کێ بون ئەوانەی موفتی پێنجوێنیان لە پلانی کوشتنی ئاگادار دەکردەوە ؟

Sunday, 07.08.2018, 22:45

2919 بینراوە


ئەوکەسانەی کەیارمەتی موفتیان داوە لەسەردەمی خۆیدا، چەند کەسێکی کەم بون ؛ شێخ لەتیفی کوڕی شیخ  مەحمودی نەمر، عەبدولی حاجی کەریمی شمقار، حەمەی باخەوان،  ئەحمەدی دادە ئایشێ. ئەمانە  ببونە چاو و گوێی موفتی، هەوالین دەگەیاندە موفتی کە چۆن خەڵکی باسی دەکەن یان کاتێک کەسانێک پلانی کوشتنیان بۆ موفتی دائەڕشت، هەر خێرا موفتیان ئاگادار دەکردەوە ، ئەویش لە پێنجوێن بۆ ماوەیەک دور دەکەوتەوە، هەتاوەکو بکوژەکانی دوردەکەوتنەوە. موفتی تەنها هاوسەرەکەی ئاگادار دەکردەوە لە هۆکاری دورکەوتنەوەی .
دەمەو دوانیوەڕۆیەک، موفتی پێنجوێنی بەدەم ئازارێکی کتوپڕی سکیەوە دەناڵێنێت، هەر خێرا دوکانەکەی دائەخاتو سواری سەیارەدەبێتو دەچیت بۆ خەستەخانەی سلێمانی، پاش پشکنین دکتۆرەکان بڕیار ئەدەن کە نەشتەرگەری بۆ بکەن، لەکاتی نەشتەرگەریدا دەبینن  کە هەناوی موفتی هێجگار ڕەش بۆتەوە، بەجۆرێک کە هەرگیز لەوەو بەر کەسێکیان نەبینیوە بەو ئاستە هەناوی ڕەشبوبێتەوە، لەبەر ئەوەی کە  موفتی پێنجوێنی دوجار هەناوی ڕەشبوبۆوە، یەکەمیان بە تەپوتۆزی توتن، هەرچەندە  کە جگەرەی نەکێشاوە بەلام هەفتەی دوجار چۆتە ژێرخانەکەو دەرگای لەسەر خۆی داخستوە و سەروچاوی خۆی ئالاندوە لە پەڕۆو جامانەوە، لەناو تەپو تۆزی توتندا،  بۆ پاک کردنەوە و بژاردنو ئامادەکردنی بۆ دوکانەکەی، هەتاوەکو بەرەنجی شانی خۆی بژی و نەبێتە جاشو بندیوارو قەڵەم فرۆش. دوەمیان؛  داخو خەفەتی ئەو  گەلەی کە بەردبارانیان دەکرد و نەیان توانی و نەیان دەویست لێی تێبگەن، وەک کچەکەی هەمو جارێک دەیووت ؛ هەر داخو خەفەت کوشتی.  ئەبێت بوترێت لەسەردەمانێکدا ئەوکەسانەی کە لەبەردەم فانۆسدا قورعانیان دەخوێندو کارەبایان پێ حەرامبو، تێگەشتن لە موفتی کارێکی هەروا  ئاسان نەبوە. هەرنەوەی ئەمانەن کە ئەمڕۆ دیواری فەیسبوکەکەیان بە سورەتی قورعان ئەڕازێننەوە ، وەک ئەوەی فەیسبوک بە نەوت کاربکات . یان لە پەرلەمان بە شانازیەوە هەڵناسن لەبەردەم سرودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب کە لەلایەن هاو خەمێکی وەک موفتیەوە نوسراوە، هەر نەوەی ئەمانەن کە ئێستاکە بۆ ئۆردوگان دەگرینو هەرگیز خەمی کوردانیان نیە و خیانەت لەگەلو نیشتمانی خۆیان دەکەن .

موفتی عاچز مەبە کە پێت دەڵێن بابی
کەرە خۆیی و نەتەوە و بابی
قانیع

تەرمەکەی موفتیان هێنایەوە بۆ پێنجوێن،  بردیان بۆ مزگەوتی قازی بۆ ئامادەکردنو ناشتنی.  دوچڵ ئێسقانو مشتێک گۆشت، لەگیرفانی شەڕواڵە شالەکەیدا، پارچەیەک کاغەزی زەرد باو،  دواهەمین دێرە هۆنراوەی لەسەر نوسرابو . موفتی لەسەرەمەرگیدا لەدواهەین هەناسەیدا ئەو چەند دێڕە هۆنراوەیەی هۆنیوە،  پەشیمان نەبۆتەوە لە هەلوێستەکانی؛ ناشچیت بۆ ئاسمان بۆلای ئێزدان، بانگی دەکات بۆ گردی سەیوان، ئەگەر ئێزدان رازی نەبوە لە هلوێستی بوێری و نیشتمان پەروەری و تازەگەری، با لەگەڵ یارانی هاودەردی، هەر لە گردی سەیوان، ئەوێ  مەیدانی حەشری بێت . 
ئەو ئێوارەیە خەڵکێکی زۆر هاتبون بۆ مزگەوت، بۆ پێشوازی کردن نەبو  لە کەسێکی شاعیرو نیشتمان پەروەر، نەخێر،  هاتبون هەتاوەکو  ببینن لەکاتی شوشتنیدا ، کە ئایا راستە  خوا لەپاداشتی هەڵوێستەکانی کلکی لە موفتی رواندوە. بەلام  بۆ ناشتنی  لە  گۆڕستانی حاجی شیخ، چەند هاوڕییەکی گیانی بەگیانی لەگەڵدا بون، ئیتر بۆ دواجار پێنجوینو مەلاکان  ڕزگاریان بو لەو کەسەی کە راستیەکانی ئەوانی  باس دەکرد.

دوای کۆچی دوایی موفتی ژیان بۆ خێزانەکەی هەروا ئاسان نەبوە، نۆ سەر خێزانی لەدوای خۆی جێ هێشتوە، بەتایبەتی کە کوڕەکانی لە تەمەنێکی گەنجیدابون ؛ دوانزە سالو یانزە ساڵ، هەر چۆنێک بێت چونەتە سەر دوکانو توانیویانە بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بەلام خێزانی موفتی هەر بەچاوێکی نزم سەیر کراون، لە کاتی زەکاتو خێرو قوربانیدا ماڵی مەلا کافریان بێ بەش کردوە، ئەو کەسانەشی کە یارمەتیان داون بەدزیەوە ێارمەتیان داون.  لەکاتێکدا کە موفتی لە ژیاندا بوە زستانان بارە داری ناردوە بۆ مەکتەبەکەی پێنجوێن هەتاوەکو مندالان سەرمایان نەبێت، یان پارەی کۆ کردۆتەوە بۆ لەشکرەکەی شێخ مەحمود.  پاداشتی نیشتمان پەروەران هەروابوە.
مەلاکانی پێنجوێن لەترسی ئەوەی کە نەوەکا یەکێک لەکورەکانی جێگەی موفتی بگرێتەوە، هەرخێرا دەچنە بن کڵێشەی کوڕە گەورەکەی و هەوڵ ئەدەن بە ئاراستەیەکی تردا بیبەن، خەتاباری دەکەنو دەیترسێنن، ،  پێێ دەڵێن کە دەتوانێت بە قورعا خوێندن گوناحی باوکی بشواتەوە هەتوەکو لە گۆڕەکەیدا ئازار نەچێژێت ، کوڕەکەشی لە ترسی ئەوەی وەک باوکی بەسەر نەیەت، دەکەوێتە گێژاوی بیرکردنەوەوە لەنێوان دوبەرەی دژ بەیەکی توندا؛ بەرەی تاریکستانو بەرەی خۆر، باشیش دەزانێت ئەگەر لە پێنجوێندا بمێنێتەوە ناتوانێن ڕێگای باوکی بگڕیتە بەر. رۆژێک لە  گۆڕستانی حاجی شێخ لە گێژاویی بیرکردنەوەدا دەبێت لەسەر گۆری باوکی، کتوپڕ دەبینێت کۆمەڵە کەسێکی عابا بەشان، سەروچاو داپۆشراو بە پەڕۆی ڕەش،  لەئاسمانەوە بەرەو روی دێن، ڕیش پانو پرچ درێژ،  خەنجەرو  سوزن بەدەستەوە، بە زکرو حاڵ دەچنە  سەر گۆڕی موفتی، کێلەکانی دەوری گۆڕەکەی لادەبەنو تەرمی موفتی دەردەهێنن، هەرلەویادا لەبەردەم کوڕەکەیدا، بە سوزن لاشەی وەک بێژنگ کون کون دەکەن، بە چەقۆ، هەنجن هەنجنی دەکەن، دانەکانی یەک بەیەک هەڵدەکێشن، نینۆکەکانی، ئێسکەکانی دەشکێنن، زمانی دەبڕن، چاوەکانی هەڵدەکۆڵن، پێستی کەول دەکەنو بەدارێکدا هەڵی دەواسنو تەرمەکەی دەسوتێنن. کوڕەکەی کتوپڕ بە هۆش خۆیدا دێتەوە،  بەهاوار هاوار هەڵدێتو رادەکات بۆ مزگەوت،  ئەم روداوە بۆ ییاوانی دینی دەگێڕێتەوە کەچۆن گوێی لەنالەی ئازاری باوکی بوە، ئەوانیش دڵ نەوایی دەکەنوە و دڵخۆشن بەوەی کە پێشبینیەکانیان راست درەچوە. هەر خێرا  دەبێت بە هەڵا لە شاری پێنجوێندا، هەمو کەس باسی ئەشکەنجەی موفتی دەکات لە گۆڕەکەیدا، هاوسەری موفتی ئەم باسەی بەرگوی دەکەوێت، هەر خێرا بە قورعانێکەوە رادەکاتە سەر گۆڕی موفتی، کراسەکەی خۆی دائەدڕی و دژی خواکان هاوار دەکات ؛ کێ دەتوانێت مێردی من ئەشکەنجە بدات. کام خوا ؟  لەکاتێکدا کە ئەو هەنگاوی دەنا ئاگاداری هەنگاوەکانی بو نەوەکا مێرولەیەک پان بکاتەوە، سەری کوڕەکەی ڕادەوەشێنێت، تۆ دڵی دوژمنانت پێ خۆش کردین، بە کوڕەکەی دەڵێت . 
ئیتر لەو ڕۆژەوە کوڕەکەی ڕێگایەکی تر دەگرێتە بەرو هەمو ڕۆژێک قورعان لەسەر گۆڕی موفتی دەخوێنێت هەتاوەکو گوناحەکانی بشواتەوە،  بۆ رازیکردنی مەلاکانیش کاتێک دەبێتە خاوەن خێزان، کوڕەکەی دەخاتە حوجرە و ژیانی لە پێنجوێن بەردەوام دەبیت هەتا دەبێتە موختاری پێنجوێن.  
شێخ لەتیفیش کە زۆر موفتی خۆش ویستوە، یارمەتی کورەکەی تری ئەدا هەتاوەکو بچێتە سلێمانی و لەوێ خوێندنی سەناعە بخوێنێت. هەرچۆنێک بێت دو کچو کوڕێکی موفتی توانیان خوێندن تەوابکەنو یارمەتی ئەوانی تر بدەنو بچنە سلێمانی، سلێمانی بۆ ئەوان ئەمەریکا بو. بەلام کچەکانی موفتی داواکاریان کەم بو لەبەر ئەوەی کچی موستەشارو جاشو خیانەتکار نەبون، کچی موفتی پێنجوێنی بون.
کچەکەشی، ئەو کچەی کە فێری جگەرە کێشان بوبو بۆ جیاکردنەوەی جۆری توتن بۆ باوکی، هەتا لەژیاندا مابو بەیادی باوکیەوە هەمو شەوێک دو جگەرەی دەکێشا، هەتا کۆچی دوایشی کرد، پۆرترێی باوکی بە پشت سەریەوە بو، دەی وت ؛ ئەو مرۆڤە خوای منە. بۆ ڕیزگرتن لەویش، لەکاتی ناشتنیدا هەمو سێرۆمۆنیەکی دینی رەتکردەوە جگە لە  ئاوازی شمشاڵەکەی قالە مەڕە نەبێت.
هەرکەسەو پارچەیەکی ئەم چیرۆکەی لایە، مەلاکانو پلاندانەرانی کوشتنی موفتیش بەجۆرێکی تر باسی ئەم روداوە دەکەن، بێ شک موفتیش لەسەر ئەم باسە چەند هۆنراوەیەکی نوسیوە، مەخابن هەر لەدوکانەکەیدا سوتاوە و نەگەشتنە بەرگوێمان . 
 مانگی هەشتی داهاتو کۆنفرانسێک لەسەر موفتی دەکرێت لە  زانکۆی سلێمانی، ئایا وەختی ئەوە هاتوە باسی ئەم راستیانە بکرێن، 
یا مەسڵەحەت تەوەققوفە تا یەومی نەفخی سوور!؟




(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 4/5)