با دڕۆی ئەم وێنەیەش، ئاشکرا بێت!

Wednesday, 11/07/2018, 13:29

13261 بینراوە


سەرانی پارتەکانی باشوور بیست وحەوت ساڵە، خۆیان و میللەت هەڵدەخەڵەتێنن بە گرتنی وێنە لەگەڵ ئەم دیکتاتۆر و ئەو داگیرکەر، سەڕۆکی ئەم وڵات و ئەو وڵات،  یان لەگەڵ سوپاسالاری ئەو خوێنڕێژ و ئەم خوێنمژ، یان چوونە سەرگۆڕی ئەم دوژمن و ئەو تاوانباری بەکۆمەڵکوژ. لەدەرئەنجامدا، ناوی ئەم جۆرە خوڕەوشت پەیڕەوکردنە دەنێن سیاسەت و دیبلوماسیەت لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا!
ئەم دیاردەیە لە ژێر ئەو ناونیشانەدا زیاتر لە ٧٠ساڵە پەیڕەو دەکرێت و ئەنجامەکەی لە شکەست بەولاوە هیجی دیکەی لێشین نەبووە. 
 
تاڵەبانی لەسەر گۆڕی خومەینی
لە ماوەی بیست وحەوت ساڵی تەمەنی هەرێم، بەسەدان وێنەی سەرانی پارتەکانی باشوور لەگەڵ سەڕۆک وەزیران و سەڕۆکی وڵاتەکان لە میدیا حیزبییە تەڵەکەبازەکان بەجۆرێک ڕووماڵەکراوە گوایە ئەم کەسایەتییە کوردانە بە ئەندازە و قەوارە کەسایەتیی گەورە ن و بەرز نرخاندراون  لە لایەن سەڕۆکی وڵاتانی دیکەوە، بەم جۆرە دەربڕینە هەوڵیان داوە بەهێزی ئەوان پیشانی زۆرینەی سادەی خەڵکی شەقامی کوردی بدەن.

فوئاد مەعسوم لەسەر گۆڕی ئەتاتورک
 میدیای تەڵەکەباز، بەمەبەست ویستویانە وای دەربخەن، کە گوایە سەرانی پارتەکانی باشوور بە فەرمیی بانگێشتی ئەو وڵاتانە کراون و ئایندەی ئەو پەیوەندییە ئاوێنەیەکە کە لە داهاتوودا ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی تەندروست و پاڵپشت دەبێت بۆ کێشەی بێچارەسەری هەڵواسراوی میللەتی کورد!
زۆربەی ئەو وێنانە بە مانشێتی گەورە ماڵەپەرە حزبییەکان و سێبەرەکانیان داگیر دەکەن، بەبێ ئەوەی ڕاستیی و دروستی جۆری سەردان و وێنەگرتنەکە بخەنە ڕوو. 
 لە پەرتوکی" دیداری تەمەن" وێنەیەکی تاڵەبانی لەگەڵ جۆن هاوەردی سەڕۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئوسترالیا بڵاوکراوەتەوە. بێگومان بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە وێنانە بە مەبەست و بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی بووە، دەنا لە ڕاستییدا هاتنی تاڵەبانی بۆ ئوسترالیا پێش بوونی بە سەڕۆک کۆماری عیراق، هاتنێکی فەرمیی نەبوو، لەلایەن حکومەتی ئوسترالیا بانگێشت نەکرابوو،  لە فڕۆکەخانەی شاری سیدنی هیچ شاندێکی حکومەتی ئوسترالیا لە پێشوازییکردنی تالەبانییدا نەبوو، بەڵکو یەکێک لە کۆمپانیای نەوت زانیاریی هەبوو کە تاڵەبانی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت بە سەڕۆک کۆماری عیراق و ڕۆڵی دەبێت لە گرێبەستیە نەوتییەکانی کوردستان،  بەتایبەتی لە کەرکوک، ئەمە هۆکاری ئەوە بوو هاتنی تاڵەبانی بۆ ئوسترالیا و دیدارێکی تەنیا بۆ وێنەیەک نەک بۆ کۆبونەوەیەکی فەرمیی لەگەڵ جۆن هاوەردی سەڕۆک وەزیرانی ئوسترالیای بۆ  ڕێکخستبوو، هەڵبەت ئەمەش بە مەبەستی ئەوە بوو، کە لە ئایندەدا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ دروستبکەن و لە ئاکامدا گرێبەستە نەوتییەکان لە کوردستان و کەرکوک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەم وێنەیە بە ساختە و بە درۆ ئێستا چۆتە نێو لاپەرەکانی مێژوو، چ لەلایەن تاڵەبانی خۆیەوە چ لەلایەن نووسەری پەڕتوکەکە! ئاماژە بە ڕاستییەکان نەدراوە.
ئەمڕۆ، هەمان ئەزموون و تاقیکردنەوە خۆی دووبارە دەکاتەوە، لە میدیا حیزبیەکان و سێبەرەکانی وێنەی ئەردوغان و نێچیرەڤان بارزانی بڵاوکراوەتەوە، گوایە وەک سەڕۆک وەزیران، بەفەرمیی بانگێشت کراوە بۆ بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی ئەردوغان بۆ بوون بە سەڕۆکی تورکیا لە ٩/٧/٢٠١٨دا. 
 

بێگومان کە وڵاتێک سنووری جوگرافیای دیارینەکرابێت، خاوەن حکومەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەرخان و ژێرخانی تایبەت بە خۆی نەبێت و پشت ئەستور نەبێت بە سوپایەکی فەرمیی راهێنراوی بەگوێرەی سەدە، ئەوا نە وەزیر و نە سەڕۆک وەزیرانی دەبێت، لە ئاکامدا نە خاوەن گفت و مەرجی نیشتمانییش دەبێت. 
تورکیا بە فەرمیی بەهیج شێوەیەک ددانی نەناوا بە سەربەخۆی بوونی هەرێم، تا ددان بنێت بە سەڕۆک وەزیرانەکەی، هەر کاتێکیش خوازیار بووبێت جەندرمەی تورکی سنووریان بەزاندوە و قسوریان نەکردوە لە کاولکردن و بۆردومان کردنی کوردستان وەک هەنوکە کە لە شاخەکانی باشووری کوردستان ئەنجامی دەدەن.
ئەو جۆرە وێنە و شێواندنی ڕاستی پەیوەندییەکان زوو یان درەنگ نهێنییەکەی دەکەوێتە ژێر تیشکی ڕووناکی و ئاشکرا دەبێت کە بایەخدانی ئەردوغان بە نێچیرەوان بارزانی تەڵەیەکی دیکەیە تورکیا بۆ میللەتی کوردی داناوە و مەبەستی سەڕەکی ئەو جۆرە پەیوەندییانە تەنیا پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی و بەرەو هەڵدیر بردنی جوڵانەوەی سیاسیی کورد و کاولکردنی کوردستانە، با ئایندەش سەنگی مەحەکی ئەو بۆچوونە بێت! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە