چیرۆکەکانی چیا : ئەوشەوەی کەوتینە ناو کەمینی جاشەکانەوە

Wednesday, 18/07/2018, 2:20

9356 بینراوە


ڤۆلیتێر دەڵێت:" سەخترین کار ئازادکردنی ئەو کۆیلانەیە ، کە زنجیرەکانیان دەپەرستن"
٢٧/٠٨/ ١٩٨٣ شەهید هاوڕێ جەبار شەهید بوو لە قادسیە، ئێمە دوای دووساڵ لەهەمان بەرواردا واتە ساڵی ١٩٨٥ بەهاوەنێک کە لامان بوو چووین لە یادی هاوڕێ جەباردا بۆردمانی  جاشئاواکەی قادسیە بکەین، کە کۆمەڵێک پایگا و بارەگای جاشی لێبوو، گەرچی هەندێک ماڵی جاش و بەعسیشی لێبوو، بەڵام پلانەکەی ئێمە زیاتر بۆ لێدانی پایگا و بارەگاکان بوو. 
ئێمە ژمارەمان زۆر کەم بوو، شەهید "کەریم نالە باخیمان " لەگەڵ بوو بەتراکتۆرێک تانزیک دەربەندی دۆڵی شێرکوژ چووین .
دوایی ڕێچکەمان گرد بەدەربەندەکەدا دەڕۆیشتین، دنیا تاریک ببوو، ئەودەمە بازاڕی سەفرە و زەروون جمەی دەهات، لە باشورەوە، چا، گوێزان، جگەرە، فافۆن ، مس، دەچوو بۆ ئێران، لەوێشەوە فستق و پێڵاو، خەنە و قوماش، کە ناوی ئەنگۆرەبوو، فەرش و بەتانی پڵنگی، هتد هەندێک جاریش میوە دەهات، من چەند جار کەمپود و سێوم دیوە کە لە ئێرانەوە دەهاتن ، کەمپوت میوە بوو کرابووە ناو قوتووەوە .
یەک دوو پیکاب و یەک گەڵابە بەدۆڵەکەدا بەدوایی یەکترداهاتن. ئێمەیان نەدی، ئێمە لەبن نوالەکاندا خۆمان مات کردبوو تا نەمان بینن، ئەوان دەبوو بە قەیواندا کە جادەیەکی گڵ بوو لەکاتی گفتوگۆی شۆڕش لەگەڵ ڕژێم دروستکرابوو بڕۆن، کە لە دۆڵەڕووت دەرچوون، لەوێشەوە دەچوونە کارێزە و زۆریان بە بەرگەی ئۆپۆسیسیۆنی ئێرانی بەناو پرسگاکانی ڕژێمدا دەڕۆیشتن ، بەکوردییەکەی لەهەموو لایەکەوە بازرگانەکان کەناڵەکانی خۆیان دەدۆزنەوە، مامەڵە کردن لەم بازاڕەدا خۆی لە ملیۆن دۆلار دەدا، ڕەش دەچوەوە لەبەر بارو ووڵاخدارە زۆرەکان، سەیر لەوەدابوو لەو کاتەدا، نەڕژێمی ئێران نە رژێمی عێراق بۆردومانی ئەم دۆڵەیان نەدەکرد و چاویان لێ نوقاندبوو. بیرمە جارێکیان لەگوندی ووڵاخ لوو بووم سەدان فەردە فستق لەسەریەک کەڵەکە کرابوو، دەیان ووت: ئەمانە هەمووی بۆ خزمێکی سەدام دەچێت، نازانم ئێمە چۆن ڕێگەمان پێدەدا؟ ئەوە ئەمڕۆ وەڵامەکەی وەردەگرینەوە کە گەلەکەمان چی لێ بەسەر هاتووە ؟

 پاش کەمێک لەکۆتایی دۆڵەکەدا پیکابێک وەستا، ئێمە ووتمان: ڕەنگە شکابێت، ماوە و دووا بە بەردەماندا گوزەری کرد، ئێمەش بەهەمان ڕێچکە کەوتینە ڕێگە ، جاشەکان سواری ئەو پیکابە ببوون ، لەوێ لە سەرەتایی دۆڵەکەدا کەمینیان دانابوو بۆ ڕاو ڕووت و هاتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە باریان دەهێنا، لەناکاو ئێمە کە لە نزمیدا بووین تەقەیان لێکردین هەر لەوێدا دوو هاوڕێمان برینار بوون، بەڵام سەیر لەوەدابوو، کە فریاد گوللەیەک لەسەری دا و لەسەر برۆی چەپێوە بەناو دەمیدا ڕۆیشت، لە ڕوومەتییەوە دەرچوو، عەفانیش هاوڕێیەکی ترمان بوو گوللەیەکی بەرکەوت ، ئێمە کەوتینە  شەڕەوە، لەگەڵ ئەو خۆفرۆشانەدا، گەرچی ئەوان بە بەرزییەوە بوون ، بەڵام ڕایان کرد و تێکشکان لەچاو تروکانێکدا، دەبوو وانەیەکی ئەخلاقیان بدەین، بەڵام لە بەر هاوڕێ برینارەکانمان وازمان لە شەڕەکە هێنا، سەیربوو، ئەگەر گوللە بەرهەریەک لە من و شەهید کەریم و سەیوان بکەوتایە ئەوە ئەنجامی خراپی دەبوو، چونکە هەر یەکە لە ئێمە چەند گوللە هاوەنمان کردبوو بەشەیالەکەمانەوە بەحەشوەکانیانەوە، دواجارلام سەیرە ...! "خۆفرۆشێک بەر لەمردنی جەستەی چۆن هەست بەمردنی ڕۆحی خۆی ناکات" ؟  تا ئێستا من بەدوای ئەو وەڵامدا عەوداڵم، داخۆ نیشتمانفرۆشێک چۆن لە ژیان دەگات؟ ئەو کەسانەی لەخزمەتی داگیرکەراندا دەبنە مەقاش چۆن خەویان لێدەکەوێت؟
تا ئێستا جاشێک فایلدارێک خۆفرۆشێکم نەدیوە، داوای لێبوردن بکات، هەربۆیە بەم ڕۆژگارە گەیشتووین! بەپێچەوانەوە فایلدارو سیخوڕەکان ئێستا قەوارەی سیاسییان بەدەستە و لەسەر ئەو مێژووە لەخوێن هەڵکێشراوەدا هەڵنیشتوون.
هاوڕێ برینارەکانمان تا گوندی مۆکەبە هێنا، کە چایخانەیەکی لێبوو لەوێ ئەو پیکابەمان دەستبەسەرکرد، کە جاشەکانیان هەڵگرتبوو بۆ بەرزاییەکەی، کە کەمینەکەیان دانابوو، پیکابەکە چای دوو ئاڵا و، چای ئاسکی بارکردبوو، نیوەی بارەکەمان داگرت، خاوەنەکانیمان بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ خۆماندا برد، هاوڕێ برینارەکانمان، کە خوێنیان لێدەچۆڕا سەر خست و بەناو هێڵەکانی دوژمندا بەناچاری کەوتینە ڕێگە .
شەو هێشتا ووڵاتی داگرتبوو، کە گەیشتینە سەر شەقامە گڵەکەی پیشتی ئۆردوگای کارێزە شەهید کەریم کە پیکابەکەی لێدەخوڕی لایتەکانی کوژانەوە هێواش لێی دەخوڕی، من و ئایار چەند مەترێک لە پێش پیکابەکەوە بەپێ دەڕۆیشتین، زۆرجار دوژمن لەسەر ئەم ڕێگەیە کەمینیان دادەنا بەتایبەت  پێش زەردەی بەیانیان،  بێدەنگ  هەنگاوی خێرامان دەنا،  زەردە لەپشتی چیاکانەوە خەریک بوو دەردەکەوت، بەیانییەکی چەند بێدەنگ بوو ماشێنی پیکابەکەش  دەنگی نەداهات ، وەک ئەوەی بزانێت بەچ ئافاتێکدا ڕێدەکات، خەریک بوو لە دوژمن دووردەکەوتینەوە، دایکێکی قەتێ و شەش حەوت بێچووە قەتێ، وەک ئێمە دەپەڕینەوە ئەوان  بۆ ناو جەنگەڵ و چەمەکە دەڕۆشتن، ئەوان هیچ شەرم و ترسیان لە ئێمە نەبوو بەدوای دایکیان کەوتبوون، پێدەچوو لەباخچەکانی عەدەمدا بن، جەنگ و شەڕ و گوللە گڕدارەکان، کە جار ناجارێک لە ڕەبایەکانەوە بەسەرماندا گیزەی دەکرد ئەوانی نەشڵەژاندبوو، چ دیمەنێکی جوان بوو، چ مانایەکی دەدا بەو بەیانییە .
کۆرییەکان دەڵێن:" باڵندەیەکی سەرقاڵ کاتی نییە بۆ دڵتەنگ بوون و ترس " ئەم دایکە قەتێیە مانای جەنگی جوانکردبوو، ئەو لە هیچ بەرەیەک نەبوو، بەڵام ئازایەتی دەنواند کاتێک لەناو ئەم گەرمەی زرم و کوتەدا ژیانی دەکرد.
 ئیتر لە کارێزەی کۆن کە بارەگای هێزێکی پێشمەرگەی لێبوو نزیک بووینەوە دەنگیان داین، بەڵام دواجار زانیان ئێمە برینارمان پێیە، دوایی بەخێرایەکی زۆر پیکابەکەمان لێخوڕی گوندی باڵخ و گاپیڵۆنمان جێهێشت و بەرەو گەورەدێ ڕۆیشتین ، بۆلای بارەگاکانی حیزبی دیمکرات، لەوێ خەستەخانەیان هەبوو، هەموو جارێک چاکترە بڵێم هەموو مانگێک یەک دوو دکتۆری فەڕەنساوی دەهاتن، دکتۆرەکان ناپرسن نەخۆشەکان برینارەکان لەکامە بەرەن، لە کامە حیزبن؟  ئەوان ئەرکی دکتۆری خۆیان جێبەجێ دەکەن. دکتۆرە نورانێکە بەو بەیانیە هەردوو هاوڕکەمانی تیمارکرد و دڵنیابووین کە فریاد  شەهید نابێت، ئێمە زۆر ترسمان لەشەهید بوونی بوو، دواجار مەرج نییە کە سەر بریناربوو ئیتر مانای مردن بێت. ئەو شەوە هەموو قوربانییەکان کوردبووین شەڕکەر، هێرشبەر ، چەند شەرمە گەلێک ئاوا تاکەکانی یەکتر بکوژن!
 تا ئێستا کەلتوری جاش بوون لەناوماندا هەرماوە، جاشێک تا ئێستا بەئازایەتییەوە نەهاتووە باس لەوە بکات داخۆ بۆ خۆی هەراج کردوە، بەداگیرکەران؟ من دڵنیام ، ئەوانەی ئەو شەوە تەقەیان لەئێمەکرد، ئێستا خانەنشینن و پلەی بەرزیشیان هەیە، ئەگەر مابن ؟
 
لۆرکا ی شەهید دەڵێت :

“گوناه”
ئای چەند خۆشە
کە گوناهەکانمان دیار نین
دەنا ناچار بووین گشت ڕۆژێ
پاک پاک بە ئاو خۆمان بشۆین
یان ئەبووایە
لەبەر بارانا .. بژیاینایە
شاری سەقز .. دوای ئەنفالەکان ڕزگار، فریاد، سوارە
 تێبینی:
هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نییە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە کورتانە، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیربکەن و بۆخۆیانی بەرن، بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کە نیانە. زۆریان نە لەدوور نە لەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوانە نەبوە و ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نییە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە