆل بداتەوە و ڕۆشنایی بخاتە بەردەم ئەو توێژەرانەی گەرەکیانە لە داهاتوودا بکەونە لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەم و هزر و ئەندێشەی ئەم مرۆ خاکەڕا و زانستوەرە کوردە.
دەستپێک:
هەر دوابەدوای ئۆغری یەکجارەکی و کۆچی دوایی مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە "شەپۆل"لێرە و لەوێ دەیان بابەت و نووسین لەسەر ئەم کەسایەتییە مەزنە چاپ و بڵاو بوونەوە. هەژانێک ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە. کەچی مخابن ژماری نووسین و بابەتەکان هەر لەسەر ئەم سیما ناوئاشنایەی کورد پێش مەرگی، بە قامکەکانی دەست دەژمێردرێن.
یەکێک لە نەریتە جوان و هەرە باشەکانی نێو کۆمەڵگە پێشکەوتوو و زیندووەکانی جیهان ئەوەیە کە مرۆی مەزن هێشتا بۆ خۆی لە ژیاندایە و ڕێزی لێ دەنرێت. بەختەوەرانە بۆ ساڵانێکیش دەچێت کە ئەم نەریتە شیاوە لای ئێمەی کوردیش جێی خۆی کردۆتەوە و ژماری کۆڕەکانی ڕێزنان تا دێت ڕووی لە فرەبوونە. ئەمە کەمترین و بچووکترین ئەرک و نیشانەی وەفا بەرانبەر بەو کەسایەتییانەی دەبێت کە ڕۆژگاری تەمەنیان بە گەل و نیشتمانەکەیان بەخشیوە. ئەم پێشەکی و چەند دێڕە، سەرەتایەک بوو بۆ نووسینێک لەسەر ئەو مرۆ نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرەی کە پێویستە نەوەی خوێندەوار و زانستگەیی ئێستامان ئاوڕی ڕاستینەی لێ بداتەوە و هەر یەکە و لەسەر لایەنێکی ژیانی بکەوێتە توێژینەوە.
وێستگەکانی ژیان
خوێنەری وشیار، لەسەر ژیاننامە و بەرهەمەکانی مامۆستا شەپۆل زۆر نووسراوە، بۆیە لێرەدا من نامەوێت دیسانەوە بە هەمان ئاراستەدا بچم و پاتەیان بکەمەوە. ئەگەر بمانەوێت ئاوڕێکی کورت لە ڕابردووی ئەم کەسایەتییە کوردە بدەینەوە،پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمانێکی زوو. ئەو دەمەی لە حوجرە و خانەقاکانی مەهابادەوە لەسەر دەستی کەسایەتی هەرە ناسراوی کورد مەلا "حسێن مەجدی" ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت و بۆ ساڵانێک هەر لە خودی مەهاباددا وانەکانی ئایین و زانست فێری فێرخوازی کورد دەکات و هەر لەوێوە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە زمان و کولتووری کوردی دەبێت. دواتر بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنەکەی،کوردستان بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە تاران دەکات. مێژووی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ چلەکانی هەتاویی(شەستەکان). بە واتایەکی ڕاستتر، دەکرێت قۆناخەکانی ژیانی لە چەند وێستگەیەکدا تاوتوێ بکەین.
مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراهیمی وەک لە سەرەتادا ئیشارەتی پێدرا، لە تافی گەنجێتیدا لە مەهاباد و مزگەوت و خانەقا و حوجرەکانی کوردستاندا خوێندنی دینیی دەست پێدەکات و دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی، ڕوو لە گەورە شاری تاران دەکات. لێرەوە قۆناخێکی دی ژیانی دەست پێ دەکات کە ئەویش درێژەدان بە خوێندنەکەیەتی بەڵام ئەمجارەیان لە زانستگەی تاران دا و لە بواری زانستە دینییەکاندا مکوڕ دەبێت لەسەر بەردەوامیی خوێندنەکەی. پاش ئەم قۆناخە، ڕوو لە بواری وانەوتنەوە لە خوێندنگە و زانستگەکانی تاران دەنێت و بۆ ساڵانێکی زۆر ،سەرچاوەی خزمەتی زانستی دەبێت و هەر بەم ساڵانەیش کۆمەڵە بەرهەمێکی هەمەڕەنگ بە کتێبخانەی کوردی دەبەخشێت.
لێرە بەدواوە مامۆستا شەپۆل ساڵانی غوربەت، وەک هەلێک بۆ خۆی دەقۆزێتەوە و هەرگیز دەستەوئەژنۆ دانانیشێت و بە قووڵبوونەوەی زانستیی و لێکۆڵینەوە، ژمارەیەک پەڕتووکی جێی سەرنج، بە سامانی چاندیی میللەتەکەی دەبەخشێت و گشت هەلێک بۆ ناساندنی زێتری سامانی چاندیی نەتەوەکەی بە خەڵکانی تر دەقۆزێتەوە.
یەکێک لەو بوارانەی ئەم کەسایەتییە کوردە کاری تێدا دەکات، بواری دینە کە لە ڕوانگەی ئایینەوە چاو لە زمان و چاندی نەتەوەکەی دەکات و لەسەر بنەمای ئایین، خزمەت بە زمان و کولتووری کوردی دەکات و چەندین کتێبی زەنگین دەخاتە نێو پەڕتووکخانەی کوردییەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە مامۆستا شەپۆل هەموو زانستی ئایینیی خۆی دەخاتە خزمەت زمانەکەی و ئەوەندە زمان و فەرهەنگی کوردی لا گرینگ دەبێت کە تەنانەت نوێژخوێندن و بانگدان بە کوردی لا ڕەوا دەبێت. مامۆستا شەپۆل بۆ خۆی زۆر جار لێرە و لەوێ ئیشارەتی بەم خاڵە داوە کە بۆیە دەستی بۆ وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی کوردی بردووە هەتا لەو ڕێگەوە پێش بە سووتاندنی پەڕتووک و کتێب بە زمانی کوردی بگیردرێت و قورئان ،ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئەم زمانە و زێتریش گەشە و پەرە بستێنێت.
گرینگیی بوونی تەبایی و یەکڕیزی لە نێو کورددا یەکێکی تر لەو پرسانەیە کە لای مامۆستا شەپۆل بایەخی تایبەتی پێدراوە و هەمیشە یەک لە پەرۆش و خەمەکانی ئەم مرۆ گەلپەروەرە بووە. تاکی کوردی بە هەر هەموو ئایین و ئایینزا و زار و بنزارێکەوە بە یەک دید سەیر دەکرد و ئەوەی لای ئەم کەسایەتییە نازەنینە گەلپەروەرە گرینگ بوو، شوناس و ناسنامەی کوردی بوو نەک هیچی دیکە. ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنا بە شەپۆل بوونە، دەتوانن شایەت بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە بن.
وێستگەیەکی دی ژیانی ئەم کەسایەتییە زانستییە ڕووی لە بواری ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندنی کوردییە. مامۆستا شەپۆل هەر دوا بەدوای ئەوەی ڕوو لە تاران دەکات، لە دووی دروستکردنی پردێکی پێوەندی لە نێوان چالاکانی بوارە فەرهەنگیی و ئەدەبییەکان دەبێت و زۆر زوو ئەم پردەیش چێ دەبێت و لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆشنبیری ناسراوی کورد لە تاراندا بە کاری فەرهەنگییەوە سەرقاڵ دەبێت و دواتریش لەگەڵ بەشی کوردیی ڕادیۆدا دەکەوێتە هاوکاری و لە نزیکەوە سەری ڕادیۆ دەدات، جاروبار بەرنامە دەنووسێت و بۆ خۆی پێشکەشی دەکات و هەندێکجاریش وەک شارەزای پرسە کوردییەکان خاسما پرسە دینییەکان لە بەرنامەکانی ڕادیۆ و تێ ڤیی کوردییدا پشکدار دەبێت.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش ،مامۆستا شەپۆل یەکەم کەس دەبێت کە دووی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردی دەکەوێت و بە هەوڵ و تەقەلای شێلگیرانەی خۆی، 9 ژمارە لە بڵاڤۆکی "گرشەی کوردستان" لە چاپ دەدات و مێژوویەکی نوێ بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنووسێتەوە. شەپۆل،هەر هەموو کار و ئەرکەکانی ئەم بڵاڤۆکە کوردییە بە هەوڵی تاکەکەسیی خۆی ڕادەپەڕێنێت و تەنانەت بۆ پێشگرتن بە وەستانی گرشەی کوردستان ،ئۆتۆمبیلەکەی دەفرۆشێت.
ئەوەی ڕاستیی بێت مامۆستا شەپۆل کەسایەتییەکی فرەڕەهەند دێتە ئەژمار کە هەر ئەم پرسە جاری وایە سەرقاڵیی زێتری بۆ دروست دەکات و هەندێکجاریش ناهێڵێت لەسەر بوارێکی تایبەت چڕ ببێتەوە. ئەم ڕەهەندە لە ژیانی مامۆستا شەپۆل دەتوانین هەم بە شێوەی ئەرێنیی و هەمیش نەرێنیی تاوتوێ بکەین. ئەرێنی لەبەر ئەوەی مامۆستا تەنێ خۆی بە تاقە لقێکەوە نابەستێتەوە و لە کوێ بەرهەمێکی دەست بکەوێت و دەنگێکی کوردی بەرگوێ بکەوێت، دەستی بۆ دەبات و ڕووی تێدەکات و ئەوەی لە هەگبەیدایە، پێشکەشی دەکات. نەرێنییش لەم سۆنگەوە کە هەل و دەرفەتی قووڵبەوە لەسەر بوارێکی تایبەت لە مامۆستا دەستێنێت و ناهێڵێت وردتر ڕوو لە بوارێک بکات و بە شێوەی قووڵتر کاری لەسەر بکات.
لایەن و ڕەهەندێکی دیکەی ژیانی ئەم کەسایەتییە نەمرە، ڕووی لە گەورەیی ڕۆحەکەیەتی کە لە باری دەروونییەوە خاوەنی دڵ و دەروونێکی پاکژ و گەورە دەبێت. ماڵی ئەم کەسایەتییە کوردە بە درێژایی ژیان، مەکۆ و بنکە بۆ هەموو کوردێک دەبێت و ئەوەی کورد بێت و ڕوو لە تاران بنێت سەرەتا سۆراخی ماڵەکەی شەپۆل دەگرێت؛ هەر بۆیە ماڵەکەی لە ڕاستیدا دەوری بنکە و ناوەندێکی کوردی دەبینێت کە هەموو جۆرە توێژێکی کوردی ڕووی تێدەکات. کەم کەسایەتی کوردت لە هەر هەموو کوردستاندا پێ شک دێت کە دوور و نزیک ئاشنایەتی لەگەڵ شەپۆلدا نەبووبێت. ڕەنگە ئیشارەت پێدان و ڕیزکردنی ئەو ناوانە بۆ خۆی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی جوایەز بێت و فرەڕەهەندبوونی ئەم کەسایەتییەیش هەر لێرەوە سەرچاوەی گرتبێت.
گرینگیی پرسی زمان و پەروەردە، یەکێکی تر لەو خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشانەیە کە پێویستە لە جێی خۆیدا ئاوڕی لێ بدرێتەوە و هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. شەپۆل سەرەڕای ئەم گشت سەرقاڵییە، هەرگیز لە منداڵەکانی غافڵ نابێت و بەختەوەرانە هەر کامە لە منداڵەکانی ئێستا لە بوارێکی کوردییدا دەور دەبینن و لە بوارێکەوە سەرچاوەی خزمەت بە میللەتەکەیانن. گرینگیی بارهێنانی منداڵ لەسەر بنەمای فەرهەنگی زەنگینی کوردی، هەمیشە پەرۆشێکی ئەم مرۆ ڕۆحپەپوولەیی بووە و بارهێنانی زارۆک لەسەر پەروەدەی کوردی گەلێک لا گرینگ بووە و مێژوویش ئەو شایەتییە دەدات کە ئەم ئەرکەی زۆر سەرکەوتووانە جێبەجێ کردووە و بەختەوەرانە منداڵەکانی تا سەر ئێسقان خاوەنی پەروەردەیەکی کوردانەن. لە ڕۆژگارێکدا کەم نەبوون ژماری ئەو کوردانەی هەر کە لە کوردستان دادەبڕان، بە خۆ و ماڵ و منداڵەوە پشتیان لە زمان و چاندی کوردی دەکرد و ئاخاوتن بە زمانی کوردییان پێ شەرم بوو ،شەپۆل ڕاست بە پێچەوانەوە دەجووڵێتەوە و زمان ئەوەندە لای خودان سەنگ دەبێت کە منداڵەکانیشی بە هەمان ڕێچکەی باوکدا دەچن و هەرگیز مانەوە لە گەورە شارێکی وەک تاراندا نابێتە هۆکار بەرانبەر زمان و فەرهەنگی کوردی نامۆ بن.
بەشداریی و ئامادەبوون بۆ بەشی فرەی کۆڕ و جڤینە کوردییەکان،یەکێکی تر لەو خاڵە هەرە گرینگانەیە کە گەرەک ئیشارەتی پێ بدەین. مامۆستا شەپۆل بە درێژایی ڕۆژگاری ژیانی، چ تۆفیری نەدەکرد کۆڕ و کۆبوونە و جڤینە کوردییەکان لە کوێ بایەن،تیایاندا بەشدار دەبوو. 
ئەنجام: 
مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراهیمی ناودێر بە "شەپۆل"لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە سیما و ناوە هەرە دیارەکانی پانتایی ڕۆشنبیریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و لە هەر کوێ باس لە سەر کورد و زمان و فەرهەنگەکەی بووە، دەنگێکی بوێر بووە و لە ڕۆژگارێکدا زۆر کەسان لەبەر کوردبوون، خۆیان لێرە و لەوێ دەشاردەوە و هەرگیز باسی شوناس و ناسنامەی کوردیی خۆیان نەدەکرد، ئەم مرۆ خاکەڕا و خەمخۆرە هەمیشە بە شانازییەوە پەیڤ و قسەی دڵی خۆی دەهێنایە سەر زمان و بەردەوامیش داکۆکیی لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی دەکرد و تا ئەو ساتەی ژیا، دەستبەرداری ئەم پرسە نەبوو. ئەوەی بە پەیڤێک خزمەتی زمان و چاندی کوردی کردبایە لای ئەم مرۆ نازەنینە خۆشەویست بوو و ڕێزی لێ دەنا و بەوپەڕیی سادەیی و ڕۆحسووکییەوە هەڵسوکەوتی لە تەکدا دەکرد. 
مامۆستا شەپۆل بە درێژایی ساڵانی مانەوەی لە تاراندا بەردەوام بۆ بەرەو پێشەوەبردنی زمان و تۆرەی کوردی ڕۆڵی پێشەنگی بینیوە و یەک لەو کەسە هەرە دیارانەی نێو ئەم مەیدانە دێتە ئەژمار. هەر بۆیە ناوی شەپۆل لە خەیاڵدانی مرۆی کورددا ناوێکی دیار و هەرمان دەبێت.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە محەممەدساڵح ئیبراهیمی (شەپۆل) ڕۆژی 4ی جۆزەردانی ساڵی 1312ی هەتاویی(1933)لە باژاڕی مەهاباد لە دایک دەبێت و ڕۆژی شەممە 5ی جۆزەردانی 2718(26ی مانگی مای 2018) لە نەخۆشخانەیەکی تاران کۆچی دوایی دەکات و دواتر تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە کوردستان و شار و زێدەکەی و لە بەشی شاعیران و نووسەرانی گۆڕستانی مەهاباددا بە خاکی نیشتمانەکەی دەسپێردرێت.
ئەوەی خرایە بەر دیدەی تۆی خوێنەری کوردزمان، سووکە ئاوڕدانەوەیەک بوو لە چەند وێستگەیەکی ژیانی ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە و ڕۆچوونی زێتر بە هەر کامە لەو بوارانەی شەپۆل کاری تێدا کردوون، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕتر هەیە و نووسەر هیواخوازە نەوەی چاوکراوەی نها و سبەی، ئاوڕی هەرەقەتی تر و زانستیی تر لەم مرۆ فرە ڕەهەندە بداتەوە.
***  
ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌کانی ئه‌م بابه‌ته‌ لای دوو حه‌وته‌نامه‌ی "لووتکه‌" پارێزراون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە